قهندیل پریس – ڕاپۆرتی بهدواداچوون
لە کاتێکدا نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ململانێی توندی نێوان جەمسەرە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ بووەتەوە، سووریا وەک گۆڕەپانی سەرەکیی یەکلاکردنەوەی هەژموونی هێزەکان دەردەکەوێت و لەم ناوەندەشدا ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی نوێی دیمەشق وەک تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بۆ ئایندەی کورد و سەقامگیریی ناوچەکە دەبینرێت.
ئەم ڕێککەوتنە کە لە ژێر سایەی ئاڵۆزییەکی بێوێنەی ناوچەییدا واژۆ کراوە، تەنها پرسێکی ناوخۆیی سووریا نییە بەڵکو پەیوەستە بە هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، سوریا و توركیا و دیمهشق و وڵاتانی كهنداو کە تێیدا واشنتۆن هەوڵی پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکانی دەدات وەک قەڵغانێک لە دژی تیرۆر و هەژموونی تاران، لە بەرامبەریشدا بەرەی مەرکەزییەت لە دیمەشق بە پشتیوانیی ناڕاستەوخۆی هەندێک لایەنی هەرێمایەتی، هەوڵی پاشەکشەپێکردن بە دەستکەوتەکانی کورد دەدات و دەیەوێت جارێکی تر عەقڵیەتی شۆڤێنی بەسەر جوگرافیای ڕۆژئاوادا بسەپێنێتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی قەندیل پرێس، ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان لەم قۆناغەدا تەنها ڕووبەڕووی مەترسیی سەربازی نەبووەتەوە، بەڵکو کەوتووەتە ناو تەڵەی سیاسیی ئەو حکومەتە کاتییەی کە هێشتا ناتوانێت یان نایەوێت لە میراتی ڕژێمی پێشوو و دەستوەردانی تورکیا ڕزگاری بێت، ئەمەش وای کردووە کە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم لە جیاتی ئەوەی ببێتە دەروازەیەک بۆ فیدراڵیزم و دیموکراسی، تەنها وەک ئامرازێکی کاتی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان بەکاربهێنرێت.
وەلید چۆلی، لێکۆڵەر لە ناوەندی فورات بۆ لێکۆڵینەوە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس تیشک دەخاتە سەر ئەم مەترسییانە و ڕایدەگەیەنێت کە حکومەتی شام بە ئەنقەست خۆی لە جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد لادەدات و دەیەوێت لە ڕێگەی مەرسوومی کاتییەوە تەنها دانپێدانانی فەرهەنگیی ڕواڵەتی بدات، چونکە ئێستا باڵە شۆڤێنییە عەرەبییەکان کە لە ژێر کاریگەریی تورکیا و فشارە هەرێمایەتییەکاندان، دزەیان کردووەتە ناو جومگەکانی بڕیار و دەیانەوێت ناسنامەی “کۆماری عەرەبی” بە مانا مەرکەزییەکەی بپارێزن کە ئەمەش ڕێک دژایەتییە لەگەڵ ئیرادەی گەلانی سووریا و مافی چارەی خۆنووسینی کورد.
لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا لە نێوان دوو بەرەی دژبەری واشنتۆن و ئهنقهرهدا دەگوزەرێت؛ لە لایەکەوە فشارەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا بە مەرجی دیموکراسیبوون، و لە لایەکی ترەوە هەوڵەکانی توركیا بۆ گەڕاندنەوەی مەرکەزییەتی ڕەها بۆ دیمەشق بە مەبەستی پاراستنی ڕێڕەوی ستراتیژیی خۆی، کە ئەمەش وای کردووە دەستکەوتەکانی ١٤ ساڵی ڕابردووی ئیدارەی خۆسەر بکەونە ژێر هەڕەشەیەکی جدییەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ قەندیل پرێس جەخت دەکەنەوە کە بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە ئاست گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و سەرێ کانی و مانەوەی هەژموونی گروپە چەکدارەکان، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە کورد بکرێتە قوربانیی ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی نوێی دیمەشق، بۆیە شیكهرهوانی سیاسی پێیان وایه لەم قۆناغەدا تاکە ڕێگەی ڕزگاربوون لەم بنبەستە سیاسییە، بریتییە لە یەکخستنی گوتاری کوردی و ئەنجامدانی دەسپێشخەرییەکی نەتەوەیی گشتگیر کە بتوانێت فشار بخاتە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی مافی کورد نەک وەک “بەخشین” بەڵکو وەک “بنەمایەکی دەستووریی نەگۆڕ” لە سووریای داهاتوودا بچەسپێنرێت، چونکە بەبێ ئەم گەرەنتییە، ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی تری ناسەقامگیری و پێکدادانی نەتەوەیی هەنگاو دەنێت کە هیچ لایەک تێیدا براوە نابێت.
قەندیل پرێس