قەندیل پرێس
کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادی کۆمەڵایەتی لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان دەستیپێکرد و پەیامێکی هاوبەشی سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەلجوق مزراکلی تێدا خوێندرایەوە.
دەمیرتاش هۆشداری دا کە تورکیا لەناو داڕمانێکی قووڵی سیاسی و ئابووریدایە و جەختی کردەوە کە تەنیا ڕێگەی دەربازبوون گەیشتنە بە ئاشتییەکی شەرەفمەندانە و بونیادنانی ژیانێکی یەکسان. ئەو هیوای خواست ئەم کۆڕبەندە ببێتە هەوێنێک بۆ چارەسەری پرسی کورد و ڕایگەیاند کە ئاواتەخوازە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە دەرەوەی زیندان هەمووان ببینێتەوە.
ئەم کۆڕبەندە کە لە لایەن شارەوانی گەورەی ئامەدەوە ڕێکخراوە و ئامادەکارییەکانی لە 8/2024ـەوە دەستیپێکردووە، ماوەی 5 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. تێیدا پتر لە 40 وۆرکشۆپ و پانێڵ بەڕێوەدەچن. ئایشە سێرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد، ڕایگەیاند کە داوەتنامەی فەرمییان بۆ پارێزگارانی هەولێر و دهۆک و لایەنە سیاسییەکانی وەک ئاکپارتی، جەهەپە و مەهەپە ناردووە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندیی کورد و تورک لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا و گواستنەوەی چەمکی ئاشتی بۆ ناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.
قەندیل پرێس