به‌په‌له

کاوە ئەدهەم: چارەنووسی ڕۆژئاوا لە نێوان چەقەسپاوی دیمەشق و مانۆڕەکانی ئەنقەرەدا

قەندیل پرێس – وتووێژ

​ئەگەر ڕێککەوتنی ئیمراڵی و ئەنقەرە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەسەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی دەبنەوە؛ یان توانەوە لە ناو دەوڵەتی سوریادا یان پاراستنی ناسنامەیەکی سەربەخۆ لە ناوچەیەکی پڕ لە گۆڕانکاری.

​وتووێژی تایبەتی قەندیل پرێس لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، کاوە ئەدهەم، دەربارەی ئایندەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە، و کاریگەریی کێبڕکێی جەمسەرە نێودەوڵەتییەکان لەسەر پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.

قەندیل پرێس: ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئۆ,جە,لان و دەوڵەتی تورکیا بگاتە قۆناغی جێبەجێکردن، ئایا پەیەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر چۆن دەتوانن هاوسەنگی لە نێوان پابەندبوون بە بڕیارە سیاسییەکانی قەندیل یان ئیمراڵی و پاراستنی دەستکەوتە ناوخۆییەکانی ڕۆژئاوادا ڕابگرن؟ ئایا فەسخکردنی پەیوەندییەکان تەنها شکڵیی دەبێت یان گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئایدۆلۆژیای بەڕێوەبەرییەکەدا دەکرێت؟

کاوە ئەدهەم: لە ڕاستیدا هەر ڕێککەوتنێک لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆ,جە,لان و دەوڵەتی تورکیا واژۆ بکرێت، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و باندۆرێکی قووڵی لەسەر ئەرزی واقیع لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت. ئێستا نیشانەکانی ئەو گۆڕانکارییانە دەردەکەون. ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریادا هەیە، لە چوارچێوەی ئەو دیدگایەی ئۆ,جە,لاندایە کە پێی دەڵێن ئیندیماجی دیموکراتی؛ واتە تێکەڵبوونەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ناو دەوڵەتی سوریادا بە شێوەیەکی یاسایی و سیاسی.
​بەڵام خاڵە جەوهەرییەکە لێرەدایە: گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەندە خێران کە گەرەنتی نییە ئەم ڕێککەوتنە تا سەرکەوتن بڕوات، ئەگەری فەشەلهێنانی حکومەتی ئێستای سوریاش لە ئارادایە. سەبارەت بە پرسی پەیوەندی پەیەدە بە قەندیل و ئیمراڵی، پێویستە تێبگەین کە ئەمە پەیوەندییەکی ئۆرگانی و فەلسەفییە. زۆر زەحمەتە تەسەور بکرێت پەیەدە بتوانێت خۆی لە فەلسەفەی سیاسی ئۆ,جە,لان جیا بکاتەوە. هەر گۆڕانکارییەک لەو پەیوەندییەدا ڕوو بدات، زیاتر گۆڕانکارییە لە شێوازی کارکردن نەک لە جەوهەری ئایدۆلۆژیادا، چونکە ڕەگ و ڕیشەی ئەم جوڵانەوەیە بەو فەلسەفەیەوە گرێدراوە.

قەندیل پرێس: لە ئەگەری ڕێککەوتنی تورکیا و پە,کە,کە، چارەنووسی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازی چی بەسەر دێت؟ ئایا مۆدێلی تێکەڵبوونەوە بە سوپای سوریا تەنها بژاردەی بەردەستە، یان پێشبینی دەکەن هەسەدە وەک هێزێکی ناوخۆیی پارێزگاری لە سەربەخۆیی خۆی بکات؟

کاوە ئەدهەم: بێگومان ئەگەر ڕێککەوتنی تورکیا و پە,کە,کە بچێتە بواری جێبەجێکردن، هەسەدە بەو قەوارە گەورە و سەربەخۆیەی ئێستای نامێنێتەوە. پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی تێدا بکرێت و تەنها وەک هێزێکی ناوخۆیی و ئاسایشی خۆجێی بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان بمێنێتەوە، وەک ئەوەی پێشتریش سەرکردایەتییان ئاماژەیان پێداوە.
​لە ئێستادا هەسەدە یاری بە کات دەکات. ئەوان چاوەڕێی دوو فاکتەری سەرەکین:
دەرەنجامی شەڕی ئێران کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگی هێز لە سوریا هەیە.
دۆخی ناوخۆیی سوریا ئەگەر ناوچە سوننەکان دووبارە بکەونەوە ناو شەڕی ناوخۆ، هەسەدە وەک هێزێکی بەهێز دەگەڕێتەوە بۆ ناو جەرگەی ڕۆژئاوا و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات و پێگەی سەربازی خۆی قایمتر دەکاتەوە. کەواتە مانەوەیان وەک هێزێکی سەربەخۆ یان تێکەڵبوون بە سوپای سوریا، بەستراوەتەوە بە ئاستی سەقامگیری لە دیمەشق.

قەندیل پرێس: بوونی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا وەک کارتێکی فشار دەبینرێت، ئایا واشنتۆن پشتگیری لەم گۆڕانکارییانە دەکات یان ڕێگر دەبێت لە زیادبوونی هەژموونی تورکیا لە باکووری سوریا؟

کاوە ئەدهەم: ئەمریکا لە سەرەتادا بۆ شەڕی داعش هات، بەڵام ئێستا بوونی ئەوان ڕەهەندێکی جیۆپۆلەتیکی وەرگرتووە. ئەگەر ڕێککەوتنی تورکیا و پە,کە,کە سەر بگرێت، ئەمریکا نەک هەر ڕێگری ناکات، بەڵکو پێشوازییەکی گەورەشی لێ دەکات.
​بەڵام لێرەدا دەبێت چاومان لەسەر ئیسرائیل بێت. ئیسرائیل نایەوێت ئەمریکا و هەسەدە پانتاییەکە بە تەواوی چۆڵ بکەن. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەو حکومەتە سوننەیەی تورکیا پشتگیری دەکات، پاشخانێکی توندڕەوییان هەیە وەک قاعیدە و د,ا,عش. ئیسرائیل بەرژەوەندی لەوەدایە حکومەتی ناوەندی سوریا لاواز بێت و هێزێکی وەک هەسەدە وەک هاوسەنگکەرێک لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە باڵادەستی توندڕەوەکان.

قەندیل پرێس: ئایا دیمەشق ئەم دەرفەتە دەقۆستێتەوە بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد؟ ئایا کورد دەتوانێت پرسی فەسخکردنی پەیوەندی لەگەڵ پە,کە,کە وەک کارتێکی فشار بۆ مافە دەستوورییەکانی بەکاربهێنێت؟

​کاوە ئەدهەم: واقیعی تاڵ ئەوەیە کە تورکیا کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر حکومەتی ئێستای سوریا هەیە. لە ڕاستیدا ئەوەی لە دیمەشق ڕوودەدات، زۆرینەی ڕەنگدانەوەی سیاسەتەکانی ئەنقەرەیە. بۆیە زۆر زەحمەتە لە ئایندەیەکی نزیکدا دان بە مافە نەتەوەییە ڕاستەقینەکانی کورددا بنرێت. ئەوەی ئێستا لە میدیاکانەوە باس دەکرێت وەک دانپێدانان بە زمانی کوردی یان جەژنی نەورۆز، تەنها جوانکارییە و لە ئاست ئەو قوربانییە گەورانەدا نییە کە گەنجانی ڕۆژئاوا داویانە.
​ئۆپۆزیسیۆنی سوریاش کە لەژێر چەتری تورکیا، سعودیە و قەتەردان، ئامادە نین مافی فیدراڵی بە کورد بدەن، چونکە دەترسن ئەمە ببێتە مۆدێلێک بۆ عەلەوی و درووز و پێکهاتەکانی تریش. بۆیە من پێشبینی دەکم ڕێککەوتنی ئێستای هەسەدە و حکومەت تێکبچێت و ئەگەر دوای پێنج ساڵی تریش دەستوور بنووسرێتەوە، تەنها دانپێدانانێکی بێ بایەخ و بچووک بۆ کورد جێگیر بکەن.

​قەندیل پرێس: وەک خاڵی کۆتایی، ئەگەر ناسنامەی سیاسی ڕۆژئاوا لە پێناو ئاشتیدا بگۆڕدرێت، کاردانەوەی شەقامی کوردی لەوێ چی دەبێت؟

کاوە ئەدهەم: گۆڕینی ناسنامەی سیاسی گورزێکی گەورەیە بۆ گەلی ڕۆژئاوا، بەڵام بۆ پارتە سیاسییەکان بابەتەکە جیاوازە. زۆربەی پارتەکان زیاتر لە ٧٠ پارت و جوڵانەوە تەنها خەریکی بەرژەوەندی و پۆستی وەزارەت و پەرلەمانن لە سوریای داهاتوودا.
​جێگەی داخە کە لە ماوەی ئەم ١٤ ساڵەدا، ململانێی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە تەنها یەکتری تۆمەتبارکردن بووە. ئێستا متمانەی گەل تەنها بە خۆیان ماوە نەک بە حیزبەکان. خەڵکی ڕۆژئاوا دەزانن کە هەر شەڕێک لەگەڵ حکومەت یان گروپە توندڕەوەکان ڕووبدات، شەڕی مان و نەمانە، بۆیە ئەوان تەنها بیر لە بەرگری لە خاک و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەکەنەوە، دوور لە ململانێی کورسی پارتە سیاسییەکان.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: زۆرینەیەکی لاوازی ناو سەرکردایەتی پێیان وایه کە ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان لە ڕاستیدا بەشێکه لە پڕۆژەی جەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “دوکتور عادڵ ئەلیاسی” ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *