قەندیل پرێس
دوای بڕیارێکی نوێی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق سەبارەت بە هێڵەکانی کۆڕەک تلیکۆم، شەپۆلێکی نیگەرانی و کاردانەوە ڕووی لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەت لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کە زۆرترین بەکارهێنەری ئەم کۆمپانیایەن و ژمارەکانیان لەسەرجەم مامەڵە فەرمی و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا تۆمار کراوە.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە لە بەڕێوەبەرایەتییەوە دەرچووە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی کۆڕەک تلیکۆم و داوایان لێ دەکات بە زووترین کات ژمارەی جێگرەوە و بەدیل بۆ هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان زیاد بکەن پێش ئەوەی نامەکانی پشتڕاستکردنەوە ڕابوەستن.
بەپێی بڕیارەکە ڕێکارەکان بریتیین لە زیادکردنی ژمارەیەکی تەلەفۆن کە سەر بە کۆمپانیاکانی تری مۆبایل بێت وەک بەدیل لە تەنیشت ژمارەی کۆڕەکەوە، نوێکردنەوەی ژمارەی سەرەکی بۆ یەکێک لە کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی تر لەو سەکۆیانەی تەنها ژمارەیەک قبووڵ دەکەن، کاراکردنی پۆستی ئەلیکترۆنی و ئەپلیکیشنەکانی پشتڕاستکردنەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کورتەنامە، و دەستەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕێکارانە بە مانای دەستبەرداربوون لە ژمارەی ئێستا نایەن بەڵکو بۆ پاراستنی زانیاری و مافی بەکارهێنەرانە.
ئەم بڕیارە کۆمەڵێک کێشە و سەختی گەورەی بۆ هاووڵاتیان و بەتایبەت لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دروست کردووە، چونکە زۆرینەی ڕههای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە سنوری هەولێر و دهۆک پشت بە هێڵەکانی کۆڕەک تلیکۆم دەبەستن وەک هێڵی سەرەکی خۆیان. هەروەها ژمارەی کۆڕەک لەسەر تەواوی مامەڵە فەرمییەکان، بەڵگەنامەکان و سەرجەم پلاتفۆرم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەژمارە بانکی و دیجیتاڵییەکان تۆمار کراوە، و وەستانی چاوەڕوانکراوی نامەکانی پشتڕاستکردنەوە مەترسی ئەوەی دروست کردووە کە هاووڵاتیان دەستگەیشتن بە هەژمار و پلاتفۆرمە گرنگەکانیان لەدەست بدەن، بەتایبەت کە گۆڕینی ژمارە لەسەر هەموو پلاتفۆرمەکان پرۆسەیەکی ئاڵۆز و کاتکوژە.
قەندیل پرێس