قەندیل پرێس
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەی لە ژێر چەتری وەزارەتدا ڕاگەیاند و دەستبەکاربوونی دوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازیی خستەڕوو.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا ئەم هەنگاوەی بە “دەستکەوتێکی مێژوویی” و “خەونی لەمێژینەی گەل” ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، دوای ساڵانێک لە هەوڵ و هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠، سەرجەم لەمپەر و گرفتەکان تێپەڕێنران و پرۆسەکە بە شێوازێکی ورد و سەربازییانە گەیشتە قۆناغی کۆتایی.
وەزیری پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ڕیشەییەدا، هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، بەسەر لیوا، فیرقە و فەرماندەیی دەڤەرەکاندا دابەش کراون و هەر دوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازیش بە فەرمی دەستبەکار دەبن؛ بەمەش هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو لە ژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا، ئاماژە بە ڕۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت کراوە لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەکە، هاوکات ستایشی ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە و داوایان لێکراوە لە قۆناغی داهاتوودا بە شێوازێکی نوێ بەردەوام بن لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان.
قەندیل پرێس