سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین پێشنیاری ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان ڕازی نییە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان لە گفتوگۆکانی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ لە دوایین پێشنیاری ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمزو کۆتاییهێنان بەشەڕەکە ڕازی نییە.
لەپێشنیازەکەی ئێراندا داوای هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران کرابوو لەبەرامبەر کردنەوەی گەرووی هورمزدا، بەڵام بەو مەرجەی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی لەدانوستانەکان دوابخرێت.
تاران چەندین جار پێشنیارەکانی ئەمریکای بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و تەسلیمکردنی کۆگاکانی لەیۆرانیۆمی پیتێنراو ڕەتکردووەتەوە.
ڕوون نییە کە هۆکاری ناڕەزایی ترەمپ چییە، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
کۆشکی سپی ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر بیرکردنەوەکانی ترەمپ بدات و جەختی لەوە کردەوە کە ڕاوێژکارییەکان سەبارەت بە شەڕ و بەرنامە ئەتۆمییەکە بەردەوام دەبێت.
ئۆلیڤیا وێڵز، وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت “ئەمریکا لەڕێگەی میدیاکانەوە دانوستان ناکات – ئێمە هێڵە سوورەکانمان ڕوون کردووەتەوە، سەرۆکیش تەنها لەو کاتەدا ڕێککەوتنێک دەکات کە لەبەرژەوەندی گەلی ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت”.
لەناو ئیدارەی ترەمپدا بۆچوونی جیاواز هەیە: بەشێکیان پێیانوایە درێژەدان بەگەمارۆکە بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە زیانێکی گەورە و بەردەوام بە پیشەسازی وزەی ئێران دەگەیەنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تاران ڕێککەوتنێک بکات. بەشێکی تریان دەڵێن ئەم هەڵسەنگاندنە هەڵەیە و هەڵوێستی ئێران توندتر بووەو سوپای پاسداران نفوزی خۆی بەهێزتر کردووە.
قەندیل پرێس