به‌په‌له

فەرزین کەرباسی: کاتی ڕووخانی دیواری نێوان حیزب و کۆمەڵگە هاتووە

فەرزین کەرباسی: 40 ساڵە سکرتێر لە پۆستەکەیدا دەست هەڵناگرێت؛ نەوەی نوێ دەبێت چارەنووسی خەبات لە ئەستۆ بگرێت

قەندیل پرێس: وتووێژ

پێگەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم قۆناغە سەخت و پردپەڕەڕ و پڕ لە ئالنگارییە مێژووییانەدا، بووەتە بابەتێکی گەرم و جێی مشتومڕی زۆر لە ناوەندە ڕۆژنامەوانی و سیاسییەکاندا. لە کاتێکدا دۆخی ناوچەکە و ناوخۆی ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، ئابووری و فکری بووەتەوە، بۆشاییەکی گەورە لە نێوان چاوڕوانییەکانی کۆمەڵگە و ئاراستەی کارکردنی حیزبە سیاسییەکاندا دروست بووە. بۆ قووڵبوونەوە لەم دۆخە، لێکۆڵینەوە لە قەیرانی پەیوەندیی نێوان حیزبەکان و چینەکانی کۆمەڵگە، هەروەها بۆ هەڵسەنگاندنی شێوازی خەبات، گوتاری سیاسی و ئاراستەی داهاتووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، قەندیل پرێس، ئەم وتووێژەی لەگەڵ بەڕێز فەرزین کەرباسی، شرۆڤەکاری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجام داوە کە تێیدا ناوبراو بە تێر و تەسەلی و بێ پەردە باسی لە تەواوی خاڵە حەساس و مەیدانییەکان کردووە و ڕەهەندە شاراوەکانی قەیرانەکەی خستووەتەڕوو.

قە‌ندیل پرێس: لە جیهانێکدا کە ئامرازەکانی خەبات، گەیاندن و بەرهەمهێنانی سیاسی بە تەواویی گۆڕاون، پێتان وا نییە هێزە چەپ و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵات هێشتا بە عەقڵییەت و فۆرماتێکی کلاسیکی سەدەی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەم سەردەمە دەکەن؟ کەی و بە چ میکانیزمێک ئەم دیواری قووڵەی نێوان سەرکردایەتی و زەمینەی واقیعیی کۆمەڵگە دەڕووخێنرێت؟

فەرزین کەرباسی: لەبارەی چۆنیەتیی پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگەوە؛ بە ڕای من، کۆمەڵگا بەپێی بەرەوپێشچوونەکەی و بەپێی ئەوەی کە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر گۆڕاوە، دۆخی کۆمەڵگەی ئێرانی بە گشتی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. ئەو گۆڕانکارییانەی کە چەنی ساڵ جارێک لە کۆمەڵگەدا ڕوویان داوە و  دەبینیت کە کۆمەڵگەی ئێرانی و تەنانەت کوردستانیشی گرتوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە حكومەت هەموو ئەمرازەکانی وەكوو پارە، سامان، راگەیاندن و دەسەڵاتی ئەمنیەتی خستووەتە گەڕ، کەچی لە بەرامبەر خەڵکدا دەستەوەستانە و نازانێت چی بکات؛ واتە تووشی بنبەست بووە. مەسئەلەی حیجاب، کولتوور، چالاکیی مەدنیی ناوخۆیی کە خەڵک لە ژێرەوە و بە شێوازی نهێنی زەمینەیان بۆ ئامادە کردوون، لەگەڵ تەکنەلۆژیا و زۆر بواری تریشدا دەستیان داوەتە دەست یەک و گۆڕانکارییان دروست کردووە. لە باری فکری و ئایدیۆلۆژیشەوە ئەم گۆڕانکارییە ڕووی داوە.
بەڵام بەداخەوە کێشەکە لە حیزبەکاندایا، بەتایبەت حیزبە چەپە ئایدیۆلۆژییەکان؛حیزبە ڕاستەکان پێوەریان جیاوازە و بنەمای فکرییان دیاریكراوە ـ بەڵکو ئەوەی لە حیزبە چەپەکاندا ڕووی داوە،(بۆ نموونە کۆمەڵە ). لە ڕوانگەی منەوە کۆمەڵە لە سەرەتاوە بە فكر و باوری چەپ بونیاد نرا بەڵام ئەوەی لە سەرەتای دەیەی شەستەوە(هەتاوی) ڕووی دا بەحیزبی کۆمۆنیستی ئێران تێکەڵ کرا و ڕێگەی کۆمەڵەی گۆڕی بۆ ڕێگەیەکی‌تر، واتە ئایدیۆلۆژییەکی دوور لە خۆی پێ بەخشی، کە لە ڕاستیدا لە بنەڕەتی کۆمەڵە دوور بوو مەبەستم کۆمەڵەکەی کاک فوادە؛ کاک فواد چەپ بوو بەڵام كوردستانی، نە بەو شێوازەی کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بیری دەکردەوە. بۆیە کۆمەڵە لە دڵ و رۆحی خەڵك هەر وەک خۆی ماوە، بەڵام کۆمەڵەیان گۆڕی و لە ڕەسەن و بنەچەی خۆی دوور خستەوە. ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی کە گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کۆمەڵگا، نەتوانێت لەگەڵ حیزبە ئایدیۆلۆژییەکاندا بگونجێت و خۆیان لەگەڵدا ڕێک بخەن و هەماهەنگی بکەن.
هەروەها بەشێکی تریش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵ و پێگەی سکرتێر و ڕێبەرانی حیزبەکان؛ کە لە ئێستادا نموونەکەی دەبینین چی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا ڕووی داوە .لەتبوون و جیابوونەوەی جۆراوجۆر لە هەموو لایەنەکاندا بەدی کراوە، بەڵام لە حیزبی کۆمۆنیستدا زۆرتر دیارە، ناکارامەیی ئەو ئایدیۆلۆژییە لە واقعدا کە بەسەر حیزبەکادا زاڵ بووە و ئێستا دەبینیت کە هیچ دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون نیە و خەڵک لێی هەڵدێت. ئەوەی ئێستا لە کۆمەڵەدا ماوە، ئەو ڕێبازەیە کە خەڵک لە ناوخۆدا پشتیوانیی لێ دەکات؛ بەڕاستی کۆمەڵەی سەرەتایین و بەو باوڕە كار دەكەن.
بۆیە بە ڕای من ئەم پارادۆکس و دووگانەییە، کە کۆمەڵە تووشی بووە هۆکاری ئەوەی کە کاتێک من وەک کەسێک ئەو سەردەمەم بیر دەکەوێتەوە کە کۆمەڵە لە شاری سنە چ کارێکی دەکرد و چ ڕۆڵێکی هەبوو، چ داهێنانێک و چ کاریگەرییەکی هەبوو لە ڕێنماییکردنی خەڵکدا؛ جەوانانی تێکۆشەر، خەڵکی زەحمەتكێش. ئەوە بە باوەڕی من هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە حیزبە ئایدیۆلۆژییەکان نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بگونجێنن و ببنە ئەو هێزەی کە جاران بوون.

قە‌ندیل پرێس: لەو دۆخە پڕ لە هەژاری و قەیرانە ئابوورییەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتیدا سەپاندووە، زۆر جار ڕەخنە لەوە دەگیرێت کە هێزە چەپ و چەکدارەکانیش نەیانتوانیوە گوتارێکی چینایەتی و سەربەخۆ پێشکەش بکەن کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی کرێکاران، کۆڵبەران و مامۆستایاندا یەکبگرێتەوە؛ ئایا کێشەکە لە لاوازیی گوتارەکەیە یان لە دابڕانی شێوازەکانی ڕێکخستندا؟

فەرزین کەرباسی: بەڵێ، ئەوە سەد لە سەد ئەو درز و بۆشاییە لە نێوان ئەو حیزبانەی کە بانگەشەی چاکسازی و چەپایەتی و تێکۆشان بۆ لەناوبردنی بۆشایی نێوان چینەکانی کۆمەڵگا و تێزی کار بۆ کرێکار و دادپەروەری کۆمەڵایەتی کە چەپ باوەڕی پێیەتی، لەناو ئەو تەمومژی ئایدیۆلۆژییەی خودی حیزبەکاندا ون بوو. ئەمڕۆ تۆ دەبینیت بۆ نموونە لە ئێراندا، ئەوەی خۆی بە نوێنەری چەپی ئێرانی دەزانێت (واتە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، کە دێت خاوەندارێتی لە ناڕەزایەتییەکانی حەفتتەپە و کارگەکان دەکات، سەرکردەکانی ئەو کرێکارانە خۆیان بەری دەکن و ئەوان بە نوێنەری خۆیان نازانن و خۆیان لێی دوور دەخەنەوە.
هۆکاری ئەوە ئەوەیە کە پردی پەیوەندی لە نێوان حیزبی چەپ بەو جۆرەی کە بانگەشەی بۆ کرێکار، مافی کرێکار، کێڵگەوان و زەحمەتکێش دەکات، لە کۆمەڵگادا دوورە؛ کۆمەڵگا بۆچوون و کێشە و خواستەکانی، هەموو شتی لەگەڵ ئەوەی کە حیزب باسی دەکا جیاوازە. حیزب بە شێوەیەکی هێمایی باسی کێشەی خەڵک دەکات؛ یانی لە ڕاگەیاندراو و بەیاننامەکاندا تەنیا قسە دەکەن، هیچ پلان و بەرنامەیەکیان نییە.
ئەگەر من دادپەروەر بم دەبێت ئەمەش بڵێم: ئەوە نییە کە بە کردەوە ناتوانن ئەنجامی بدەن، بەڵکو دەستیان بە خەڵکەکە ناگات؛ کاتێک تۆ خۆت ئامادەیی کردەیی و چالاکیت لەناو کۆمەڵگادا نەبێت، دەستت بە دەستی ئەو کرێکارە نەبێت، لەناو کارخانەکانیاندا نەبێت، لەسەر کارەکەیان نەبێت، مەینەتییەکان نەزانی، چۆن دەتوانی یارمەتیی بدەیت؟ تۆ تەنیا دەوەستیت و قسەی بۆ دەکەیت، دەی قسە هیچ بۆ ئەو ناکات. تۆ نە لە شۆڕاکانی ناو شاردا هەیت، نە لە بەڕێوەبەرایەتیی دڵنیایی کۆمەڵایەتی (بیمە)دا هەیت کە مافەکەی بۆ وەرگری، نە دەتوانیت پارێزەری بۆ بگری؛ یانی بە کردەوە ناتوانیت ئەم ئەركە ببەیتە پێشەوە، ئەوەش بە حوکمی دووربوونیان و بەشێکیشی بەهۆی ناتوانای ئایدیۆلۆژیکی خۆیانەوەیە؛ یانی تۆ شتێک باس دەکەیت کە هی دەیەی پەنجا و شەستی ئێرانییە، یانی تئۆڕیەکەت هی ئەو دورەیە.
ئەمڕۆ کرێکار و پێناسەی كرێكار گۆڕاوە، چۆنیەتیی کارکردن گۆڕاوە؛ من خۆم لە ئەمریکا ژیاوم، لە ئەمریکادا دکتۆرێکیش دەتوانێت کرێکار بێت، ئەندازیارێکیش دەتوانێت کرێکار بێت، بە مانا و واتای کار (واتە ئەو کەسەی کار دەکات، کرێکارە). ئێستا گرنگ نییە بڕوانامە و ئاستەکەی چییە؛ بەڵام ئایدیۆلۆژیی ئەو ڕەفیقانەی ئێمە بە ئەندازەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و جیهان لە تەکنەلۆژیا و زۆربەی بواری تردا نەگۆڕاوە. بۆیە ئەم بۆشاییە هەیە، نە حیزبی بێ چەك، نە حیزبی چەکدار، و نە حیزبێک کە پڕرەنگ‌ترە لە مەسەلەی ئایدیۆلۆژیا نەیانتوانیوە فۆرمولێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی کە لەناو خۆدا کاری پێویست بکەن و بەدەم خەڵکەوە بن.
بۆیە تۆ دەبینیت پێشوازییان لێ ناکرێت، نفووز و کاریگەرییشیان لەناو کرێکاراندا بە پێ پێویست نییە، بە ئەندازەیەک ڕەنگە لە شوێنی مەبەستدا ئامادەییان هەبێت و تاکوتووک پەیوەندییان هەبێت، بەڵام بە مانای ئەوەی کە بتوانێت ڕێنمایی بکات و کۆمەڵگاو چینی كرێكار بجووڵێنێت لەو ئاستەدا نییە.

قە‌ندیل پرێس: لە کاتێکدا کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بەرەو مۆدێرنبوون و بەهێزتربوونی دەنگی ژنان و لاوان هەنگاو دەنێت، کاناڵ و دەزگا سیاسییەکانی هێزەکان هێشتا لە بازنەی بەیاننامە و ڕاگەیەندراوی تەقلیدیدا خول دەخەنەوە؛ ئایا ئەمە بە مانای تەسلیمبوون بە لێوارنشینیی سیاسی نییە لە گۆڕەپانی واقیعی ناوخۆدا؟

فەرزین کەرباسی: بەڵێ، بە تەواوی ئەو ڕوانگە و بۆچوونانەی ئەحزاب نەیانتوانیوە خۆیان بە جۆرێک ڕێک بخەن کە لە ڕووی دروستکردنی گفتمان و ئاراستەکردنی کۆمەڵگاکەیانەوە سەرکەوتوو بن. لە بنەڕەتدا، ماهییەت و ناوەڕۆکی ڕێکخراو و حیزب ئەوەیە کە پێشەنگی کۆمەڵگا بن؛ واتە خەڵکێک بجووڵێنن، فیکر و بیرۆکەیان بۆ دروست بکەن و ناوەڕۆک و بابەتیان بۆ بەرهەم بهێنن.
ئەوەی باسی دەکەم، باسی دۆخی گشتی دەکەم و دەتوانم بۆ ئێرانیشی باسی بکەم. لە ئێراندا بە گشتی وایە، ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت ئەو جۆرەی کە شایستەیە کاری بۆ بکات. لە بەشی ئێرانییەکەیدا من دەتوانم بەڵگەیەکی پتەو بهێنمەوە و بڵێم بەڵێ، چاکسازخوازەکان لەم سێ دەیەی ڕابردوودا، هۆکاری سەرەکیی بنەبڕکردنی ئۆپۆزیسیۆن و بەلاریدابردنی خەباتی واقعی و مبارزەی خەڵک بوون، و لە ئێستەشدا پێداگرن لەسەر بەردەوامیدان بەكۆماری ئیسلامی.

بەڵام بۆ بەشی کوردییەکەی حەقیقەتەن ئەوە ناتوانم قبووڵ بکەم، چونكە بە گشتی کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراوە. مەبەستم ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کە چالاکە (نە هەموو کۆمەڵگا)؛ بەڵام هەموو بەشە چالاکەکە کاتێک جووڵە دەکات، ئەوا توێژەکانی‌تری کۆمەڵگایش دەجووڵێنن. ئەو بەشە چالاکە بە ڕێژەی ٣ تا ٥ لەسەدی کۆمەڵگایە، کە لە زانستی کۆمەڵناسیدا دەگوترێت ئەمانە چالاک و کاران. واتە دابەش بوون لەسەر حیزبەکان (دیموکرات، کۆمەڵە، پژاک و هتد)، و هەر کەسە و بەپێی ئایدیۆلۆژی و شوێنی جوگرافیی خۆی ڕەفتار دەکات.
بەڵام ئێمە لە ماوەی کەمتر لە ١٥ ساڵی ڕابردوو نەمانتوانیوە ئەو گفتمانە بۆ خەڵک دروست بکەین. لە قۆناغێکدا بە حوکمی زوڵم و زۆری دەسەڵاتی دیکتاتۆر شتێکی دەکرد کە کۆمەڵگا دەجووڵا و حیزبەکان دەهاتنە پێشەوە نموونەی هەرە دیار بزووتنەوەی (ژن ژیان ئازادی)یە، کە توانی دنیا بهەژێنێت.
بە حوکمی ئەوەی کە حوکوومەت بارودۆخێکی دروست کرد کە کۆمەڵگا جووڵا، حیزبەکانیاش کەوتنە دوای، جا ئەو خاڵەیە کە بۆ پرسیارەکەی جەنابەت نموونەیەکی باشە: حیزبەکان پێشەنگ نەبوون بۆ جووڵەی خەڵک، ئەوە خەڵک بوو خۆی لەسەر گۆڕی ژینا و لەسەر شەهیدبوونی ناڕەزایەتیی دەربڕی، و حیزبەکان دواتر کەوتنە دوای خەڵک لە دوایشدا بینیمان چیان قۆماند(یكێك چوو بۆ جورج تاون و یكێك دەیوت هیچ مەكەن برونە ماڵەوە). ئەو خاڵە خاڵی لاوازی حیزبەکانە، کە تۆ ناتوانیت پەیوەندییەکی قوڵت هەبێت لەگەڵ کۆمەڵگاکەی خۆتدا. لایەنی بەرامبەریش کاری بۆ ئەوە کردووە، دەستی لایەنە ئیسلامییەکان و سەلەفییەکانی کردووەتەوە تاوەکو بتوانن لە کۆمەڵگا ڕێکخراو دابنەن و چالاکی بکەن. ئەوان لە بازاڕ و لە هەموو ناوەندە ئابوورییەکاندا کار دەکەن و دەتوانن لە جێی حیزبە پێشرەوەكان کە بانگەشەی عەدەڵەتی كۆمەڵایەتی دەکەن، کاریگەرییان لەناو خەڵکدا هەبێت. بۆیە بەڕای من ئەو دۆخە لە چەند ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بوونی هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە ناڕەزایەتییەکان لەسەر ئێران زۆرن و کۆمەڵگا ناڕازییە، کەچی حیزبەکان لە خراوترین دۆخی خۆیاندا دەبینرێن، تەنانەت لە ئاستی مانەوەی خۆیشیاندا؛ واتە ئەمانە ڕووبەڕووی ناکارامەییەکی گەورە بوونەتەوە لە ڕووی گفتمان و چارچێوەی کاری فکرییانەوە.

قە‌ندیل پرێس: لە کاتێکدا دەبینین هێزە ئەمنی و سەرکوتگەرەکانی ڕژێم بە ئاسانی هەموو جووڵەیەکی مەدەنی لە ناوخۆدا سەرکوت دەکەن و بۆشاییەکی گەورە لە نێوان حیزبەکانی دەرەوەی وڵات و چالاکوانانی ناوخۆدا دروست بووە، بۆچی تا ئێستا ناتوانرێت پردێکی ئەمنی و لۆجیستیکیی پتەو بۆ گواستنەوەی ئەزموونی بەرگری و ڕێکخستن بۆ ناو شارەکانی ڕۆژهەڵات دابین بکرێت، و ئایا تەنها دروشمدان بەسە بۆ ئەم دۆخە؟

فەرزین کەرباسی: ڕاستییەکەی گلەیی زۆرمان لە حیزبەکان كرد، بەڵام واقعێکی مێژووییش بوونی هەیە کە دەبێت ڕەچاوی بکەین؛ کۆماری ئیسلامی لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا هەرگیز نەیهێشتووە کوردستان لە دۆخێکی ئاساییدا بێت. واتە نەیهێشتووە کوردستان لە بارودۆخێکی ئاساییدا وەک پارێزگاکانی‌تری ئێران بێت. هەمیشە و بەردەوام تەنانەت لەو کاتانەشدا کە حیزبەکان هیچ کێشەیەکیان دروست نەدەکرد و لە بنکەکانی خۆیاندا بوون، دەسەڵات فەزای کوردستانی میلیتاریزە کردبوو و دەستی لەسەر خەڵک هەڵناگرت.
چالاکیی مەدەنی، ڕۆژنامەوانی، ژنان و هتد، هەموویان لە ژێر فشار و هەڕەشەی بەردەوامدا بوون.
لە لایەکی‌ترەوە، ئابووری چەكێكی گەورە بوو بە دەست کۆماری ئیسلامییەوە، وایان کرد گەنجەکانی کوردستان ناچار ببن ڕوو لە شارەکانی‌تری ئێران و بەندەرەکان بکەن بۆ کرێکاری، چونکە خەڵک تووشی قەیرانی بژێوی ببوون. ئەوەی کە قسەیەکی ناسراوە و دەگێڕدرێتەوە بۆ سەردەمی (ڕەحیمی) کە سەردەمی ڕەفسنجانی و سازندگی بوو، وتویەتی: «شانازیی من ئەوەیە لەو چەند ساڵەی ئوستانداربوونمدا، چەکم لە دەستی کوڕی کورد دەرهێنا وبافوورم دا دەستیانەوە». واتە هێنانی مادەی هۆشبەر، قاچاخ، و دروستکردنی گەورەترین ئاشپەزخانەکانی دروستکردنی مادەی هۆشبەر لە کرماشان، سنە، بانە و ناوچەکانی تر، هەموو ئەمانە هۆکار بوون بۆ ئەوەی کۆمەڵگە هەژارتر و بێدەرەتانتر بێت. کەواتە، ئەگەر حیزبەکانیش لە بەشێک لە ئەکت و ئەرکەکانیان کەمتەرخەم بووبن، ئەوا زوڵم و ستەمی بەردەوامی دەسەڵات لەسەر خەڵک جێگەی مشتومڕ نییە و هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەم مەودا گەورەیەیە لە نێوان خەڵک وحیزبەكان.

قە‌ندیل پرێس: لە دۆخێکی مێژوویی ئاوادا کە نەبوونی یەکڕێزییەکی ڕاستەقینە و پاشەکشەی مەیدانی بووەتە سیمای دیاری حیزبەکان، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە فۆرماتی کۆن و دەسەڵاتە تەقلیدییەکانی ناو حیزبەکان هەڵتەکێنرێن و بە شێوازێکی ڕادیکاڵانە، نەوەی نوێ و خەباتی مەدەنیی ناوخۆ ببنە بڕیاردەری سەرەکی، یان پێتان وایە بەم شێوازەی ئێستاوە دەتوانن درێژە بە مانۆڕە سیاسییەکان بدەن؟
فەرزین کەرباسی: بەڕاستی ئێستا ئێمە بە کردەوە لەم حیزبانە نابینین هەنگاوی بنەڕەتی بۆ ڕزگاریی وڵات بنێریت، هیچ تەکانێك لە خۆت نادەیت، بەڵکو چاو لە دەستی خەڵکی‌تر دەکەیت، بەهانەی جۆراوجۆر دێنێتەوە، ئەوە ناکەیت کە دەبێت بیکەیت، بەڵکو تەنها بە قسە كردن ڕازی دەبێت. ئەمە دەرەنجامی سیاسەتی سی ساڵی ڕابردووە گیراوەتەبەر؛ سیاسەتی «بقا» (مانەوە)؛ یانی ئێمە هەرچەندە پارە پەیدا بکەین تەنیا بۆ ئەوەی بمێنینەوە تا ڕۆژی خۆی کە حكوومەت ڕووخا ببین بە ڕێبەری گەلی کورد!!!. ئەم سیاسەتی چاوەڕوانییە، سیاسەتێکە نە گۆڕانکاری لە خۆیدا کردووە، نە توانیویەتی گوتارێکی تازە دروست بکات. ئەو حیزبەش ئێستا بە شێوەی خۆی ماوە، سەیری ناوەوەی بکەیت دەبینیت چ کێشەیكی گەورە بوونی هەیە. دەسەڵات لە دەست چەند کەسێکدا قۆرخ کراوە، ئابووری حیزبیان بە دەستە، پۆستیان بە دەستە، هەندێكیان خزم و کەس و کاری خۆیان هاوردوە و قۆرخی هەموو چتیان کردووە.
ئەم قۆرخکارییە بووە بە واقع، حیزبێك ناتوانێ خۆی بگۆڕێت، ئەو پۆتانسێلە نەماوە کە بتوانێ خۆی بگۆڕێت بە نەزەری من ڕاکت و ئیستاییە، ئەوەیە لەبەرامبەر هەموو هێزەکانی دەوروبەری خۆیدا تەسلیمە و هیچ کارێکی پێ ناكرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان. سکرتێر چل ساڵ سکرتێرە، دەست هەڵناگرێت بۆیە کاتێک قسە دەکات لەگەڵ ئەمڕۆ ناخوێنرێتەوە. کام لە تەفەکوراتی ئەو لەگەڵ ڕۆژی ئەمڕۆدا دەگونجێت؟
حەتتا ئەگەر حیزبێک بە زەبری زۆر، بە زەبری وڵاتان یان بە زەبری پارە و چەکی ئەملا و ئەولا بیەوێت بەسەر خەڵکدا خۆی بسەپێنێت، یا ماشین پڕ بکات لە دۆلار و بهێنێتەوە وچەكداربکڕێت، ناتوانێت لە دەرەنجام سەركەوتوو بێت چون خەڵکی ڕۆژهەڵات ژیر و ئاگادارن، ئیتر ناخڵەتن و خەبات و شۆڕشیان کردووە بۆ ئازادی، نە بۆ هێنانی دەسەڵاتێکی‌تر بۆ سەری خۆیان کە ببێتە بەڵا بۆ گیانی. بۆیە بە ڕای من ئەم حیزبانە زەمانیان سووتاند بۆ گۆڕانکاری، و ئێستاش کاتێک قسەیان لەگەڵ دەکەیت دەڵێن مەجال نییە و کاتی ئەوە نییە. ئەگەر نزیكایەتی لە نێوان خودی حیزبەكان و دواتر لەگەڵ خەڵك دروست نەبێت کێشەی سەرەکییە کە بە ڕای من دەتوانێت لە ئاییندەی ڕۆژهەڵات کێشەی گەورە ساز بکات و هەر ئەمڕۆ دەبێت کاری بۆ بکرێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دکتۆر کرمانج گوندی: حیزبەکانی کوردستانی بندەستی ئێران خۆیان بوونە هۆکاری دۆخی ئەمڕۆیان، چونکە بێ‌ستراتیژ قەندیلیان بەجێهێشت

قەندیل پرێس- وتووێژ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕانکاری و گرژیی ناوچەییدا، لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *