به‌په‌له

سیاسەتی خۆتەعریبکردن لە باشووری کوردستان / بەشی سێهەم

✍ د. کەمال سولەیمانی

بەشی سێهەم

ئەو پەرەسەندنە دامەزراوەیی و ناوچەییانەی لە بەشەکانی پێشوودا تاوتوێ کران، ئەو چوارچێوەیە دیاری دەکەن کە دەبێ جووڵەی هاووڵاتیی عەرەبی عێراقی بەرەو هەرێمی کوردستان لە نێو ئەو کۆنتێکست و کۆدەقە مێژوویی، سیاسی، مەیلی و حافیزە دامەزراوەییەی دەوڵەتی عەرەبیی عێراقدا تێبگەین. گۆڕانی دیمۆگرافی لە وەها کۆنتێکست و کۆدەقێکی ئەمنیکراو و مێژووییەدا کە دژە کوردە و هەوڵی دەسەڵاتە بۆ نەمانی کوردستان ــ کە ئێستا پشتیوانیی ناوچەیی، دامەزراوەیی، یاسایی و تەنانەت سەربازیشی لە پشتە ــ گێلێتییەکی ستراتیژیکە کە کورد وەک دیاردەیەکی ئاسایی یان سیاسی-کۆمەڵایەتیی مەعسوومانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. بەتایبەت ئەو هەڕەشە و تەوژمە لەسەر نیشتمانێکە کە سەد ساڵە کێشەی لەسەرە. لانیکەم لە سەرەتای دەسەڵاتی بەعسیشەوە ڕووبەڕووی تەعریب بووەتەوە، و ئاسەوارەکانی تەعریبکردنی پێشووی نەک هەر هەڵنەوەشێنراونەتەوە، بەڵکو درێژەیان هەیە؛ تا ئەو ڕادەیەی ناوچە کێشەلەسەرەکان ئێستا بە دیفاکتۆ خەریکە دەبنە ناوچەی بێ‌کێشە بۆ دەوڵەتی عەرەبی.

هەر گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی ــ جا لەلایەن بەغداوە ئاسانکاریی بۆ کرابێ، یان لەلایەن بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، بەرژەوەندییە ئابوورییە تایبەتەکان، یان خودی کۆچبەرانەوە ــ دەچێتە ناو مەیدانێکەوە کە لەگەڵ تێگەیشتنی دەوڵەتی عێراقی، مەیلی کولتووری نەتەوەیی زاڵ، ئاقار و ڕێکارە دامەزراوەییەکانی دەوڵەتی عێراقی و نەریتی دەسەڵاتداری لەو وڵاتەدا تەواو گونجاوە. ئەم مەیدانە پێشتر بە ئاوارەکردنی زۆرەملێ، دەستبەسەرداگرتنی زەوی‌وزار، گۆڕینی سنوورەکان و ئامانجە دیمۆگرافییە تەواونەکراوەکانی دەوڵەتی عێراق داڕێژراوە. کەواتە، پرسیارە پەیوەندیدارەکە ئەوە نییە کە ئایا جووڵەی دیمۆگرافیی ئەمڕۆ، هەموو تەکنیکە کارگێڕییەکانی تەعریبکردنی بەعسی بە زەرەری کورد عەینەن دووبارە دەکاتەوە یان نا. بەڵکو پرسیارە بنەڕەتی و گەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئایا هەمان ئاراستەی مێژوویی پتەوتر دەکات یان نا. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کوردستانێکی لاواز، کاپاسیتە (توانا) و تاقەتی ئەوەی هەیە بەرگەی لاوازتربوونی بەرەبەرەی ئامادەیی دیمۆگرافی، خاکی، زمانی و سیاسیی خۆی بگرێت، بە جۆرێک کە باڵانسەکە بەتەواوی بە زیانی کورد بشکێتەوە؟

بەشداریی بکەرە کوردییەکان (بە ڕاشکاوی پارتی و یەکێتی) ئەم بەردەوامییەی تەعریب ڕەت ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە، ڕەنگە ئەوە گەورەترین بەڵگە  بێت کە دامەزراوە و حیزبە کوردییەکان تێکەڵ بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی تەعریب بوون کە تەنانەت هیچ کاتێک هەوڵی خۆڕزگارکردنی جیددی خۆیان لە کارتێکەریی کولتووری سیاسیی بەعس نەداوە. جا ملم‌لانێی حیزبی، گەندەڵی، پاترۆناژ، قازانجی بازرگانی و حیساباتی کورتخایەنی ڕاگرتنی دەسەڵاتی حیزبی، هەموویان دەتوانن ئاسانکاری بۆ دەرەنجامێکی دیمۆگرافی بکەن کە درێژکراوەی هەمان ئەو دەرەنجامانە بێت کە پێشتر دەوڵەتی عەرەبی ڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی تەعریبدا لە کوردستان پیادەی دەکرد. ناسنامەی بەڕێوەبەری ڕاستەوخۆی تەعریب لە خۆیدا سروشتی مێژوویی پرۆسەکە ناگۆڕێت، چونکە دەوڵەتی عێراق میراتگری تەعریبە و کوردستان لەژێر هەژموونی سەربازی، ئابووری، سیاسی و تەنانەت کولتووریی درێژەی دەسەڵاتی تەعریبکەردایە. تەعریبکردن سروشتی ناگۆڕێت تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو بەرپرسەی ڕێی بۆ خۆش دەکات، مامەڵەی گۆڕینی دیمۆگرافیی کوردستان پەسەند دەکات، ئاسانکاری بۆ نیشتەجێبوونی جەماوەرێکی بێ‌باوەڕ بە دەسەڵات و مافی سیاسی و سەرەوەری کورد دەکات، یان لە ڕێکخستنی گۆڕانی دیمۆگرافی خۆ دەبوێرێت، خۆی کوردە. ئەوەی گۆڕاوە میکانیزم و پێگەی دامەزراوەیی پرۆسەکەیە، نەک مەرج بێت ئاراستە یان کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی خۆی گۆڕی بێت یان لەدەستدا بێت.

هەر بۆیە منیش ئەم دیاردەیە بە “خۆتەعریبکردن” ناو دەبەم (دیتم هێندێک لە دڵسۆزانی باشووری کوردستانیش لەسەر سۆشیال میدیا پرۆسەکەیان بە “خۆتەعریبکردن” ناساندووە). ئەم چەمکە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی کورد خوازیاری لەناوچوونی خۆیەتی. بەڵکو ئاماژەیە بە پرۆسەیەک کە تێیدا دەسەڵاتی حیزبیی کوردی یان هێندێک ئەکتەری کاریگەر لە ناو ئەو حیزبانەدا، بکەرە بازرگانییەکان و بەشێک لە “خوێندەوارانی جیهان‌وەتەن و پۆست‌کوردایەتی”، لەژێر دروشمی جۆراوجۆردا بەشداری و بەرگری لە بەرهەمهێنانەوەی دەرەنجامەکانی پرۆژەیەکدا دەکەن کە لە هەر ڕوویەکەوە، لە کۆنتێکستی مێژوویی و چوارچێوەی ڕێخۆشکەر بۆ تەعریبدا، دژ بە کوردستان ئاراستە کراوە.

ئیتر پێویست ناکات تەعریبکردن هەمیشە بە جل‌وبەرگی سوپای عێراقییەوە بێت، بە زمانی خودی نیشتەجێکراوەکان قسە بکات، یان بە ئامێری دەرکردنی ڕاستەوخۆ کار بکات. دەتوانێ لە ڕێگەی گرێبەستەکان، بازاڕی خانووبەرە، پاترۆناژی حیزبی، کەمتەرخەمیی کارگێڕی، وابەستەیی ئابووری و ئەو گوتارەوە بەرەوپێش بچێت کە هەر هەوڵێکی کورد بۆ پاراستنی دیمۆگرافیی خۆی، لە بنەڕەتدا بە نادروست، ناڕەوا و تەنانەت ڕاسیستی و دژی نەتەوەکانی دیکەش وێنە دەکات. ئەمڕۆ تەعریبکردن زمان و ڕێزمانی پێشووی خۆی گۆڕیوە، بێ ئەوەی مەرج بێت کە ئاراستەکەی گۆڕی بێت. ئەگەرچی، پەیداکردنی بکەری ناوخۆیی و کەناڵی دامەزراوەیی، ناسینەوەی ئەم پرۆسەیەی دژوارتر کردووە و لە هەندێک ڕووەوە بەرەنگاربوونەوەشی ئەستەمتر کردووە.

ئەم جۆرە بەشدارییەی کورد لە ڕووی مێژووییەوە بێ‌پێشینە نییە. هاوکارانی کورد لە هەڵمەتەکانی پێشووی دەوڵەتی عێراقدا، لەوانەش ئەنفال، بەشدارییان کرد. بەشداریی ئەوان ئەنفالی لە جینۆسایدبوون نەخست. بەڵکو نیشانی دا کە چۆن پێکهاتەیەکی سەردەست وەک دەوڵەتی غەیرەکورد لە کوردستان دەتوانێ ئەندامانی دانیشتووانی ئامانجگیراوی خۆی بۆ نێو ئۆپەراسیۆنەکەی بکێشێت. دیاردەی جاشێتی، چەک هەڵگرتن بۆ دوژمن، یان بەرگریکردن لە دەسەڵاتی دوژمن بە شێوازی جۆراوجۆری چەکهەڵگرتن، لایەنگری سیاسی و سەردانواندنی ئەلیتی بندەست بۆ کولتوری سەردەست، لە مێژووی کۆلۆنیالیزمدا تەنیا تایبەت نییە بە کورد. بەڵکو دەرکەوتەیەکی سروشتیی هەلومەرجی کۆلۆنیال و نەبوونی سەروەریی نەتەوەییە؛ دۆخێک کە تێیدا تاک و گرووپە ژێردەستەکان بە شێوەیەکی سروشتی ئامادە و ملکەچ دەکرێن بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ دوژمنی سەروەردا. بە هەمان لۆژیک، بەشداریی کوردیی هاوچەرخ لەخۆیدا گۆڕانی دیمۆگرافی ناکاتە دیاردەیەکی بێ‌مەترسی یان سیاسییانە بێ‌لایەن. ئەمە نیشان دەدات کە چۆن پرۆژەیەکی دەرەکی دەتوانێ بەڕێوەبەری ناوخۆیی بۆ خۆی پەیدا بکات و چۆن دەسەڵاتی کۆلۆنیالی دەتوانێ لە ڕێگەی حیسابات، وابەستەییەکان و دامەزراوە پارچەپارچەکانی کۆلۆنیکراوانەوە خۆی دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە.

درێژەی هەیە…

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دیسانیش لاوی کورد لە سێدارە درا! کاردانەوەی حیزبەکانی ئێمە چییە؟

✍ د. خالد خەیاتی 1. ڕامین زەلە و کەریم مەعرووفپوور، دوو لاوی دیکەی کوردی ڕۆژهەڵاتین …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *