کەوسەر فەتاحی: کورد بەتەنیا ناتوانێ عاملی ئاڵوگۆڕ بێ، بۆیە هاوکاری لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن پێویستە

قه‌ندیل پرێس- وتووێژ

لە کاتێکدا دیمەنی سیاسیی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریی و ئالنگاری خێرادا تێپەڕ دەبێت، پرسی چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و داڕشتنی ستراتیژی سیاسیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە بەرانبەر هاوکێشە ئێرانی و نێودەوڵەتییەکاندا بووەتە جێی بایەخێکی زۆر. بۆ خستنەڕووی تێڕوانین، هەڵوێست و ڕونکردنەوە وردەکان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان، قەندیل پرێس وتووێژێکی لەگەڵ کەوسەر فەتاحی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەنجام داوە کە تێیدا تیشک خرایە سەر کۆمەڵێک تەوەرەی گرنگ و بەرچاو.

قه‌ندیل پرێس: لە کاتێکدا مانیفست و ناوەرۆکی کۆنگرەی ئازادیی ئێران نەتەوەی کورد وەکوو نەتەوە ناناسێت و مافی چارەی خۆنووسین تا ڕادەی جیایی ڕەت دەکاتەوە و پاراستنی تەواویەتی خاکی ئێرانی کردووەتە هێڵی سوور، ئایا بەشداریی کۆمەڵە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەم کۆنگرەیەدا پێچەوانەی بنەما مێژوویی و خەباتگێڕییەکانی بزاوی ڕزگاریخوازی کورد نییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟ چۆن دەتوانن لەژێر چەترێکدا کۆببنەوە کە بنەمای سەرەکییەکەی نکۆڵیکردنە لە مافی بڕیاردانی چارەنووسە؟

كه‌وسه‌ر فه‌تاحی: کورد بەتەنیا ناتوانێ عاملی ئاڵ و گۆڕ بێ لە ئێران ئەگەرچی بەهێزترین و کاریگەرترین فاکتەری ئاڵ و گۆڕە، هەر بۆیە کە ئەو واقع بینییەت لە دارشتنی سیاسەت دا هەبوو دەزانی کە پێویستت بە هاوکاری لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەیە و نابێ ڕێگە بدەی هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بە بێ بوونی کورد بۆ داهاتووی ئێران بەڕێوە بچێت. لە پاشان لە کۆنگرەی ئازادی دان بە فرە ڕەنگی و فرەچەشنی کۆمەڵگەی ئێران نراوە. باس لە دەسەڵاتی ناموتەمەرکز و دموکراسی دەکرێ کە هەموویان بۆ کورد نەک قازانجیان هەیە بەڵکوو پێویستن.
کۆنگرەی ئازادی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی و درێژخایەن نییە کە ڕێگەی هەموو ئاکتێکی لە تۆ گرتبێ، تۆ لە سەر چەند بنەمایەک کە قازانجی بۆ تۆ تێدایە کۆبوویەتەوە و داکۆکی لە مافی خەڵک و نەتەوەکەی خۆت دەکەی، بەشداری نەکردن لانیکەم تا ئێستای ئیمتیازێک بۆ کورد نەبوو بەڵکوو دەیتوانی لە پشتی درگا داخراوەکانەوە بە بێ کورد لە سەر بنەماگەلێک بۆ داهاتوو قسە بکرێت کە مافی کوردی تێدا بەدی ناکرێت بۆیە بوونی تۆ وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن قسە و هەڵوێست بۆ داهاتووی خۆت و ئێران بەشداری و لە ئێستاوە بەشت بۆ کورد دەوێ.
بابەتی دیاری کردنی مافی چارەی خۆ نووسین لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبەکانی بەشدار جیایی وەک ڕێگە چارە ناناسێنێ و بەڵکوو باس لە فێدرالیزم دەکات واتە کوردستان لە چوارچێوەی ئێران ئەگەرچی کۆمەڵە بەڕۆشنی لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی غەیری کوردی دا بەشداری کردووە مافی کوردی بۆ جیایی بە ڕەسمی ناسیوە و باسی لەوە کردووە کە داوای جیایی تاوان نییە و کورد دەتوانێ ئەو ڕێگەیەش بگرێتە بەر.

قه‌ندیل پرێس: تا ئێستا بەشداریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەم کۆنگرەیەدا چ سوود و دەستکەوتێکی مەلمووسی بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە؟ ئایا ئەم بەشدارییە زیاتر نەبووەتە هۆی بەرتەسککردنەوەی گوتاری سەربەخۆییخوازانەی کورد و تەسلیمبوون بە مەرج و هاوکێشە ناوچەییەکانی دەرەوەی ئیرادەی گەلی کورد؟

كه‌وسه‌ر فه‌تاحی: کام گوتاری سەربەخۆیخوازی؟ کامیەک لەو حیزبانە کە بەشدارن یان پێشتر لە ناوەندی هاوکاری بەشدار بوون بەرنامەی حیزبییان بۆ دیاری کردنی مافی چارەی خۆنووسین لە ئێستادا سەربەخۆیخوازی بووە؟ هەر وەک باسم کرد بەرنامەی هیچ کام لەو حیزبانە سەربەخۆیخوازی نییە لانیکەم لە ئێستادا، لە پاشان هیچ تەسلیمبوونێک نەبووە تەنانەت بە ڕۆشنی باس لەوە کراوە ئەو کۆنگرەیە هیچ قەرارێکی سیاسی دەرنەکات لە بەر ئەوەی فرە ڕەنگی و دەنگی جیاوازی تێدایە و ئەگەر چکۆلەترین هەڵوێستی تێدابێ کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کورد بووبێ ئەوە بێ ڕارایی کۆمەڵە ڕاگەیاندنی خۆی بڵاو کردووەتەوە نەزەری خۆی بە ڕۆشنی لەو بابەتانەوە باس کردووە. هەروەها ئەو کۆنگرەیە هەموو چالاکیەکی ئێمە نییە بەڵکوو بەشی ئەوەندەیە کە لەو کۆرە کورد بە بێ دەنگ و بۆچوونی خۆی نەبێ و هەرکات دیتی قازانجی بۆ کورد نییە بە ئاسانی دەتوانێ هاتنە دەری خۆی ڕاگەیێنێ.

قه‌ندیل پرێس: ڕاپۆرت و زانیاریی میدیایی ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و هەڵوێستی وڵاتانی وەکوو ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ پشتگیری لە کورد لە ڕۆژهەڵات ڕەخساوە، کەچی بەشداربوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە کۆنگرەی ئازادی ئێران و بەشداریکردنیان لەو بەیاننامانەی کە دژی هەڵوێستی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەردەچن، وایکردووە وەک لایەنێکی دژ بەو هاوکێشە نێودەوڵەتییە دەربکەون. ئایا ئەم سیاسەتە هاوسەنگە نامۆیە زیان بە داهاتووی بزاڤی سیاسیی کورد نادات لە کاتی گۆڕانکارییە گەورەکاندا؟

كه‌وسه‌ر فه‌تاحی: من بۆ وڵامی ئەو پرسیارە سەرەنجتان بۆ ڕاگەیاندنی کۆمەڵە لەو بارەوە ڕادەکێشم کە لە کەمترین مەودادا روونکردنەوەی خۆی داوە. تا ئەو جێیەی ئاگادارم حیزبی دیموکراتیش بە هەمانشێوە ئەو هەڵوێستەی رەدکردووەتەوە.

قه‌ندیل پرێس: بەشێکی زۆر لە ئەندامان، لایەنگران و توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵە و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات ناڕازین لەم بەشدارییە و بە هەڵەیەکی ستراتیژی دەزانن، کەچی سەرکردایەتیی حیزبەکان بەردەوامن و گوێ بەم دەنگە ناڕازییانە نادەن. ئایا ئەم پشتگوێخستنەی شەقام و کادرەکان، متمانەی نێوان کۆمەڵانی خەڵک و سەرکردایەتیی سیاسی لاواز ناکات؟ ڕەوایەتیی بڕیارێکی لەو جۆرە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت کاتێک بنکەی جەماوەریی حیزب پێشوازیی لێ ناکەن؟

كه‌وسه‌ر فه‌تاحی: تا ئەو جێیەی بە کۆمەڵە دەگەرێتەوە نارەزایەتییەک لەو شێوە نەبووە و حیزب بە بڕیار و تەشخیسی ڕەهبەری لە نێوان سەدان کار و چالاکی دیکە تیمێکی بۆ ئەو کارە داناوە کە زۆرترین هەوڵیان بۆ چەسپاندنی ماف و بەرژەوەندییەکان و هەروەها دەنگ و پێگەی کوردە بۆ داهاتووی سیاسی ئەو وڵاتە. هەر کات ڕێبەڕی کۆمەڵە بەو قەناعەتە بگا کە بەشداری لەو کۆبوونەوەیە زەرەر بە ئامانج و ستراتیژی خەڵکی کورد دەگەیێنێ بە ئاسانی دەتوانێ لێی بێتە دەر و ئەو بابەتانە و حەد و حدودی هاوکاری سیاسی و بەشداری ئێمە و هاوکاریمان لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆن بە خاڵی کۆنکرێت و ڕۆشن دیارن و هەر کات و لە هەر کام لەو هاوکارییانە ئەو بنەمایانەی ئێمە کە سەراسەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە لە بەرچاو نەگیرا ئەوە لەو کارە دێینە دەر و ڕوونکردنەوەی خۆشمان دەدەین.

قه‌ندیل پرێس: لە ئێستادا کە هێرشە درۆنییەکان و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شوێن و پێگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن و مەترسیی جددی لەسەر گیانی تێکۆشەران دروست کردووە، چ ڕێوشوێنێکی پراکتیکی گیراوەتە بەر؟ چاودێران پێیان وایە کاتی ئەوە هاتووە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی قەوارەیەکی هاوبەش یان ئەنجوومەنێکی نیشتمانی (بێ ئەوەی تێکەڵ ببن) خۆیان ڕێک بخەن؛ ئایا سەرکردایەتیی کۆمەڵە ئامادەیە بۆ هەنگاونان بە ئاراستەی یەکخستنی گوتار و بەرگریی هاوبەش بۆ پاراستنی هێزەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا؟

كه‌وسه‌ر فه‌تاحی: کۆماری ئیسلامی و شاڵاوی تێرۆری شتێکی تازە نییە و ساڵهایە لە شێوەگەلی جۆراوجۆر بۆ ئەو کارە کەڵکی وەرگرتووە. تێرۆر، بۆمبڕێژ کردن، درۆن و موشەک باران و هتد. نە تەنیا ئامادەیە، بەڵکوو دەیان ساڵە کۆمەڵە بە شێوەی کۆنکرێت و عەینی باسی لەوە کردووە کە پێویستە هێزی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک نەتەوە هەڵسووکەوت بکات، تلویزیۆن و میدیای هاوبەشی حیزبەکان هەبێت، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دروست بێت و هەنگاوی بۆ هەڵگیرێت یان لانیکەم فەرماندەییی هاوبەشی هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دروست بێ، دیپلۆماسی هاوبەشی هەبێ، پەیوەندی نێونەتەوەیی هاوبەشی هەبێ و دەیان پێشنهادی دیکەی لەو جۆرە کە دەتوانێ لە خانەی بەرگری هاوبەشیشدا خوێندنەوەی بۆ بکرێ.
کۆماری ئیسلامی فۆکسی تایبەتی لە ساڵها لەوە پێشەوە خستووەەتە سەر کۆمەڵە و بە دروستکردنی دەیان بەڵگەفیلم، سریال و فیلمی سینمایی، نووسینی کتێب و دەیان بابەتی ڕۆژنامەکانی و هەروەها هێرشی بەربلاو و فراوانی درۆنی و موشەکی هەوڵی داوە گوشار بخاتە سەر کۆمەڵە هەم بە شێوەی نەرم و هەم نیزامی هێرش بکاتە سەر کۆمەڵە. کۆمەڵەش بە پێی مەجال و ئیمکاناتی هەوڵی پاراستنی خەڵک و هێزەکەی داوە خۆی بۆ ئەو بارودۆخە ڕێکخستووە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

فەرید دەمیرال: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەستراوەتەوە بە گۆڕانکارییە جیهانییەکانەوە و ترس و هیوا تێکەڵ بووە

قەندیل پرێس- وتووێژ ​ ​گۆڕانکارییە خێراکان و وەرچەرخانە قووڵەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیمەنی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *