قەندیل پرێس – راپۆرتی هەواڵی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ماوەی کاروانی سیاسیی خۆیدا ڕووبەڕووی چەندین ڕووداوی تەقەکردن و هەوڵی تیرۆرکردن بووەتەوە، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2024. دوایین هەوڵیان شەوی ڕابردوو (شەممە) بوو، کاتێک کەسێکی چەکدار بەربەستێکی ئەمنیی بڕی لە نزیک هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە هۆتێلێکدا کە ترەمپ و میلانیا، خانمی یەکەم، و بەرپرسانی باڵای حکوومەت و سەدان میوانی تر تێیدا ئامادەی نانی ئێوارەی ساڵانەی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی بوون.
لێرەدا دیارترین ئەو هەوڵانەی تیرۆرکردن دەخەینە ڕوو کە ترەمپ ڕووبەڕوویان بووەتەوە:
– هەوڵی تیرۆرکردن لە پەنسلڤانیا لە ساڵی 2024
مەترسیدارترین هەوڵی تیرۆرکردن کە ترەمپ ڕووبەڕووی بووەوە، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بوو لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری لەژێر ئاسمانی کراوە لە شاری بەتلەر لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە تەممووزی 2024. ترەمپ بە فیشەکێک لە بەشی سەرەوەی گوێی بریندار بوو، کە لەلایەن چەکدارێکی تەمەن 20 ساڵەوە تەقێنرا. هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ چەکدارەکەیان کوشت.
– هەوڵی تیرۆرکردن لە یانەیەکی گۆڵف لە فلۆریدا لە 2024
تەنها دوای کەمێک زیاتر لە دوو مانگ لە ڕووداوەکەی بەتلەر، کارمەندانی خزمەتگوزاری نهێنی پیاوێکیان بینی کە دەمانچەیەکی پێبوو و لەنێوان دارستانەکاندا لە یانەی گۆڵفی ترەمپ لە وێست پالم بیچ لە فلۆریدا خۆی حەشار دابوو، کاتێک ترەمپ لەناو یاریگاکەدا بوو. پۆلیس و خزمەتگوزاری نهێنی بە خێرایی دەستوەردانیان کرد و پلانەکە پێش جێبەجێکردن پووچەڵکرایەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە تۆمەتبارەکە بۆ چەند مانگێک پلانی هێرشەکەی دانابوو، دواتر سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
– ڕووداوی هەڵکوتانە سەر هاوینەهەواری مارالاگۆ لە 2026
لە شوباتی ڕابردوودا، کەسێک هەوڵیدا بچێتە ناو هاوینەهەواری مارالاگۆ کە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئەمریکایە لە فلۆریدا. ڕووداوەکە شەوی شەممە بوو، هەرچەندە ترەمپ زۆربەی کۆتایی هەفتەکان لەوێ دەمێنێتەوە، بەڵام لەو کاتەدا لە کۆشکی سپی بوو لەگەڵ میلانیا، کە میوانداری نانی ئێوارەیان بۆ پارێزگارەکانی ویلایەتەکان کردبوو. هێزە ئەمنییەکان دەستوەردانیان کرد و هێرشبەرەکەیان کوشت.
– ڕووداوی تەقەکردن لە کاتی نانی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی
پیاوێکی چەکدار هەڵیکوتایە سەر هۆڵی پێشوازی لە دەرەوەی هۆڵی نانی ئێوارەی ڕۆژنامەنووسان کە ترەمپ و چەندین سەرکردەی باڵای ئەمریکا تێیدا ئامادە بوون. پێش ئەوەی بگاتە ناو هۆڵەکە، لەلایەن کارمەندانی خزمەتگوزاری نهێنییەوە دەستگیرکرا. سەرۆک هیچ زیانێکی پێ نەگەیشت و بە خێرایی لە شوێنەکە دوورخرایەوە. ترەمپ باوەڕی وایە ئەو ئامانجی هێرشەکە بووە. ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە ناوی کۆڵ تۆماس ئەلین (31 ساڵ) دیاریکراوە.
هەڕەشەکانی تر:
جگە لەم هەوڵانە، ترەمپ لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشەی تر بووەتەوە، لەوانە.
– ڕفاندنی چەکی پۆلیس لە لاس ڤێگاس (2016): هاووڵاتییەکی بەریتانی هەوڵیدا چەکی پۆلیسێک بڕفێنێت بۆ ئەوەی لە کاتی گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا ترەمپ بکوژێت.
– دزینی شۆفڵ بۆ لێدان لە کاروانی سەرۆک (2017): پیاوێک لە داکۆتای باکوور شۆفڵێکی دزی بە مەبەستی وەرگێڕانی ئۆتۆمبێلە لیمۆزینەکەی سەرۆک، بەڵام شۆفڵەکە پەکی کەوت.
– ناردنی ماددەی ژەهراوی (2020): ژنێکی فەرەنسی-کەنەدی نامەیەکی پڕ لە ماددەی ژەهراوی “ڕیسین”ی بۆ کۆشکی سپی نارد، بەڵام پێش گەیشتنی دەستی بەسەردا گیرا.
– پلانێکی پاکستانی بۆ کوشتنی ترەمپ (2024): بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کرد کە پیاوێکی پاکستانی پلانی کوشتنی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی داڕشتووە، کە پێدەچێت پەیوەندی بە تۆڵەسەندنەوەی ئێرانەوە هەبێت بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی.
– نامەی هەڕەشەی ساختە (2025): کەسێک نامەیەکی ساختەی بڵاوکردەوە کە گوایە هەڕەشەی تەقەکردن لە ترەمپ دەکات، بەڵام دواتر دەرکەوت مەبەستی تۆمەتبارکردنی کەسێکی تر بووە لە کێشەیەکی یاساییدا.
قەندیل پرێس