ئەندامێكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کە,جە,کە ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی ئاشتی بەهۆی هەڵوێستی حکومەتی تورکیاوە گەیشتوەتە بنبەست و دەڵێت، هیچ هیوایەكی تێدا بەدی ناكرێت.
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کە,جە,کە لەچاوپێكەوتنێكدا باس لەدوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی و بارودۆخی ناوچەکە دەكات و دەڵێت،” ئەو دەستپێشخەرییەی لە 27ی شوباتی 2025ـەوە لەلایەن عەبدوڵا ئۆ,جە,لانەوە دەستیپێکردوە، بەهۆی هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاوە بەرەو پێش نەچوەو وتیشی، “دەوڵەت باخچەلی قسەی باش دەکات، بەڵام ئەردۆغان و حکومەت هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێن”.
سەبارەت بەپرسی چەکدانان، وتی، “ئێمە لەشاخین و بۆ پاراستنی خۆمان چەکمان پێیە، کۆتاییمان بەشەڕ دژ بەتورکیا هێناوە، بەڵام دەبێت زەوینەی دیموکراسی و یاسایی بێتە کایەوە”.
قەرەسوو پێیوایە، دەبێت ستاتۆی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆ,جە,لان ڕون بکرێتەوەو وەک موخاتەبێکی فەرمی بناسرێت، هەروەها رێگەی پێ بدرێت بەئازادانە لەگەڵ میدیاکان و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.
لەبارەی تێکەڵبونەوە، کە ئۆ,جە,لان باسی کردوە، قەرەسوو ڕونیکردەوە، “مەبەست لێی توانەوەی کورد نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو دابڕانە 100 ساڵەی بەهۆی نکۆڵیکردن لەکورد دروستبوە. ئەمەش تەنیا بەناسینی ناسنامە، زمان و خۆبەڕێوەبەریی کورد لەدەستوردا دەکرێت.”
قەرەسوو بەتوندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی حکومەتی سوریا لەناوچە کوردییەکان و لادانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ فەرمییەکان بەعەقڵییەتی جینۆساید ناوبرد. داواشی لەگەلی کورد کرد لەو ناوچانە راپەڕن و خاوەندارێتی لەشوناسی خۆیان بکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دیمەشق لاسایی سیاسەتە کۆنەکانی تورکیا دەکاتەوە.
لەوەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باس لەگۆڕینی ناوی پە,کە,کە بۆ بزوتنەوەی ئا,پۆ,یی دەکەن، قە,رە,سوو وتویەتی، “هیچ رێکخراوێکی نوێ دانەمەزراوە. ئێمە لەیەکەم ڕۆژی دەرکەوتنمانەوە وەک ئا,پۆیییەکان ناسراوین و شانازیی پێوە دەکەین. ئەم دەنگۆیانە تەنیا پڕوپاگەندەی نەیارانی پرۆسەکەن، ئێمە 50 ساڵە ئا,پۆچین و ئێستاش هەر ئا,پۆچین”.
قەندیل پرێس