قەندیل پرێس
جۆ کێنت بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستەکەی دوێنێی سەرۆک ترەمپ گرت و ڕایگەیاند کە دەبوو سەرۆک لەبری ئەوەی لە کوردەکان تووڕە بێت، تووڕەیی خۆی ئاراستەی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییانە و ئەو بازنە نێزیکەی خۆی بکردایە کە درۆیان لەگەڵ کرد و زانیاری هەڵەیان پێدا. کێنت جەختی کردەوە کە کوردەکان هاوبەشی ستراتیجی و سەرەکی ئەمریکان لە شەڕی دژ بە تیرۆردا و نابێت بکرێنە قوربانی پلانێکی شکەستخواردوو کە لەسەر بنەمای خەیاڵ نەک ڕاستی دارێژراوە.
بە بڕوای کێنت ئیسرائیل خەونێکی خەیاڵی بە ترەمپ فرۆشتووە کە گوایە پڕچەککردنی کورد و نەیارانی تری ئێران دەبێتە هۆی ڕووخانی خێرای ڕێژێمی تاران، بەڵام ئامانجی ڕاستەقینەی ئیسرائیل تەنها پەلکێشکردنی ئەمریکا بووە بۆ ناو شەڕەکە. کێنت دەڵێت ئیسرائیلییەکان دەزانن بەبێ سوپای ئەمریکا ناتوانن ڕێژێمەکە بڕووخێنن بۆیە زانیاری چەواشەکارییان بەکارهێناوە و دەوروبەری ترەمپ شکەستیان هێناوە لەوەی ئامانجە ڕاستەقینەکانی ئیسرائیل بۆ سەرۆک ڕوون بکەنەوە.
ئەم بەرگرییەی جۆ کێنت لە کورد لە کاتێکدایە کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی بە تەنزەوە باسی لە بێهیوایی خۆی بەرامبەر کورد کرد. ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەو چەکانەی بڕیار بوو لە ڕێگەی کوردەوە بگاتە دەست خۆپێشاندەرانی ناوخۆی ئێران لای کوردەکان ماوەتەوە و ڕادەستی خەڵکی ئێرانیان نەکردووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی ئێران دەیانەوێت ڕاپەڕین بکەن بەڵام چەکیان نییە و ڕەخنەی لەو وێنەیەی کورد گرت کە لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکادا بۆیان کێشراوە. ترەمپ وتی کوردەکان تەنها کاتێک شەڕکەری بەهێزن کە پارەیان پێ بدرێت و ئەو هەر لە سەرەتاوە گومانی هەبووە کە کوردەکان چەکەکان بۆ خۆیان دەهێڵنەوە. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی نێردراوە بەڵام کوردەکان لای خۆیان هێشتوویانەتەوە و پێشبینییەکەی ئەو سەبارەت بە نائومێدکردنی لەلایەن کوردەوە ڕاست دەرچووە.
قەندیل پرێس