✍ د. کەمال سولەیمانی
لە ماوەی ڕابردوودا، ئەکادیمیی ناسراوی کورد، پرۆفسۆر بورهان یاسین، لێکۆڵینەوەیەکی گرینگی بە ناوی “بەعەرەبکردنی نەرمی کوردستان” بڵاو کردەوە. بە بڕوای من، ئەمە بابەتێکی ئێجگار جیددییە: لە ڕووی تیۆرییەوە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر پتەوە، لە ڕووی بەڵگەیی و واقیعییەوە دەوڵەمەندە، و لە ڕووی سیاسییەوە تەرکیز لەسەر پرسێکی زۆر چارەنووسساز و هەستیار دەکات. هێزی شیکردنەوەکەی و ئەو واقیعە سەرسوڕهێنەرەی کە دەیخاتە ڕوو، وەک چاوەڕوان دەکرا، گفتوگۆ و موناقەشەیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە. بەخۆشحاڵییەوە زۆربەی دەنگدانەوەکان ئەرێنی بوون. بەڵام هەندێک لە ڕەخنەگران، گومانیان خستۆتە سەر دروستیی چەمکی “بەعەرەبکردنی کوردستان” کە پرۆفسۆر یاسین بۆ دەستنیشانکردنی پرۆسەی ژێر لێکۆڵینەوەکەی بەکاری دەهێنێت.
خوێندنەوەی من بۆ ئەم ڕەخنە و ناڕەزایەتییانە ئەوەم پێ دەڵێت کە زۆربەیان لە تێنەگەیشتن لە لۆژیکی بنەمایی باسەکەی د. یاسینەوە سەرچاوەیان گرتووە. من لەم نووسینەی ئێستادا کە لە ٣ بەش پێک دێت، چەمکی “بەعەرەبکردن” بەکار ناهێنم، بەڵکوو “خۆ-تەعریبکردن” بەکار دەهێنم، کە چەمکێکە هاواتای “خۆ-بەعەرەبکردن”ـە. من بەکارهێنانی “تەعریب”ـم پێ باشترە چونکە ماوەیەکی زۆرە لە نێو گوتاری کوردیدا باو بووە و، تا ڕادەیەکی بەرچاو، کوردێنراوە، کاریگەرییە هەستی و سایکۆلۆژییەکەی لە ڕەوان و سایکی کورددا بەرچاوترە. هەروەها، پێشگری “خۆ-“ی پێوەم زیاد کردووە بۆ ئەوەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی ئەم پرۆسەیە دەستنیشان بکەم: ئەویش بەشداریکردنی کوردە لە بزووتنەوەیەکی زۆر مەترسیدار بەرەو خۆلەناوبردنی دەستەجەمعی، کە دەبێت وەک بەشێک لە عەقڵییەت و مێنتالیتەی مرۆڤی کۆڵۆنیکراو ببینرێت. چونکە مرۆڤی کۆلۆنیکراو، کە هەڵگری هەستی کۆڵۆمینتاڵیزم (نەفرەت لە خۆی کولتورییە) یان مێنتالیتەی کۆڵۆنیاڵە، دوای ماوەیەک بەرژەوەندیی خۆی لە چاوی ئەویدییەکەی خۆیەوە دەبینێت. ئەو کۆڵۆمینتالیزمە لە پەرچەکرداری هێندێک (نەک هەموویان) خوێندەواری کورد دژ بە لێکۆڵینەوەکەی د. یاسین بە ڕوونی دەکەوێتە بەرچاو.
خۆ-تەعریبکردن، چ بە زانینەوە و چ لە ڕووی نەزانینەوە بکرێت، خۆ-تەعریبکەر بەشدار دەکات لە داخوران و پووکانەوەی دیمۆگرافی، خاکی، سیاسیی و داهاتووی نەتەوەیی کورد و جوگرافیای کوردستان. ئەوەی ئەم پرۆسەیە لە فۆرمەکانی تری پێشووتر ناسراوی تەعریب، کە بە دەستی دەوڵەتانی دژەکورد لە باشور و ڕۆژئاوا دەکرا، جیا دەکاتەوە، جیاوازی لە لۆژیکی بنچینەیی یان لە ئاکامە پێشبینیکراوەکانی تەعریبدا نییە، بەڵکوو فاکتەر جیاکەرەوەکە ناسنامەی بکەری ئەو ڕەوتەی نوێی تەعریبە لە باشوور. ئەم پرۆسەیەی ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە لایەن بکەرە کوردەکانەوە (یانی حیزبەکانی دەسەڵاتدارەوە) ئاسانکاری بۆ دەکرێت و لە ڕێگای دامودەزگا کوردییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. بەشداریکردنی ئەوان لەم پرۆسەیەی نوێ تەعریبدا، ناوەڕۆکی ئەکت و کردەوەکە و ئاکامەکەی ناگۆڕێت. بەڵکوو لە ڕاستیدا توانایی تەعریبی کولتوری و درێژەی کاریگەرییەکی دەردەخات کە توانیویەتی بکەرەکانی خۆی لە ناو کورد دروست بکات و تەعریب خۆی لە ڕێگای هەمان ئەو کۆمەڵگایەوە بەرهەم بهێنێتەوە کە هەڕەشەی لەناوبردنی دەکات. ئەمە خۆی بەڵگەی کاریگەریی تەعریبی کەلتوورییە لە کوردستان، کە لە نەبوونی بکەری ڕاسیستی عەرەبیشدا، بکەری کوردی بە شێوەیەکی ئاسایی داهاتووی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و زەمینەی ماددی، سیاسی و کەلتووریی خۆلەناوبردن لە غیابی بکەری عەرەبیشدا درێژە پێ دەدات. بۆیە ئەم پرۆسەیە بە ڕاشکاوی خۆ-تەعریبکردنە.
ئەم خۆماڵیبوونەی تەعریب، یان ئەنجامدانی بە دەستی بکەری کورد، ئەو ڕەهەندە تایبەتەیە کە دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە. بۆیە بەڕاستی ئەلەمێنت و عونسۆری نەرمی “بەعەرەبکردنی بێدەنگی هەرێمی کوردستان” کە د. یاسین مامۆستایانە دەیخاتە ڕوو، لە ڕاستیدا ئاماژەیە بە بکەریی و بە ئەیجنسیی کوردە لە پرۆسەی نوێی عەرەباندنی کوردستان و عەرەباندنی داهاتوویی کورددا. لە بری دووبارەکردنەوەی ئەو باسانەی کە د. یاسین پێشتر خستوونیەتە ڕوو، من تیشک دەخەمە سەر ئەوەی کە بەشداریکردنی کورد چی دەربارەی پێکهاتەی بەردەوامی تەعریب دەردەخات – و دەربارەی گۆڕانی پڕۆژەیەکی داگیرکاریی دەرەکی بۆ پرۆسەیەک کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بە دەستی کورد خۆی بەڕێوە دەچێت.
د. بورهان یاسین مەزەندەی ئەوە دەکات کە نزیکەی ١,٠٣٢,٠٠٠ دانیشتووی عەرەب لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون، کە دەکاتە نزیکەی لەسەدا ٢٦ی کۆی دانیشتووانی هەرێمەکە.
ئەگەر ئەم ئامارانە ڕێک ئاوا بن یان نزیک بن لەوەوە، ئەوا ئاماژەن بۆ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافیی ئێجگار گەورە، بەتایبەتی لە وڵاتێکدا دەکەن کە لە بەشێکی زۆری سەدەی بیستەم و تەواوی ئەم سەدەیەدا لەژێر هەڕەشەی تەعریبدا بووە — پرۆسەیەک کە نەتەنیا کۆتایی نەهاتووە بەڵکوو دەرهاوێشتەکانی بەردەوامن لە داڕشتنەوەی ژیانی کورد و پرۆسەکەی لە فۆرمی دیکە و جۆراجۆردا درێژەی هەیە.
هەندێک لە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە شیکردنەوەکەی د. یاسین لەو گریمانەیەوە سەرچاوە دەگرن کە گوایە فراوانبوونی بەرچاوی گروپێکی ئیتنیکی لە ناو زێدی نەتەوەیەکی دیکەدا، لە ڕووی سیاسییەوە بێئاکام و بێکاریگەرییە. هەندێکی تریش پێیان وایە لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیەی ئێستا لە لایەن دەسەڵاتدارانی مافیایی کوردەوە ئاسانکاری بۆ کراوە، ڕێگەی پێ دراوە، یان بەڕێوە براوە، ناکرێت بە دروستی وەک “تەعریب” پێناسە بکرێت. هەردوو پاساوەکە نەک تەنها مێژووی تەعریب فەرامۆش دەکەن، بەڵکوو زۆر بە ساکاری لە لۆژیکە سیاسیی و بنچینەییەکەی مەعریفە و عەقڵیەتی تەعریب دەڕوانن. گرینگتر لەوەش، ئەوان چاوپۆشی لەو لاوازی و بێدەرەتانییە بەردەوامەی هەرێمی کوردستان دەکەن لە نێو سیستەمێکی دەستووریی عێراقیدا کە لە ڕووی ڕۆح و پێکهاتەوە، مۆرکە نەتەوەییە عەرەبییەکەی دەوڵەت دەپارێزێت. بۆیە پێش باسکردنی ئەم لۆژیکە، کەمێک لەسەر ڕۆحی عەرەبیی یاسای بنەڕەتیی ئێستای عێراق دەدوێم، چونکە لە خوێندنەوەی ڕۆح و دەقی ئەو یاسایەدا، درێژەدان بە تەعریب وەک هەستێک، وەک بەرگرییەک لە ڕابردووی عەرەبی، و وەک نیگەرانییەک لە پێگەی یاسایی کورد و ترسی بەهێزبوونی کورد، بە ڕاشکاوی دەبینرێت.
بێگومان دەستووری ٢٠٠٥ لە ڕووی فەرمییەوە دان بە نەهامەتییەکانی کورد و هەندێک مافی گرینگی کورددا دەنێت. پێشەکییەکەی ئاماژە بە “کۆمەڵکوژییەکانی” هەڵەبجە، بارزان، و ئەنفال و چەوساندنەوەی نەژادیی کوردە فەیلییەکان دەکات. بەڵام ناگاتە ئەو ئاستەی ئەم تاوانانە وەک جینۆساید ناو ببات، یان میکانیزمێکی یاسایی دابنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نیەتەی لە پشت جینۆسایدکردنی کوردستانەوەیە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی بکات. هەروەها هیچ گەرەنتی و پارێزبەندییەک دانانێت کە هاوتا بێت لەگەڵ مێژووی نەتەوەیەکدا کە ڕووبەڕووی هەڵمەتە یەک لەدوای یەکەکانی قڕکردن، ئاوارەکردن، و ئەندازیاریی دیمۆگرافی بووەتەوە. هیچ جۆرە پێگەیەکی تایبەتی یاسایی بۆ حزوری کورد لە سیستەمی قەزای عێراقیدا بۆ پێشگرتن لە درێژەکێشانی حافیزە، ڕوانگە و درێژەی تەفسیری جینۆسایدی دژ بە کورد پێشبینی نەکراوە. بۆیە داننانەکەی بە نەهامەتییەکانی کورددا بە ناتەواوی دەمێنێتەوە و لە ڕووی سیاسییەوە پاشکۆی تێگەیشتنێکی بۆماوەییە بۆ عێراقێک کە بنەما نەتەوەییە عەرەبییەکانی هەرگیز بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵنەوەشێنراونەتەوە. بە ڕاشکاوی، جینۆسایدی کورد وەک پرسێکی جیددی و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی لە ڕۆحی یاسایی عێراقی و کەلتووری سیاسیدا ڕەنگی نەداوەتەوە، بۆیە هیچ مەرج و ڕێگرێک بۆ دووبارەبوونەوەی نییە. بۆ بەراورد لەگەڵ نموونەیەکی هاوتا، ئەگەر کەسێک ڕۆژێک لە ئەڵمانیا ژیابێت یان کەمترین زانیاری لەسەر مێژووی ئەو وڵاتە هەبێت، دەزانێت کە هەموو کەلتووری سیاسی و مەدەنی و وێنای ژیانی ڕۆژانەی ئەو وڵاتە، شەرمەزاری و ترسیان لە کردەوەی هۆلۆکۆست و جینۆسایدی جوولەکەکان پێوە دیارە.
کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە بڕگە دەستوورییەکان ناتەواون. بەڵکوو ئەوەیە کە دەستووری عێراق، کوردستان لە نێو دەوڵەتێکدا دەهێڵێتەوە کە ناسنامە، دەسەڵاتی سەروەری، و زۆرینە دیمۆگرافییەکەی بە شێوەیەکی ڕەها بە عەرەبی ماونەتەوە و هیچ شەرمێکیشی لە جینۆسایدی کورد پێوە دیار نییە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ میکانیزمێکی پاراستنی کاریگەر دابین ناکات دژی گۆڕینی ئەو زۆرینەیە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی هەمیشەیی، لە چوارچێوەی یاسا و کەلتوور و حافیزەیەکی دامەزراوەییدا کە شەرمی لە ڕابردووی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ڕۆڵی لە جینۆسایددا پێوە دیاربێ و بەرگری لە دووبارە بوونەوەی بکات. لە ئەنجامدا، مافەکانی کورد بەستراونەتەوە بەو دامەزراوانەوە کە لە لایەن هەمان ئەو سیستەمە زۆرینەخوازە، ڕاسیست و بێشەرمە سەبارەت بە ڕابردووی دەسەڵاتی ئیتنیکیی خۆی، کۆنتڕۆڵ کراون. لە حاڵێکدا کورد و کوردستان بۆ مانی پێویستی بە میکانیزمی یاسایی و دامەزراوەییە بۆ پاراستنی لە هەمان کولتوری سیاسی، یاسایی و دامەزراوەیی هەیە. لەم سۆنگەیەوە، دەستووری عێراقی تێپەڕین لە تێگەیشتنە مێژووییە ڕاسیستی و بەعسیەکەی عێراق عەرەبی نییە؛ بەڵکوو لە ڕێگەی زمان و گوتاری فیدراڵیزمەوە دایدەڕێژێتەوە و شەرعییەتی بە درێژەی هەمان عەقڵیەت و کولتور و نەریتی دامەزروەیی دەدات.
ئەم ناکۆکییە هەر لە سەرەتاوە لە مامەڵەی دەستووری عێراقی لەگەڵ پرسی “یەکێتیی دڵخوازانە یان ئیتحادی ئیختیاری”دا دەردەکەوێت. پێشەکییەکەی باس لەوە دەکات کە عێراقییەکان “بە دڵخوازانە” بڕیاریانداوە داهاتوویان یەکبخەن و “یەکێتییە ئازادەکەیان” بپارێزن، کەچی لە هەمان کاتدا هەر لە ماددەی ١ـی دەستوورەوە، تێگەیشتنێکی دژ بەو دڵخوازییە وەک زامنی یەکێتیی عێراق ڕادەگەیەنێت. ئەمەی دووەمیان بە شێوەیەکی کرداری، دەرهاوێشتە سیاسییەکانی ڕاگەیاندنەکەی یەکەمیان لە مانا دەخات و پووچەڵی دەکاتەوە.
ئەگەر یەکێتییەکە لە ڕووی دەستوورییەوە زامن کرابێت بەبێ گوێدانە ڕەزامەندی و دڵخوازیی کورد بۆ ئەو یەکێتییە، ئەوا ئیدیعای ئارەزوومەندانەبوونی ئەم یەکێتییە تەنیا دەبێتە قسەیەکی ڕواڵەتی لە پێشەکییەکی بێئاکامدا. دەستووری عێراقی هیچ میکانیزمێک دابین ناکات کە لەو ڕێگەیەوە ڕەزامەندیی کورد دەرببڕدرێت، دووبارە بکرێتەوە، ڕابگیرێت، یان بکشێنرێتەوە، بۆیە دان نان بە کوردستان و کورد وەک خەڵکێکی خاوەن بڕیار لە یەکێتیی عێراقدا ونە و وەک لایەنێکی بەڕاستی ئارەزوومەندانە لە پەیماننامە دەستوورییەکەدا نایبینێت. دەستووری عێراقی دان بە هەندێک دامەزراوە و دەسەڵاتی کوردیدا دەنێت، بەڵام ئەو “ئەیجنسی” (Agency) و بکەرییەی لێ زەوت دەکات کە پێویستە بۆ دیاریکردنی خودی جۆر و سروشتی پەیوەندییە سیاسییەکەی نێوان ئەو دوو کیانە، بۆیە هەر لە نووسینی ئەو دەستوورەدا عەقڵیەتی بەعسی بە زەقی دیارە.
ئەم خاڵە بۆیە گرینگە، چونکە هەندێک لەو ڕەخنانەی ئاراستەی باسەکەی دکتۆر یاسین دەکرێن، پەنا بۆ بوونی سیستەمی فیدراڵی عێراقی دەبەن وەک ئەوەی گەرەنتییەکی نەگۆڕ بێت بۆ مانەوەی کوردستان. بەڵام وا نییە. لە نێو واقیعی مێژوویی و سیاسیی عێراقدا، زمانی دەستووری عێراق چەندین جار سەلماندوویەتی کە بە هیچ شێوەیەک فاکتەرێکی جێی متمانە نییە بۆ پاراستنی کوردستان کاتێک مافەکانی کورد لەگەڵ ئیرادەی زۆرینەی عەرەب، بەرژەوەندییەکانی بەغدا، یان هاوکێشە باڵادەستەکانی هێزی ناوچەییدا یەک ناگرنەوە. لە ئەنجامدا، ئاسایش و داهاتووی سیاسیی کوردستان زیاتر پشت بە هەلومەرجە ناجێگیرە جیۆپۆلەتیکییەکان دەبەستێت نەک زمانی دەستووری عێراقی.
چارەنووسی ماددەی ١٤٠ ڕوونترین بەڵگەیە لەم ڕووەوە. ئەم بڕگەیە داوای ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، و ڕیفراندۆمی لە کەرکووک و ناوچە کیشە لەسەرەکانی تر دەکرد تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧. ئامانج لێی پێچەوانەکردنەوەی، لانی کەم بەشێکی، دەرهاوێشتە خاکی و دیمۆگرافییەکانی تەعریبی بەعسی بوو. کەچی دوای نزیکەی دوو دەیە، نەک هەر داواکارییە سەرەکییەکانی ئەکتەری حیزبی کوردی لە ڕووی نایەت باسیان بکات، بەڵکوو لە دوای ٢٠١٧ـەوە بەشێکی هەرە زۆری ئەو ناوچانە بە شێوەیەکی دیفاکتۆ و بێ قسەهەڵگربوون، لە دەست کورد دەرچوون و ئێستا وەک ناوچەی ”کێشە لەسەریش” هەژمار ناکرێن. ئەم بابەتە لە گفتوگۆ سیاسییەکانی عێراق — و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتریش و بەتەواوی لە گوتاری حیزبە کوردییەکاندا — ون بووە. تا ڕادەیەک ئەگەری شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی زۆرترە لەوەی ڕۆژێک لە بەغدا کورد وەک بلۆکێک گلەیی شەرمیون لە دەرکردنی کورد لە ناوچە ”کێشەلەسەرەکان” بکات. بۆیە میکانیزمێکی دەستووری کە بە تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی تەعریب داڕێژرابوو، خۆی لە لایەن ئەو سیستەمە سیاسییەوە پەک خراوە و ئێستا بووەتە بەشێک لە ئەرشیفی مێژوویی عێراقی دوای سەددام.
لێرەوە ماددەی ١٤٠ دەریدەخات کە، لەو شوێنەی پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، میکانیزمە یاساییەکان بێمانان بەرامبەر بە بڕیارەکانی دەوڵەتی عێراق و عەقڵیەت و ئێرادە زۆرینە باڵادەستەکەی عەرەبی، بە جۆرێک کە ئێستا هیچ کوردێک بوێری ئەوەی نییە تەنانەت ئەو باسانە هەر بێنێتە گۆڕ. ئەگەر ئەرکێکی دەستووریی ڕاشکاو بۆ پێچەوانەکردنەوەی تەعریب بکرێت بۆ ماوەیەکی نادیار و بێ هیچ لێکەوتەیەکی مانادار پەراوێز بخرێت، ئەوا تەسەووری ئەوەی کە فیدراڵیزمی دەستووری وەک گەرەنتییەکی تەواو دژی گۆڕانکاریی زیاتری دیمۆگرافی بهێنرێتەوە، تەنیا خەیاڵە. ئەوانە هەمووی بەڵگەن کە نەک تەنیا دەوڵەتی عێراقی دوای سەددام کێشەی لەگەڵ تەعریب نەبووە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ناوەڕۆکی ئاشکرای یاسای بنەڕەتیی خۆی تەعریبی درێژە پێداوە و کردوویە بە واقیعێکی ڕۆژانە و سیاسی دژ بە کورد کە کورد تەنانەت ناوێرێت باسیشی لێ بکات.
هەمان پێکهاتەی زۆرینەخواز کۆنتڕۆڵی لێکدانەوەی دەستووریش دەکات. هێزە سیاسییە باڵادەستەکان ئەو دەسەڵاتەیان بەدەستەوەیە کە چوارچێوە و مانای سیستەمی فیدراڵی دیاری بکەن و بەردەوامیی حوکمی عەرەبی لە شێوەی حکومڕانییەکی دەستووری و بێلایەندا نیشان بدەن. دادگای باڵای فیدراڵی ڕۆڵێکی ناوەندی لەم پرۆسەیەدا بینیوە. گونجانی یاسایی خودی دادگاکە لەگەڵ ماددەی ٩٢ی دەستوور ــ بەتایبەتی سەبارەت بە بنەمای یاسایی و شێوازی پێکهاتنی ــ لەمێژە جێگەی مشتومڕە.
بەڵام کێشە گەورەترەکە سیاسییە: دادگاکە بەردەوام ئیرادەی سیاسیی مەرکەز لە بەغدا گۆڕیوە بۆ دۆکتورینێکی دەستووریی کۆتایی و پابەندکەر. لە ناو سیستەمێکی سیاسیی عێراقیدا کە تا ئێستا بە قووڵی لە ژێر کاریگەریی ئێراندا بووە، ئاراستە و ئەنجامی بڕیارەکانی دادگا بەردەوام لەگەڵ ڕوانگەی پاوانخوازانەی عەرەبیدا یەکی گرتووەتەوە. ئەم بڕیارانە، بە بەرتەسککردنەوەی دەسەڵات و بنەما یاساییەکانی هەرێم، دژ بە داهاتووی کوردستان کاریان کردووە و لە درێژخایەندا قەوارەی هەرێم بەرەو بێمانابوون دەبەن.
بەتایبەتی لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ـەوە، دادگاکە بووەتە ئامرازێک کە لە ژێر پەردەی زمانی فەرمیی دەستووریدا، ئۆتۆنۆمیی نیسبی و پێگە یاساییەکەی کوردستانی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرتەسکتر کردووەتەوە و بنەما حوقووقییەکانی هەرێم و داهاتووی سیاسیی ئەو قەوارەیەی بنکۆڵ کردووە. بۆ نموونە، بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، گورزێکی گەورەی لە بنەما یاساییەکانی کەرتی وزەی سەربەخۆی هەرێم دا، ڕێگەی بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی خۆش کرد تاکوو لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم بدات و، لە ئەنجامدا، پشتی ئابووریی قەوارەی کوردی بشکێنێت.
لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی کوردەوە، دادگاکە لە ئەنجامدا ئەرکێکی هاوشێوەی «فەتوا»ی وەرگرتووە: ئیدیعا مشتومڕاوییەکانی دەسەڵاتی مەرکەز دەگۆڕێت بۆ بڕیارگەلێکی یاسایی و پابەندکەر کە کوردستان هیچ پەناگەیەکی دامەزراوەیی و کاریگەری بۆ بەرەنگاربوونەوەیان نییە. ئەمە خۆی بەڵگەی پرۆسەیەکی زۆر جیددیی تەعریبی یاسایی و دامەزراوەیییە؛ پرۆسەیەک کە سەروەریی زۆرینەی عەرەب لە ڕێگەی بڕیارە یاسایی و پابەندکەرەکانەوە دەسەپێنێت، داهاتووی قەوارەی کوردی دەخاتە مەترسییەوە و توانای بکەرایەتی و خاوەنبڕیاریبوونی کورد سەبارەت بە چارەنووسی خۆی لێ دەسەنێتەوە.
کەواتە، سیستەمی دەستووری نەک هەر هیچ پەنایەک بۆ کورد لە بەرامبەر تەعریبدا دابین ناکات، بەڵکو لە ژێر کۆنتڕۆڵی زۆرینەدا بووەتە بەشێک لە ژێرخانی یاسایی و دامەزراوەیی تەعریب، تەنانەت ئەگەر ئەمە لەگەڵ دەقی ڕواڵەتیی خودی دەستوورەکەشدا پێچەوانە بێت. هەمان ئەو سیستەمەی کە نەیهێشتووە دەرهاوێشتە دیمۆگرافییەکانی پرۆسەکانی پێشووی تەعریب هەڵبوەشێنرێنەوە، بەردەوام هەوڵ دەدات ڕێگە بۆ مەرکەزییەتێکی زۆرتر و سەپێنراوتر لە عێراقدا خۆش بکات؛ تاکوو ئۆتۆنۆمیی نیسبیی کورد تەواو پەک بخات، بەڕێوەبردنی ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن دەسەڵاتی عەرەبییەوە بکاتە واقیعێکی قسەهەڵنەگر، و ئەو توانایە سیاسییە هەرچی زیاتر لە کورد زەوت بکات کە بۆ ڕێکخستنی داهاتووی دیمۆگرافیی خۆی، وەک بکەرێکی سیاسی، پێویستی پێیەتی.
بەم جۆرە، فیدراڵیزمێکی فەرمی هاوشان لەگەڵ سەروەرییەکی عەرەبیی زۆرینەخوازدا دەڕواتە پێش؛ سەروەرییەک کە توانای هەڵپەساردن، سنووردارکردن یان پێناسەکردنەوەی مافەکانی کوردی هەیە. لە ٢٠١٧ـەوە، پرۆژەی سیستەماتیکی تەعریب هەم لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە، هەم لە ئاستی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی ناوچە جێناکۆکەکاندا، و هەم لە ڕووی یاساییەوە، بەردەوامیی پێ دراوە.
بۆیە، ئەو گریمانەیەی کە پێی وایە کوردستان دەتوانێت بە سەلامەتی بەرگەی گۆڕانکارییەکی گەورەی تری دیمۆگرافی بگرێت، لەسەر سێ بنەمای هەڵە و لەرزۆک وەستاوە: یەکەم، گوایە ئەو لۆژیکە سیاسییەی کە لە پشت وێرانکردن و تەعریبکردنی کوردستانەوە بووە، چیتر بوونی نییە؛ دووەم، گوایە سیستەمی عێراقیی دوای ٢٠٠٥ خاوەنی دامەزراوەگەلێکە کە دەتوانن ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو پرۆسەیە بکەن؛ سێیەمیش، ئەو خەیاڵەیە کە گوایە دەسەڵاتی سیاسیی کورد لە ناوخۆدا ئیرادە و «ئەیجنسی»ی پێویستی بۆ ڕێگریکردن لەم خۆتەعریبکردنەی هەیە.
وازهێنان لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، دەستبەسەرداگرتنی دەستوور لەلایەن زۆرینەوە، مەرکەزیبوونەوەی بەردەوامی دەسەڵات و لاوازکردنی ئۆتۆنۆمیی کورد لە ڕێگەی دامەزراوە دادوەرییەکانەوە، ڕێک پێچەوانەی ئەم گریمانانە دەسەلمێنن. عەقڵیەتی تەعریب هێشتا ماوە، میکانیزمە دامەزراوەییەکانی هێشتا لەبەردەستدان، و خودی سیستەمی دەستووری و ئەو دامەزراوانەی لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە پێکهاتوون، دەکرێت وەک ژێرخانێکی یاسایی بۆ بەردەوامکردنی پرۆسەی تەعریب بخرێنە کار.
لە ڕاستیدا، دووبەرەکیی نێوان کورد، لاوازیی قەوارەی هەرێم و ترس لە قەیرانی کۆمەڵایەتی ــ کە هەموویان بەرهەمی هەلومەرجی کۆلۆنیکردنی کوردستانن ــ دەتوانن حیزبە کوردییەکان بەرەو بەشداری لە خۆتەعریبکردندا پاڵ پێوە بنێن؛ بەشدارییەک کە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبییە، بەڵام لە پێچەوانەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورددا دەوەستێتەوە.
درێژەی هەیە…
قەندیل پرێس