پارێزگای حەسەکە ١٣ کورسی دەبێت لە پەرلەمانی سووریا، کە پێنجیان ڕاستەوخۆ لە لایەن شەرعەوە دیاری دەکرێت، هەشتەکەی دیکە لە ڕێگەی دەستەی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانەوە هەڵدەبژێردرێن.
دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ ڕووخا، لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٥، هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەندامانی پەرلەمانی سووریا دەستی پێکرد، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیاری هەڵبژاردنەکانی دا و ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا لەسەر ئاستی پارێزگاکان دەستپێکرد.
پەرلەمانی سووریا (ئەنجوومەنی گەل) لە ٢١٠ کورسی پێکدێت، حکومەت بە فەرمی ڕایگەیاند کە ١٤٠ نوێنەر لە ڕێگەی دەستەی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانەوە هەڵدەبژێردرێن و ٧٠ نوێنەرەکەی دیکە، لەلایەن سەرۆکی کاتیی سووریا، ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەکرێن.
تا ئێستا لە هەموو پارێزگاکانی سووریا جگە لە پارێزگاکانی حەسەکە و سوەیدا، ئەندامانی پەرلەمان هەڵبژێردراون و دانراون.
بەگوێرەی سەرچاوە تایبەتەکان، لە پارێزگای حەسەکە ١٣ کورسی هەیە، کە ٥ کورسی لە لایەن خودی ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەکرێن و ٨ کورسییەکەی دیکە لە ڕێگەی دەستەی هەڵبژاردنە خۆجێیەکانەوە هەڵدەبژێردرێن.
هەرکات لیژنەکانی هەڵبژاردن پێکهێنران و لیستی کۆتایی خۆیان ئامادە کرد، پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان دەست پێدەکات، لیژنەکانی هەڵبژاردن ئەندامانی پەرلەمان لە بازنەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن، دوای ئەوە ئەنجامەکان دەگەیەننە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان، کە بە فەرمی ناوی ئەندامە سەرکەوتووەکانی پەرلەمان ڕادەگەیەنێت.
قەندیل پرێس