قهندیل پرێس
لە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی شاری قامیشلۆدا کە هەمیشە وەک لانکەی سەوزی پێکەوەژیان و سیمبوولی خۆڕاگری ناسراوە، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری و سیاسی گەورە بەڕێوەچوو کە تێیدا دیمەنێکی نوێ لە خەبات و بەردوامی پێشکەش کرا.
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ههسهده لە ڕیزی پێشەوەی ئامادەبوواندا لە پاڵ بەرپرسانی سووریادا بە جلی کوردییەوه سەرنجی هەمووانی ڕکێشا و پەیامی ڕوونی خۆی ئاراستەی ناوخۆ و دەرەوە کرد و جەختیکردەوە کە لە سووریای نوێدا شۆڤێنیەت هیچ جێگەیەک نابێتەوە و دەبێت مافە ڕەواکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری بچەسپێنرێن و منداڵانی کوردیش بە زمانی دایکیان لە ناوەندەکانی خوێندن پەروەردە ببن و بخوێنن چونکە زمانی دایک مافێکی سەرەتایی و سروشتی هەموو مرۆڤێکە و ناکرێت لە ژێر هیچ ناونیشانێکدا پشتگوێ بخرێت.
ئەم داواکارییەش وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە وتارەکەیدا کاردانەوەی گەرم و چەپڵەڕێزانی بەردوامی ئامادەبووانی لێکەوتەوە و بۆ چەند چرکەیەک قسەکانی پێ بڕین و پەرۆشی خەڵک بۆ ئەم مافە ڕەوایە نیشان دا لە کاتێکدا ئەحمەد هیلالی جێگری پارێزگاری حەسەکەش لە ڕیزی پێشەوە دانیشتبوو و نیشانەی کۆماری سووریای لەسەر سنگ بوو و گوێی لەو پەیامە ڕوون و بڕیارانە دەگرت کە باسیان لە قۆناغێکی نوێی دوای ڕووخانی بەعس و ڕێککەوتنی کۆتایی کانونی دووەم دەکرد کە تێیدا بڕیاری تێکەڵبوونی هێزەکان و ئیدارە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا درا بە مەبەستی پاراستنی دەستکەوتەکان و بەرژەوەندی گشتی و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر ناوچەکە چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێ کرد ئەوان ڕووبەڕووی شەڕێکی مان و نەمان و هێرشێکی مەزن و سەخت بونەوە کە تێیدا قوربانیدانی گەورە درا و هەزاران ڕۆڵەی پاکی گەل گیانیان بەخشیوە بۆ ئەوەی ئەم خاکە پارێزراو بێت و لاوانی بەخشندەی پارچەکانی تری کوردستانیش لە هەر ساتێکی سەختدا بە هانای ڕۆژئاواوە هاتن و ئەرکی مێژوویی خۆیان جێبەجێ کرد و دواتر کە ئەرکەکە کۆتایی هات گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان و لەم ڕوانگەیەوە سوپاسنامەیەکی گەرم ئاراستەی هەموو ئەو هێز و لایەنانە کرا کە دەستی هاوکارییان درێژکرد و ڕێبازی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت کە بۆ داهاتوویەکی باشتر خوێنیان ڕشت و ئەم شارەش کە لە ڕۆژی 20ی ئابی ساڵی 1926 لە سەردەمی فەرەنسیدا بنیاد نرا لە سەر دەستی نەتەوە جیاوازەکان وەک کورد و عەرەب و سریان و ئاشوور و ئەرمەن و ئێزدی پێکەوە ژیان و بەرگەی شاڵاوی سڕینەوەی نەتەوەیی گرت و لە مێژووی خۆیدا لە ڕووداوی 12ی ئازاری ساڵی 2014 بوو بڵێسەی شۆڕشی ڕاپەڕینی دژی ڕژێمی پێشوو هەڵگیرساند کاتێک پەیکەری حافز ئەسەد شکێنرا و هەزاران گەنج گیران بەڵام کۆڵیان نەدا و ئەمڕۆش لە هەمان ڕۆحییەتدا قۆناغی سیاسی و دەستووری دەست پێ دەکات.
ڕۆژنامەنووس کاوە ئەدهەم لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ قەندیل پرێس لەسەر ئەم ڕووداوە ڕایگەیاند کە یادی سەد ساڵەی قامیشلۆ تەنها یادکردنەوەیەکی ئاسایی نەبوو بەڵکو وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە گواستنەوەی خەبات لە ڕەوشی سەربازی ڕووتەوە بۆ تێکۆشانی سیاسی و دیپلۆماسی لە پێناو چەسپاندنی مافەکان لە دەستووری نوێی سووریادا و هەموو لایەک چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێن و بنەمایانە دەکەن کە لە پێناو پاراستنی خەڵکدا بڕیاریان لەسەر دراوە.
قەندیل پرێس