✍ د. کەمال سولەیمانی
بەشی چوارەم (دوایین بەش)
دەبێ ئەم حوججەتە مێژوویی، دامەزراوەیی و پێکهاتەییەی کە لە بەشەکانی پێشوودا خرایە ڕوو، لە داوەریی ئەخلاقی سەبارەت بە تاکی هێنراوی عەرەب بۆ کوردستان جیا بکرێتەوە. هەر عەرەبێک کە دێتە کوردستان یان تێیدا دەژی، بکەرێکی بەئاگا و بەئەنقەست لە پرۆسەی بەعەرەبکردندا نییە، و نابێت هیچ کەسێک تەنیا بەهۆی ناسنامەی نەتەوەییەوە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی بەکۆمەڵی بخرێتە ئەستۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخستنی کۆچ، نیشتەجێبوون، خاوەندارێتیی موڵک و جێگیربوون لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە هەڵاواردن نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئاسایی حکومەتداری لە جیهانی مۆدێرندا. بۆیە، ناکرێت وەرچەرخانە دیمۆگرافییەکەی ئێستای کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە وەک پرۆسەیەکی بێگەرد و مەعسووم دابنرێت؛ چونکە لێرەدا باس تەنیا لە تاکی کۆچبەر نییە، بەڵکوو لە جێگە و کاریگەریی ئەو تاکە لەناو کولتوورێکی سیاسیی زاڵدا دەکەین. زۆر ئەستەمە بتوانین لە مێژووی نزیکی کۆمەڵگەی عەرەبیی عێراقدا هێزێکی جەماوەریی بەرچاو بدۆزینەوە—تەنانەت لەنێو دانیشتووانی ئێستای عەرەبیی کوردستانیشدا—کە لە بەرامبەر تێڕوانینی عەرەبتەوەریی بەغدا بۆ عێراق و کوردستاندا، بە ڕاشکاوی و بێ دوودڵی لە سەروەریی کورد یان پێشێلنەکرانی مافی خۆبەڕێوەبەریی کورد بەرگریی کردبێت.
کەواتە، لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدادا، مێژوو بەڕاشکاوی پێمان دەڵێت کە هیچ زامنێکی دامەزراوەیی نییە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی عەرەب لە کوردستان بێلایەن بمێننەوە؛ دانیشتووانێک کە ئاراستە سیاسییەکەیان لە مێژوو و کولتووری سیاسیی عێراقەوە هەڵقوڵاوە و بە پاوانخوازیی عەرەبیی دەسەڵاتی بەغداوە گرێ دراوە. هیچ هۆکارێک نییە کە کورد دڵنیا بکات کە دانیشتووانی عەرەبیی تازەهاتوو، لە بەرامبەر پاوانخوازیی بەغدادا، نابنە ئامرازێک بۆ دزەکردنی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ سازکردنی قەیرانی ئەمنی و نەتەوەیی بۆ داهاتوووی کورد و ڕێخۆشکەر بۆ لەباربردنی ڕەواییی دەسەڵاتی کورد یان هەڵوەشاندنەوەی.
هیچ دەوڵەتێکی سەقامگیر لەم جیهانەدا—جا چ بگاتە قەوارەیەکی لەرزۆکی وەک هەرێم، کە لە ڕووی خاکەوە کێشەلەسەر، لە ڕووی دامەزراوەییەوە لاواز و لە ڕووی سەربازییەوە هەڕەشەلێکراوە—ئامادەی موجازەفە و ڕیسکێکی ئاوا نییە. بەتایبەتی بۆ کوردستانێک کە لە چەند مانگی ڕابردوودا، بێ ئەوەی هیچ تاوانێکی کردبێت، لەلایەن هێزە عێراقییە سەر بە دەسەڵاتەکانەوە بەردەوام ڕووبەڕووی بۆردومان، هێرشی مووشەکی و گوشاری ئابووری کراوەتەوە، ئەو گریمانەیەی کە گوایە بەغدا دەرفەتێکی تر بۆ ملکەچکردنی هەولێر و سلێمانی لەدەست دەدات، تەنیا کەمتەرخەمی نییە، بەڵکوو کوێرییەکی ستراتیژییە. دەوڵەتان لە سەرانسەری جیهاندا پرسی دیمۆگرافی و خاکی ڕێک دەخەن و کارگێڕیی دەکەن؛ ئەم پێویستییە لە شوێنێکی وەک کوردستان زۆر هەستیارتر و وجودیترە، کە لە مێژووی هاوژیانیی کۆمەڵگەی کورد لەگەڵ کولتووری سیاسیی عەرەبیی عێراقدا، ئاوارەیی، ئەندازیاریی دیمۆگرافی، زمانکوژی و جینۆساید بەشێکی بەردەوام بوون. کەواتە، پرسیارە ئەخلاقییەکە ئەوە نییە کە ئایا هەموو دانیشتوویەکی عەرەب لە ڕووی تاکەکەسییەوە جێگەی لۆمەیە یان نا؛ چونکە بەشە جیددییەکەی ئەم پرسە تاکەکەسی نییە. پرسەکە ئەوەیە کە ئایا کۆمەڵگەی سیاسیی کوردی ماف—و توانای دامەزراوەیی—هەیە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان، ئاسایشی دیمۆگرافی، زمان، ئۆتۆنۆمیی سیاسی و داهاتووی بەکۆمەڵی خۆی.
ئەو توانایە دامەزراوەییە ڕێک ئەو شتەیە کە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مسۆگەر لەبەردەستیدا نییە. نە خاوەنی سەروەرییەکی بێمشتومڕە بەسەر ئەوەندە خاکەی لە ژێر دەسەڵاتی لەرزۆکیدا ماوە، نە دەسەڵاتەکەشی هیچ زەمانەتێکی بۆ داهاتووە سیاسییەکەی هەیە. ئۆتۆنۆمییەکەی پشتی بە ڕێکخستنێکی خاکیی یەکلانەبووەوە بەستووە؛ ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ناوچە کوردستانییەکان ئێستا لە دەرەوەی ئیدارەکەیدان، تەنانەت دانووستانیشیان لەسەر ناکرێت؛ مانەوەی داراییەکەی بەندە بەو بڕیارانەی لە بەغدا دەدرێن؛ و بوونی سیاسیشی بەستراوەتەوە بە هاوکێشە و حیساباتە ناسەقامگیرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. لە بنەڕەتیشدا، ڕەواییی دەسەڵاتی ناوچەیی کوردی نەتەنیا لەلایەن حکوومەتی بەغداوە، بەڵکوو لە بەشێکی زۆری گۆڕەپانی سیاسیی عەرەبیی عێراقیشدا بەردەوام دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. لەنێویاندا ئەو دانیشتووانەی کە ئینتیما و دڵسۆزییە سەرەکییە سیاسی و کولتوورییەکەیان تەنیا بۆ بەغدایە، حکوومەتێکی ناوچەیی کە دەسەڵاتی یاسایی، داهات، سنوور و مافە دەستوورییەکانی ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر لەلایەن ناوەندێکی دەرەکیی زاڵەوە کەمتر و سنووردار بکرێنەوە، ناتوانێت بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە وا دابنێت کە وەرچەرخانێکی دیمۆگرافی لەم قەبارەیەدا لە ڕووی سیاسییەوە بێلێکەوتە دەبێت. کراوەیی دیمۆگرافی لە ژێر سایەی یەکسانیی سەروەریدا بۆ وڵاتێکی سەقامگیر و بێ کێشە وەکوو یارمەتییەکی ئەخلاقی یان پێویستییەکی سیاسی یان جەماوەری بابەتێکە؛ بەڵام وەرچەرخانی دیمۆگرافی لە دۆخێکدا کە خودی دەسەڵاتی قەوارە میواندارەکە بوونی جێگەی کێشە و ململانێیە، بابەتێکی تەواو جیاوازە. لەم جۆرە هەلومەرجانەدا، ڕێگەدان بە گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی بێ ئیمکانی گەڕانەوە هەڵبژاردەیەکی ئاساییی سیاسەتوان و بەڕێوەبەران نییە، بەڵکوو ڕەنگە گەورەترین قوماری سیاسی بێت کە سەرکردایەتیی کورد بیکات—قومارێک کە توانای ئەوەی هەیە گورزێکی مێژوویی و هەمیشەیی قەرەبوونەکراوە لە داهاتووی کورد بدات.
ململانێ بەردەوامەکانی سەر زەویوزار لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی تر، سروشتی ئەم مەترسییە بە شێوەیەکی بەرجەستە و کۆنکرێت نیشان دەدەن. جووتیارانی کورد لەمێژە بەردەوام ڕادەگەیەنن کە عەرەبی هاوردە—کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە پشتیوانی یان پارێزگارییان لێ دەکرێت—هەوڵی بەدەستهێنان، هێشتنەوە یان وەرگرتنەوەی ئەو زەویانە دەدەن کە خاوەندارێتییەکەیان لە ڕێگەی پرۆسەی بەعەرەبکردنی بەعسییەوە گۆڕدراوە. توندوتیژییە پەیوەستەکانی خۆپیشاندانەکانی کەرکووک لە ساڵی ٢٠٢٣دا بوونە هۆی گیانلەدەستدانی لانی کەم چوار کەس، لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی دواتر دووبارە جووتیارانی کورد، داواکارە عەرەبەکان و یەکە سەربازییە عێراقییەکانیان ڕووبەڕووی یەکتر کردەوە. هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ پرسەکە لەوێ چۆن بوو، بە ڕوونی پێمان دەڵێت کە بەغدا چۆن دەڕوانێتە هاتنی هاووڵاتیی عەرەبی عێراقی بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش.
مێژووی ئەم ململانانە، ئەوە دەسەلمێنن کە پرۆسەی بەعەرەبکردن قۆناغێکی مێژوویی دەوامدارە کە تەنیا لە ئەرشیڤ و بیرەوەریی دەستەجەمعیدا ناپارێزرێت؛ بەڵکوو ڕێکخستنەکانی موڵکداری، بانگەشە ڕکابەرەکان، پاراستنە کارگێڕییەکان و تواناکانی زۆرەملێکردنی هێشتا چالاک و کاران. ڕابردوو بە شێوەیەکی ماددی لەناو تاپۆکان، کێڵگەکان، جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان، سنوورە کارگێڕییەکان و، لە سەرووی هەمووشیانەوە، لەو دەسەڵاتە نایەکسانەدا بەردەوامە کە بڕیار دەدات داواکاریی کێ بۆ خاوەندارێتیی زەوی بە ڕەوا بناسرێت. بەم پێیە، کەیسی کەرکووک ئەوە ئاشکرا دەکات کە بۆچی هەرێمی کوردستان بە گشتی لە مەترسیدایە: کاتێک دەسەڵاتی یاسایی کوردی جێگەی مشتومڕ بێت و بەغدا هێزی سەپاندنی بانگەشە دیمۆگرافی و خاکییە ڕکابەرەکانی لەدەستدا بێت، گۆڕانێکی دیمۆگرافیی بەرفراوان دەتوانێت ببێتە ئەو ئامرازەی کە لە ڕێگەیەوە کە ئەو ئۆتۆنۆمییەی کورد کە هەر لە بنەڕەتەوە لاوازە، لە ناوەوە زۆر زیاتریش بێهێز بکرێت و لە دەرەوەش زیاتر لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەدا بێت (بڕوانە ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس واچ سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ٢٠٢٣ی کەرکووک؛ هەروەها ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە ناکۆکییەکانی دواتری زەویوزار).
جینۆسایدی داعش دژی کوردی شنگال هۆشدارییەکی جیاواز، بەڵام زۆر پەیوەندیدار لەبارەی تێڕوانینی کولتووری سیاسی عێراقی سەبارەت بە کورد دەخاتە ڕوو. بێگومان داعش ڕێکخەری سەرەکیی جینۆسایدەکە بوو و بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی دەگەڕێتەوە بۆ داعش. بەڵام، ئەو بەڵامە زۆر گرنگە، گێڕانەوە زارەکییەکان و شایەتحاڵییەکانی ڕزگاربوویی کوردی شنگال، جینۆسایدی شنگال تەنیا وەک کاری چەکدارە هێرشبەرەکانی داعش وەسف ناکەن. زۆرێک بەردەوام ئەوە دەگێڕنەوە کە ئەو دراوسێ عەرەبانەی کە بە شەخسی دەیانناسین و تێکەڵاویان لەگەڵ هەبوون، بەبێ دوودڵییەکی ئەوتۆ چوونەتە ڕیزی داعشیەکانەوە و ڕاستەوخۆ بەشدارییان کردووە لە جینۆسایدەکە و لە دەستنیشانکردنی خێزانەکان، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ، پاسەوانیکردنی دیلەکان، و ئەنجامدانی کوشتن، ڕفاندن، تەجاوز و کردەوە دڕندەکانی تر.
بەداخەوە، گرنگییە سیاسییەکەی گێڕانەوەی ئەم شایەتحاڵانە ڕێک و بەڕاشکاوی لە سەلمێنەری کاریگەرنەبوونی نزیکایەتی جوگرافی و پەیوەندیی جیرانەتی کورد و عەرەب: ئەو بنەماڵە عەرەبانە کە قوربانییەکان لەگەڵیان وەک هاوسێ ژیاون، مامەڵەی بازرگانییان کردووە و پەیوەندیی ئاساییان پێکەوە هەبووە، دەیانتوانی لەژێر هەلومەرجی هاندانی ئایدیۆلۆژی، داڕمانی دامەزراوەیی کوردی، دوژمنایەتیی ڕەگەزپەرستانە و قازانجی تاکەکەسیدا، زۆر بەخێرایی ببنە بەشدار لە لەناوبردنیاندا.
ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێ هەر دراوسێیەکی عەرەب—یان هەر هاتوویەکی عەرەبی هاوچەرخ—وەک تاوانبارێکی شاراوە سەیر بکرێت. بەڵکوو شتێکی ترە. ئەویش ئەوەیە کە لە هەلومەرجی تایبەتی کوردستاندا –هەر وەک لە ئەزموونی ڕۆژئاواشدا دیتمان–پێکەوەژیان بەتەنیا هیچ زەمانەتێکی دامەزراوەی لەرزۆکی خودی کورد و دروشمی هاوسۆزی یان سەلامەتی دابین ناکات، بە تایبەت کاتێک کە دامەزراوەی ئەویدیکەی کورد، لەسەر بنەمای ئانتاگۆنیزم و نەمانی سیاسیی کورد دامەزراوە.
تازە بەتایبەتی لە شوێنێکدا کە نەتەوەیەکی لاواز کە باسی سەروەرییەکەی وەک تاوان دێتە هەژمار و توانای سەروەرییشی نییە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، و لە شوێنێک کە ئایدیۆلۆژیا جینۆسایدییە دژە-کوردەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هێشتا ئامادە و بەردەستن.
دیتمان کە ئەم ئامادەییە سیاسی و کولتوورییە بۆ دژایەتی لەگەڵ کورد بە تێکشکاندنی سەرزەوینی داعشیش کۆتایی نەهات. بەرگریی بەرفراوانی جیهانی عەرەب لە هێرشەکەی چەند مانگ پێش ئێستای ئەحمەد شەرع و حوکمی ئەنفالی ئەو دژی کوردی ڕۆژاڤا، شانبەشانی بانگەشەکردنی ئاشکرا بۆ نوێژی فەتح لە بەشێک لە میدیای عەرەبی و گوتاری سۆشیال میدیادا، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو مافە گریمانەکراوەی عەرەب بۆ سەرکوتکردنی خۆبەڕێوەبەریی کورد، تەنیا پاشماوەیەکی مێژووی بەعسییە نییە و تێڕوانینێکیش نییە کە تەنیا لە نێوان نوخبەی فەرمانڕەوا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عەرەبیدا قەتیس مابێت. خودی هێرشەکە بۆ سەر ڕۆژئاوا لە چەند ڕۆژی یەکەمیدا نزیکەی ١٥٠,٠٠٠ کوردی ئاوارە کرد، لە کاتێکدا هێزەکانی دیمەشق سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی پێشوویان لەگەڵ هەسەدە، بەردەوام بوون لە پێشڕەوی بەرەو ناوچەکانی ژێر ئیدارەی کورد (ئەنجومەنی ئەتڵەسی، ٢٠٢٦). تەنانەت بەشێکی زۆری کوردەکان لەلایەن ئەو ”برایانەی گەلی عەرەب” و هاوسەنگەرانی پێشوویانەوە لە هەسەدەدا،لە پشتەوە ڕا تەقەیان لەکوردی ناو هەسەدە کرد.
ئەو سەفەربەریی و هجوومە گشتییەی میدیایی عەرەب کە هاوڕێی ئەم هێرشە بوو، تووڕەییەکی هێندە بەرفراوانی لە باشوور لێ کەوتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە کۆمپانیاکانی دابەشکردنی میدیا کرد کە پەخشی هێندێک لە کەناڵە عەرەبییەکان ڕابگرن. وەک دەگوترێت ئەو ڕاگرتنە ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیەشی گرتەوە. پارێزەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد هەروەها هەوڵی ڕێکاری یاساییان دا دژی ئەلجەزیرە، ئەلعەرەبیە، و ئەلحەدەس (یانی گرینگرین تیڤیەکانی خەلیج) بەهۆی ئەو ڕووماڵەی کە بە ئاژاوەگێڕانە، و پشتیوانیکار لە سوپای عەرەبیی سووریا بۆ ئیحتیمالی کومەڵکوژیی کوردییان دەیانبینی (پەرەگراف، ٢٠٢٦؛ زە نیو عەرەب، ٢٠٢٦). ئەم پێشهاتانە ئەوە نیشان دەدەن کە وێناکردنی بوونی بەکۆمەڵی کورد وەک بەربەستێکی خاکی کە دەبێت ملکەچ بکرێت یان لەناو ببرێت، هێشتا قابیلی بەرهەمهێنانەوەیە لەناو حکوومەتەکان، پێکهاتە سەربازییەکان، دامەزراوە میدیاییەکان، و بەشە فراوانەکانی گۆڕەپانی گشتی و جەماوەری عەرەبدا. ناکرێت ئەو بەسیج و یەکگرتووییە گەورەیە بۆ قڕکردنی کورد وەک ڕیتۆریکێکی (گوتارێکی) کە گوایە بێکاریگەرییە پشتگوێ بخرێت: ئەم زمانە خەیاڵێکی سیاسیی گشتی عەرەب دژ بە کورد لە خۆی دەگرێت و دەیسەلمێنێت کە تێیدا ئەنفالێکی تر هێشتا وەک شتێکی کراوە، مەجالدار و موحتەمەل پشتیوانیی جیددی لەنێو کولتووری سیاسیی جیهانی عەرەبدا هەیە.
لێرەدا وەک دوا وتە، دوو جیاکردنەوەی کۆتایی حاشاهەڵنەگرن:
یەکەم، ناکرێت پەیوەندیی نێوان کوردستان و دەوڵەتی عێراق وەک پەیوەندییەکی فیدراڵیی بەڕواڵەت ئاسایی هاوشێوەی کۆنفیدراسیۆنی سویسرا یان نێوان سکۆتلەندا وبەریتانیا شیکاری بۆ بکرێت کە ئەوە گەمژەییەکی ئاشکرایە. سەرەڕای هەر نایەکسانی و ململانێیەکی مێژوویی کە تایبەتمەندیی ئەو حاڵەتانە بن، پەیوەندیی نێوان بەغدا و کوردستان لە ڕێگەی داگیرکاری، جینۆساید، بەعەرەبکردن، زەوتکردنی خاک، جێبەجێ نەکردنی دەستوور، داگیرکردنەوەی سەربازی، و ئینکارکردنی بەردەوامی سەروەریی کوردەوە پێکهاتووە و ڕەزایەتیی ئێستای بەغدا بەبێدەنگی لە بەبوونی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی نزیکی عێراقی دوای سەددام و نەبوونی بژاردەی دیکەی تری– بە هۆی هەلومەرجی جیۆپۆلەتیک. ئەبستراکتکردن و داماڵینی ئەم پەیوەندییە لە مێژوویی سیاسی کورد لە عێراق و وەسفکردنی هاتنی عەرەب وەک جووڵەیەکی ناوخۆییی ئاسایی لەناو دەوڵەتێکی هاوبەشدا، بێلایەنیی لە شیکاریدا نییە، ئەگەر لە گێژی نەبێت، خەیانەتە؛ ئەبستراکسیۆن و ڕەهانواندنێکی کۆلۆنیالییە کە مامەڵە لەگەڵ سنوورەکانی ئێستای عێراق و سەروەریی عەرەب-تەوەردا وەک ڕاستییەکی بێکێشە دەکات و ئەو مێژووەی کە ئەمانەی تێدا سەپێندراوە نادیار و لەبەرچاوان ون دەکات. کاتێک بەشێک لە نوخبەی خوێندەواری کورد ئەم ئەبستراکسیۆن و ڕەهانواندنە کۆلۆنیالییە دووبارە بەرهەم دەهێننەوە، لە مەعسوومانەترین لێکدانەوەدا، ئەمە نیشان دەدات کە ئەوان لە بنەڕەتەوە ناتوانن کۆلۆنیالیبوونی هزری خۆیان ببینن و لێی تێ بگەن؛ ئەم بێتواناییەش خۆی یەکێکە لە دەستکەوتە کولتوورییەکانی پرۆسەی بەعەرەبکردن.
دووەم، پرسیارە پێکهاتەییەکە ناکرێت کورت بکرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایا خێزانێکی دیاریکراوی عەرەب شایەنی هاوسۆزی و یارمەتییە، یان مافی ئەوەی هەیە بەدوای ژیانێکی باشتردا بگەڕێت. پێش هەموو شتێک، زۆرێک لەم هاوردانە تووشی ئەو جۆرە کێشانە نین؛ تەنانەت لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە لە زۆرێک لە کوردانی هەولێر و سلێمانی بەتواناترن. زۆرێک لەو کەسانەی لەم دواییانەدا هاتوون، لە مەترسییەکی دەستبەجێ هەڵنایەن؛ ئەوان دێنە کوردستان، چونکە ئاسایش، دەرفەت، خزمەتگوزاری، هەوای خۆشتر یان سوودی ماددیی زیاتریان پێشکەش دەکات. پاڵنەرە تاکەکەسییەکانیان ڕەنگە جێی تێگەیشتن بن، بەڵام بێتاوانیی تاکەکەسی وا ناکات دەرئەنجامە دیمۆگرافییە کەڵەکەبووەکانیش لە ڕووی سیاسییەوە بێتاوان و بێگەرد بن. پێوەرە یەکلاکەرەوەکە لێرەدا تاقیکردنەوەی دۆخەکە بە پێچەوانەوەیە: ئایا زیاتر لە یەک ملیۆن کورد دەتوانن بچنە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی عەرەب، یان تەنانەت بچنە کەرکووک، لەوێ نیشتەجێ ببن و زەوی بکڕن، کۆمەڵگەیەکی چڕ و کۆکراوە دروست بکەن و تایبەتمەندییە زمانەوانی و دیمۆگرافییەکەی بگۆڕن، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی کۆتوبەندیی یاسایی، ئەمنییەتیکردن، سەفەربەریی سیاسی یان دەستێوەردانی دەوڵەت ببنەوە؟ ئایا کۆچی کورد بۆ بەغدا یان پارێزگایەکی عەرەبی دەتوانێت بە قەبارەیەکی هاوشێوە ڕوو بدات و بەسادەیی وەک جوڵانەوە، میواندۆستی و ئازادیی ئابووری ئاهەنگی بۆ بگیرێت؟ ئەگەر جوڵانەوە پێچەوانەکە لە ڕووی سیاسییەوە خەیاڵێکی مەحاڵ بێت، ئەوا جوڵانەوەی ئێستا ناکرێت بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی تەواو ئاسایی یان هاوسەنگ وەسف بکرێت.
سەرچاوەکان:
Holmes, A. A. (2026, January 28). Syria’s Kurds could be al-Sharaa’s partners in rebuilding. Why did Damascus assault them instead? Atlantic Council. https://www.atlanticcouncil.org/blogs/menasource/syrias-kurds-could-be-al-sharaas-partners-in-rebuilding-why-did-damascus-assault-them-instead/
Menmy, D. T. (2026, January 30). Iraqi Kurdish lawyers petition to shut Arab media offices over “bias” Syria coverage. The New Arab. https://www.newarab.com/news/iraqi-kurdish-lawyers-seek-shut-arab-media-offices-over-syria
Peregraf. (2026, January 28). Al Jazeera and Al Arabiya suspended in Kurdistan following criticism over Rojava coverage. https://peregraf.com/en/news/10743
قەندیل پرێس