کۆڵبەرنیوز ڕایگەیاند، چالاکوانێکی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران کوژرا.
کۆڵبەرنیوز سەبارەت بە بەردەوامیی زنجیرەی تاوان و سەرکوت لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە و کوژرانی چالاکوانێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پوریا نادری، چالاکوانی تەمەن ٢٩ ساڵەی شوێنکەوتووی ئایینی یارسان و خەڵکی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو لە ئەنجامی پێکدادانی چەکدارانە لەگەڵ هێزە حکومییەکان لە گەڕەکی دەرەدرێژی ئەو شارەدا کوژراوە.
باس لەوە کراوە، پوریا نادری لە سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لەگەڵ دوو برایدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر کرابوو نزیکەی سێ مانگی لە دەستبەسەرگەی ئەمنیدا بووە، دوای ئازادکردنی کاتی و لە دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییە بەردەوام لە ژێر چاودێری ناوەندە ئەمنییەکاندا بوو.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئەنجامی ئەو پێدادانەی لە نێوان هێزەکانی ڕژێمی ئێران و پوریا نادریدا ڕووی دا، هێزەکانی ڕژێم بە فەرماندەیی و ڕێنمایی جاشێک بە ناسنامەی «کامرانی» کە پێشتریش لە دۆسیەکانی دیکەدا لەوانە گیانبەختکردنی دوو برا بە ناوەکانی موجتەبا وەیسی و مەیسەم وەیسی ڕۆڵی هەبووە، پوریا لە گەمارۆدا دەگرن؛ لە ئاکامی ئەو پێکدادانە چەکدارانەی ڕوویدا، دوو کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بریندار بوون و پوریا نادری بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەوە گیانی لەدەستدا.
قەندیل پرێس