توركیا و باکووری کوردستان لە نێوان تەڵەی کاتکوژ و مەترسی تەقینەوە؛ دەوڵەت ئامادەی ئاشتییە یان شەڕی مانەوەی خۆی دەکات؟
قهندیل پرێس – وتووێژ
لە کاتێکدا ساڵێکی تەواو بەسەر ١٢یەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، ئاسۆکانی چارەسەری ئاشتیانە لە باکووری کوردستان و تورکیا لە نێوان گوتاری میدیایی دەسەڵات و بێدەنگییەکی کوشندەی یاساییدا ماونەتەوە. دەوڵەتی تورک کە ئێستا لەژێر فشاری گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان و دیزاینکردنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، وەک مانۆڕێکی سیاسی ڕووی لە لایەنی کوردی کردووە.
محەمەد کاماج، پەرلەمانتاری دەم پارتی، له پهرلهمانی توركیا له بازنهی ئامهد لەم وتووێژە تایبەتەدا بۆ قەندیل پرێس، تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی ئەم قۆناغە و هۆشداریی لە تەقینەوەی دۆخەکە دەدات.
قهندیل پرێس: با لەم مژارەوە دەست پێ بکەین؛ دەسپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی کە داوای کرد بەڕێز ئۆ,جەلان بێتە پەرلەمان و کۆتایی بە چەک بهێنێت، لەگەڵ هەندێک پەیامی ئەرێنی ئۆ,جەلان، شەپۆلێکی هیوای دروست کرد. بەڵام پرسیاری جەوهەری ئەوەیە بۆچی ئەم هەموو قسە گەورانە تەنیا لە ئاستی میدیادا ماونەتەوە؟ بۆچی تا ئێستا یەک هەنگاوی یاسایی لە ناو پەرلەماندا بۆ گۆڕینی یاسای سزادان یان پرسی گۆشەگیری نەنراوە؟
محەمەد کاماج: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە وردە. ڕاستییەکەی ئێمە لەبەردەم دۆخێکی زۆر تەمومژاویداین کە دەتوانم ناوی بنێم تەڵەی کات کوشتن. لە لایەک گوتارێکی مێژوویی لە دەمی باخچەلییەوە دەبیستین، بەڵام لە لایەکی ترەوە بێدەنگییەکی کوشندە لە ڕووی یاسایی و پراکتیکییەوە دەبینین. هۆکاری ئەوەی ئەم دەسپێشخەرییە ناچێتە ناو پەرلەمان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەوڵەت هێشتا نایەوێت کێشەی کورد وەک کێشەیەکی سیاسی و ماف بناسێنێت، بەڵکو تەنیا وەک دۆسێیەکی ئەمنی و تیرۆر سەیری دەکات.
ئەوەی باخچەلی پێشنیاری کردووە، لە زانستی سیاسییدا پێی دەوترێت خۆبەدەستەوەدان نەک ئاشتی. ئەوان دەیانەوێت بێ ئەوەی یەک بڕگەی دەستووری بگۆڕن، لایەنی کورد چەک دابنێت. من لێرەوە هۆشدارییەکی توند دەدەم؛ ئەگەر پڕۆسەکە نەچێتە ناو چوارچێوەیەکی یاسایی و پرسی گۆشەگیری لە ئیمرالی بە یەکجاری کۆتایی نەیەت، ئەوا ئەم گوتارە تەلەفزیۆنییانە هیچ بەهایەکیان نییە. بەبێ ئازادیی بەڕێز ئۆ,جەلان و جێگیرکردنی پێگەی یاسایی ئەو وەک کارەکتەری سەرەکیی دیالۆگ، هەر هەوڵێک تەنیا مانۆڕە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغێکی سەخت. ئەگەر ئەم دۆخە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، بێگومان بەرەو تەقینەوەیەکی گەورە دەچین کە لێکەوتەکانی بۆ هەموو لایەک مەترسیدار دەبن.
قهندیل پرێس: باس لە بێدەنگکردنی چەک دەکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەوڵەت شارەوانییەکان لە کورد دەسێنێتەوە و قەیوم لە مێردین و ئێلح و خەلفەتی دادەنێت. ئایا ئەمە نیشانەی ئەوە نییە کە لە ناو دەسەڵاتدا باڵێک هەیە دژی ڕێککەوتنە، یان ئەمە تەنیا دابەشکردنی ڕۆڵە لە نێوان ئەردۆغان و باخچەلی؟
محەمەد کاماج: ئەم دژایەتییە گەورەترین بەربەستە و دەمامکی ڕاستەقینەی دەسەڵات دادەماڵێت. سیاسەتی قەیوم نەک هەر دژی کوردە، بەڵکو تیرۆرکردنی خودی دیموکراسییە. کاتێک تۆ دەڵێیت وەرە لە پەرلەمان قسە بکە، بەڵام لەولاوە ئیرادەی گەل زەوت دەکەیت، ئەمە مانای ئەوەیە تۆ بڕوات بە دیالۆگ نییە. سەبارەت بە بوونی باڵە جیاوازەکان، بێگومان لە ناو دەوڵەتی تورکیادا دەوڵەتی قووڵ هەیە کە ژیانی خۆی لەسەر شەڕ دەبینێتەوە، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە لە تورکیای ئێستادا بڕیاری کۆتایی لای یەک ناوەندە، ئەمە جۆرێکە لە فشاری سیاسی بۆ تەسلیمبوون؛ دەیانەوێت کورد ناچار بکەن لەژێر فشاردا مەرجەکانی دەوڵەت قبوڵ بکات. دەوڵەت بە خەمساردییەکی زۆرەوە لە پرسەکە دەڕوانێت و تا ئێستا ڕێبەر ئۆ,جالان لە مافی هیوا بێبەش کراوە. ئەگەر دەستێک هەبێت نەیەوێت پڕۆسەکە سەربگرێت، ئەوا ئەو دەستە هەر لە ناو خودی دەسەڵاتدایە کە هێشتا ئامادە نییە کورسییەک بۆ کورد وەک هاوبەشێکی یەکسان چۆڵ بکات. ئێمە وەک دەم پارتی بە ڕوونی دەڵێین بەبێ ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەل لە شارەوانییەکان، هیچ متمانەیەک بۆ مێزی گفتوگۆ نامێنێتەوە.
قهندیل پرێس: زۆرێک دەڵێن تورکیا لەبەر تۆفانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان هاتووەتە پێشێ. ئایا کورد لە باکوور دەتوانێت ئەمە وەک دەرفەتێک بەکاربهێنێت؟ ئایا مەترسی ئەوە نییە تورکیا تەنیا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی کورد وەک قەڵغان بەکاربهێنێت و دواتر پەراوێزیان بخات؟
محەمەد کاماج: تورکیا باش دەزانێت کە ئەگەر کێشەی ناوخۆیی خۆی لەگەڵ کورد چارەسەر نەکات، لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا دەبێتە یاریزانێکی لاواز و پەراوێزخراو. ئەوان دەترسن کوردانی ڕۆژئاوا و باکوور ببنە هێزێکی یەکگرتوو کە بەرژەوەندییەکانی تورکیا بخەنە مەترسییەوە، بۆیە ئێستا دەیانەوێت کورد کەوی بکەن و وەک ئامرازی پاراستنی سنوورەکانیان بەکاری بهێنن.
کورد دەبێت زۆر وریابێت؛ ئێمە نابێت ببینە جەندرمەی سنوورەکانی تورکیا. ئێمە دەبێت داوای شەرعیەتی دەستووری بکەین. ئەگەر تورکیا دەیەوێت ئێمە لەگەڵی بین لەم ناوچە پڕ لە ئاگرەدا، دەبێت ناسنامەی ئێمە بە فەرمی بناسێت. کاتێک کورد دەبێتە کارەکتەرێکی سەرەکی کە پێگەی خۆی لە ناوخۆی تورکیا بە یاسا جێگیر بکات، نەک تەنیا بە ڕێککەوتنی نهێنی و کاتی. تەنانەت ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک ناتۆش چیتر نایانەوێت تورکیا بەم هەموو کێشە ناوخۆییانەوە بەردەوام بێت، بۆیە کورد دەبێت ئەم فشارە نێودەوڵەتییە بەکاربهێنێت بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی.
قهندیل پرێس: دەربارەی دەستووری نوێ، ئایا ئێوە ئامادەن بچنە ناو ڕێککەوتنێکەوە کە تەنیا باسی چەکدانان بکات؟ یان مەرجی ئێوە جێگیرکردنی زمانی کوردی و ناسنامەی نەتەوەییە؟ تا چەند گەشبینن بە ئەردۆغان؟
محەمەد کاماج: هەڵوێستی ئێمە وەک دەم پارتی زۆر ڕوونە: ئێمە هەرگیز نابینە بەشێک لە دەستوورێک کە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کوردی تێدا نەبێت. کێشەی کورد تەنیا کێشەی چەک نییە؛ چەک دەرەنجامی زوڵم و نکوڵیکردنە. ئەگەر دەوڵەت تەنیا چەکدانانی دەوێت بەبێ گەرەنتی مافی زمان و کولتوور و بەڕێوەبردنی خۆجێیی، ئەوا ئەوە ئاشتی نییە، بەڵکو بێدەنگکردنی نەتەوەیەکە.
لە ناو تەڤگەری ئا,پۆییدا نەوەیەکی نوێ و خاوەن ئیرادە دروست بووە کە تەنیا بە مافی شەرعی و دانپێدانانی دەستووری ڕازی دەبن. ئێمە داوای دەستوورێکی دیموکراتیک دەکەین کە تێیدا تورکیا وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزمان بناسرێت. گەشبینی ئێمە زۆر سنووردارە، چونکە ئەزموونی ڕابردوومان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە پڕە لە فێڵ و شکاندنی بەڵێن. ئەگەر ئەردۆغان تەنیا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی خۆی دەستووری دەوێت، ئەوا کورد نابێتە دارەدەستی ئەو بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتی تاکەکەسی.
قهندیل پرێس: وەک پرسیاری کۆتایی؛ دوای شکستی پڕۆسەی ٢٠١٥، متمانە لە نێوان خەڵک و دەوڵەتدا نەماوە. ئەگەر ئەم هەوڵەش تەنیا یارییەکی سیاسی بوو، ئەڵتەرناتیڤی کورد بۆ پاراستنی هەبوونی خۆی لە باکوور چی دەبێت؟
محەمەد کاماج: ڕاست دەفەرموون، برینی ساڵی ٢٠١٥ هێشتا ساڕێژ نەبووە. ئێمە وەک دەم پارتی بە خەڵکی خۆمان ناڵێین بڕوا بە دەوڵەت بکەن، بەڵکو دەڵێین بڕواتان بە هێزی خۆتان هەبێت. ئەگەر دەوڵەت هەنگاوی جدی نەنێت و پەرلەمان نەبێتە ناوەندی ڕاستەقینەی چارەسەر، ئەوا بێباوەڕی قووڵتر دەبێت.
سەبارەت بە ئەڵتەرناتیڤ؛ ئەگەر ئاشتی شکست بهێنێت، کورد ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی و دیموکراسی بەردەوام دەبێت. ئەڵتەرناتیڤی ئێمە بەهێزکردنی ڕێکخستنی جەماوەری، پاراستنی ناسنامە بە هەر نرخێک بێت و بەرفراوانکردنی هاوپەیمانییەکانمانە لەگەڵ هێزە دیموکراسیخوازەکان. کورد ئێستا وەک هێزێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا خۆی سەلماندووە و دەوڵەتی تورکیش باش تێگەیشتووە کە بێ ڕێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ کورد، سەقامگیری خۆی دەخاتە مەترسییەوە. ئێمە بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەین؛ چ ئاشتییەکی سەربەرزانە بێت، چ تێکۆشانێکی درێژخایەن بۆ پاراستنی بوونمان. ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدایە و کاتیش بە خێرایی لە بەرژەوەندی ئەنقەرەدا تێپەڕ نابێت.
قەندیل پرێس