قەندیل پرێس- ڕاپۆرتی تایبەت
هەندێک جار ڕووداوەکان لە فیلمە سینەماییەکان دەچن، بەڵام واقیع هێندە سەرسوڕهێنەر دەبێت کە مرۆڤ تووشی شۆک دەکات. چیرۆکی دۆزینەوەی هاووڵاتییەکی قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستان کە دوای ٢٣ ساڵ لە بێسەروشوێنبوون لە تاران دۆزرایەوە و گەڕایەوە ناو کەسوکارەکەی.
دەستپێکی دابڕان؛ ساڵی ٢٠٠٣
لە ساڵی ٢٠٠٣دا، لە کاتێکدا بارودۆخی ناوچەکە بە گۆڕانکارییە گەورەکاندا تێدەپەڕی، هاووڵاتییەک بە ناوی قاسم حوسێن، خەڵکی گوندی کانی ئەسپانی مەزنە لە سنووری قەزای بەردەڕەش (سەر بە پارێزگای دهۆک)، لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا گوندەکەی خۆی بە ڕوو بە ڕووبەبوونەوەی هەندێک هەلومەرج جێهێشت.
لەو ڕۆژە بە دواوە، پەیوەندیی قاسم لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەی بە تەواوی پچڕا. سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵدوایساڵ و ئەنجامدانی چەندین هەوڵ، گەڕان و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن دایک، باوک، براکان و خزمانییەوە، هیچ سەرەداوێک، هەواڵێک یان زانیارییەک لەسەر ژیان یان مردنی دەستنەکەوت. خێزانەکەی کە ساڵانێکی درێژ چاوەڕوانیی گەڕانەوەیان کردبوو، وردەوردە هیوایان لەدەستدا بوو و پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە قاسم لەو هەموو ساڵەدا ژیانی لەدەستداوە و لە دنیا نەماوە، بە جۆرێک کە ماتەمینیی نەبوونی ببووە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیان.
تەکنەلۆجیا و چرایەکی هیوای چاوەڕواننەکراو
ساڵان تێپەڕین تا گەیشتینە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە زۆرجار دەبنە پردی پەیوەندیکردن لە نێوان مرۆڤە دابڕاوەکاندا. پاش ٢٣ ساڵ لە تاریکی و بێدەنگی، ڕووداوێکی سەرسوڕهێنەر هەموو شتێک گۆڕی.
قاسم حوسێن، کە لەو ماوەیەدا لە شاری تاران لە وڵاتی ئێران ژیانی نوێی بۆ خۆی دروستکردبوو و خاوەنی کار و دووکانی خۆی بوو، ڕۆژێک بە مەبەستی گەڕان دەچێتە ناو تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام. لەوێدا چاوی بە ئەکاونتی برازایەکی دەکەوێت و بە بینینی وێنەی باوک و براکانی لەو ئەکاونتەدا، لە ناکاو دەیناسێتەوە. ئەو ساتە، ساتێکی مێژوویی بوو کە کۆتایی بە دوو دەیەی پڕ لە ئازار و نەهامەتی هێنا.
لەم بارەیەوە، سەمیر عەبدولقادر، کە برازای قاسم حوسینە، لە لێدوانێکدا بۆ قەندیل پرێس وردەکاریی ڕووداوەکەی گێڕایەوە و گوتی قاسمی مامم چووەتە ناو ئەکاونتی ئینستاگرامەکەم، لەوێ وێنەی باوک و براکانی خۆی بینیوە و هەمووانی ناسیوەتەوە؛ بۆیە نامەیەکی بۆ ناردووم و تێیدا نووسیویەتی سڵاوێک دوای زیاتر لە بیست ساڵ بۆ برازاکەم. ئێمە سەرەتا باوەڕمان نەدەکرد و تووشی شۆک ببووین، بەڵام کاتێک دڵنیابووینەوە، خۆشحۆلییەکی بێوێنە باڵی کێشا بەسەر ماڵەکەماندا.
دوای ئاشکرابوونی ڕاستییەکان و ناسینەوەی یەکتر، دەستبەجێ ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان گیرانەبەر بۆ ئەوەی قاسم بگەڕێتەوە زێدی خۆی. قاسم حوسێن کە ئێستا تەمەنی ٥٨ ساڵە، پاش چەند ڕۆژێک لە ئاشکراکردنی چارەنووسی، گەشتەکەی دەستپێکرد و گەیشتەوە خاکی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ، پاش چەندین دەیەی پڕ لە چاوەڕوانی، قاسم بە سەرکەوتوویی گەیشتەوە ناو کەسوکار و بنەماڵەکەی لە قەزای بەردەڕەش و لە باوەشی کەسوکارەکەیدا حەسایەوە. گەڕانەوەی قاسم بۆ ناو کەسوکارەکەی، ساتێکی زۆر سۆزداری و کاریگەر بوو، کە تێیدا دایک، براکان، برازاکان و هەموو کەسوکارەکەی لە باوەشیان گرت و کۆتاییان بە یەکێک لە درێژترین چیرۆکەکانی دابڕانی خێزانی لە ناوچەکەدا هێنا. ئێستا قاسم لە ناو خێزانەکەی خۆیدا، پاش تێپەڕاندنی بیست و سێ ساڵی پڕ لە نامۆیی، لە زێدی دایک و باوکی بحەسایەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی دەستی پێکردەوە.
قەندیل پرێس