قەندیل پرێس- ڕاپۆرتی تایبەت
بە بەیاننامەیەکی تونددا، کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی مەرجەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک ڕایگەیاند کە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانیان بۆ هەر دانوستانێک لەسەر دۆسیەی چەک بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، لە تەنیشت کشانەوەی تەواوی هێزە ئەمریکییەکان و دڵنیابوون لە نەگەڕانەوەیان و ئازادکردنی بڕیاری سیاسی و ئابووری عێراق لە هەژموونی دەرەکی، هەروەها داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیاش لە باکووری عێراقی کردووە. ئەم هەڵوێستە توندەی گرووپەکە کە لەلایەن ئەبو موجاهید ئەلعەسافی بەرپرسی ئەمنیەوە بڵاوکرایەوە، ڕەخنەی توندی ئاراستەی سەرۆک وەزیران کرد و تۆمەتباری کرد بە پشتپەستتن بە لایەنی دەرەکی و نوێنەری ئەمریکا. لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد و وتی سەبریان بەرەو تەواوبوون دەچێت و لەوانەیە پەنا بۆ بنەمای چاو بەرامبەر چاو ببەن بەرامبەر هەڵمەتەکانی حکومەت بۆ سەر ماڵی چەکداران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیران لە ئێستادا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی زۆر دژوار و هەستیار بۆتەوە کە چارەنووسی دەسەڵات و سەقامگیری ئەمنی وڵاتەکە دیاری دەکات.
سەبارەت بەم گرژییانە و ئاڵۆزیی دۆخەکە، ئەمجد زوبەیدی ڕۆژنامەنووس لە لێدوانێکدا بۆ قەندیل پرێس دەڵێت کە زەیدی بەم کارەی بەردێکی زۆر گەورە و قورسی هەڵگرتووە کە لەوانەیە توانای هەڵگرتنی نەبێت و بەسەریدا بکەوێتەوە، یان ئەگەر بتوانێت بە سەرکەوتوویی بەرەو پێشەوەی ببات، ئەوا دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی لە بنیاتنانی دەوڵەتی خاوەن سەروەریدا. زوبەیدی ئاماژەی بەوەشدا کە دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی چارەنووسساز، چونکە بژاردەکانی سەرۆک وەزیران زۆر بەرتەسک بوونەتەوە و هەر هەنگاوێکی هەڵە لەم کاتەدا دەتوانێت کاریگەری گەورەی لەسەر داهاتووی کابینەکەی هەبێت، بەتایبەتی لەبەرامبەر ئەو فشارانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لەسەریەتی بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی خۆی بگۆڕێت. زوبەیدی جەختیکردەوە کە ئەم ململانێیە تەنها پەیوەندی بە چەکەوە نییە، بەڵکو شەڕێکی سیاسییە لەسەر ناسنامەی بڕیاری عێراقی.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم هەڵمەتەی حکومەت لە کاتێکدایە کە تەنیا شەش هەفتە ماوە بۆ وادەی ٣٠ی ئەیلول کە بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکیی چەکداری لە دەرەوەی دەوڵەت دیاری کراوە و هەردوو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوار سەرۆکایەتییەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەر چالاکییەکی چەکداری دوای ئەو وادەیە بە تیرۆر هەژمار دەکرێت. حکومەتیش هەنگاوەکانی دەست پێکردووە و لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی جرف الصخر پێکهێناوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی کەتائیبی حزبوڵڵادایە. ئەم لیژنەیە بە سەرەتایەکی گرنگ دادەنرێت بۆ ئەوەی دەوڵەت جارێکی دیکە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنێتەوە کە پێشتر وەک ناوچەی داخراو و لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوی گرووپە چەکدارەکاندا بوون.
سەرباری ئەوەی هەندێک گرووپی تری وەک عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی پشتیوانی ئاڕاستەی حکومەتن بۆ ڕێکخستنی چەک، بەڵام کەتائیبی حزبوڵڵا سوورە لەسەر نەدانی چەک تا کۆتاییهاتنی تەواوەتی بوونی هێزی بیانی لە وڵاتدا. هەموو ئەم دۆخەش پاش سەردانێکی نهێنی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران دێت بۆ بەغدا کە بەگوێرەی زانیارییەکان لەو سەردانەدا قائانی داوای لە گرووپەکان کردووە چەک ڕادەست نەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریشی داوە لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەت و داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی کردووە بۆ دوورکەوتنەوە لە خوێنڕشتن.
لە کۆتاییدا، دەردەکەوێت کە سەرۆک وەزیران لە نێوان فشاری نێودەوڵەتی، ناڕەزایەتیی گرووپە چەکدارەکان، و پێداویستییەکانی سەقامگیری ناوخۆی عێراقدا لەبەردەم بژاردەیەکدایە؛ یان دەبێت بەردەوام بێت و بە کردار ببێتە خاوەنی بڕیاری دەوڵەت و سەروەریی نیشتمانی، یان ئەوەتا ئەم قەیرانە بە زیانی خۆی و کابینەکەی کۆتایی پێ دێت و دەرگاکان بۆ ئاڵۆزیی زیاتر لە بەردەم عێراقدا دەکاتەوە. دۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق لە چاوەڕوانیی دەرەنجامەکانی ئەم ململانێیەیە و چاودێرانیش پێشبینی دەکەن کە هەفتەکانی داهاتوو زۆر یەکلاکەرەوە بن.
قەندیل پرێس