ئیحسان ئەفەرەشتە، زیندانیی تۆمەتبار بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕ بە فەرمانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە درا.
دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئیدیعای کردووە کە ئەفرەشتە پەیوەندیی بە مۆسادەوە هەبووە و لە نیپاڵ مەشقی پێکراوە و زانیاریی هەستیاری بە ئیسرائیل داوە. هەروەها ڕاپۆرتە حکوومییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو لەژێر ناوی ڕێکخراوی “جەیمز” کاری كردووە و لە ڕێگەی نامەبەر و پۆستی ئەلیكترۆنی و پەیوەندیی دەنگییەوە، لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگریدا لە پەیوەندیدا بووە.
بەڵام سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ پێشتر سەبارەت بە دۆسیەی ناوبراو هۆشدارییان دابوو. “هرانا” ڕاپۆرتی دابوو کە ئیحسان ئەفەرەشتە ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە و ئەو دانپێدانانەشی کە بۆی دەگەڕێنرێتەوە لەژێر فشار و ئەشکەنجەدا بەدەست هێنراون. هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش پێشتر ناسنامەی ناوبراوی وەک یەکێک لەو زیندانییانە ڕاگەیاندبوو کە لە دۆسیە ئەمنییەکاندا بە ئێعدام مەحکووم کراوە.
قەندیل پرێس