✍️ د. کهمال سولهیمانی
بەشی دووهەم
بەشی یەکەمی نووسینەکەم ئەوەی خستەڕوو کە بەردەوامیی تەعریبکردن لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، نەتەنیا لە ژێر کاریگەری ناڕاستەوخۆی مانەوەی کولتوور و درێژەی تێگەیشنتی بەئاشکرا بەعسییەوە لە بەڕێوەبەری وڵات درێژەی هەبووە، بەڵکوو لە چوارچێوەی خۆبواردنی بە ئەنقەست و ئیرادەی سیستەمی نوێی عێراق لە ناسینی دیاردەی تەعریبکردن وەک دیاردەیەکی پێکهاتەیەکی و بەردەوامی کولتوری دەسەڵاتی دەوڵەتیشەوە درێژەی کێشاوە. چینە سیاسییەکە و دەسەڵاتداری دوای سەددام، هەرچەندە بە فەرمی هەندێک لە جینایەتەکانی ڕژێمی پێشووی مەحکووم کرد، نە تەعریبکردنی وەک لۆژیکێکی دامەزرێنەری دەوڵەتی عێراق (بەتایبەت دوای ئەزموونی بەعس) خستە بەر ڕەخنە و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە، نە هیچ میکانیزمێکی کولتووری، سیاسی، دیمۆگرافی، یاسایی و دامەزراوەییانەشی بۆ هەڵوەشاندنەوە و پەکخستنی بنەمایی کە نەریتی تەعریبکردن لە ڕێگەی ئەوەوە جێبەجێ کرابوو.
ئەم خۆبواردنە چارەنووسساز بووە بۆ کورد. لانیکەم لە سەردەمی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن حیزبی بەعسەوە، سیاسەتی تەعریبکردن تاوانێکی لاوەکی نەبووە کە لە پەراوێزی دەوڵەتێکی بێلایەندا ئەنجام درابێت. تەعریبکردن ستراتیژییەکی پێکهێنەری دەسەڵات بووە؛ ئامرازێک بووە بۆ گواستنەوە و دابەشکردنەوەی دانیشتووان، سڕینەوەی بوونی کورد، گۆڕینی سیمای نەتەوەیی و دیمۆگرافیی کوردستان و سەپاندنی سەروەریی عەرەبی بەسەر ناوچە کوردییە “کێشە لەسەرەکان”. کەواتە، ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵسووکەوتێکی ڕاستەقینە لەگەڵ عەقڵیەتی تەعریبکردن وەکوو خۆڵقێنەری جینۆساید، زیاتر لە مەحکوومکردنی هەندێک تاوانی دیاریکراوی بەعسیی دەویست. پێویستی بە خستنە ژێر پرسیاری خودی ئەو تێگەیشتنە عەرەبناوەندەی لە عێراق هەبوو کە نیزامی نوێ لە نیزامی پێشووەوە بە میراتی بردبوو. بەڵام نیزامی دوای ساڵی ٢٠٠٣، یانی هەر لە ساڵەکانی سەرەتایەوە، بەردەوام پرسی گەورەی تەعریبکردنی کردەوە بە پرسێکی لاوەکی، تەمومژاوی کردووە یان لە ناوەندی گفتوگۆی سیاسی و یاسایی لای داوە وەکوو پرسێک پەیوەندیی تەنیا بە عەقڵیەتی سەددامیەوە هەیە.
شێوازی مامەڵەی دادوەری لەگەڵ ئەنفال، یەکێک لە بەرچاوترین نموونەکانی ئەم خۆبواردنە سیستەماتیکە بووە. بۆنموونە، ئەنفال لە دادگایەکی سەربەخۆدا خرایە بەر لێپرسینەوە و سەددام حوسێنیش لە سەرەتادا یەکێک بوو لە تۆمەتبارانی ئەو کەیسە. بەڵام هەر دوای ئەوەی سەددام لە کەیسی دوجەیلدا مەحکووم کرا، لە ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦دا، لە کاتێکدا دادگایی ئەنفال هێشتا بەردەوام بوو، بەپەلە لە سێدارە درا. لە سێدارەدانی سەددام ڕەوتی کەیسی ئەنفالی بەرامبەر بەو کۆتایی پێ هێنا؛ گەرچی دادگاییەکە بەرامبەر شەش تۆمەتباری دیکە درێژەی کێشا و بڕیاری مەحکوومکردن، لەوانە بە تۆمەتی جینۆساید، لێکەوتەوە. بەڵام ڕاستییە گرنگترەکە ئەوەیە کە ڕیزبەندیی دادگاییەکان و لە سێدارەدانی سەددام، ڕێگەیان لە دەرچوونی بڕیارێکی کۆتاییی دادوەری سەبارەت بە بەرپرسیارێتیی کەسیی ئەو وەکوو هێمایەک لە جینۆسایدی ئەنفالدا گرت. بەرزترین دەسەڵاتی سیاسیی ئەو ڕژێمەی کامپەینی سڕینەوەی سیستەماتیکی ژیانی کوردی لە ژێر فەرمانڕەواییی سەددامدا ڕێک خرا و جێبەجێ کرا، بەڵام بەهۆی تاوانێکی دیکەوە یانی لە سەر کوشتنی عەرەبی شیعە لە سێدارە درا، پێش ئەوەی دادگا بتوانێ بڕیاری کۆتایی لەسەر بەرپرسیارێتیی سەددام لە وێرانکردنی ژیانی کورد بدات.
ئەم ئەنجامە، ڕووداوێکی بچووکی تەکنیکی یان ڕێکاریی دادگایی نەبوو. مەبەستی سیاسی لە پشت دیاریکردنی کاتی لە سێدارەدانەکە هەرچی بووبێت، ئەنجامی یاسایی و سیاسیی لە سێدارەدانی سەددام ئەوە بوو کە جینۆسایدی کورد لە لێپرسینەوەی کۆتایی سەبارەت بە خودی سەددام حوسێندا پێگەیەکی یەکلاکەرەوە و ناوەندی بە ئەنقەست پێ نەدرا. بەرپرسانی دیکە بەهۆی بەشدارییان لە ئەنفالدا مەحکووم کران، بەڵام ئەو سەرکردەیەی کە نوێنەرایەتیی دەوڵەتی عێراق دەکرد و هێمای نەتەوەپەرستیی عەرەبی بەعسی عێراقی بوو، بەبێ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە جینۆساید مایەوە.
حوکمی دوجەیل بوو بە بنەمای یاساییی تەواوکراوی لە سێدارەدانی سەددام، لە کاتێکدا کەیسی سڕینەوەی سیستەماتیکی کۆمەڵگە کوردییەکان بەرامبەر خودی سەددام بەئەنقەست ناتەواو مایەوە. ئەنجامی ئەمە سڕینەوەی تەواوی ئەنفال نەبوو، بەڵکوو هەوڵی بە ئەنقەستی خستنی جینۆسایدی ئەنفال بۆ پلەیەکی خوارترەوە بوو لە ناو ئەو پلەبەندییە فەرمییەی تاوانەکانی دەوڵەتی عەرەبیدا. ئەوەی ڕوویدا تەنیا ناتەواومانەوەی تۆمەتێکی تاکەکەسی نەبوو؛ بەڵکو یەکێک لە کارەساتبارترین قۆناغەکانی مێژووی نوێی کوردی لەو پێگە و ناساندنە تەواوەی دادوەری بە شێوەیەکی هێمایی، کردەوەیی، تەبلیغاتی بێبەش کرد کە حوکمێکی کۆتایی جینۆساید دژ بە بەرزترین دەسەڵاتی ڕژێم دەیتوانی پێی ببەخشێت.
مانا قووڵترەکەی دادگایی ئەنفال لەو شتانەدایە کە لە بازنەی لێپرسینەوە و حوکم دەرکران پرۆسەی دادوەری، بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنفال وەک تاوانێکی سنووردار کە ژمارەیەک بەرپرسی ناسراوی بەعسی و حکوومەتی پێشوو ئەنجامیان داوە، ڕێگەی خۆش کرد کە تەنیا هەندێک تاوانبار سزا بدرێن، بەبێ ئەوەی ئەو تاوانە و عەقڵانیەتە فراوانەکەی دەوڵەتی عەرەبی عێراق کە جینۆسایدی بەرهەم هێنابوو، بە هەمان ئاست بخرێتە ژێر لێپرسینەوە. ڕەگەی ڕەگەزپرستی لە نەتەوەپەرستیی عەرەبی عێراقی وەک بنەما و چوارچێوە ئایدیۆلۆژییەکەی ئەنفال بە ئەنقەست نەناسێنرا و مەحکووم نەکرا. دەوڵەتی عێراقیش وەک ئەو دامەزراوەیەی کە تەعریبکردنی داڕشت، ڕێکی خست و جێبەجێی کرد، نە لە ڕووی یاسایی، نە لە ڕووی سیاسی و نە لە ڕووی مێژووییەوە خرایە بەردەم دادگا و لێپرسینەوە. بەرپرسیارێتی بۆ ئاستی تاکە بەرپرسان دابەزێنرا و لە ناو کەسانێکی دیاریکراودا سنووردار کرا. بەم شێوەیە، هەم دەوڵەتی عێراق وەک دامەزراوەیەکی بەردەوام و هەم تەعریبکردن وەک سیاسەتی پێکهاتەیەیی و بەردەوامی دەسەڵات و عەقڵیەتەکەی، لە تۆمەتبارکردن و لێپرسینەوەیەکی گشتگیر پارێزران.
بەم جۆرە، لە ئاستی گوتاردا دەکرا تەعریبکردن بنێردرێتە ناو ڕابردووی تاوانکارییەوە، لە کاتێکدا گواستنەوەکانی دانیشتووان، گۆڕانکارییە خاکییەکان، ڕێکخستنە یاساییەکان و پەیوەندییەکانی سەروەری کە بەرهەمی هێنابوون، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەرنەکراو مانەوە. تەعریبکردن لە قۆناغی گواستنەوەی ساڵی ٢٠٠٣دا مایەوە، نەتەنیا لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی بێگۆڕانی زمانی بەعسەوە، بەڵکو لە ڕێگەی وەرگێڕانی لە ستراتیژییەکی بەئاشکرا ڕاگەیەنراوی دەوڵەتەوە بۆ واقیعێکی یاسایی، دیمۆگرافی و دامەزراوەیی کە نیزامی دەستووریی نوێ بەڕێوەی دەبرد و هەندێک جاریش دووبارە بەرهەمی دەهێنایەوە. هەمان ئەو دامەزراوانەی کە دەبوو بەهۆی ڕۆڵیان لە تەعریبکردندا لە بنەڕەتەوە دابڕێژرێنەوە، بوونە پارێزەری درێژەی عەقڵیەتی پێشوو، ئەنجامە ماددییەکانی، کولتووری سیاسی و ژێرخانە یاساییەکەی. ئەوان دەیانتوانی بۆ ڕابردوو دان بە ئازارەکانی کورددا بنێن، لە هەمان کاتدا درێژە بە بەڕێوەبردنی ئەو پێکهاتە عەرەبناوەندەی سەروەری بدەن کە ئەو ئازارەی بەرهەم هێنابوو. بەڵام، دەوڵەتی عێراقی ئامادە نەبوو کە لەبەر چاوی جیهان ئیعتراف بکات کە ئەوەی کورد بەسەری هاتبوو لەبەر کوردبوون و جیاوازی نەتەوەیی بوو.
کەواتە، کێشە سەرەکییەکە نەبوونی بەتەواوەتیی ناساندن نییە. یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق بەشێکی گرنگی جینایەتەکانیان دژ بە کورد ناساندووە. بەڵام، ئەم ناساندنە بەردەوام بەشێکی، هێمایی و پاشکۆی ئەولەوییەتە سیاسییەکانی دیکە بووە. جینۆسایدی عێراقی دژ بە نەتەوەی کورد هەرگیز بۆ دابڕانێکی بنەڕەتی و تێگەیشتنی نوێ لە پرسی کورد، مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە کە پێویستی بە داڕشتنەوەی نیزامی دەستووریی عێراق لەسەر بنەمای بکەرایەتیی کارا، ئاسایش و ڕەزامەندیی کورد هەبێت. ئەمە قووڵترین بەردەوامیی کولتور، عەقلیەت و نەریتی دامەزراوەی تەعریبکردنە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە نەتەنیا هەوڵنەدراە بکرێت بەعەقڵیەتێکی کۆن، بەڵکو هەوڵ داوە کە دەوڵەت و نیزامی سیاسیی نەتەوەیی عەرەبی–نەک حکوومەتی بەعس– بەرپرسیار لە بەرهەمهێنانی تەعریبکردن، لە تۆمەتبارکردنێکی گشتگیر دەرباز بکات. مەحکوومکردنی هەندێک تاوانی دیاریکراو ڕێگەپێدراو بوو؛ بەڵام تۆمەتبارکردن و گۆڕینی ئەو نیزامە سیاسییەی لە پشت ئەو تاوانانەوە بوو، ڕێگەپێدراو ماویەوە.
ئەم تاکەکەسی یا حیزبی کردنەوەیەی بەرپرسیارێتی جینۆساید، ڕەنگە شارەزایانەترین و زیرەکانترین بەرگریکردن لە کولتوور و سیاسەتی تەعریبکردن بووبێت: ڕێگەی بە نیزامی دوای ٢٠٠٣ دا هەندێک تاوانی دیاریکراوی بەعسی مەحکووم بکات، بەڵام هێشتی هەمان نەریت و نیزام بتوانێ تێگەیشتنی ڕەگەزپرستانە ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە عێراق، بەردەوامیی دامەزراوەیی دەوڵەت و ژێرخانی دیمۆگرافی و خاکیی تەعریبکردن لە حوکم و لێپرسینەوەیەکی هاوشێوە بپارێزێت. بەم جۆرە، لە ئاستی گوتاردا تەعریبکردن نێردرایە ناو ڕابردووی تاوانکارانەی بەعس، بەڵام نەک دەوڵەتی عێراق. لە هەمان کاتدا گواستنەوەکانی دانیشتووان، گۆڕانکارییە خاکییەکان، ڕێکخستنە یاساییەکان و پەیوەندییەکانی سەروەری کە پرۆژەی تەعریبکردن کە ئەو دەوڵەتی عێراق بەرهەمی هێنابوون، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەرنەکراو مایەوە.
کەواتە، کێشە سەرەکییەکە نەبوونی تەواوی ناسین و ناساندن نییە. یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق بەشێکی چەوساندنەوە و جینایەتەکانی دژ بە کوردیان بە ڕواڵەت ناسیبوو. بەڵام ئەم ناسین و ناساندنە بەردەوام تەنیا بەشێک بووە لە ئەزموونی کورد.
جینۆسایدی دژ بە نەتەوەی کورد هەرگیز وەک دابڕانێکی بنەڕەتیی مێژوویی مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە؛ دابڕانێک کە پێویستی بە داڕشتنەوەی نیزامی دەستووریی عێراق لەسەر بنەمای بکەرایەتیی گونجاوی کورد، ئاسایشی کورد و ڕەزامەندیی سیاسیی کورد هەبێت. سیاسییەکانی کورد کەمترین خوێندنەوەیان لەوە نەبوو و گرنگیان نەدا کە لە جیهاندا لەگەڵ ئەزموونی هاوشێوە چۆن مامەڵە کراوە.
ئەنجامەکانی ئەم لێپرسینەوە بەربژێرکراوە تەنیا بەشێکە لە پرس و کێشەکانی پێوەندیدار بە تەعریب. چونکە لەڕاستیدا پرسەکان زۆر لە سنووری هۆڵی دادگا تێدەپەڕین. شاردنەوەی دامەزراوەیی و ناساندنی ناتەواوی جینایەتەکانی دژ بە کورد، لە ڕووی سیاسییەوە بێلایەنانە و لەڕووی نەزانی و بێمەبەستییەوە نەبووە. ئەم شاردنەوە و ناساندنە ناتەواوە، یادەوەری، کولتوور و ئەزموونی بەمیراتماوەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کورد دەپارێزن، تەسەووری عەرەبناوەندی دەوڵەت لە پرسی خاک لە کوردستان بە ئاسایی دەزانێ و دەنوێنن و ڕێگە بە کولتووری سیاسیی تەعریبکردن دەدەن بەردەوام بێت، بەبێ ئەوەی ئەو کولتوورە ناچار بێت بە ئاشکرا خۆی دەربخات. ئەمە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی عەرەبی عێراقی بە گشتی جینۆساید پەسەند دەکات؛ دەبێ لە گشتاندنێکی لەم جۆرە بە وردی خۆمان بپارێزین. بەڵام، ئەمە بەو مانایەیە کە بکەرە سیاسییە کاریگەرەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق، بەردەوام جینۆسایدی کورد و پرۆژەی تەعریبکردنی بەرهەمهێنەری ئەو جینۆسایدەیان خستووەتە ژێر پرسی ڕیوایەت و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی عێراق، سەروەریی عەرەبی و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەت.
کەواتە، ئەو دامەزراوانە، ئەو پۆل و چینە سیاسییانە و ئەو نەریتە کە تەعریبکردنی کردە شتێکی خەیاڵپێکراو و لە ڕووی کارگێڕییەوە شایەنی جێبەجێکردن، هەرگیز بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە تێنەپەڕێندراون. بە پێچەوانەوە، دامەزراوە و پۆلە سیاسییەکانی تەعریبکردن پارێزراون، خۆیان لەگەڵ بارودۆخی نوێ گونجاندووە و بۆ ناو نیزامی دوای ساڵی ٢٠٠٣ گوازراونەتەوە. ئەم پاشماوە و درێژە دامەزراوەییەی تەعریبکردن ــ واتە ئەو شێوازەی کە سیاسەتێکی بە ئاشکرا ڕاگەیەنراوی دەوڵەت گۆڕدرا بۆ پێکهاتەیەکی ئاساییکراوی حوکمڕانی ــ کە بەداخەوە تا ئێستا نەبووەتە بابەتی لێکۆڵینەوە زانستیی و ئاکادیمیکی بەردەوام و قووڵەی کە شایانیەتی.
دەبێ مەزەندەکەی دکتۆر یاسین سەبارەت بە بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتووی عەرەب لە هەرێمی کوردستاندا، لە ناو هەر ئەم چوارچێوە مێژوویی، دامەزراوەیی و دەستوورییە چارەسەرنەکراوەدا هەڵبسەنگێنرێت؛ نەک لە ناو جیهانێکی ئەبستراکت، رەها و دابڕاودا کە تێیدا جووڵەی دانیشتووان گوایە هیچ مانا و سەنگێکی سیاسیی نییە. پرسیاری ناوەندی نەتەنیا ئەوەیە کە کێ لە ئێستادا پرۆسە گۆڕینی دیمۆگرافیی بەڕێوە دەبات، ئاسانکاریی بۆ دەکات یان لێی قازانج وەردەگرێت. بەڵکوو پرسیاری ناوەندیتر ئەوەیە: ئایا پرۆسەیەک کە لە ڕووی مێژووییەوە دەوڵەتی عێراق دەستی پێ کردووە، لە هەمان خاکدا بەردەوامە و هەمان ئاراستە دیمۆگرافییەکەی کامپەینە یەکلەدواییەکەکانی تەعریبکردن دووبارە بەرهەم هێنەرەوەی ئەزموونەکە و جێبەجێکەری ئەو نەریتە، دەبێ بخرێتە دەرەوەی کاتاگۆری تەعریب؟ یانی ئایا تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێک بکەری کورد خۆیان بوونەتە ئامرازی بەردەوامکردنی، چیتر تەعریبکردن نایەتە هەژمار؟
پرۆسەیەکی مێژوویی تەنیا لەبەر گۆڕانی بکەرە ڕاستەوخۆکانی، خەسڵەتی سیاسیی خۆی لەدەست نادات. تەعریبکردنیش تەنیا لەبەر ئەوەی چیتر بە تەواوی لە ڕێگەی دەرکردنی ڕاستەوخۆی دانیشتووان، فەرمانی سەربازی یان کامپەینی فەرمیی نیشتەجێکردنەوە کار ناکات، لە تەعریبکردن-بوون ناکەوێت. بەردەوامیی تەعریبکردن دەتوانێ لە ڕێگەی وابەستەیی ئابووری، بێهەڵوێستیی کارگێڕی، بەرژەوەندیی حیزبی، لاوازیی دەستووری، نیشتەجێبوونی ڕێکنەخراو و ئامادەیی دەسەڵاتە کوردییەکان بۆ قبووڵکردنی گۆڕانی دیمۆگرافی بە مەبەستی پاراستنی مانەوەی کورتخایەنی خۆیانەوە درێژە بکێشێت. لە ژێر تیشکی ئەم بارودۆخەدا، بەشداریی بکەرە کوردەکان بەردەوامیی تەعریبکردن ڕەت ناکاتەوە؛ بەڵکو نیشان دەدات کە لۆژیکی تەعریبکردن تا چ ڕادەیەک چووەتە ناو دامەزراوە و حیساباتە سیاسییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی کە پێشتر ــ و هێشتاش ــ خۆی قوربانیی تەعریبکردن بووە، نەک هەر لە ڕووی گۆڕینی دیمۆگرافی، بەڵکوو وەک سوژەیەک کە زۆرێک لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستەکەی عێراقی دەروونی کردووە و ئێستاش لە تاو بێزاری لە دەسەڵاتی کوردی، وەک قوربانییەک کە تووشی سیندرۆمی ستۆکهۆڵم بووە، ئارەزووی گەڕانەوەی حکوومەتە جینۆسایدکارەکە دەکات.
گرنگتر لە هەموو ئەوانە، باشووری کوردستان لە پێگەی سەروەرییەکی جێگیر و پارێزراوەوە ڕووبەڕووی ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە نابێتەوە. باشووری کوردستان هێشتا لەبەر فشاری چالاکیی سیاسی، سەربازی، دەستووری، خاکی و دیمۆگرافیی هەمان ئەو دەوڵەتەدایە کە دامەزراوە عەرەبناوەندەکان و تەسەوورە خاکییەکەی هەرگیز لە بنەڕەتەوە دانەڕێژراونەتەوە. ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧، ڕوونترین بەڵگەی بەردەوامیی ئەم لاوازی و بێپارێزگارییەی باشووری کوردستانن. هەر ڕەخنەیەک لە کات، ڕێکخستن، سەرکردایەتی یان حیساباتی ستراتیژیی ڕیفراندۆمەکە بگیرێت، ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ دەربڕینێکی ئاشتییانەی ئیرادەی سیاسیی خەڵک بوو؛ زیاتر لە ٩٢ لە سەدی دەنگدەران بە سەربەخۆیی دەنگیان دا. بەغدا، لە جیاتی گفتوگۆکردن سەبارەت بە مانا سیاسییەکەی ئەو دەنگە، بە ڕێوشوێنی سزادان و ناردنی هێزەکانی عێراق بۆ ئەو ناوچانە وەڵامی دایەوە کە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوون. تازە دەوڵەتی عێراق بەجێی خۆی، ئێران و تورکیاش مافی دەنگدانی کوردێکی باشووریان وەکوو پرسی ئەمنی نەتەوەیی خۆیان ڕاگەیاند (خوێندەوارانی کورد ئەو هەلومەرجە لەگەڵ هەڵسوکەوتی بریتانیا سەبارەت بە ڕیفراندۆمی سکۆتلەندا بەراورد بکەن، ئینجا دەتوانن نمایشی پۆست-کوردایەتی و جیهانوەتەنییمان بۆ بدەن)
مانای دەستێوەردانی دوای ڕیفراندۆم نابێ بچووک بکرێتەوە بۆ ناکۆکییەکی کاتی لە نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە دەسەڵاتی دەستووری و قەڵەمڕەوی کارگێڕی. دەستێوەردانی دوای ڕیفراندۆم نیشانی دا کە دەوڵەتی عێراق هەم توانای دامەزراوەیی و هەم ئیرادەی سیاسیی پێویستی پاراستبوو بۆ ئەوەی هەر کاتێک ڕەزامەندیی کورد دژ بە یەکپارچەیی داسەپاوی خاکی عەرەبناوەندی عێراق بوەستێتەوە، بە چەک و حەشدی شەعبی هەڵسوکەوت لەگەڵ مافی ڕەزامەندیی کورد بکات. سەپاندنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی بەغدا بەسەر ناوچەکانی کوردستان و بەناو ناوچە “کێشە لەسەرەکان”دا، هەروەها ئەو بارودۆخە کارگێڕییانەی دووبارە دامەزراندەوە و بەهێزتری کرد کە لە ناویاندا دەکرا ئەنجامەکانی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە پێشووەکان چەسپێنرێن و ئاسانکاری بۆ گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی نوێ بکرێت.
هەمان ئەو دامەزراوانەی دەوڵەتی عێراق کە هەرگیز بەهۆی ڕۆڵی مێژووییان لە تەعریبکردنی کورد نەخرانە ژێر تۆمەتبارکردنێکی گشتگیر و لە بنەڕەتەوە دانەڕێژرانەوە، جارێکی دیکە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی خاک، ڕێکخستنی ئاسایش، دیاریکردنی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و شێوەپێدانی واقیعی دیمۆگرافییان لەو ناوچانەدا بەدەست هێنایەوە کە پێشتر نیشتەجێکردنی سیستەماتیکی عەرەبییان بەسەردا سەپێنرابوو. کەواتە، دەبێ نیزامی دوای ساڵی ٢٠١٧ نەتەنیا وەک قەیرانێکی کاتیی دەستووری، بەڵکو وەک قۆناغێکی دیکە لە پەرەسەندنی دامەزراوەیی تەعریبکردن تێبگەین: واتە پاراستنی دەوڵەتێکی عەرەبناوەند، چالاککردنەوەی دەسەڵاتی زۆرەملێی ئەو دەوڵەتە بەسەر خاکی کوردستاندا، و ژێردەستەهێشتنەوەی داهاتووی دیمۆگرافیی کوردستان بۆ ئەو دامەزراوانەی کە هەرگیز لەگەڵ کولتووری سیاسی، یادەوەریی دامەزراوەیی و ژێرخانی تەعریبکردن پەیوەندییان نەپچڕاندووە.
لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، هێزەکانی عێراق بە هاوڕێیەتیی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر کەرکووک و ناوچە “کێشە لەسەرەکان”ی دیکەدا گرت. پێکهاتە چەکدارە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بینی، لە هەمان کاتدا هەم ئێران و هەم تورکیا پشتیوانییان لە دژایەتیی بەغدا دژ بە ریفراندۆمی کوردستان کرد و بەشدارییان لەو فشارە سیاسی و ئابوورییانەدا کرد کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێنران. بەڵام ئەم کامپەینە سەربازییە ــ کە بە ڕوونی سەپاندنەوەی سەروەریی عەرەب بوو بەسەر ئەو خاکانەدا کە لە ڕووی مێژووییەوە کەوتبوونە بەر تەعریبکردن ــ بە هاوکاریی هەندێک لە لایەنە کوردییەکانیش ئاسانکاریی بۆ کرا.
ڕاستیی هاوکاریی ئەو لایەنە کوردییانە پەیوەندیی ئۆپەراسیۆنەکە بە تەعریبکردنەوە کەم ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە، نیشانی دەدات کە نەتەنیا تەعریبکردن، بەڵکوو ئەنفالیش پشتی بە توخمەکانی خۆتەعریبکردنی کوردی بەستبوو؛ واتە تێکەڵکردن و خستنە خزمەتی بکەرە کوردەکان بۆ ناو عەقڵانیەتی سیاسی، پراکتیکە دامەزراوەییەکان و ئامانجە خاکییەکانی دەوڵەتی عەرەبناوەند بەشێکە لە ئەزموونی کوردستان کە نموونەی لە ناو نەتەوەکانی کۆلۆنیکراوی دیکەش کەم نییە. لە دوای ساڵی ٢٠١٧، بەشداریی کوردی لە سنووری بواری سیاسی و کولتووری تێپەڕی و گەیشتە هەماهەنگیی سەربازی و ئاسانکاریی ئۆپەراسیۆنی. بەم جۆرە، هەندێک ئەندامی ئەو نەتەوەیەی لە ڕووی مێژووییەوە خۆی کەوتبووە بەر تەعریبکردن و جینۆساید، بوون بە بکەری ناوخۆیی بۆ سەپاندنەوەی ئەو ڕێکخستنە خاکییەی کە پرۆژەی تەعریبکردن لە ڕێگەیەوە پێش کەوتبوو.
هەرێمی کوردستان لە دوای ئەو هێرشە، کۆنتڕۆڵی نزیکەی ٤٠ لە سەدی ئەو خاکەکەی لەدەست دا کە پێش ئۆپەراسیۆنەکە بەڕێوەی دەبرد؛ لەوانە کەرکووک، شنگال، جەلەولا و ناوچە “کێشە لەسەرەکان”ی دیکە. لەدەستدانی ئەم خاکانە دەستبەجێ لە دوای ڕیفراندۆم، پاشەکشەیەکی زۆر گەورەی خاکی و ستراتیژی بوو. گرنگتر ئەوەیە کە زۆرێک لەو ناوچانەی دووبارە خرانە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی عەرەبی عێراق، ڕێک هەمان ئەو ناوچانە بوون کە دەوڵەتی بەعسی عێراق پێشتر پرۆژەی سیستەماتیکی تەعریبکردنی تێدا جێبەجێ کردبوون.
کەواتە، ئۆپەراسیۆنی ساڵی ٢٠١٧ تەنیا سنوورێکی کارگێڕیی نەگۆڕی؛ بەڵکو دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی سیاسی، سەربازی و کارگێڕیی دامەزراوە عەرەبناوەندەکانی دەوڵەتی عێراقی بەسەر ئەو خاکانەدا گەڕاندەوە کە پێکهاتەی دیمۆگرافی، پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و ناسنامەی نەتەوەییان لەمێژ بووەتە بابەتی ململانێ. لەگەڵ ئەوەشدا، وابەستەیی سیاسی و کلایەنتەلیزمی حیزبی بردە ئاستێکی زۆر مەترسیدارەوە کە نیشانی دا حیزب ئامادەیە بۆ مانەوەی خۆی زۆر بە ئاسانی زۆر لایەنی جدیی نیشتمانی فیدا بکات، کە ئەوەش تیشک دەخاتە سەر خودی ئەو پرۆسەی ئێستای خۆ-تەعریبکردنەی باشوور.
درێژەی هەیە…
قەندیل پرێس