قهندیل پرێس- وتووێژ
کێشەی کورد و ئایندەی سووریا لە نێوان ڕێککەوتنە سیاسییەکان و هەژموونی شۆڤێنیزمدا لە کاتێکدا سووریا بە قۆناغێکی هەستیاری ڕاگوزەردا تێدەپەڕێت، ڕێککەوتننامە سیاسی و سەربازییەکان بوونەتە جێگەی باس و خواستی لایەنەکان. بۆ تیشک خستنە سەر ناوەڕۆکی پەیماننامەی ٢٩ی کانوونی دووەم و مەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی کورد، قەندیل پرێس ئەم وتووێژەی لەگەڵ بەڕێز وەلید چۆلی، لێکۆڵەر لە ناوەندی فورات بۆ لێکۆڵینەوە ئەنجام دا.
ئاژانسی ھەواڵی فۆرات (ANF) ناوەندی ھەواڵنێری و لێکۆلینەوەی کوردییە کە زۆرتر ھەواڵەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین و بە تایبەتی کوردستان بە زمانەکانی کوردی، تورکی، ئینگلیزی، عەرەبی، ئەڵمانی، ئیسپانی، ڕووسی و فارسی بڵاو دەکاتەوە.
ئەم ئاژانسە لە ساڵی 2005ی زایینی دامەزراوە و بارەگای ناوەندیی ئاژانسی ھەواڵی فۆرات لە شاری ئەمستەردام لە وڵاتی ھۆلەند دا کەوتووەتەوە و لە رۆژئاوای کوردستان و چەندین وڵاتی دیکە نۆسینگەیان هەیە و بە سەدان رۆژنامەنوس و لێکۆلەر لەم ئاژانسە کوردییە کاردەکەن.
تا ئێستا چەندین جار ماڵپەڕەکەی ئەم ئاژانسە کوردییە لە تورکیا بە حۆکمی دادگاکانی ئەو حکۆمەتە داخراوە.
قەندیل پرێس: سەبارەت بە چارەنووسی ڕێکەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم؛ بەڕێز وەلید، ڕێکەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێ لە دیمەشق وەک وەرچەرخانێکی گرنگ بینرا؛ بە بڕوای ئێوە ئەم ڕێکەوتنە تا چەند توانیویەتی لە چوارچێوەی “تەکنیکی و سەربازی” دەربچێت و بچێتە قۆناغی دانپێدانانی سیاسی؟ هەروەها بۆچی تا ئێستا خاڵە جێبەجێکراوەکانی ئەم ڕێکەوتنە بە فەرمی بۆ ڕای گشتی ڕانەگەیەندراون؟ ئایا ترسێک لە کاردانەوەی لایەنە توندڕەوەکان هەیە، یان ڕێکەوتنەکە هێشتا لەسەر زەوی تووشی بنبەست بووە؟
وەلید چۆلی: بێگومان، پەیماننامەی ٢٩ی یەنایەر وەک گۆڕانکارییەک بەسەر جیاوازییەکانی پەیماننامەکانی پێش خۆیدا هات. وەک دەزانین پەیماننامەی ١٠ی ئازاری بنەما و دەسپێک بوو، بەڵام پاشان گۆڕانکاریی بەسەردا هات و دۆخەکە بۆ ماوەی سێ مانگ ئاڵۆز بوو؛ دەزانین کە لەو قۆناغەدا مەترسیی کۆمەڵکوژی لە ئارادا بوو، کە دەرەنجامی سیاسەتەکانی سووریا و لایەنە حەلەبییەکان بوو. پاشان لە تەمموزدا و لەگەڵ یەکەم هێرشی هاوشێوەی “گۆبڵز” لە دژی دروزەکان، بارودۆخەکە گەیشتە قۆناغێکی زۆر گەرم.
ئەو قۆناغە سەرەکییە لە ساڵی ٢٠١٦دا دەستی پێکرد، کاتێک پێش ڕۆژئاوای کوردستان و پێش کورد، سیاسەتی شام بە پشتگیریی دەوڵەتانی هەرێمی، بەتایبەتی عەرەبی کەنداو و تورکیا، فشارێکی ڕاستەوخۆیان دروست کرد. شەڕ لە شێخ مەقسود ساز کرا و پاشان هێرشێکی مەترسیدار لە لای باشوور و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە دەستی پێکرد. لەو کاتەدا و لە ١٨ی یەنایەردا پەیماننامەیەک لە هەولێر ساز کرا، کە بە ڕاستی پەیماننامەیەکی زۆر خراپ بوو؛ هەڵوێستە کوردستانی و کوردییەکان و بارودۆخی شەڕڤانانی کورد بە تەواوەتی کەوتبووە لێواری مەترسی و پەلەقاژێ.
دواتر ئەو پەیماننامەیەی ١٨ی مانگ هەموار کرایەوە و گۆڕانکاریی تێدا کرا، دەتوانین بڵێین ڕێککەوتنی ٢٩ی یەنایەر دەرەنجامی گۆڕانکاری بوو لەو پەیماننامەیەی هەولێر. ئێستا ئەگەر بەراوردی ٢٩ی یەنایەر و ١٠ی ئازار بکەین، دەبینین ٢٩ی یەنایەر لە ئاستێکی نزمتردایە، بۆیە ئێمە دەستکەوتی هەرە سەرکەوتووی ئەم ڕێککەوتنە تەنها لە “ئاگربەست”دا دەبینینەوە. ئەمەش لایەنە سەرنجڕاکێشەکەیە، چونکە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بە تەواوەتی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراون، بەڵام ئەوەی لە داخوازییەکانی بەرپرسانی شام و هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بڵاوبووەتەوە، دەری دەخات ئەو خاڵانەی لە پەیماننامەی ١٠ی ئازاردا هەبوون، لە ڕێککەوتنی ٢٩ی یەنایەردا بوونیان نییە.
قەندیل پرێس: سەبارەت بە ئیرادە و جدیبوونی حکومەتی دیمەشق؛ زۆرێک گومانیان لە ئیرادەی حکومەتی کاتی هەیە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە کورد. ئێوە وەک ناوەندێکی لێکۆڵینەوە، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ جدیبوونی دیمەشق دەکەن لەکاتێکدا هێشتا یاسا کۆنەکانی ڕژێمی پێشوو لە دامودەزگاکاندا کارپێکراون؟ بۆچی هەندێک لە لێدوانەکانی بەرپرسانی حکومەتی نوێ هێشتا جۆرێک لە بێ متمانەیی بەرامبەر بە مۆدێلی ئیدارەی خۆسەر تێدا بەدی دەکرێت؟ ئایا ئەمە تەنها مانۆڕێکی کاتییە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە؟
وەلید چۆلی: حکومەتی شام لە بنەڕەتدا زۆر خۆی لادەدات و وا نیشان دەدات کە نایەوێت بە شێوەیەکی یاسایی مافی کورد دیار بکات، بەتایبەتی لە مەسەلەی دەستووردا لادەدات لەوەی کە مافی کورد جێگیر بکات. تەنها دەیانەوێت لە ڕێگەی سەرۆکی حکومەتی کاتییەوە مەرسووم دەربکەن.
وەک دەزانین مەرسوومی ١٣ کە ئەحمەد شەڕع دەری کرد، ئەو مەرسوومە واتە تێیدا مافی کولتووری و فەرهەنگیی کوردی دەسەلمێنێت و بوونی کورد دەسەلمێنێت، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان نەبوو، بەو شێوەیە نەبوو کە کورد، واتە بەپێی ویستی کورد بێت بە ڕاستی. داواکاری کورد ئەوەیە کە ئەو مافە کوردییە بە تەواوەتی لەسەر بنەمایەکی دەستووری و یاسایی جێگیر بکرێت و دەستکەوتەکانی کوردیشی تێدا بپارێزرێت. واتە دەستکەوتی ١٤ ساڵی کورد، وەک دەزانین خۆبەڕێوەبەری، هێزە عەسکەری و لەشکرییەکان کە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەستراونەتەوە، بە تەواوەتی بە جۆرێک لە جۆرەکان، واتە ببەسترێنەوە بە حکومەتی شامەوە. واتە هەمیشە ئەو ئامانجە کوردییە بەرەو لای سیستمێکی ناوەندیی دیموکرات دەچوو و زیاتر واتە سەربەخۆ دەبوو. تەنانەت ئەو دیالۆگانەی کە هەبوون، هەمیشە سیستمێکی بەرفراوان لەسەر ئاستی گشتی سوریا لە ناوەندەکەی کە ئێستا شامە؛ واتە دوای ڕێککەوتنی ٢٩ی ئایار، وای دەبینن کە دەیانەوێت تەنانەت لە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنەش پاشەکشە بکەن و بەرەو ئەو لایەنە ناوەندییە توندە (ڕەهایە) بڕۆن.
قەندیل پرێس: پێگەی کورد لە حکومەتی داهاتوودا (دوای قۆناغی کاتی)؛ لە دوای کۆتاییهاتنی تەمەنی حکومەتی کاتی، کورد چۆن دەتوانێت گەرەنتی بکات کە لە حکومەتی هەمیشەییدا نابێتە “پەراوێز” و تەنها وەک کەمینەیەکی کولتووری مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت؟ هەروەها بۆچی ناوەندی بڕیار لە دیمەشق هێشتا سوورە لەسەر مانەوەی ناوی “کۆماری عەرەبی سووریا”؟ ئایا ئەمە بەربەستێکی دەستووریی گەورە نییە لەبەردەم هاوبەشییەکی ڕاستەوخۆدا؟
وەلید چۆلی: بۆیەش ئێمە دەڵێین، یانی لە چوارچێوەی خۆیدا، نە سەربازی و نە تەکنیکی پێش نەکەوتووە و لە خۆی دەرنەچووە. ئەگەر بڵێین لە چوارچێوەی سەربازییدا، وەک دەزانرێت بەگوێرەی دیالۆگەکە سێ فیرقە بوون لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یانی وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات بە تەواوەتی دەکەوێتە چوارچێوەی فیرقەی سەربازییەوە. ئێستا ئەمە فیرقەیەکی سەربازیی ڕۆژهەڵاتە، ئەو فیرقەیەش سێ لیوای کوردی تێدایە و لیوایەکیشی بە کۆبانێوە بەستراوەتەوە، ئەویش سەر بە فیرقەیەکی حەلەبییە. یانی پەیوەستە بە فیرقەیەکی حەلەبەوە، بۆیە تەواوی ئەم هاوپەیمانییە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دیار ناکات، نە بۆ خواستێکی کوردی و نە بۆ خواستێکی پێکهاتەکان بە تەواوەتی لە سووریا. بۆیەش ئێمە دەڵێین کە سووریا و هیواکانی گەلی سووریا و پێکهاتەکانی سووریا بە تەواوەتی زۆر لاوازن لەم بابەتەدا، یان کەم بوونەتەوە سەبارەت بە پاشەڕۆژی سووریا، پاشەڕۆژی سیاسیی سووریا و پاشەڕۆژی ئەم دەسەڵاتەدا کە لە سووریادا تێپەڕ دەبێت. ئێستا ئەو حکومەتەی کە دروستکراوە، کەی و لە کاتێکدا دروستکرا؟ حکومەتەکە لەو کاتەدا دروستکرا کە گۆڕانکاری لە سوریادا ڕوویدا، لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی سوریاوە. دەزانین کە ئەم حکومەتە لە لایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە دروستکراوە، ئەویش سەر بە ‘هەتەشە’ (تەحریری شام) بوو، واتە ‘جەبهەی نوسرە’ کە دواتر ناوی خۆیان گۆڕی بۆ ‘دەستەی تەحریری شام’. بە گشتی ئەوە بوو، واتە بۆ ئەوە دروستکرا، لە جەبهەیەکی سەربازیدا کە پێیان دەگوت ‘جەبهەی سەرکەوتن’، وەک سوپایەک پێکهێنرا. ئەو سوپایەیان فراوانتر کرد، واتە ئەو سوپایەی کە بە ‘سوپای نیشتمانی’ دەناسرێت، ئەو سوپایەی کە لە کاتێکدا شەڕی کوردیان دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٦ و بەدواوە وەک دەزانین لە ناوچەکانی وەک (قەڵای فورات، جەرابلوس و عەزاز) دەستی پێکرد، دوای ئەوەش داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ بە هاوکاری تورکیا، و لە ساڵی ٢٠١٩ش وەک دەزانین سەرێکانی. ئەمانە هەمووی ئەو سوپایە بوون، ئەم فەسیلانەی کە هەبوون هەموویان سەر بەو سوپایە بوون، واتە سوپای نوێ، بەڵام دیسانیش بە پێشەنگی ‘هەتەشە’ و پێشەنگی ‘جەبهەی نوسرە’ بوو.
قەندیل پرێس: هەژموونی وڵاتانی هەرێمایەتی و پرسی کورد؛ باس لەوە دەکرێت کە حکومەتی ئێستای دیمەشق لەژێر کارلێکی توندی تورکیا، سعودیە و قەتەردایە. دیمەشق چۆن دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان داواکارییەکانی تورکیا (بۆ بێهێزکردنی کورد) و پێویستییەکانی ناوخۆیی سووریا ڕابگرێت؟ هەروەها بۆچی سعودیە و قەتەر وەک ناوبژیوانێکی کارا نایەنە ناو دۆسیەی کورد و دیمەشق بۆ چەسپاندنی مافەکان؟ ئایا بەرژەوەندی ئەوان تەنها لە سووریایەکی مەڵبەندیدایە؟
وەلید چۆلی: ئەم گۆڕانکارییانەی کە ڕوویانداوە و لەسەر ئەم بنەمایە، وای کردووە کە (حکومەت) زیاتر بەرەو ڕادیکاڵیەت و توندڕەوی بڕوات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە باڵە شۆڤێنییە عەرەبییەکان زۆر دزەیان کردووەتە ناو پێکهاتەی ئەم حکومەتەوە. ئەم باڵە شۆڤێنیانەش دەیانەوێت زیاتر شۆڤێنیزمی عەرەبی پێشبخەن، بۆیە ناوی (کۆماری عەرەبیی سوریا)یان زۆر هێناوەتە پێشەوە.
وەک دەبینین لە سەرەتای شۆڕشەکەدا بەم شێوەیە دەرنەدەکەوت، واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان بە سستی و لاوازی ناوی کۆماری عەرەبیی سوریایان دەهێنا، بەڵام ئێستا زیاتر جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکەنەوە. ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەدایە کە ئەم کەسایەتییە شۆڤێنییە عەرەبییانە چ لە ناو حکومەت و چ لەو گروپانەی کە پەیوەندییان بە لایەنی تورکییەوە هەبێت، بە تەواوەتی بوونەتە بڕیاردەر لەناو حکومەت و سوپادا. هەر بۆیە ئەم بابەتە چ لە ڕووی مافی کورد و مافی پێکهاتەکان و چ لە ڕووی ڕەنگی سوریا وەک دەوڵەت، بەرەو توندڕەوی و دوورکەوتنەوە لە دیموکراسی دەچێت. ئەمەش یەکێکە لەو کێشانەی کە ئەم حکومەتە زیاتر گرێدراوی مەسەلەی مافی پێکهاتەکان و توندڕەوییە لەژێر ناوی کۆماری عەرەبیی سوریا. بۆیە ئەم بابەتەی داهاتوو، واتە ئەم سەردەمە ئینتیقالییەی کە ئێمە پێیدا تێدەپەڕین، پێویستی بە تێکۆشانێکی کوردی هەیە بە ڕاستی. تەنها بە ئیرادەی هێزەکانی “هەسەدە” یان “یەپەگە” و “یەپەژە” نابێت و تەنها بە ئیدارەیەکی خۆسەر بەڕێوە ناچێت. زیاتر لەوە پێویستە، پێویستی بە دەسپێشخەرییەکی سیاسی هەیە لەلایەن هەموو پارتە کوردییەکان یان هەموو هێزە کوردییەکانەوە بە گشتی. چونکە دەبێت لەم قۆناغەدا، لە قۆناغێکی دەستووریدا، لە ڕێککەوتنێکدا کە تێیدا بتوانرێت مافی کورد، ئەو مافانەی کورد کە لە کۆنفرانسی ٢٦ی نیساندا ڕاگەیەندرا، بخرێنە ناو دەستوورەوە.
قەندیل پرێس: گەڕانەوەی ئاوارەکان و گەرەنتی مافەکان؛ پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان تەنها پرسێکی مرۆیی و نەتەوەیی نییە، بەڵکو سیاسی و دیمۆگرافیشە. چۆن دەتوانرێت ناوچە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین و سەرێ کانی لە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان پاک بکرێنەوە بۆ ئەوەی زەمینەی گەڕانەوە بڕەخسێت؟ هەروەها بۆچی تا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە لە پرسی گۆڕینی دیمۆگرافی؟ ئایا هیچ گەرەنتییەکی ڕاستەقینە هەیە کە ئەم خەڵکە ماڵ و موڵکیان بۆ بگەڕێتەوە و ڕووبەڕووی تۆڵەکردنەوە نەبنەوە؟
وەلید چۆلی: چونکە ئەم قۆناغەی پێیدا تێدەپەڕین، قۆناغێکە کە کارتەکانی تێدا تێکەڵ دەبن لەم کاتانەدا، لەم کاتی دەسەڵات یان حکومەتی کاتیدا. هەر شتێک لە حکومەتی کاتیی ئێستاوە دەربچێت، ئەگەر بە بێدەنگی تێپەڕێت، لە قۆناغی دەستووریشدا بەو شێوەیە تێپەڕێت، واتە دەستوورەکەش بەو شێوەیە دادەڕێژرێت. بۆیە پێویستی بە دەسپێشخەری هەیە، واتە دەسپێشخەرییەکی کوردی بە گشتی و پشتیوانییەکی کوردستانی بۆ ئەم بابەتە پێویستە، کە داهاتوو، دەستوور ببێتە بنەما و لەم دەستوورەدا کورد وەک پێکهاتەیەک یان نەتەوەیەک مافەکانی پارێزراو بێت. ئەمە زۆر گرنگە. چونکە ئەگەر ئەمە نەبێت، پێموانییە ئەو جدییەتە لە دەوڵەتی سووریا یان حکومەتی دەسەڵاتداری کاتیدا هەبێت، هەروەها دەوڵەتی تورکیاش ڕێگە نادات تا حکومەتێک هەبێت، واتە ئەم حکومەتە کاتییەی ئێستا کە هەیە، دەوڵەتی تورکیا ڕێگەی پێنادات و هەموو هەوڵێکی بۆ دەدات و کاری لەسەر دەکات بۆ ئەوەی تێکی بدات. ئەزموونمان هەیە، ئەزموونی دەستوەردانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر بڕیارە سیاسییەکانی ئێستا زۆرە، دەزانین تورکیا لە ڕێککەوتنی ئەدەنەدا فشارێکی زۆری خستە سەر ئەم حکومەتە بۆ ئەوەی دەری بکات، تەنانەت ئەو شەڕەی لە شەهبا دەستی پێکرد تا گەیشتە حەسەکە، تورکیا بە هەموو هێزی خۆیەوە لەوێدا بوو. هەروەها تورکیا تەنانەت لە بابەتی دەستووریشدا لەم قۆناغە ئینتیقالییەدا دەستوەردانی زۆر دەکات، ڕۆڵێکی زۆر خراپ دەگێڕێت بۆ ئەوەی کورد بێ ماف بمێنێتەوە و بێ دەستکەوت دەربچێت. لەبەر ئەوە، وەک گوتمان پێویستە ئەم قۆناغە، قۆناغی زیاتری هێزی کوردی و کوردستانی بێت لە دەسپێشخەرییەکەیدا. بۆیەش ئێمە دەبینین ئەم ڕێککەوتنامەیەی ٢٩ی کانوونی دووەم تا ئێستا چەندین خاڵی سەرەکی و بنەڕەتیی تێدا جێبەجێ نەکراوە. گوتاری عەشیرەتە عەرەبەکان بە پشتیوانی حکومەتی تورکیا لە ناوچەکەدا گەڕان دەکەن و دژی مافەکانی کوردن بە گشتی، واتە بوونی کورد قبوڵ ناکەن. شتێکی تر کە هەبێت، وەک گوتم لە پێش ئەم ڕێککەوتنامەیەی ٢٩ی کانوونی دووەم، تا ئێستا بە تەواوەتی لە خاکی خۆیان نەکشاونەتەوە، لە خۆرهەڵات ڕەوشەکە خراپترە وەک لە عەفرین، چونکە لە خۆرهەڵات تا ئێستا لە سەدا یەکیش نەگەڕاوەتەوە. ئەوەش پرسێکی گەورەیە. پرسی دیلەکان هەیە کە کوردێکی زۆر لای خۆیان دەستگیر کراون و تەنها عەرەبەکان ئازاد دەکەن. یان ئەم حکومەتە بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ‘هەسەدە’، بڕیار دەردەکات و دامەزراندن دەکات لە جزیرەدا.
ئەمانە مەترسییەکانی ئەم ڕێککەوتنامەیەن، چونکە وەک دەزانین ڕێککەوتنامەکەش بە ڕوونی دیار نەبوو، بەڵام خاڵە کەمەکانی لە دەمی کاربەدەستانەوە وەرگیراوە کە بە چ شێوەیەک ئەم ڕێککەوتنامەیە واژۆ کراوە.
قەندیل پرێس