لە ڕۆژئاوای کوردستان پشتیوانییەکانی گەل لە یەپەژە بەردەوامە، ئەمڕۆش دانیشتوانی گرکێ لەگێ و عامودا لە ڕێپێوانێکدا پشتگیریی یەپەژەیان کردوو ڕایانگەیاند، دانپێدانانی فەرمی بە یەپەژە، بە واتای دانپێدان بە بەرخۆدانی هەزاران ژن دێت، کە ناوچەکەیان لە هێرشەکان پاراستووە.
لە شارەکانی گرکێ لەگێ و عامودا لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار ڕێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو، بە مەبەستی پشتگیریی کردنی یەپەژە لە چوارچێوەی هەڵمەتی”هەموومان یەپەژەین”، لە ڕێپێوانەکەدا ئەندامانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و شەڕڤانانی یەپەژە بەشدارییان کرد.
ڕێپێوانەکەی شاری گرکێ لەگێ لە گۆڕەپانی شەهید خەبات دەستی پێکرد، پاش خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان زلفا بەدرۆ، ئەندامی کۆنگرەی ستار لە وتارێکدا وتی: دانپێدانانی فەرمی بە یەپەژە، بە واتای دانپێدان بە فیداکاری هەزاران ژن دێت، کە ناوچەکەیان لە هێرشەکان پاراستووە.
هەروەها کۆنگرەی ستار لە شاری عامودایش بۆ پشتیوانی لە یەپەژە ڕێپێوانێکی دیکەی ئەنجامدا، لە ڕێپێوانەکەدا سەدان کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە و ئەندامانی ڕێکخراوەکان بەشدارییان کرد.
ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازادەوە و بەرەو ناوەندی شار دەستیپێکرد، بەشداربووان درووشمی “بژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و هەموومان یەپەژەین”یان وتەوە، لە چالاکیەکەدا پانکارتی “یەکینەکانی پاراستنی ژنان بوونی ئێمەیە”یان بەرز کردەوە.
دواتر، جڤین حەبیب، ئەندامی کۆنگرەی ستار ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی یەپەژە لە پاراستنی ژنان و مافەکانیان و پاراستنی ناوچەکە، هاوکات لە گردبوونەوەکەدا، سەرنج خرایە سەر ڕۆڵی شەڕڤانانی ژن لە بەدیهێنانی دەستکەوتەکانی شۆڕش.
قەندیل پرێس