قەندیل پرێس
سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی دادگەی باڵا و رۆژی دادوەریی کارگێڕیی تورکیادا رایگەیاند کە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ ئەرکێکی نیشتمانییە و دەستووری ئێستای وڵاتەکەی وەک عەیبەیەکی دیموکراسی وەسف کرد چونکە بە وتەی ئەو ئەم دەستوورە بەرهەمی سەردەمی کودەتا و دەستوەردانە نایاساییەکانە.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی سڤیل و ئازادیخواز هەیە کە لە لایەن خەڵکەوە نووسرابێتەوە نەک ئەوەی لەلایەن کودەتاچییانەوە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنرابێت ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دەیانەوێت دەستوورێک دابڕێژن کە پارێزگاری لە یاسا و دیموکراسی و مافەکانی گەل بکات و کۆتایی بەو حەسرەتە درێژخایەنەی خەڵکی تورکیا بهێنێت بۆ هەبوونی دەقێکی دەستووریی نوێ.
دەستووری ئێستای تورکیا کە لە ساڵی 1982 و دوای کودەتا سەربازییەکەی کەنعان ئێڤرەن لە ساڵی 1980 نووسراوەتەوە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار گۆڕانکاری تێدا کراوە بەڵام هێشتا وەک دەستوورێکی کودەتا دەبینرێت ئەوکات ئەم دەستوورە بە رێژەی زیاتر لە 91 لەسەدی دەنگی بەشداربووان پەسند کرا بەڵام بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان پێیان وایە رۆحی کودەتا بەسەر دەقەکەدا زاڵە و دەبێت بە تەواوی بگۆڕدرێت.
پەیوەست بەم بابەتە، ڕۆژنامەنووس ئەرجان داخ تایبەت بۆ قەندیل پرێس رایگەیاند، کە هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی دەستوور پەیوەندی بە دیموکراسییەوە نییە بەڵکو سەرۆککۆماری تورکیا دەیەوێت لەرێگەی دەستوورێکی نوێوە یاسا باڵاکانی وڵات بە بەرگی خواست و ئامانجەکانی خۆی بدوورێتەوە و پێگەی دەسەڵاتی خۆی بۆ قۆناغەکانی داهاتوو بەهێزتر و جێگیرتر بکات.
قەندیل پرێس