به‌په‌له

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: بە یەکگرتوویی سیاسی و ئامادەکاریی مەیدانی لە گۆڕانکارییەکاندا مافەکانمان مسۆگەر دەکەین

 خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئيران لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا کە لە ڕۆژی ٣ی خەرمانان بەڕێوە چوو، هەڵسەنگاندنی گشتگیری بۆ دۆخی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەروەها هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە کرد و تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە هەستیارەکان، قەیرانەکانی سیستمی سیاسیی ئێران و ئەو پەرەسەندنە خێرایانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن و تێیدا هەڵوێست و ڕوانگەی خۆی لەبارەی دۆخەکە دەستنیشان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوەکرایەوە سەرەڕای ئەوەی کە شەڕ و پێکدادانەکان، کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ستراتێژی و بازرگانیەکان و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکان لە ناوچەکەدا ڕەهەندێکی مێژووییان هەیە، بەڵام دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە قۆناغێکی وەرچەرخانی یەکلاکەرەوەدایە و سیستمی حوکمڕانی لە ئێران لە قەیرانێکی قوڵ و بێچارەسەردا دەژی کە ناتوانێت خۆی لە لێکەوتەکانی دەرباز بکات. هەروەها ئاماژە بەوە کرا حکوومەتی ئێران جگە لە شەڕ ڕووبەڕووی سزا و گەمارۆی قورسی ئابووریی و گوشاری فرەچەشن بووە کە  بەرەو لێواری داڕمان یان لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر ناوچە جیاوازەکانی دەبات.

لەبەرانبەر ئەم دۆخە و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوانەشدا، جەخت لەسەر پێویستیی ئامادەکاریی هەمەلایەنەی مەیدانی، سیاسی و دیپلۆماسی دەکەین و پێمانوایە بزووتنەوەی دیموکراتیک و ڕزگاریخوازی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نابێت لەم قۆناغەدا تەنها ڕۆڵی چاودێری هەبێت، بەڵکو پێویستە بە پلانی تۆکمە و ستراتێژییەکی ڕوونەوە ئامادەی هەر پەرەسەندنێک بێت. پێداگری لەوەش دەکەین سەرکەوتنی بزووتنەوەی کورد بەستراوە بە هاوسەنگییەکی دروست لەنێوان ڕەهەندە نەتەوەییەکان، کە بریتییە لە پاراستنی مافە ڕەواکان و دەستەبەرکردنی شوناسی نەتەوەیی و مافی بڕیاردان لە چارەنووس و ئیرادەی نەتەوەیی کورد لە ئێرانی داهاتوو لەگەڵ ئازادییەکانی ژنان، پرسی دیموکراسی، داخوازییە مەدەنییەکان و بەها پیشکەوتووەکانی کۆمەڵگە.

وەک هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێزەکان و لایەنە سیاسییەکان پێویستە بۆچوون و توانای حیزبی بخەنە خزمەت بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەمان و هەماهەنگییەکانیان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بەهێزتر بکەن. لەم پێناوەشدا، پێویستە لە بواری سەربازی، ئەمنی، ڕێکخستنی و دیپلۆماسییەوە هەنگاوی هاوبەش بنرێت و هەوڵەکانی هاوپەیمانی خێرا ببنەوە و دیالۆگ و لۆبیکردن لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستە نێونەتەوەییەکان و هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسیخواز لە ئێران بەڕێوە بچێت. لەم پێناوەشدا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان بە ئامادەکردنی دۆسیەی تایبەت لەسەر تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دۆخی کوردستان و پێشکەشکردنی بە ناوەندە نيودەوڵەتی و پێوەندیدارەکان، هەروەها بە پێشوازی هاوبەش لە ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی «ژینا – ژن، ژیان، ئازادی» هەنگاو بەرەو بەهێزترکردنی پێگەی یەکگرتووی خۆی دەنێت.

لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا، هەموو لایەنەکان بە کۆدەنگی جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون و سووربوون لەسەر هەوڵەکان بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی زیاتری هاوپەیمانی کردەوە. ئەمەش نەک تەنها وەک پێویستییەک بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی لەنێوان لایەنەکاندا، بەڵکو بە مەبەستی خزمەتکردنی هەرچی باشتر بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ داهاتوو دێتە ئاراوە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٥ی خەرمانانی ٢٧٢٦

دووبارە هەوڵبدەرەوە

هاندەرانی ئامەدسپۆر بەدروشمی کوردی وەڵامی سوکایەتیکردن بە کوردیان دایەوە

لە یاریی نێوان ئامەدسپۆر و کۆجاعەلیسپۆر لە هەفتەی 2ی خولی نایابی تورکیا لە شاری کۆجاعەلی، …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *