قەندیل پرێس
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان كهنهكه سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی پێدانی چەک بە کورد ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە. کەنەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەم هەڵوێستە ناڕەوایەی سەرۆکی ئەمریکا هەموو کورد دەخاتە گومانەوە و زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمریکا دەگەیەنێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیەیە:
ماوەیەکە بەڕێز دۆناڵد ترەمپ دەڵێت چەکمان دا بە کورد بۆ ئەوەی بگاتە دەستی نەیارانی ڕژێمی ئێران، بەڵام کورد ئەو چەکانەی پێنەداون و بۆ خۆیان هێشتوویانەتەوە. ترەمپ چەندین جار و بە شێوازی جیاواز ئەم لێدوانەی دووبارە کردووەتەوە و بە توندی لەسەر کورد دەئاخڤێت، ئەم هەڵوێست و ڕەفتارە بۆنی پیلانێکی دژەکوردی لێ دێت.
بێگومان ئاشکرایە هەندێک هێزی نەیاری کورد پلانی دژەکورد بەڕێوە دەبەن، دەمێکە کورد و ئەمریکا پەیوەندییان هەبووە و ڕۆژانی خۆش و ناخۆشمان پێکەوە بەسەر بردووە. ئەم هەڵوێستە ناڕەوایەی سەرۆکی ئەمریکا هەموو کورد دەخاتە گومانەوە و زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمریکا دەگەیەنێت، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەم هەڵوێست و گوتارانە قبووڵ ناکەین و بە مەترسیداری دەیبینین.
ئەم چیرۆکی چەک بە کورددانە چەندە ڕاستە یان نا، دەبێت ڕوون بکرێتەوە، ئێمە دەزانین ئەو حزب و ڕێکخراوانەی کە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانن لەم جۆرە مامەڵانەدا بەشدار نەبوون و نین، ئێمەش وەک کۆنگرە هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەم کارە نییە.
سەبارەت بەم بابەتە:
١ـ بەڕێز ترەمپ نابێت هەموو کورد تاوانبار بکات و دەبێت ڕوونی بکاتەوە کە لەگەڵ چ لایەنێکی کورد ئەم مامەڵەیەی کردووە.
٢ـ پێویستە ئەو لایەنە کوردییانەی لەم بارەیەوە لەژێر گوماندان، بێنە دەنگ و ئەم بابەتە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا و ڕوون بکەنەوە.
ئێمەی کورد لە سەرانسەری کوردستاندا بۆ ئازادی خەبات دەکەین، لەم خەباتەدا پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان دادەمەزرێنین، هەروەها دەمانەوێت دۆستەکانمان زیاتر بکەین و پشتگیریی بۆ دۆزەکەمان فراوانتر بکەین. ئێمە سەرباز و نۆکەری هیچ وڵات و کەسێک نین، لە پەیوەندییەکانماندا پابەندی بەڵێنەکانی خۆمانین و وابەستەی بەها مرۆییەکانین، تا کۆتاییش لەسەر ئەم بەهایانە بەردەوام دەبین.
خاڵی ئەساسی پەیوەست بەم بابەتە: ئەم ڕاگەیاندراوە وەک هەوڵێکی کەنەکە دەردەکەوێت بۆ پاراستنی شکۆی نەتەوەیی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە مامەڵەیەکی سیاسی کە کورد وەک ئامراز یان نۆکەری زلهێزەکان نیشان بدات، هاوکات فشار خستنە سەر ئەو لایەنە کوردییانەی کە بە نهێنی لەو جۆرە ڕێککەوتنانەدا بەشدارن و دەبنە هۆی تێکدانی ناوبانگی گشتی خەباتی کوردستان.
قەندیل پرێس