دەوڵەتسازی و نوێبوونەوە بە بەشداری هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات؟
یان سێناریۆی باڵکانیزەبوون و داڕمان و ڕەنج بە خەساری هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
✍ د. خالد خەیاتی
1. ئەو دۆخەی ئێستا و هەڵتەکان و گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پڕۆسەیەکی بێگەڕانەوەیە.
2. بەرەی موقاومەت کە لە ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەکانی یەمەن. حەشدییەکانی عێڕاق، حەماسی فەلەستین، و ئیخوانییەکانی ناوچە پێکدێت، ڕۆژبەڕۆژ مەیدانی هەڵسووڕان و مانۆڕیان تەسکتر دەبێتەوە و لە کۆتاییدا بەرەبەرە، بەرەو دۆڕان و هەڵوەشان دەچێت.
لە نێوخۆی ئێران!
3. سەختییەکانی بژێوی ژیان و گرانی، هەڵاوەسانی چەند ژمارەیی، بێکاری و بێدەرەتانی، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاو و کارەبا، نەبوونی مووچە و لاوازی بوودجە، … بە هیچ شتێک چارەسەر نابێت و لە داهاتوویەکی نیزیکدا ئابووری ئێران بە تەواوی فەلەج دەکات.
4. میلیتاریزەکردن و بەرتەسکبوونەوەی مەیدانی بڕیاردان و ناکۆکییە نێوخۆییەکانی حکوومەتی بۆتە هۆکاری بێکاریگەری و بێدەستەڵاتی دەوڵەت کە بە واتەیەکی جیاوازتر فاشلبوونی دەوڵەتی (failed state) لێکەوتۆتەوە.
5. ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەموو ڕەنگ و فۆرمەکانی خۆیدا (یەک لەوانە کونگرەی ئازادیی ئێران) لە ڕووی مێژوویی و گوتارییەوە تەنیا درێژکراوەی قەیرانەکانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانین و هیچی دیکە. ئەوانە نە دەتوانن لە پڕۆسەی ڕووخاندا ڕۆڵ بگێڕن و نە خاوەن ئەو پێگە و هێزە مادی و مەعنەوییەن کە بتوانن لە پرۆسەی دەوڵەتسازی دوای ڕووخان مەیدانداری بکەن.
و بەڵام هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی؟
6. ئیمزا، سوێند و وەفای هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی لە پێناو “سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و دیموکڕاتیزەکردنی ئێرانی دوای کوماری ئیسلامی” تەنیا کات بەفیڕۆدان و خۆفریودانە و هیچی لێ شین نابێتەوە.
7. بۆ هێزە کوردییەکان باشتر وایە کە (لانی کەم لەو قۆناغەدا) ڕوو لە میللەتەکەی خۆیان بکەنەوە و بە ڕێگای پەیوەندییەکی سیستەماتیکی ڕۆژانە (نەک ڕاگەیاندنی تێکڕاڕی و فۆڕمالیتە) بپرسن و بزانن دەرد و مەرگیان چییە.
8. با هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە میللەتی خۆیان بپرسن کە لەو ڕۆژە سەختانەی کە پێیدا تێدەپەڕن چۆناوچۆن دەژین، گەلۆ دەرمانیان وەگیر دەکەوێ بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان، کار و کاسپییان هەیە، نان بە چەندە، بارودۆخی منداڵەکانیان چۆنە. هەروەها لێیان بپرسن کە حیزبەکان و کوردەکانی دیاسپۆڕا چۆناوچۆن دەتوانن لەم دۆخە سەخت و تاقەتپرۆکێنەدا یارمەتی هاونیشتمانیانی خۆیان بدەن.
9. با هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو بەڕۆژکردنەوە و گەیاندنی زانیاری و پێرسپێکتیفی وشیارانە بە میللەتەکەی خۆیان، بە یارمەتی کوردانی دیاسپۆڕا بیر لە دامەزراندنی میدیایەکی نیشتمانی بکەنەوە.
10. با هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندەوەی شارەزایانە و ورد بۆ دۆخی ژیئۆپۆلتیکی ناوچەکە بکەن هەتا بتوانن لە پێناو کەمکردنەوەی ئازاری میللەتەکەی خۆیان لە گەڵ وڵاتانی بەهێز پەیوەندی دروست کەن و ببنە خاوەن دیپڵۆماسی و لۆبی کاریگەر.
11. هەر ئێستا کوردی ڕۆژهەڵات لە شێوازێک بێ هیوایی و نەبوونی ئاسۆی ڕووندا دەژیت. ئێوە بەو هەنگاوانەتان دەتوانن سەرلەنوێ هیوا بگەڕێننەوە بۆ نەتەوەکەی خۆتان و بۆ جارێکی دیکە خۆشەویستی و متمانەی هاونیشتمانانی کوردستان بەدەست بهێننەوە.
قەندیل پرێس