حەسەن ڕەحمانپەنا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ قەندیل پرێس، سەبارەت بە دوایین دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەڵێت: “من بە ئیستایشەوە هاوکاری ئەو شەش لایەنە کە بەسەر جەمسەرگیری ناوخۆیی (ئێرانی) و ناوچەیی (هێزە کوردیەکانی باشوور و باکوور) دابەشبوون، بە یەکێک لە خاڵە هەستیارەکانی لێک پچڕانی ئەو لایەنانە دەزانم.”
قەندیل پرێس: چل ڕۆژ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دوو دەوڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە شەڕیان کرد، ئاگربەستێک بەدی هات و وتووێژیش دەستیپێکرد کە تا ئێستا بەردەوامە، هەروەها ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەئارادایە، هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان لە سیاسەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەم ماوەیەدا چییە؟ بەشێک لە چاودێران ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە تا ئێستا حیزبەکان لەم دەرفەتە کەڵکیان وەرنەگرتووە؟
حەسەن ڕەحمانپەنا: حیزبەکانی ڕۆژهەلات یەک یا دوو حیزب نین کە باسی سیاسەت و هەڵوێستیان لەو ماوەی کە جێگای ئاماژەی ئێوەیه بکرێت. چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی جیاواز بە سیاسەت، بەرنامە، ستراتێژ و ناو و ناونیشان و کردەوەی جیاواز بوونیان هەیە، ئەگەرچی بە یەکەوەیش هاوکاری دەکەن.
هەندێک لەم حیزبانە لە باشووری کوردستان بارەگا، شوێنی ئاشکرای مانەوە، هێزی پێشمەرگە و لە دەرەوەی وڵاتیش نوێنەرایەتی و لە ناوخۆی وڵاتیش هەر کام زۆر و کەم قورسایی کۆمەڵایەتی خۆیان هەیە. ٦حیزب لە “ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران” هاوکار دەکەن و کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، کە تا پێش ڕاگەیاندنی ئەو هاوپەیمانییە لە گەڵ ئەو حیزبانە لە “ناوەندی دیالۆگ” هاوکاری دەکرد، ئێستا لە هاوپیمانیە نوێیەدا ئەندام نییە. ئەم حیزبانە بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بە تایبەت بەشی سیاسی و چالاکی کۆمەڵگا، ناسراون. لەوانەیە مەبەستی ئێوەیش لەو پرسیارە زۆرتر هەر ئەم حیزبانە و کومەڵەی کۆمۆنیست بێت.
من لاموایە لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک سیاسەت، بە تایبەت لە لایەن “ناوەندی هاوپەیمانی” ئەو شەش حیزبە پەسەند کراوە کە هەڵەی سیاسی گەورەی پێوە دیاربووه. دەتوانم بە چەند نموونەیەک ئاماژە بکەم.
یەکەم، پەلە کردن لە پێکهێنانی ئەو ”هاوپەیمانییه” بوو، لە کاتێکدا هێشتا له سەر زۆر خاڵی گرینگ کۆدەنگی بەدەست نەهاتبوو. هەر ئەوەیش هۆکاربوو بۆ بەشداری نەکردنی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) لەو هاوپەیمانییە. خاڵە ناکۆک و جیاوازەکان لە ڕاگەیاندنی ڕەسمی کۆمەڵە لە ژێرناونیشانی ” ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە هۆکارەکانی واژۆنەکردنی بەڵگەنامەی هاوپەیمانیی نێوان چەند حیزبێکی کوردستان” بە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمە، بڵاو کراوەتەوە.
دووهەم، خۆرێکخستن و خۆئامادەکردن بۆ لەگەڵ کەوتنی سیاسەتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ کاری چەکداری و تەداخولی نیزامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ساڵانێکی دوورودرێژدا خەباتی چەکداری حیزبەکان توانیویەتی سەربەخۆیی سیاسی و نیزامی خۆی لە ململانێ ناوچەیی و کێشەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەوڵەتانی نەیاردا بپارێزێت. کارێک کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، وتی “من کوردم خۆش دەوێت و پێمخۆش نەبوو تووشی شەڕ لەگەڵ ئێران بن و زەرەریان وێکەوێت” (نەقڵ بە مەعنی. نەک دەقاودەق) ئەو گومانەی بەهێز کرد کە سیاسەتێک هەبووە و هەیە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ مەیدانی کێشەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بەرێت. ئەڵبەتە تڕامپ لەو قسە ڕاستی نەکرد کە گۆیا “کوردەکانی خۆش دەوێت” و بۆیە پاشگەز بووەتەوە. ناوبراو نەیوت ئەردۆغان هەڕەشەی دەخاڵەتی نیزامی و داگیرکردنی کوردستانی ئێران و ناوچە تورک نشینەکانی ئازەربایجانی لە ئەگەری چوونی پێشمەرگە بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و هەربۆیه تڕامپ پاشگەز بووەوە.
سێهەم، دەنگۆی وەرگرتنی چەک و پارە لە دوو لایەنی شەڕ دژ بە کۆماری ئیسلامی کە بزووتنەوەی کوردستان لە سەربەخۆ بوون، ڕاوەستان لە سەر پێی خۆی، ڕەچاوکردنی سیاسەتی سەربەخۆ و بردنە ژێرپرسیاری ئەو سیاستە و ناوەرۆکی مافخوازی و ئینساندۆستی بزووتنەوەی کوردستان پووچەڵ دەکاتەوە و دەیکات بە قوربانی و پارێزەری بەرژەوەندی دەوڵەتانی زلهێز. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەزموونی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی خەڵکی کوردستان هەر لە کۆماری کوردستان لە مهاباد، تا شۆڕشی باشووری کوردستان کە لە ساڵی ١٩٧٥ی زاینی بە مێعماری “کیسەنجەر” لە گۆر نرا، تا کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ی باشوور بۆ سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات لە ترسی پەلاماری سوپای عێراق بە چاوپۆشی ئەمریکا، تا ڕفاندنی ئو,جالان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٩ی زاینی لە هاوکاری “میت”ی تورکیە و “سی ئای ئای” ئەمریکا و”مووسادی” ئیسرائیل، هەتا ڕووداوەکانی ١٧ی ئوکتۆبری ٢٠١٧ پاش ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان سەبارەت بە مافی
دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کورد بە دەستی خۆیان، کە بە چاوپۆشی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی دەستی جەیش و حەشدی شەعبی یان بۆ سەرکوت و داگیرکاری کوردستان ئاوەڵە کرد و لە سەدا ٥١ی خاکی کوردستان داگیرکرایەوە، هەمووی دەیسەلماند کە ئەمریکا و زلهێزانی تر دڵسۆزی خەڵکی کوردستان نین.
دوایین نموونە کە زۆر دوور نییە، پەلاماری سوپای سوریە و گروپە توندرەوە ئیسلامییەکانی سەر بە”ئەحمەد شەرع” و دەوڵەتەکەی بۆ سەر حەڵەب و بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی “هێزەکانی سوریەی دیمۆکراتیک” لە چەند مانگی ڕابردوو و داگیرکاری بەربڵاو و کوشتاری بێڕەحمانەی کوردەکان بە پاڵپشتی تورکیە و چاوپۆشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕوویدا. تراژێدیای ئەم کارەساتە ئەو کاتە بوو کە “تۆم باراک” نێردراوی تایبەتی ترامپ بۆ سوریە لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە تەنیا جێ هێشتنی هێزەکانی “سوریەی دیمۆکراتیک” کە زیاتر لە ١٣هەزار جەنگاوریان لە شەڕ لە دژی “داعش” و هێزە تیرۆریستەکانی دیکە گیانیان بەختکرد، وتی “ئیمە پارەمان پێداون”! بە وتەی ناوبراو بە پارە ئیشیانکردووە (واتە بەکرێگیراو بوون، چەندە بێشەرمانەیه ئاوا هەڵوێستێک). ئەوە سیاسەت و دۆستایەتییه مێژووییەی ئەمریکا و زلهێزەکان دەرهەق بە خەڵکی ستملێکراوی کوردستان لە هەر ٤ پارچەکەی بووە؟ چرچیل، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بریتانیا وتەیەکی بە ناوبانگی هەیە کە دەڵێت “بریتانیا بەرژەوەندی هەتا هەتایی هەیە، بەڵام دۆستی هەتا هەتایی نییە”. ئەو قسە سیاسەتی بریتانیا، ئەمریکا و هەموو زلهێزەکان دەرهەق بە دەوڵەتانی دیکە، دۆستانی خۆیان و بە تایبەت ئەو لایەنانەیە کە ئۆپۆزیسیونی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی وەک ئێرانن، دەست نیشان دەکات. من لاموایە خوێندنەوەی لایەنەکانی نێو “هاوپەیمانی” بۆ ئەم سیاسەتە نەگۆرەی ئەمریکا لە جێی خۆی نەبوو و هەڵە بوو.
چوارەم، داخوازی دابینکردنی “زۆنی ئەمنی” یان “پاراستنی ئاسمانی کوردستان لە لایەن ئەمریکا”، لە لایەن بەرپرسی هەندێک حیزبەوە (جیاوازی بەینی باشوو کە لە ١٩٩١ ئەو هاوکاریی بۆکرا لەگەڵ ئێستای ڕۆژهەڵات و ئێران گەلێک زۆرە)، لەو هەڵە سیاسیانەی دیکە بوو کە بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان لە پێش چاوی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و بگرە ناوچەکە و بە تایبەت هێزی ناڕازی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی زەرەرمەند کرد.
پێنجەم، ئەو چاوەڕوانییەی دەرهەق بە ڕزگارکردنی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە گەرمەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی پێک هات و دەیان تێکۆشەری دێرین لە دەرەوەی وڵات هێندرانەوە کوردستانی باشوور بەو نیازەی بۆ ڕزگارکردنی کوردستان دەگەرێنەوە و لە ئەزموونیان کەڵک وەردەگیرێت، لە جێی خۆی نەبوو وا ڕاست دەرنەچوو. ئەم هەڵسووکەوت و سیاسەت کردنانە باوەڕ بە هێزی خۆ لە هەست و دەروونی خەڵکی کوردستان لە ناوخۆیی وڵات لاواز دەکات و نەجاتدەر لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان دەبینن و لە درێژماوەدا نائومێدی دروست دەکات و زۆر زیانبارە.
هەموو ئەمانەی کە باسکرا و زەق کردنەوەی کار و چالاکی نیزامی لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی ڕۆح و ناوەرۆکی ڕزگاری بەخشی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” بوو و مافی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی سیاسییە کە وڵامی ڕەخنە و پرسیارەکانی خۆیان لە هێزە سیاسیەکان وەربگرنەوە.
لەوەی کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات کە هێزی پێشمەرگەیان هەیە و هێزیان بۆ ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژەکانی شەڕدا نەناردەوە یان نەیان هێشت بینێرنەوە، باشترین کاربوو، چونکه کارەسات و تراژێدیای گەورەی لێدەقەوما.
قەندیل پرێس: بەڕای چاودێرانی دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو سیناریۆ ئەگەری ڕوودانیان لە ئارادایە، ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و مانەوەی ئەو ڕژێمە، ئەم دوو سیناریۆیە چ کاریگەریەکیان لەسەر ڕۆژهەڵات دەبێت؟
حەسەن ڕەحمانپەنا: بە هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە پاش ڕووخانی دیکتاتۆری پاشایەتی لە ئێران لە زستانی ساڵی ١٩٧٩ی زاینی، ناوخۆی ئێران بەرەو ئیستبداد و دیکتاتۆری، تیرۆر و ئێعدامی نەیاران، زۆر خراپتر لە پێشوو چووە. خەڵکی کورد و گەلانی بن دەستی دیکە کە چاوەڕوانی مافی خۆیان و ئازادیان دەکرد شەڵاڵی خوێن و سەرکوت کران. ژنان خرانە ژێر عەبای ڕەش و پیاوسالاری بوو بە یاسا. دین و دەوڵەت تێکەڵکران و هەموو ناوەندە دەوڵەتی، یاسادانان و فێرکرن وبارهێنان، ڕەنگ و بۆی ئاینیان گرت. کەمایەتییە دینییەکان بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت و بێ ماف کران. لە بواری سیاسەتی دەرەکی، بە ڕاگەیاندنی دروشمی “هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی” بۆ دەرەوەی وڵات لە لایەن “خۆمەینی” ڕابەری سیاسی و ئایینی دەسەڵاتی تازە، ناوچەکەیش بەرەو ئاژاوە، توندووتیژی، شەڕ، تیرۆریسمی ئیسلامی و دروستبوونی گروپە پڕۆکسیەکانی سەر بە ئێران، بێ مافی ژنان، توندئاژۆیی دینی(شیعەو سوننە) و شەڕی ئەم دوو بەشە لە یەک ئایین و زۆر دیاردەی دزێو و نائینسانی دیکە چوو.
بێگومان بە نەمانی کۆماری ئیسلامی، هەم ناوخۆی ئێران و لەوانە کوردستانیش و هەم ناوچەکە و بگرە جیهانیش، هەناسەیەکی ئاسودە هەڵدەکێشێت و ژیان بەرەو ئارامی بە شێنەیی هەنگاو دەنێت.
نەمانی نازیزسم و فاشیسم لە دەسەڵات لە ئوروپا پاش شەڕی دووهەمی عالەمی و بە تایبەت بەهێز بوونی بەرەی چەپ، ئوروپای بەرەو سەقامگیری، بووژانەوە و گەشەی ئازادی و دیمۆکراسی برد. نەمانی کۆماری ئیسلامی و لاوازبوونی هێزە توندئاژوو دینیەکان و بەهێزبوونی کۆمەڵگای مەدنی و هێزی چەپی کۆمەڵگا، رێچکەی بەرەو ئازادی لە ئێران، کوردستان و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەخاتە سەر سکە، ناڵێم دەمان کات بە ئوروپا و ڕۆژئاوا.
لە ئەگەری لە دەسەڵات مانەوەی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ نیزام و دەسەڵاتێکی لاواز کە ڕابەر و دەیان سەرکردەی نیزامی، ئەمنی، سیاسی و ئیستخباراتی لە دەست داوە و وڵاتێکی وێران و شەڕلێدراو کە ئابووریەکی کاول و داڕماوی بەسەر دەستەوە ماوە ڕووبەڕوو دەبێن. دەسەڵات توانایی دابینکردنی داوخوازییە کەڵەکە بووەکانی جەماوەری لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، نەتەوەیی، ڕەگەزی، پێشەیی و… نابێت. بزووتنەوە نارەزایەتییەکان لە هەموو بوارەکان دووبارە سەر هەڵدەدەن و بە خێرایی گەشە دەکەن. دەسەڵات توانای وڵام دانەوە بە داخوازی ناڕازییان نابێت. هەم خەزێنەی دەوڵەت خاڵییە و هەم ئەوەیشی هەیەتی دەبێ بیدات بە هێزە نیزامی، ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکانی، بۆ بێ دەنگ کردنی جەماوەری ناڕازی کە بێ گومان بێ دەنگ نابن.
دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکان توان و زەرفیەتی رێفورم یان ئیسلاحییان نییە. چون ئەگەر لەغاوی دەسەڵاتیان بۆ ئیسڵاح شل کرد تا ڕووخاندن درێژە دەکێشێت. هەر بویە، لاموایە کۆماری ئیسلامی بۆمانەوەی خۆی پەنای زیاتر بۆ هێزی سەرکوت دەبات تا ریفۆرم و وڵام بە داخوازی جەماوەری ناڕازی. ڕاستە دەسەڵات بریندار، شەکەت و ماندووە، بەڵام کۆمەڵگایش هەر وایە. جیاوازی ئەوەیە کە کۆمەڵگا ناتوانێت بێ دەنگ بێت، چون بێ دەنگی موسیبەت و کارەساتی گەورەتری بە شوێندادێت. پاش شەڕ، خەڵک لە دەسەڵات وەدەنگ دێن و خەباتی شەقام، کۆڵان، خوێندنگا و زانکۆ، ناوەندەکانی کار و بازار پەرەدەستێنێت و دەسەڵات بەرەو لاوازی و هەڵدێری نەمان دەبات. خاڵی لاوازی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانە، نەبوونی رێکخراوە. لە دڵیی هەلومەرجی نوێ دا، ڕێکخراوبوون و خەباتی مەدەنیانە دەچێتە بوارێکی نوێوە و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ئاکامی شەڕدا کپ و بێ دەنگ بوون سەر هەڵدەدەنەوە. کاری ڕێکخراو کردن، گەشەی وشیاریی سیاسی، چینایەتی و کۆمەڵایەتی لە دڵی خەباتی ڕۆژانە و جەماوەریی شکڵ دەگرێت، پەرە دەستێنێت و دەبێت بە ڕێکخراو و ڕێکخراوەیش زانیاری و هۆشیاریی سیاسی بەهێزدەکات و پەرەی پێدەدات. لە دڵیی ئەم ڕەوتی بەرەوپێش چوونەدا، شۆڕش و ڕاپەڕین، بە تایبەت شۆرشی نوێخوازی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە کوردستانەوە چەخماخەی لێدرا و ئێران و جیهانی گرتەوە، دەگەشێتەوە و ئاسۆی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکان نزیک دەکاتەوە. لەوەها هەلوومەرجێکدایە کە تێکۆشەرانی ناوخۆی وڵات، رێکخراوە مەدەنیەکان، خەباتی ڕۆژانەی جەماوەریی پەرەدەستێنێ و جێگاوپێگەی هێزی پێشمەرگە و حیزبە سیاسیەکانیش کە لەودیو سنوورەکانن، نابن بە ئامرازی بەرژەوەندی ئەم وڵات و ئەو هێز و دەبن بە پاڵپشت و یاریدەری خەباتی ناوخۆی وڵات و خۆیشیان لە تاڕاوگەنشینی نەجاتیان دەبێت.
مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵات هەر ئەو کارەسات و و دەرئەنجامانەی بۆ کۆمەڵگای ئێران و ناوچەکە دەبێت کە بە بەشێکی ئاماژەکرا و لە داهاتوویش دا هەر لەسەر ئەو ڕێچکە دەڕوات. بێجگەلەوە، دەبێ باش بزانین کە کۆماری ئیسلامی بە پەلاماری ئاسمانی دەرەکی و گەمارۆی ئابووری ناڕووخێت. ئەگەر وابووایەت، زۆر دەسەڵات لە کێشمەکێشی دەرەکی لەگەڵ نەیارە بەهێزەکانیان دەبوو بڕووخابان. باشترین ڕێگاچارە بۆ نەمانی کۆماری ئیسلامی شۆڕش و هەڵسانی جەماوەریی پێشکەوتنخوازانە وەک شۆڕشی “ژینا”یە کە هەموو هێزە شۆڕشگێرەکان دەبێ هەوڵی بۆ بەن و ئەولەویەتیان بێت.
خاڵێکی گرینگ لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵات پێویستە کۆمەڵگای لێ ئاگاداربکرێت و هێزە سیاسیەکان بە تایبەت بەرەی چەپ و ئازادیخواز خۆی و جەماوەری لە دژی بۆ سازکات، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بریندار و لاوازی ئێستا، لە کۆماری ئیسلامی پێش شەڕی ١٢ڕۆژە و شەڕی ٤٠ ڕۆژە هارتر و دڕەندەتر دەبێت. کوشتاری ١٨و ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی کە زیاتر لە ٣٥ تا ٤٠ هەزار کەس لە دوو ڕۆژدا لە شەقامی شارەکان ڕەشەکوژ کران ئەم ڕاستیەمان پێ دەڵێت. دووپات بوونەوەی تراژێدیای کوشتاری مانگی بەفرانباری پار بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ چاوترسێن کردن و تۆقاندنی چەماوەری خەڵکی نارازی، یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکانە.
خاڵێکی دیکە کە پێویستە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی خاون بارەگا و شوێنی نیشتەجێ بوون لە باشووری کوردستان لە داهاتووی چالاکی خۆیان پاش شەڕ و لە ئەگەری مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە بەرچاویان بێت و ڕێگاچارەی بۆ ببینەوە، زەخت و فشاری کۆماری ئیسلامی بۆ دەوڵەتی عێراق وحکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نەمانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئەو بارەگایانە کە بە شیوەی جاران ئەگەریی مانەوەیان نابێت. پەلاماری ڕۆژانە و بەردەوام بۆ سەریان و بەربەستی جیدی لە بەردەم چالاکی هێزە سیاسیەکانی کوردستان دیاردەکانی لەم ماوەدا زیاتر دەرکەوتووە، پەرە دەستێنێت و دەبێت ڕێگا چارەی بۆ بەبیندرێتەوە.
قەندیل پرێس: کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەشداری نەکرد، وادیارە لەسەر خاڵگەلێک بۆچوونی جیاواز هەبوو، هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان دوای ئەم ڕووداوانە لە بەشدار نەبوونتان لە هاوپەیمانی چییە؟
حەسەن ڕەحمانپەنا: لە وڵام بە پرسیاری پێشوودا ئاماژەم بە ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە هۆکاری سیاسی و جیاوازی بەشداری نەکردن لەو هاوپەیمانییە کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و بەشێک لە میدیا و سایتەکان بڵاو کراوەتەوە. من و کۆمەڵێکی دیکە لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە، ڕامان وابوو هاوکاری و مانەوە لە گەڵ ئەو شەش حیزبە، بە هەموو جیاوازی سیاسی، فکری، بەرنامەیی، ستراتێژی و کرداری جیاواز، گونجاوتر بوو، ئەڵبەت بە شەرت و مەرجی خۆمان لە هەموو بوارەکاندا. ئێمە لامان وابوو شەڕ ئەگەری بەهێزە و هەروایش دەرچوو. لامانوابوو لە سەردەمی شەڕ نابێ خۆمان و کۆمەڵگا بێ ئەرک و دەستەوەستان بکەین و تەنها بە دژایەتی شەڕ خۆمان ڕازی بکەین. ئێمە لە هێچ بەرەیەکی شەڕ نابین و هەر دوو بەرەمان پێ کۆنەپارێز و دژە مرۆڤە. بەڵام ئەرکی ئێمە دەبێ ئامادەکردنی جەماوەر بێت بۆ هەلومەرجی نەخوازراو و دەستەوەستان نەبین. بۆ نموونە ئێمە وتمان هاوکاری ماڵی و عەسکەری ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوئاهەنگی نیزامی لە ئەگەری پەلاماری نیزامی(من بە حەتمیم دەزانی) لە کوردستانەوە نابێ قبوول بکەین. پێک هێنانی “هاوپەیمانی” کە دەکرێ ناوی دیکەی لە سەر بێت، نابێت بۆ خۆ ڕێکخستن لەگەڵ سیاسەتی شەڕفرۆشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل هاوتەریپ بێت. سەربەخۆیی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لە هەر هەلومەرجێکدا پێویست و زەروورییە بپارێزرێت. ئەو خاڵە سیاسیانەی کە ناکۆکیمان لە سەریان هەیە، بە شەفافییەت باس بکرێت و پێداگرییان لەسەر بکەین. ئەگەر قبووڵ نەکران ئەوکات لەو هاوکارییه بینە دەرەوە. بەڵام لەلایەن هاورێیانی زۆرینەی کۆمیتە ناوەندی، قەبووڵ نەکران. ئەڵبەت لە لایەن ئەو ٦ حیزبیشەوە بەو پەلە پەلە لە پێکهێنانی “هاوپەیمانی” کە کردیان، ڕێگای دیالۆگیان لە سەر خاڵە ناکۆکەکان نەهێشتەوە و بەستیان. ئەوە دەتوانێت پێوانەی هەڵسەنگاندن بێت بۆ پابەندی و باوەرمەند بوونی ئەو لایەنانە بە ئەمری ئازادی و دیمۆکراسی و کردار لەگەڵ موخالفینی سیاسییان لە دواڕؤژی کوردستان؟
بێجگە لەوانە ئێمە خاڵە لاوازەکانی ئەو ناوەندە و ناکۆکیەکانمان باش دەناسی. لانیکەم من لە دەستپێکی شۆڕشی “ژینا” تا ساڵێک پێش ئێستا و پێک هاتنی “ناوەندی دیالۆگ” یەکێک لە نوێنەرانی کۆمەڵە لەو هاوکارییە بووم کە دواتر درێژەم پێ نەدا. بە وردی ئاگام لە کێشەکان و تەبایی و ناتەبایەکانی ئەو هاوکاریانە بووه. من بە ئیستایشەوە هاوکاری ئەو شەش لایەنە کە بەسەر جەمسەرگیری ناوخۆیی (ئێرانی) و ناوچەیی (هێزە کوردیەکانی باشوور و باکوور) دابەشبوون، بە یەکێک لە خاڵە هەستیارەکانی لێک پچڕانی ئەو لایەنانە دەزانم. هاوکاری لاینگەلێک لەو “هاوپەیمانی”یە لە گەڵ شیونیستە ڕەگەزپەرەستەکانی ئێرانی، هەم لە ڕابردوو، هەم ئێستا و لە داهاتوویش، دەبێتە هۆکاری کێشەی ناوخۆییان، حەتمەن خەڵکی وشیاری کوردستان بە چاوی ڕەخنە و گومانەوە دەڕوانێتە ئەو سیاسەتە کە لە بەرژەوەندی کوردستان نییە.
بە نیسبەتی حیزبەکەی خۆیشم، من لام وابوو و لایشم وایە کومەڵەی کۆمۆنیست وەک لایەنێکی چەپ و سۆسیالیست کە لە لایەن بەرەی ڕاست و لیبڕاڵی کوردستان تەبلیغات و پرۆپاگەندای زۆری لە دژی دەکرێت کە گویا “نەحەواوەیە، هەڵوێستی ئایدئۆلۆژیا بە سەر هەڵوێستی سیاسی فەرز دەکات و بەرژەوەندی حیزبی دەخاتە پێش بەرژەوەندی جەماوەر” (ئەگەرچی ئەوانە پێناسەی زۆر لایەنی دیکەی ناوەندی”هاوپەیمانی”یە،) پووچەڵ دەکەینەوە و دەبێتە بڵقی سەرئاو. هەروەها ئەزموونێکی نوێ و مۆدێرن لە خەباتی سیاسی و حیزبی لە نێوان چەپ و راست و سۆسیالیست و لیبڕاڵی ئەو کۆمەڵگایە بە جەماوەر پێشکەش دەکەین و جیاوازیەکان نیشان دەدەین و هێزی خەڵکی کوردستان بۆ خەباتی لێبڕاوانە لە دژی کۆماری ئیسلامی یەک دەخەین و بەری پاوانخوازی و زیدەڕۆیش لە دواڕۆژ دەگرین. هاوکات وڵام بە ڕۆحی وەحدتخوازی جەماوەریش بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بە بێ کۆتا هاتنی هیچ لایەک لە سیاسەت و ئامانجەکانی دەدەینەوە.
قەندیل پرێس: وەکوو کەسایەتییەکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم ساتە چارەنووسسازەدا چ پێشنیار یان ڕەخنەیەکتان هەیە کە بە پێویستی دەزانن بیخەنە بەر باس؟
حەسەن ڕەحمانپەنا: لاموایە هەلومەرجی ناوچەکە، ئێران و کوردستان بە دۆخێکی هەستیار و ناڕوون، بەڵام چارەنوسسازدا تێپەڕ دەبێت. ئەو وڵاتانەی کە کوردستان بە سەریاندا دابەشکراوە، وەک ئێران، تورکیە، عێراق و سوریە، لە چەقی گۆڕانکاریەکاندان. لە وڵاتانێک وەک عێراق، لە ئاکامی ڕووداوەکانی پاش شەڕی دووهەمی “خەلیج”، عێراق و ناوچەکە دیکتاتۆرێکی دڵڕەق و بێ بەزەیی وەک سەدام حوسێن و حیزبی بەعسی تێدا ڕووخا. لە وڵاتی سوریە ئەگەرچی باهۆزی بەهاری عەرەبی گرتیەوە، بەڵام دەسەڵاتی بنەماڵەی “ئەسەد”ی بە لاوازی لێی دەرباز بوو. ڕووداوەکانی پاش ٧ی ئوکتۆبری ٢٠٢٣ و لەسەر بەستێنی ١٤ ساڵ شەڕی خوێناوی و لە سەر دەستی گەورە تیروریستێکی وەک “ئەحمەد شەرع” و گروپی ئیسلامی تیرۆریستی” هیئەتی تەحریرالشام” و توندڕەوەکانی دیکە و بە پشتیوانی بێدرێغی ئەمریکا و ڕؤژئاوا، لە ٨ی دیسامبری ٢٠٢٤ دەوڵەتی “بەشارئەسەدی” ڕووخاند و کۆتایی بە ٥٣ ساڵ دیکتاتۆری بنەماڵەی “ئەسەدی باوک و کوڕ” لەو وڵاتە هێنا. پاش ڕووخانی دەسەڵاتی “ئەسەد”ی کوڕ لە سوریە وەک شاڕەگی حەیاتی کۆماری ئیسلامی زاڵ بە سەر چەند وڵاتی دیکەی عەرەبی و بە تایبەت لاواز بوونی بە تەواوی “حەماس” و کوژرانی زۆرینەی سەرکردە و ڕابەرەکانی و هەروەها حیزبۆڵای لوبنان و شاخ و باڵکردنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، ڕاستەوخۆ سەرەی ئێران هات. هەروەک چاوەڕوان دەکرا ئەم گێچەڵانە لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە زۆرتر بۆ ئێران بوو، چون هەموو یا زۆربەی گێچەڵەکان، بە تایبەت شەڕ و ئاژاوە، پشتیوانی تیرۆریسمی توندئاژۆی ئیسلامی پاش بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ی زاینی و دژایەتی لەگەڵ غەرب و دروشمی لە ناوبردنی ئیسرائیل و پشتیوانی درۆینە لە خەڵکی ستملێکراوی فەلەستین سەری هەڵدا. ٤٧ ساڵە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی تێکدانی ناوچەکە و بگرە جیهان و دیکتاتۆرێکی بێڕەحمی کوشتاری خەڵکی ئێرانە. ئێستا کە گڵۆڵەی لە لێژییە، هەق وایە خەڵکی چاوکراوەی کوردستان و هێزو لایەنە سیاسیە بەرپرسەکانی کوردستان ئەم مێژووە تاڵە لە بەرچاو بگرن، لە خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئەزموون وەربگرن.
کۆماری ئیسلامی بە کزی و لاوازیش بەشی سەرکوت و داپڵۆسینی خەڵکی کوردستان هێز و وزەی تێدا دەمێنێت، مەگەر هەڵسانی جەماوەریی لە ئێران و لە شارەگەورەکان بەری پەلاماری بۆ سەر کوردستان و جیهادی بەردەوام لە دژمان بگریت.
من لاموایە جیا لەو خاڵانەی لە وڵام بە پرسیارەکانی پێشوودا بەشێکی هات، پێویستە لە دەوری داهاتوودا ئەو چەند خاڵە گرینگە لە بەرچاو بگیرێت:
_ خەباتی جەماوەریی و مەدەنی، خۆسازدان و خۆڕیکخستن لە سەرەوەی ئەرکەکانی تێکۆشەرانی ناوخۆی وڵات و بە تایبەت حیزب و رێکخراوە چەپ، سۆسیالیست و ئازادیخوازەکان دەبێ ببێت.
_ کەڵک وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک و لاوازیەکی دوژمن بۆ پێشڕەوی و بە دەست هێنانی دەسکەوت لە خەباتی مەدەنی، جەماوەری، کرێکاری، ژنان، لاوان، خوێندکاران، زمانی دایکی، ژینگە و …. بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی چینایەتی و خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی لە کوردستان و هەموو ئێران و دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلی کورد تا مافی جیابوونەوە و پێکهێنای دەوڵەتی سەربەخۆ بە دەستی خۆیەتی.
_ خەباتی پێشمەرگانە نابێ خەباتی مەدەنی و ناوخۆی وڵات بخاتە پەراوێز.
_ هەتا ڕاپەڕینی جەماوەر لە ناوخۆی وڵات (ئەزموونی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١)، تەداخولی هێزی پێشمەرگە، خەباتی جەماوەریی لە بار دەبات و کۆمەڵگا بەرەو نێزامیگەری و میلیتاریزم دەبات. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خوازیاری وەها سیناریۆیەکە.
_ خەباتی خەڵکی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان، سەرەڕای تایبەتمەندی و جیاوازی هەر بەشێک، پارچەیەکی دانەبڕاو لە خەباتی ئازادیخوازانە لەگەڵ بەشەکانی دیکەی خەباتی خەڵکی ئەو وڵاتە دژ بە دەسەڵاتی ناوەندە. خەباتی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات نابێ لە خەباتی سەراسەری بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دابڕیت. ئەزموونی پارچەکانی دیکەی کوردستان، (باشوور و ڕۆژئاوا) لە چەند دەیە و چەند ساڵی ڕابردوو ئەم ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە دەسەلمێنێ.
_ هەرکام لە پارچەکانی کوردستان، پێویستە لە خەباتی بەشەکانی دیکە پشتیوانی و تێکۆشانی کرداری بکەن و بەردەوام پەیوەندی و ئاگایان لە یەک بێت. هیچ ئاستێک لە دیپلۆماسی لەگەڵ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان، نابێ بەربەستی ئەو هاوکارییە بێت. نابێ ئیزن بدرێت هیچ لایەنێکی سیاسی و نیزامی لە هیچ پارچەیەکی کوردستان بەبێت بە هاوکار و پەلێشی داگیرکەران، دژ بە لایەنە سیاسیەکانی هیچ پارچە و بەشێکی دیکە.
پشت بستن بە هێزیی دەرەکی بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سیاسی لە ناوەند، یان گرێ دانی چارەنووسی سیاسی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی و بە دەست هێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، سەمی کوشەندە لە خوێنی ئەو حەرەکە و بزووتنەوەیە. ئەزموونەکانی پێشوو ئەم ڕاستیەمان پێدەڵێت و پێویستە وانەیان لێ وەرگرین.
_ ڕووداوی برینداربوون و گیان بەختکردنی کچە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات “غەزاڵ مولان ” نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی و بەرەی کۆنەپەرەست لە هەوڵی ئاژاوەنانەوە و نیفاق سازکردن لە نێوان خەڵک و شۆڕشی باشوور و ڕۆژهەڵاتن کە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی تەواو دەبێت. پێویستە بە هوشیاری و هەست بە بەرپرساریەتی ئەم پیلانە بناسین، پووچەڵی بکەینەوە و هاوخەباتی و مێژووی هاوبەشی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشوور لە ڕۆژە سەختەکان هەرگیز لە یاد نەکرێت.
_ بە پێچەوانەی زۆر ڕەخنە کە دەگیرێت، فرە حیزبی خاڵی لاوازی بزووتنەوەی شؤڕشگێڕانەی کوردستان نییە، بەڵکوو نیشانەی گەشە و پێشکەوتوویی کوردستان لە بواری سیاسی، ڕووناکبیری و مەدەنییە. هەبوونی چەند حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و دەیان ناوەندی مەدەنی، نەتەنیا زەعفی بزووتنەوەی کوردستان نییە، بەڵکوو هەقیقەتی کۆمەڵگای کوردستان وەک کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و ئەمڕۆییە. خاڵی سەرەکی و جێگای داکۆکی و بێ شەرتومەرج، ڕەچاوکردنی مافی ئازادی سیاسی، ئازادی دەنگی جیاواز، بیروباوەڕی جیاواز، نەبوونی کلتووری حیزبی براگەورە و براچکۆڵە، ئیزن نەدان بە خۆسپاندن بە زۆری چەک و قۆرغکردنی کۆمەڵگا، و دژایەتی لەگەڵ عەقڵیەتی “دەبی ئیزنی چالاکی لە من وەرگریتە ” کە پێویستە لە کوردستان وەک دیاردەیەکی دژە ئازادی نەمێنێت.
زۆر سپاس بۆ سایتی “قەندیل پرێس” بۆ سازدانی ئەم چاوپێکەوتنە.
یەکشەممە ٣مەی ٢٠٢٦
قەندیل پرێس