به‌په‌له

تەقینەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە شێلادزێ

​قەندیل پرێس

لە ساتێکدا کە ناوچە شاخاوییەکان و دەڤەرە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە خزمەتگوزاریی بنەڕەتی و گرنگیپێدانی تایبەت هەیە، دۆخی ژیان لە ناحیەی شێلادزێی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، گەیشتە خاڵی وەستان و تەقینەوەی ناڕەزایەتی. ئەم شەو، شەپۆلێکی قووڵ و بێوێنەی ناڕەزایەتیی جەماوەری سەرجەم گەڕەکەکانی سەنتەری بازاڕ و گەڕەکی سەرهەڵدانی هەژاند؛ کاتێک هاوڵاتییان لە کاتی نیوەشەودا و لەپێناو دەربڕینی تووڕەیی قووڵیان بەرامبەر بە فەرامۆشکردنیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای هەنگاوی بەپەلە و ڕیشەییان بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە کارەساتبارە کرد کە تێیدا دەژین.

ئەم ناڕەزایەتییە جەماوەرییە فراوانە، کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند و ڕێگای سەرەکیی شێلادزێ بۆ دێرەلۆکی خستە ژێر کاریگەرییەوە و داخست، تەنها کاردانەوەیەکی کاتی نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی تەقینەوەی زنجیرەیەک قەیرانی کەڵەکەبووی ساڵانە بوو کە ڕاستەوخۆ ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی دانیشتووانی ناوچەکەی خستووەتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە.

یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکە، کە وەک برینێکی سەخت لە جەستەی دانیشتوواندا دەبینرێت، قەیرانی بێکارەبایی بوو. بە وتەی بەشداربووان و دانیشتووانی ناوچەکە، دۆخی خزمەتگوزاریی کارەبا لە شێلادزێ گەیشتووەتە ئاستێکی نەخوازراو و قابیلی قبووڵ نین. بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی پازدە ڕۆژە دانیشتووانی ناوچەکە بە تەواوی بێ کارەبا بوون و تۆڕی گشتی هیچ بڕە کارەبایەکی نەداوەتە هاوڵاتییان. ئەمە لە کاتێکدایە کە نە کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان بەهۆی کەمیی سووتەمەنی و گوشاری زۆرەوە توانیویانە کێشەکە چارەسەر بکەن، و نە پرۆژەی ناسراو بە ڕووناکی کە حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات، توانیویەتی کێشەی دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ هاوڵاتییانی شێلادزێ دابین بکات. ئەم قەیرانە بەردەوامە دۆخەکەی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بردووە و هاوڵاتییانی ناچار کردووە لە تاریکیی ئەم شەودا داوای مافە سەرەتاییەکانیان بکەن.

جگە لە قەیرانی ڕیشەیی و سەختی کارەبا، خۆپیشاندەران کۆمەڵێک کێشەی دیکەی خزمەتگوزاری و ژینگەییان خستەڕوو کە ژیانی خەڵکیان قورس و ناچارکەر کردووە؛ لەوانە فەرامۆشکردنی ژێرخانی شارەدییەکە و کەمیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کە وایکردووە ئاستی ئاوەدانی لە سفڕدا بێت، پرسی  پەیوەندیدار بە هەڵگرتنەوە و کۆکردنەوەی پاشماوەکان و زبڵ و خۆڵ کە مەترسیی پیسبوونی ژینگەی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە و بۆن و بەرامەی ناخۆش و مەترسیی تەندروستی بۆ دانیشتووان دروست کردووە، هاوکات لەگەڵ بێکارییەکی بەربڵاو لەنێو توێژی گەنجاندا کە باڵی کێشاوە بەسەر ناوچەکەدا، لەگەڵ دابەزینی ئاستی بژێوی و خراپیی گوزەرانی خێزانەکان، بە جۆرێک کە داهاتی خێزانەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە.

​سەرەڕای تێپەڕبوونی کات و کاردانەوە سەرەتاییەکانی هێزە ئەمنی و کاربەدەستان، گردبوونەوەکە بەردەوام بوو و لە فراوانبووندابوو. هاوڵاتییان بەو مەشخەڵ و دروشمانەی بەرزیان کردبووەوە، جەختیان لەوە کردەوە کە تاوەکو وەڵامێکی ڕیشەیی و کردارەکی بۆ داواکارییەکانیان نەدۆزرێتەوە و دەسەڵات هەنگاوی جدی نەنێت، ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبن و ڕێوشوێنی توندتر دەگرنەبەر.

بۆ تیشکخستنە سەر هۆکارەکانی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، سامان ڕێکانی، چالاکوان و بەشداربووی گردبوونەوەکەی شێلادزێ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس ڕەخنەی توند لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئیدارەی ناوچەکە گرت و دۆخەکەی بە کارەساتبار وەسف کرد.

سامان ڕێکانی لە سەرەتای قسەکانیدا بۆ قەندیل پرێس وتی ئەوەی لە شێلادزێ ڕوو دەدات دەرئەنجامی ساڵانێک لە فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنی ئەنقەستە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، و ژیان لەم ناوچەیە بە تەواوی قۆرخ کراوە و بەرپرسانی ئیداری و حکومی تەنها خەریکی بەرژەوەندیی تەسکن و هیچ کات گوێ بە دەنگی برسی و ماندووی خەڵک نادەن، و حکومەت لە ماوەی ڕابردوودا تەنها دروشمی خزمەتگوزاریی بەرزکردووەتەوە، بەڵام لە مەیدانی پراکتیکیدا شارەدییەکەیان لە سەدەی بیستویەکدا بێکارەبا، بێاو و لە خراپترین دۆخی ژینگەییدا دەژی.

ئەو چالاکوانە زیاتر جەختی لەوە کردەوە کە دانیشتووانی شێلادزێ سەرەڕای بوونی سروشتی جوان، پێگەی ستراتیژی و سامانە سروشتییەکان، بەهۆی کەمتەرخەمی و گەندەڵیی کاربەدەستانەوە لە خراپترین دۆخی خزمەتگوزاریدا دەژین و ڕێکانی باوەڕی وا بوو کە پشتگوێخستنی شێلادزێ بووەتە شێوازێک کە قابیلی قبووڵ نییە و چیتر خەڵک ئامادە نییە لەژێر هیچ ناوی پڕۆژەیەکی ڕووکەش و بێ ناوەرۆکدا بێدەنگ بێت.

هەروەها بەشداربووانی تریش ڕەخنەیان لە شێوازی بەڕێوەبردن و مامەڵەی ئیدارەی ناوچەکە گرت و ئاماژەیان  بەوەدا کە تاکە ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی گەورەتری جەماوەری، دەستبەجێ دەستبکاربوونی حکومەتە بۆ دابینکردنی کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

​ئێستا دۆخی شێلادزێ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە؛ ئایا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هانای ئەم خەڵکە ڕووناکیی لێبڕاو و بێکارەبایەوە دەچن، یان قەیرانەکە زیاتر قوڵ دەبێتەوە و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان سەرجەم ناوچەکانی تری دەڤەرەکە دەگرێتەوە؟ ئەمە پرسیارێکە کە تەنها ڕۆژانی داهاتوو وەڵامەکەی دەدەنەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

یەرەکە: ئومێد وەشکەلانی لەلایەن هێزەکانمانەوە سزادرا

یەرەکە ڕایگەیاند، هێزەکانمان لە شاری مەریوان کۆنترایەکیان بە ناوی ئومێد وەشکەلانی سزادا، کە بە هەموو …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *