به‌په‌له

پرسی كورد له‌ نێوان مانۆڕی سیاسی توركیا و مه‌ترسی ته‌قینه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌

قه‌ندیل پرێس- ڕاپۆرتی شیکاری

لە کاتێکدا ساڵێکی تەواو بەسەر بەستنی ١٢ـەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، ئاسۆکانی چارەسەری ئاشتیانە لە باکووری کوردستان و تورکیا لە نێوان گوتاری میدیایی دەسەڵات و بێدەنگییەکی کوشندەی یاساییدا ماونەتەوە. دەوڵەتی تورک کە ئێستا لەژێر فشاری گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە و دیزاینکردنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، وەک مانۆڕێکی سیاسی ڕووی لە لایەنی کوردی کردووە، بەڵام ئاماژە مەیدانییەکان نیشانی دەدەن کە ئەم نزیکبوونەوەیە زیاتر لە ناچارییەوەیە نەک بڕوابوون بە ئاشتییەکی ڕاستەقینە و هەمیشەیی.

محەمەد کاماج، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس تیشکی خستە سەر وردەکارییەکانی ئەم قۆناغە تەمومژاوییە و ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا هیچ نییەتێکی پاکی بۆ ئاشتی نییە و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت تەنیا بەفیڕۆدانی کاتە بە قسەی بێ ناوەرۆک و گوتاری بریقەداری سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان.

کاماج هۆشدارییەکی توند و مێژوویی دەدات و دەڵێت ئەگەر ڕێبەر ئۆ,جا,لان ئازاد نەکرێت و تەواوی پڕۆسەی چارەسەری نەچێتە ناو چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستوورییەوە، ئەوا بارودۆخەکە بەرەو تەقینەوەیەکی گەورە دەچێت کە لێکەوتەکانی بۆ هەموو لایەک و بۆ ئاسایشی ناوچەکەش مەترسیدار دەبن.

ئەم پەرلەمانتارەی دەم پارتی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دەوڵەت بە خەمساردییەکی زۆرەوە لە پرسەکە دەڕوانێت و سەرەڕای بانگەشەکانی، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی وەک گۆڕینی یاسای سزادان یان لابردنی یەکجاریی گۆشەگیری نەناوە. سەرەڕای گوتارە نەرمەکانی باخچەلی، ڕێبەر ئۆ,جا,لان هێشتا لە مافی هیوا بێبەش کراوە و پێگە و ستاتۆکەی بە ناڕوونی وەک زیندانییەکی سیاسی هێڵدراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەڤگەری ئازادی و ڕێبەر ئۆ,جا,لان هەموو داواکارییەکانی دەوڵەتیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە جێبەجێ کردووە و نیشانیان داوە کە ئامادەی دیالۆگن، بەڵام وەڵامی دەوڵەت تەنیا درێژەدان بووە بە گوتاری سیاسی بەبێ ئەوەی یەک بڕگەی یاسایی لە بەرژەوەندی کورد لە ناو پەرلەماندا بگۆڕدرێت.

لە لایەکی ترەوە، تێڕوانینی دەوڵەت بۆ پرۆسەکە لە ژێر ناوی تورکیای بێ تیرۆر گەورەترین بەربەستە لە بەردەم هەر دیالۆگێکی سیاسی، چونکە ئەم دەستەواژەیە نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەت هێشتا کێشەی کورد وەک پرسێکی تەنیا ئەمنی و تیرۆر دەبینێت نەک وەک مافێکی نەتەوەیی و سیاسی گەلێک. تورکیا بەبێ پێدانی هیچ گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی یان دەستووری، داوای ڕادەستبوونی گە,ر,یلا دەکات، کە ئەمە لە لایەن کوردەوە تەنیا وەک داوایەکی ناڕەوا بۆ خۆبەدەستەوەدان دەبینرێت و هەرگیز قبوڵ ناکرێت.

محەمەد کاماج جەخت دەکاتەوە کە لە ناو تەڤگەری ئا,پۆ,ییدا نەوەیەکی نوێ و خاوەن ئیرادە دروست بووە کە تەنیا بە مافی شەرعی و دانپێدانانی دەستووری بە ناسنامەی کورد ڕازی دەبن، و بە هیچ جۆرێک چەک دانانرێت تا ئەو کاتەی یاسایەکی فەرمی و گشتگیر بۆ چارەسەری ئاشتیانە لە پەرلەمانەوە دەرنەکرێت.

ئەوەی ئێستا دۆخەکەی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر کردووە، جیاوازیی قووڵی ڕای نێوان باڵەکانی ناو دەسەڵات و بەتایبەت ئەردۆغان و باخچەلییە کە تەنیا بۆ پاراستنی شکڵی دەوڵەت و مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات پێکەوە ماونەتەوە، دەنا لە ناوەڕۆکدا هیچ بەرنامەیەکی یەکگرتوویان بۆ ئاشتی نییە. تەنانەت ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک ناتۆش چیتر نایانەوێت تورکیا بەم شێوەیەی ئێستا و بەم هەموو کێشە ناوخۆییانەوە بەردەوام بێت. بۆیە ئەگەر پەرلەمان نەبێتە ناوەندی ڕاستەقینەی دیالۆگ و یاسا بۆ چارەسەر دەرنەکرێت، درۆ و فێڵەکانی دەوڵەت جارێکی تر بارودۆخی ئەمنی و سەربازی تێک دەدەنەوە. کورد ئێستا وەک کارەکتەرێکی سەرەکی و هێزێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا خۆی سەلماندووە و دەوڵەتی تورکیش باش تێگەیشتووە کە بێ ڕێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ کورد، مانەوە و سەقامگیری خۆی دەخاتە مەترسییەوە. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لای چاودێران ئەوەیە کە ئایا دەوڵەت ئازایەتی ئەوەی دەبێت هەنگاوی کرداری بنێت و دەرگای زیندانەکان بۆ چارەسەری سیاسی بکاتەوە، یان جارێکی تر هەموو شتێک دەکاتە قوربانی بەرژەوەندییە کاتییەکانی هەڵبژاردن و مانەوەی دەسەڵاتی تاکەکەسی.

لە کۆتاییدا، محەمەد کاماج بۆ قەندیل پرێس جەختی لەوە کردەوە کە کورد نابێت تەنیا ببێتە پارێزەری سنوورەکانی تورکیا، بەڵکو دەبێت ناسنامەی نەتەوەیی و زمانی کوردی لە دەستووردا جێگیر بکرێت. ئەگەر تورکیا ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدات و بەردەوام بێت لە سیاسەتی قەیوم و زەوتکردنی ئیرادەی گەل، ئەوا کوردیش ئەڵتەرناتیڤی تێکۆشانی جەماوەری و نێودەوڵەتی خۆی بەهێزتر دەکات و بۆ پاراستنی بوونی خۆی پەنا بۆ هەموو ڕێگەیەکی شەرعی دەبات.
ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدایە و کاتیش بە خێرایی لە بەرژەوەندی ئەنقەرەدا تێپەڕ نابێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

عیرفان شكورزادە لە سێدارە درا

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لەسێدارەدانی عیرفان شكورزادەی بە تۆمەتی “سیخوڕیکردن بۆ موساد و سی ئای …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *