هونەرمەندێکی منداڵ لە دهۆک دەبێتە ئامانجی هەڵمەتێکی نائەخلاقی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاند

قەندیل پرێس- ڕاپۆرتی تایبەت و بەدواداچوون

بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕووتی هونەرمەندی منداڵ و ناسراوی شاری دهۆک، ڕۆكه‌ن فەرهاد، کە لە ئێستادا تەمەنی تەنها 16 ساڵە، لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا دەنگدانەوەیەکی یەکجار گەورە و فراوانی لە شەقام، ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ لێکەوتەوە.

ئەم رووداوە نیگەرانییەکی قووڵی لای هاووڵاتییان، چالاکوانان و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا دروست کردووە، چونکە دەگوترێت، ئەم ڤیدیۆیە بە شێوازێکی زۆر نادادپەروەرانە و لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پیشکەوتووی ژیریی دەستکردەوە دروست کراوه‌و بە مەبەستی ناشرینکردن و لەکەدارکردنی ناوبانگی ئەم هونەرمەندە گەنجەی کە خاوەنی مێژوویەکی هونەریە و خۆشەویستە لە لای منداڵان و خێزانەکان.

ئەم کارە شەپۆلێکی بەرفراوانی تووڕەیی جەماوەری لێکەوتووەتەوە و دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارە گەورەکانی ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی کردووەتەوە تاوەکو بە زووترین کات ڕێوشوێنی توند و یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگرنە بەر کە دەستیان لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیەدا هەبووە، بە چەشنێک کە ببێتە پەند بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە هۆشیاریی تەکنەلۆجیا بۆ ئازاردانی کەسانی تر بەکار دەهێنن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی قەندیل پرێس کە لە ڕێگەی کەسە نزیکەکانی ئەو هونەرمەندەوە دەستی کەوتووە، باری دەروونی ڕۆكه‌ن فەرهاد دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بە شێوازێکی ترسناک تێکچووە و ئێستا لە ژێر کاریگەرییەکی زۆر خراپ و قورسی دەروونیدا دەژیت کە تێیدا تووشی شۆک و دڵەڕاوکێی قووڵ بووە. ناوبراو لە ئێستادا بە ناچار دوور لە کۆمەڵگا و بە تەنها دەژی، بەڵام لە ژێر چاودێری و پاراستنی وردی دەزگا ئەمنییەکاندا بە مەبەستی پاراستنی گیانی دەمێنێتەوە، و لە هەمان کاتدا تیمێکی تایبەت لە پزیشکانی دەروونی و راوێژکاران بەردەوام چاودێری دەکەن و خەریکی چارەسەرکردن و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دەروونین بۆی تاکو بتوانێت بە سەر ئەم قۆناغە یەکجار سەخت و پڕ لە گوشاردا سەرکەوێت. لە لایەکی ترەوە، کەسوکاری ناوبراو بە توندی هاتوونەتە دەنگ و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سکاڵایەکی فەرمییان لە دادگا و لایەنە ئەمنییەکان لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە کە ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە، و سەرەڕای ئەوەی کە کەسەکە لە ڕووی ناسنامەوە دیارە و ناسراوە، بەڵام تاوەکو ساتەوەختی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوە و سزادانی.

كه‌یسی هونەرمەند ڕۆكه‌ن فەرهاد هونەرمەندە منداڵە کە ئێستا بووەتە بابەتی گەرمی ڕای گشتی، بەپێی بەدواداچوونەکانی قەندیل پرێس، ڕۆكه‌ن فەرهاد مێژوویەکی درێژی لە کاری هونەریدا هەیە سەرەڕای تەمەنە بچووکەکەی؛ ناوبراو لە تەمەنی زۆر زوودا، واتە لە پانتایی تەمەنی 4 بۆ 5 ساڵییەوە، دەستی بە گوتنی ستران و گۆرانی کوردی کردووە و تاوەکو ئێستا بەرده‌وام بووه‌. و لەو ماوەیەشدا توانیویەتی 21  کلیپی تایبەت و سەرنجڕاکێش بڵاوبکاتەوە. سەرجەم کلیپ و بەرهەمە هونەرییەکانی بە پلەی یەکەم بۆ منداڵان و پەروەردەی ئەوان گوتراون، و ئەمە جیا لەوەی کە خاوەنی بەشدارییەکی بەرچاوە لە گۆرانییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا کە شانبەشانی هونەرمەندە ناسراوەکانی کوردستان وەک نازدار جزیری پێشکەشی کردوون، کە ئەمەش پایەی خۆشەویستیی ئەوی لە دڵی هەوادارانی هونەری کوردی و خێزانەکاندا قایمتر کردووە.

قۆناغەکانی کارکردن، پشوودان و پێگەیشتنی هونەری ئەم ستێرەی منداڵانە، پێش ئەوەی تووشی ئەم بارودۆخە ببێت، بڕیاری داببوو کە لە تەمەنی 13 ساڵییەوە تاوەکو تەمەنی شانزە ساڵیی خۆی، بەهۆی گۆڕانی سروشتیی دەنگ و چوونە ناو قۆناغی هەستیاری پێگەیشتنەوە، پشوو بە کارە هونەرییەکانی بدات و هیچ کلیپ و بەرهەمێکی نوێ بڵاونەکاتەوە، تاوەکو دواتر بە ستایل و ڕەنگ و دەنگێکی نوێ و پێگەیشتووەوە دەگەڕێتەوە نێو دنیای هونەر و گۆرانیبێژی. ئەم پشووە زۆرەملێ یان پلەبەندکراوە بە ئامانجی پاراستنی کوالێتی دەنگ و هونەرەکەی بووە لەو تەمەنە زۆر هەستیارەدا کە هەموو هونەرمەندێکی گەنج پێیدا تێپەڕ دەبێت.

ڕۆكه‌ن فه‌رهاد لە مێژووی کلیپی منداڵاندا لە ڕابردوودا چەندین کلیپ و بەرهەمی جوان بۆ منداڵان لە کوردستان دروست کراون و بڵاوکراونەتەوە، وەک دوایین کلیپی هونەرمەندا کچ دینا بە ناوی داده داده، کە توانی نزیکەی چوار ملیۆن بینەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆبکاتەوە و بە گوتەی خۆیشی خاوەنی زۆرترین بینەر بووە لە مێژووی بەرهەمە کوردییەکانی تایبەت بە منداڵاندا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ئیلهام ئەحمەد: بنیاتنانی ئاشتی بەبێ قبوڵکردنی جیاوازییەکان قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە

قەندیل پرێس ​بنه‌ڕه‌تیترین مه‌رج بۆ بنیاتنانی ئاشتییه‌کی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ کۆمه‌ڵگا بتوانێت به‌ زمان و ناسنامه‌ی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *