لە 7 ساڵییەوە تا 19 ساڵی؛ کۆتایی گەشتە تاڵەکەی جەمیلە لە دەستی داعش

قەندیل پرێس

چیرۆکی جەمیلە باپیر، تەنها چیرۆکی ڕزگاربوونی کچێک نییە لە دەستی تاریکی، بەڵکو گوزارشتە لە قووڵایی ئەو برینانەی کە شەڕ و تیرۆر لەسەر جەستە و ڕۆحی مرۆڤەکان بەجێی دەهێڵن.

جەمیلە، کە ئێستا تەمەنی نۆزدە ساڵە، دوای دوازدە ساڵ دابڕان و ونبوون، لە شاری ئیدلیبی سوریاوە گەڕایەوە بۆ باوەشی نیشتمانه‌كه‌ له‌ شنگال، بەڵام گەڕانەوەیەک کە پڕە لە بێدەنگی و سەرسوڕمان.

کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤دا داعش هێرشی کردە سەر گوندی قنێ لە شنگال، جەمیلە تەنها منداڵێکی حەوت ساڵان بوو. ئەو لە تەمەنێکدا ڕفێندرا کە هێشتا وێنەی دایک و باوک و کووچە و کۆڵانەکانی گوندەکەی بە تەواوی لە مێشکیدا نەقش نەببوو. دوازدە ساڵ بەسەربردنی ژیان لەناو دەستێکی ڕەش و لە ژینگەیەکی نامۆدا، وایکردووە کە جەمیلەی ئەمڕۆ، جەمیلەی جاران نەبێت. ئەو کچە منداڵەی کە بە جەستە گەورە بووە، ئێستا لەبەردەم ماڵ و کەسوکارەکەیدا وەستاوە و کەس ناناسێتەوە.

ئەو شۆکەی جەمیلەی داگرتووە، گەورەترین بەڵگەی ئەو ستەمەیە کە لێی کراوە. ئەو نەک هەر زمان و ناسنامەی لێ زەوت کراوە، بەڵکو یادەوەرییەکانیشی لەژێر باری قورسی ساڵانی دیلیدا شێوێندراون. لەو ڕێوڕەسمەی بۆ پێشوازیکردنی سازیان کردبوو، چاوەکانی جەمیلە بەدوای نیشانەیەکدا دەگەڕان بۆ ئاشنابوونەوە، بەڵام دابڕانی دوازدە ساڵە لە تەمەنی منداڵییەوە تا گەنجی، دیوارێکی گەورەی لەنێوان ئەو و ڕابردوویدا دروست کردووە.

کۆتایی چیرۆکی ڕزگاربوونی جەمیلە، هەرچەندە مژدەی ئازادییە، بەڵام دەستپێکی گەشتێکی تری سەختە بۆ چاکبوونەوەی دەروونی و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ناسنامە ڕەسەنەکەی. جەمیلە پێویستی بە کات و میهرەبانییەکی زۆر هەیە تا بتوانێت دووبارە ئەو پردانە دروست بکاتەوە کە داعش لە تەمەنی حەوت ساڵیدا ڕوخاندنی. ئەو ئێستا لەسەر خاکی خۆیەتی، بەڵام دەبێت جارێکی تر فێری خۆشەویستی و ناسینەوەی ئەو ڕووخسارانە ببێتەوە کە ساڵانێکی درێژ چاوەڕوانی گەڕانەوەیان دەکرد.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

پارێزگارە کوردەکەی حەسەکە و حکومەتی سووریا ڕێککەوتن؛ ٣٠٠ دەستگیرکراو ئازاد دەکرێن

قەندیل پرێس پارێزگاری حەسەکە و نوێنەری سەرۆکایەتی پرسی ئاوارەکان و ڕێککەوتن لەگەڵ هەسەدە تاوتوێ دەکەن. …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *