پارتی و یەکێتی، وەک دارودەستە و جێبەجێکاری ئەجێنداکانی تورکیا و ئێران دەردەکەون.
هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران ڕوو بدات، دەرئەنجامەکەی پەیوەستە بە یەکگرتوویی ماڵی کوردی لە ڕۆژهەڵات. ئەمە تەوەرەی سەرەکی دیداری تایبەتی “قەندیل پرێس”ە لەگەڵ نووسەر و سیاسەتمەدار عەلی کەریمی. لەم وتووێژەدا تیشک دەخرێتە سەر ڕێککەوتنە ئەگەرییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، گوشارەکانی سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان و ئاسۆکانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”.
قەندیل پرێس: باس لەوە دەکرێت ڕێککەوتنی واشنتۆن و تاران گوشارە نێودەوڵەتییەکان کەم دەکاتەوە. ئایا ئەمە دەبێتە هۆی توندترکردنی دەستی ناوخۆیی ڕژێم بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یان تاران پەنا بۆ جۆرێک لە نەرموونیانی دەبات؟
عەلی کەریمی: ئەمە پرسیارێکی زۆر جەوهەری و هەستیارە لەم قۆناغەدا. مێژووی ٤٧ ساڵی تەمەنی کۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێت کە ئەم ڕژێمە هیچ کاتێک لە بنەڕەتدا باوەڕی بە نەرموونیانی نەبووە، مەگەر لە کاتێکدا کە لە لێواری کەوتندا بووبێت. سەبارەت بە کورد، ئێمە هەمیشە سەربەخۆترین و بەرهەڵستکارترین دەنگ بووین؛ چ لە ڕێگەی خەباتی چەکداریی پێشمەرگایەتییەوە بێت، یان لە ڕێگەی بزووتنەوە مەدەنییەکان، چالاکییە سیاسییەکان و تەنانەت کۆڵبەرەکان کە بە جەستەی خۆیان ڕووبەڕووی تیرۆری ئابووری ڕژێم بوونەتەوە.
ئەگەر واشنتۆن و تاران بگەنە ڕێککەوتن، تاران ئەمە وەک “سەرکەوتنی ستراتیژی” دەبینێت و هەوڵ دەدات ئەو ئۆکسجینە سیاسییەی بۆی دەگەڕێتەوە، بۆ داپڵۆساندنی زیاتری ناوخۆ بەکاری بهێنێت. کاتێک گوشارە نێودەوڵەتییەکان کەم دەبنەوە، تاران ترسی لە سزادانی نێودەوڵەتی نامێنێت و دەستی کراوەتر دەبێت بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژهەڵات و گەلانی دیکەی ناو ئێران. بۆیە من پێم وایە هەر جۆرە سازانێکی نێودەوڵەتی ئەگەر مافی نەتەوەکانی تێدا جێگیر نەکرێت، زیانی گەورە بە دۆزی کورد دەگەیەنێت. تەنها گۆڕینی ڕژێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەتوانێت قازانجی کورد و دیموکراسی لە ناوچەکەدا بپارێزێت.
قەندیل پرێس: بەپێی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی عێراق و ئێران، ئایا پێشبینی دەکەن گوشارەکانی سەر حکومەتی هەرێم بۆ سنووردارکردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بچێتە قۆناغێکی مەترسیدارتر؟ ئایا کورد دەبێتە قوربانی ئەم دیپلۆماسییە؟
عەلی کەریمی: بەداخەوە دەبێت بڵێم بارودۆخی سیاسی لە باشووری کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار. پارتی و یەکێتی، وەک دوو هێزی سەرەکی، زیاتر لەوەی وەک قەوارەیەکی نەتەوەیی مامەڵە بکەن، وەک دارودەستە و جێبەجێکاری ئەجێنداکانی تورکیا و ئێران دەردەکەون. ئەم دوو حیزبە بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان و پاراستنی دەسەڵاتیان بەستووەتەوە بە ڕەزامەندی تاران و ئەنقەرە.
ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی لە نێوان عێراق و ئێراندا کراوە، لە ڕاستیدا پلانێکی داڕێژراوە بۆ خنکاندنی بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کاتێک ئێران گوشار دەخاتە سەر هەرێم، ئەم دوو حیزبە لەبری ئەوەی بەرگری لە هاوزمانانی خۆیان بکەن، دەبنە ئامرازی فشار و کۆتوبەندی زیاتر بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دروست دەکەن. ئەوان ئامادەن بۆ تۆڵەکردنەوە لە حکومەتی ئێران یان بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان، کوردانی ڕۆژهەڵات بکەنە قوربانی و لە هیچ هەنگاوێکی توند درێغی ناکەن. بۆیە، من بە ڕاشکاوی دەڵێم: لەم هاوکێشەیەدا ناتوانین بە هیچ شێوەیەک پشت بە حکومەتی هەرێم ببەستین، چونکە بڕیاری ئەوان لە تاران و بەغداوە بۆیان دێت، نەک لە خەمی نەتەوەییەوە.
قەندیل پرێس: لە ئەگەری جێگیربوونی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، پێگەی هەرێمی کوردستان بەرەو سەقامگیری دەچێت، یان ئەمریکا وەک کارتی فشار دەستبەرداری هەرێم دەبێت؟
عەلی کەریمی: سەقامگیری هەرێم پێش هەموو شتێک بەندە بە یەکگرتوویی ناوخۆیی، کە ئەوەش لە باشووردا بوونی نییە. تا ئەو کاتەی چارەنووسی ئەم پارچەیەی کوردستان بەدەست پارتی و یەکێتییەوە بێت، هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ سەقامگیری نابینم. ئەم دوو هێزە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا تاقیکردنەوەیەکی زۆر خراپیان پێشکەش کردووە؛ مێژوویەکی پڕ لە شەڕی ناوخۆ، ململانێی حیزبی و دابەشبوونیان هەیە کە وای کردووە قەوارەی هەرێم لەبەردەم هەموو گەردەلوولێکی سیاسیدا لەرزۆک بێت.
ئەمریکا لە سیاسەتی خۆیدا تەنها بەدوای بەرژەوەندییەکانیدا دەگەڕێت. ئەگەر لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتن، هەرێمی کوردستان وەک “کارتی فشار” بایەخی نامێنێت و ئەگەری زۆرە واشنتۆن چاو لە زۆر پێشێلکاریی تاران بەرامبەر بە هەرێم بپۆشێت. مێژوو فێری کردووین تەنها کاتێک یەکگرتوو بووین، وڵاتانی زلهێز حیسابیان بۆ کردووین. کاتێک دووبەرەکی هەبێت، وەک ئێستا، دوژمنان زۆر بە ئاسانی زەفەرمان پێ دەبەن.
[4/26/2026 10:49 PM] QANDIL PRESS|قەندیلپرێس: ئەگەر کورد لە باشوور ستراتیژێکی نەتەوەیی یەکگرتووی نەبێت، لە هەر ئاڵوگۆڕێکی نێودەوڵەتیدا یەکەم لایەن دەبێت کە دەستبەرداری دەبن.
قەندیل پرێس: نزیکبوونەوەی ئەمریکا و ئێران چۆن کار دەکاتە سەر ورەی شەقام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هیوای خەڵک بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی؟
عەلی کەریمی: شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو. ئەم بزووتنەوەیە نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لە تەواوی ئێراندا جۆرێک لە کرانەوە و ئازایەتی دروست کرد کە ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. ئەمڕۆ دەبینین سەرەڕای هەموو سەرکوتەکان، کۆتوبەندی حیجابی زۆرەملێ و زۆر بڕیاری دیکەی ڕژێم لەسەر شەقامەکان شکاون. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەی مەدەنییە.
سەبارەت بە پشتیوانی دەرەکی، من پێم وایە خەڵکی ڕۆژهەڵات و گەلانی ئێران فێربوون کە نابێت چاوەڕێی پەرژین بن لە دەرەوە. ڕاستە نزیکبوونەوەی ئەمریکا و ئێران ڕەنگە بۆ ماوەیەک ورەی سیاسی هەندێک لایەن دابەزێنێت، بەڵام توڕەیی شەقام و ویستی گۆڕانکاری لە ناو ناخی خەڵکدایە. گۆڕینی ئەم ڕژێمە تەنها و تەنها بەدەست خەڵکی ئێران خۆیەتی. دەبێت هاوشێوەی ساڵی ١٩٧٩ میللەت خۆی بڕیار بدات و بڕژێتە سەر شەقامەکان. ڕاستە ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە شوێنێک کە خەڵک دەڵێن “هەزار ڕەحمەت لە کفندز” بەهۆی ئەو زوڵمەی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە خەڵک کۆڵ دەدەن، بەڵکو بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و سەرتاسەری.
قەندیل پرێس: لەم قۆناغی سازانەدا، ماڵی کوردی لە هەردوو بەشەکەدا دەبێت چ گوتارێکی سیاسی پەیڕەو بکات بۆ ئەوەی دەستکەوتە مێژووییەکانی نەفەوتێن؟
عەلی کەریمی: ئەمە گەورەترین تەحەدییە لەبەردەمماندا. ڕاستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کۆمیتەیەکی هاوبەشیان دروست کردووە، بەڵام با ڕاستگۆ بین؛ ئەمە تا ئێستا تەنها نمایشێکی سەر کاغەزە. ناکۆکییەکان قووڵن، ٤٧ ساڵ ململانێ و دەریایەک خوێن لە نێوان حیزبەکاندا هەیە کە ناتوانرێت بە شەو و ڕۆژێک تێپەڕێنرێت. دروستکردنی بەرەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو ئاسان نییە، بەڵام “پێویستییەکی حەتمییە”.
پێویستە سوود لە ئەزموونی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشوور وەربگیرێت. لەو کاتەدا ئەگەر “بەرەی کوردستانی” بە نێوەندگیری و فشار دروست نەبوایە، نە ڕاپەڕین سەرکەوتوو دەبوو و نە ئەم قەوارەیەی ئێستاش دەبوو. وانەکە ڕوونە: لە یەکبوونماندا هێز و مانەوە هەیە، و لە دووبەرەکیدا تەنها مەرگ و تێکشکان. ماڵی کوردی پێویستی بە گوتارێکی سیاسیی سەردەمیانە و پلانێکی ستراتیژیی هاوبەش هەیە کە هەموو جیاوازییەکان تێپەڕێنێت. ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەتوانن لە دەوری بەرنامەیەکی نەتەوەیی یەکبگرن، مێژوو لێیان خۆش نابێت و جارێکی دیکە کورد دەبێتەوە بە قوربانی بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەکە.
قەندیل پرێس