جێگۆڕکێی ئیمپراتۆرییەکان؛ تورکیا چۆن بۆشایی ئێران پڕدەکاتەوە و باڵادەستیی خۆی دەسەپێنێت؟
قهندیل پرێس- ڕاپۆرتی شیكاری
لە کاتێکدا دۆخی سیاسی و سەربازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێراییەکی بێوێنە لە گۆڕاندایە و نەخشەی نفوزی هێزە هەرێمییەکان ڕووبەڕووی وەرچەرخانی مێژوویی دەبێتەوە، چەندین پرسیار لەسەر ئاڕاستەی داهاتووی بزووتنەوە چەکدارەکان و کێبڕکێی نێوان وڵاتانی ناوچەکە دێنە ئاراوە. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی فەڵەستین و پرسی گۆڕانکارییە سەرکردایەتییەکان لەناو بزووتنەوەی حەماسدا، دەروازەیەکی نوێی بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشە ئاڵۆزانە کردووەتەوە. سەبارەت بەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییانە و پاشەکشەی نفوزی لایەنێک و کشانەوەی بەرەو پێشەوەی لایەنێکی تر، ڕۆژنامەنووس و نووسەر توانا عوسمان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس، وردەکاری و ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم هاوکێشە سیاسییە نوێیە دەخاتە ڕوو و تیشک دەخاتە سەر دیمەنی نوێی ناوچەکەو دهڵێت: “لە ئاستی عەمەلی و ستراتیژیدا، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی حەماس و ڕووداوەکانی دوای ئۆکتۆبەر ئەوە دەردەخات کە تەسلیمبوونی بزووتنەوەی حەماس و چەکدانانی، ڕاستییەکی تاڵ و حاشاهەڵنەگرە کە لە لایەکەوە پەردە لەسەر قووڵایی نفوزی تورکیا لە فەڵەستیندا هەڵدەتەکێنێت و لە لایەکی تریشەوە شکستێکی یەکجاری بە پلانەکەی یەحیا سێنوار دەبەخشێت بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا.
سێنوار لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دا ویستی بەدیفاکتۆیەکی مەیدانی و توندوتیژ، ئیسرائیل بخاتە دۆخێکی ناچاربوونی سیاسییەوە و دۆزی ڕەوای فەڵەستین بەرەو پێشەوە بەرێت، کەچی خوێندنەوەی بۆ هاوسەنگیی هێزەکان و جۆری بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل هەڵەیەکی کوشندە دەرچوو. ئەم هەڵسەنگاندنە نادروستە باجێکی گەورەی لێکەوتەوە کە تێیدا خودی سێنوار، هاوڕێکانی و دەیان هەزار مەدەنی بێتاوان کوژران، غەززە بە شێوەیەکی بێوێنە وێران و داڕووخا، و لە کۆتاییشدا غەززە گەیشتە ئەو خاڵەی کە ڕێکخراوەکەی چەکی دانا.”
گۆڕانکارییە سەرکردایەتییەکان و باڵادەستیی باڵی تورکیا
لە درێژەی لێدوانهكهیدا، ئەو نووسەرە تیشک دەخاتە سەر ئەو گۆڕانکارییە هەستیارانەی کە لە پێکهاتەی سەرکردایەتیی حەماسدا ڕووی داوە و پێی وایە ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ململانێی نێوان ئاراستە جیاوازەکانە لە ناوچەکەدا. دیاریکردنی خەلیل حەییە وەک سەرۆکی نوێی بزووتنەوەکە لە هەفتەی ڕابردوودا، تەنها گۆڕانکارییەکی ئیداری نین، بەڵکو دەرکەوتنی ڕوویەکی نوێن کە ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتیی نفوزی تورکیا دەکات لە دیمەنی سیاسیی فەڵەستیندا.
ئەم ململانێیە تازە نییە، بەڵکو دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، خەلیل حەییە لەو کاتەدا کاندیدی فەرمی و پەسەندکراوی تورکیا بوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، بەڵام لەو دەمەدا باڵی ئێرانی بە سەرکردایەتیی سێنوار توانیان باڵادەست بن و سەرکەوتن بەدەستبهێنن؛ ئێستاش بە پێچەوانەوە، ئەو باڵە تورکییە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.
راوانبوونی نفوزی تورکیا و پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی ناوچەکە
لە لایەکی تری شیکارییەکەدا بۆ قەندیل پرێس، توانا عوسمان هەڵسوکەوتی ئێستای دەوڵەتی تورکیا بەوە دەناسێنێت کە لەم قۆناغەدا بە نەفەسێکی ئیمپراتۆرییەوە و وەک هاوبەش و نوێنەری ستراتیژیی ئەمەریکا، سەرکردایەتیی ناوچەکە دەکات و هەنگاو بە هەنگاو جێگە بەتاڵەکانی ئێران پڕ دەکاتەوە و دەچێتە ناو ئەو بۆشاییە جوگرافی و سیاسییانەی کە لە ئەنجامی پاشەکشەی تارانەوە دروست بوون.
ئەم نەخشە فراوانخوازەی تورکیا لە چەندین بەرەی جیاوازدا بەدی دەکرێت؛ ساڵی ڕابردوو تورکیا توانی بۆشایی دوای دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا پڕ بکاتەوە و بێتە یاریزانی سەرەکی، لە ئەمساڵیشدا بە شێوازێکی سیستماتیک سەرقاڵی ڕاکێشانی لوبنانی دوای حزبوڵایە بۆ ناو بازنەی نفوزی خۆی. لە ئاستی عێراقیشدا، تورکیا سیاسەتێکی دوو لقی گرتووەتەبەر کە تێیدا دەیەوێت نەوتی عێراق بە لێشاو بکڕێت و لە هەمان کاتدا پرۆژەی ستراتیژیی ڕێگای پەرەپێدان لەگەڵ عەلی زەیدی تەواو بکات. لوتکەی ئەم فراوانخوازییەش ئەمڕۆ لە فەڵەستین خۆی بینیەوە، کاتێک تورکیا لە ڕێگەی ڕێککەوتنامەی چەکدانانی حەماسەوە بوو بە ئەندازیاری سەرەکیی ئاوەدانکردنەوەی غەززە و بە تەواوی دیمەنی نوێی فەڵەستینی داگیر کرد.
قەندیل پرێس