باقرخان بۆ ئەردۆغان و باخچەلی: وەرن با پێکەوە مێژوویەکی نوێ بنووسینەوە

قەندیل پرێس

تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا زنجیرەیەک پێشنیار و هەڵوێستی نوێی دەربارەی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد ڕاگەیاند. باقرخان ئاماژەی بەوە کرد کە پشتیوانی لە لێدوانەکانی ئەمڕۆی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەکەن سەبارەت بە پێگەی عەبدوڵا ئۆ,جا,لان و پێویستی هەنگاونان بۆ ئاشتی، لەو چوارچێوەیەشدا پێشنیاری دامەزراندنی دەستەی چاودێریی ئاشتی لەژێر چەتری پەرلەماندا خستە ڕوو.

ئەم پەیامەی باقرخان دوای ئەوە هات کە دەوڵەت باخچەلی داوای کرد هەنگاوی یاسایی بۆ دیاریکردنی پێگەی ئۆ,جا,لان بنرێت و دەستەیەک بۆ هەماهەنگی پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسییکردن دروست بکرێت. باقرخان جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری دیموکراتییانەی پرسی کورد پێویستی بە بوێری مێژوویی هەیە، هەر بۆیە داوای لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد کە پێکەوە مێژوویەکی نوێ بنووسنەوە و ئەو ئاشتییە بەدی بهێنن کە کۆمەڵگە خەونی پێوە دەبینێت.

سەبارەت بە میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند کە ئەگەر دەسەڵات داوا لە پە,کە,کە دەکات چەک دابنێت، دەبێت پەرلەمان زەمینەسازی یاسایی بۆ بکات و ڕێگرییەکان لاببات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە باشکردنی بارودۆخی عەبدوڵا ئۆ,جا,لان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکان دیدار بکات، مەرجێکی سەرەکییە بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە، چونکە بەبێ گۆڕینی هەلومەرجی ئەو، گەیشتن بە ئەنجام کارێکی ئەستەم دەبێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، باقرخان تیشکی خستە سەر لایەنی مرۆیی و یاسایی دۆسیەی زیندانیان و داوای کرد دەستبەجێ زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن. ئەو ڕەخنەی لەو لیژنە و دەستانە گرت کە دەبنە ئاستەنگ لە بەردەم ئازادبوونی زیندانیان و داوای کرد بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکرێن و هەموو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، تاوەکو ژینگەیەکی لەبار بۆ متمانەسازی و سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی بێتە کایەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

کەشتییەکی بارهەڵگر لە نزیک دوبەی بە موشەک پێکرا

درەنگانی شەوی سێشەممە، کەشتییەکی بارهەڵگر لە ناوچەی کەنداو و لە نزیک کەناراوەکانی دوبەی، کەوتە بەر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *