ئەبوبەکر هەڵەدنی: تا سیستەمی دوو زۆنی و دوو حوکمڕانی له‌ باشوور بەردەوام بێت، یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکان مەحاڵە

قه‌ندیل پرێس – وتووێژ

ئەبوبەکر هەڵەدنی، نووسەر، سیاسەتمەدار و ئەندامی خولی پێشووی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ قەندیل پرێس سەبارەت بە بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکا و ئاییندەی قەوارەی هەرێم، هۆشداری دەدات کە مەترسییە ناوخۆییەکان و گەندەڵی پایەکانی هەرێمیان لەرزاندووە.

قه‌ندیل پرێس: گۆڕینی ستراتیژی ئەمریکا و سەنگینی بەغدا، لە پڕۆژە یاسایەکی نوێی کۆنگرێسی ئەمریکادا پێشنیاری بڕینی تەواوی هاوکارییە داراییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کراوە، لە بەرامبەردا بودجەی دژەتیرۆری عێراق حەوت هێندە زیاد دەکرێت. ئایا واشنتۆن بڕیاری کۆتایی داوە کە مامەڵە لەگەڵ ناوەند (بەغدا) بکات وەک تاکە سەکۆی شەرعی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و پێگەی هەرێم وەک قەوارەیەکی نیوە سەربەخۆ پاشەکشە پێ بکات؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: سیاسەتی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا بە ڕوونی بەرەو جۆرێک لە سەنتراڵیزم و بەهێزکردنەوەی دەوڵەتی ناوەندی هەنگاو دەنێت. هەرچەندە وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانەوە هەوڵ دەدات بڕینی هاوکارییەکان ڕەت بکاتەوە یان وەک بابەتێکی تەکنیکی نیشانی بدات، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە لە بودجەی نوێی ئەمریکادا ناوی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ و هاوبەشێکی ڕاستەوخۆ بۆ وەرگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان ونە. ئیدارەی نوێی ترەمپ زیاتر بایەخ بە دەوڵەتە مەرکەزییەکان و ئەو دامەزراوانە دەدات کە لە ژێر چەتری بەغدان؛ پێشوازی گەرمی ئەوان لە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی (عەلی زەیدی) ئاماژەیەکی ڕوون و پەیامێکی دیپلۆماسی قورسە بۆ ئەوەی کە چیتر واشنتۆن دەیەوێت تەنها لە ڕێگەی بەغداوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیە ئەمنییەکان بکات. ئەم گۆڕانکارییە پاشەکشەیەکی ستراتیژی گەورەیە بۆ پێگەی هەرێم کە لە دوای دوو هەزار و سێوە هەمیشە وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو و ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبینرا، ئێستا ئەو متمانەیە لای واشنتۆن درزی تێکەوتووە و دەیانەوێت هەموو هەماهەنگییەکان لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بێت.

قه‌ندیل پرێس: ساڵانێکە ئەمریکا مەرجی یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتای داناوە. بە بڕوای جەنابتان بۆچی ئەم پرۆسەیە بەردەوام شکست دەهێنێت و ئاسۆی ئەم یەکگرتنەوەیە چۆن دەبینن؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: با زۆر ڕاشکاو بین و پەردەپۆشی ڕاستییەکان نەکەین؛ من پێموایە تا قەری قیامەت و تا ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی مابێت، ئەم هێزانە بە ڕاستی یەکناگرنەوە. ئەم دابەشبوونە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی یان کارگێڕی ناو وەزارەت نییە، بەڵکو ڕەگێکی مێژوویی قووڵی شەست و دوو ساڵەی هەیە کە لە ململانێی خوێناوی مەلایی و جەلالییەوە سەرچاوەی گرتووە و نەوە دوای نەوە وەک میراتی سیاسی ماوەتەوە. تا ئەو کاتەی سیستەمی دوو زۆنی، دوو ئیدارەیی و دوو دەزگای هەواڵگری و ئەمنی جیاواز هەبێت، هیچ لایەکیان ئامادە نییە بە کردەیی دەستبەرداری هێزە چەکدارەکەی بێت و بیخاتە ژێر فەرمانی دامەزراوەیەکی نیشتمانییەوە. چونکە هێزی چەکدار لای پارتی و یەکێتی ئامرازی مانەوە و پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییە تەسکە حزبییەکانە نەک پارێزەری سەروەری نیشتمانی. ئەوان لەم پرسەدا وەک جەمسەرە مەزهەبییەکانی ناوچەکە مامەڵە دەکەن؛ دیوارێکی ئەستووری بێ متمانەیی لە نێوانیاندایە کە ڕێگەی هەر جۆرە یەکگرتنەوەیەکی ڕاستەقینە دەگرێت، ئەوەی دەبینرێت تەنها نمایشێکی میدیاییە بۆ ڕازیکردنی هاوپەیمانان نەک ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانی.

قه‌ندیل پرێس: لەم دواییانەدا دۆسیەی کۆشکەکەی کالیفۆرنیا و سکاڵاکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا لەسەر گەندەڵی بەرپرسانی هەرێم بووەتە ڕۆژەڤ. ئایا ئەمە تەنها فشارێکی کاتییە یان شەرعییەتی نێودەوڵەتی خێزانە دەسەڵاتدارەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: ناوەندە بڕیاربەدەستە نێودەوڵەتییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان زۆر بە وردی و بە بەڵگەوە دەزانن چۆن لە ماوەی سی و پێنج ساڵی ڕابردوودا سامانی ئەم نیشتمانە لە ڕێگەی داهاتی گومرگەکان، فرۆشتنی نەوت و بودجەی گشتییەوە بە تاڵان براوەتە دەرەوە و لە بانکەکانی ئیمارات، لوبنان و سویسرا کراوەتە وەبەرهێنانی تایبەت و کڕینی کۆشکی خەیاڵی. ئەم پارە زەبەلاحانە مافی گشتی بوون و دەبوو ببنە کارگە، ڕێگاوبان و ژێرخانی ئابووری بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەڵام تەنها بۆ دەوڵەمەندکردنی حزب و خێزانە دەسەڵاتدارەکان و بەرپرسەکان بەکارهاتوون. ئێستا ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئەم دۆسیانەیان وەک کارتێکی گوشاری سیاسی بەدەستەوەیە؛ هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن بخوازێت، وەک دۆسیەی یاسایی و دادوەری یەکلایان دەکاتەوە و سزایان بەسەردا دەسەپێنێت، ئەگەریش لایەنەکان ملکەچی داواکارییەکانیان بن، بۆ دەستەمۆکردنی زیاتریان بەکاریان دەهێنن.
لە هەردوو حاڵەتدا، ئەم دۆخە نیشانەیەکی ڕوونی داڕمانی ئەخلاقی و سیاسی سیستمێکە کە سامانی خەڵکەکەی بۆ بەرژەوەندی کەسی بەفیڕۆ دەدات و شەرعییەتی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.

قه‌ندیل پرێس: باس لەوە دەکرێت کە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە. بە بڕوای جەنابتان، کێشە و هەڕەشە بنەڕەتییەکان دەرەکین یان پەیوەندییان بە شێوازی حوکمڕانی ناوخۆوە هەیە؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: من بە توندی پێموایە مەترسییە ڕاستەقینە و کوشندەکان لە ناوخۆی هەرێمەوە سەرچاوەیان گرتووە نەک لە دەرەوە. ئەو نادادییە کۆمەڵایەتییە و گەندەڵییە سیستماتیکەی کە لە هەموو جومگەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، پایەکانی ئەم قەوارەیەی لە ناوەوە بنکۆڵ و لەرزۆک کردووە. کاتێک دامەزراوەیەکی وەک پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک پەک دەخرێت و تەمەنی حکومەت بۆ حەوت ساڵ درێژ دەکرێتەوە، کە سێ ساڵی زیاترە لە وادەی یاسایی خۆی، ئەمە لەکەیەکی گەورەیە بە نێوچەوانی دیموکراسییەوە. دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە بەهۆی قۆرخکاری بازاڕ، نادادی لە دابەشکردنی داهات و فەرامۆشکردنی کەرتی گشتی وەک تەندروستی و پەروەردە، جۆرە نائومێدی و دابڕانێکیان لای خەڵک دروست کردووە کە چیتر هاووڵاتی خۆی بە خاوەنی ئەم قەوارەیە نازانێت و ئینتیمای بۆ نەماوە. قەوارەیەک کە نەتوانێت نان، شکۆ و ئازادی بۆ خەڵکەکەی دابین بکات و تەنها لە خزمەتی چەند گروپێکی دیاریکراودا بێت، بەرگەی بچووکترین گوشاری دەرەکی ناگرێت و لە ناوەوە دادەڕمێت پێش ئەوەی لە دەرەوە هێرشی بکرێتە سەر.

قه‌ندیل پرێس: لە کۆتاییدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەو کوێ دەڕۆن؟ ئایا هیچ مەترسییەکی جددی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم قەوارەیە دەبینن؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: ئاراستەی ڕووداوەکان بەو ئاراستەیە دەچێت کە جۆرێک لە لەقاڵبدان و بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێم ڕوو بدات. لە بەغدا ئێستا عەقڵیەتێکی سیاسی زاڵ بووە کە بڕوای بە فیدراڵیەت نییە و دەیەوێت لەگەڵ هەرێم تەنها وەک پارێزگایەکی ئاسایی مامەڵە بکات و هەموو دەسەڵاتە سەروەری و داراییەکان لێ زەوت بکاتەوە. سیاسەتی بڕینی بودجە، دواخستنی مووچە و تەنها پێدانی بڕە پارەیەکی کەم، بەشێکە لەو پلانە درێژخایەنەی بۆ پاشەکشەپێکردنی کورد و لاوازکردنی پێگەکەی داڕێژراوە. بەداخەوە، دەسەڵاتی ناوخۆیی هەرێم بەهۆی ململانێی ناڕەوای نێوانیان، نانیشتیمانی بوونی بڕیارەکان و گەندەڵی، جوانترین پاساوی داوەتە دەست نەیارانی لە بەغدا. ئەگەر ئەم دۆخی دوو ئیدارەیی و پەرتەوازییە بەردەوام بێت، مەترسییەکی جددی هەیە بەغدا پەنا بۆ ڕێکاری دەستووری و یاسایی ببات بۆ ئەوەی بە جیاواز مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم بکات، کە ئەمەش دەبێتە سەرەتای کۆتایی هاتنی قەوارەی یەکگرتووی هەرێم. لە بەغدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو ئەقڵیەتە زاڵ دەبێت کە پێیان وایە هەرێم لە ڕابردوودا پێی لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕاکێشاوە، ئەمەش وا دەکات هەوڵی بەهێزکردنەوەی دەوڵەتی مەرکەزی بدەن. بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، مەترسی هەرە گەورە گەندەڵی، سستکردنی دامەزراوەکان، بێبایەخکردنی ژیانی دیموکراسی و لەناوبردنی پایەکانی دەوڵەتدارییە لە ناوخۆی هەرێمدا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

عەلی کەریمی: یەکگرتوویی ماڵی کوردی تاکە گەرەنتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئێران

پارتی و یەکێتی، وەک دارودەستە و جێبەجێکاری ئەجێنداکانی تورکیا و ئێران دەردەکەون. هەر گۆڕانکارییەک لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *