قەندیل پرێس- ڕاپۆرتی بەدواداچوون
لەکاتێکدا تەنها دوو هەفتە بەسەر دەرچوونی بڕیارە فەرمییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕدەبوو کە تیایدا بەڵێنی کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنی نرخی جۆرەکانی بەنزینی بازرگانی دەدا، بازاڕەکانی سووتەمەنی لە هەرێم تووشی شۆکێکی گەورە بوون و نرخەکان بەڕێژەی سەدا سەد بەرزبوونەوەیان بەخۆانەوە بینی، ئەمەش بارودۆخێکی نەخوازیار و کارەساتباری بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران دروستکرد کە لە سەرەتادا هیوایان بەو بڕیارانە هەبوو، بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویدا و نرخەکان گەیشتنە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆیان لە بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک، بێ ئەوەی هیچ لایەنێکی چاودێریکردن بتوانێت کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و هاوڵاتیان لەو قەیرانە قورسە ڕزگار بکات کە ڕاستەوخۆ ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیانی پەکخستووە.
پێشتر حکومەت بە فەرمی نرخی بەنزینی نۆرمالی بە 850 دینار، بەنزینی موحەسەنی بە 1000 دینار و بەنزینی سۆپەری بە 1200 دینار دیاریکردبوو، بەڵام ئەم بڕیارە کاغەزییە تەمەنێکی کورتی هەبوو و نەیتوانی بۆ یەک هەفتەش لە بەنزینخانەکاندا جێبەجێ بکرێت، بەڵکو نرخەکان نەک هەر لەسەر ئاستی پێشوو نەمانەوە، بەڵکو گەیشتنە لوتکەی گرانبەهایی و لە ئەمرۆدا لە زۆربەی بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆکدا نرخی نۆرمال بۆ 1550 دینار، نرخی موحەسەن بۆ 2250 دینار و نرخی بەنزینی سۆپەریش بۆ 2500 دینار بەرزبووەوە، ئەم بەرزبوونەوە خێرایەش وایکرد سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە بکەنە ژێر باری قورسی خەرجییەکان و کرێی گواستنەوەش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی بازاڕ هەبوو و دۆخێکی ئابووری سەختی بۆ خەڵک خولقاند، بە جۆرێک کە داهاتی هاوڵاتیان لە ئاستێکی زۆر نزمدا مایەوە و توانای کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نەما.
بێ توانا بوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خۆیان، ناڕەزایەتییەکی توندی شەقامی لێکەوتەوە و خەڵک بە گومان و نیگەرانییەکی قوڵەوە لەم یارییە نرخانە دەڕوانن، تاوەکو دوای تەنها چەند ڕۆژێک لەم دۆخە پڕ لە پشێوییە، حکومەت بە فەرمی پەشیمانبوونەوەی خۆی لە بڕیارەکەی پێشووی ڕاگەیاند و بە ئاشکرا دەستبەرداربوونی خۆی لە کۆنترۆڵکردنی نرخی سوتەمەنی خستەڕوو، ئەم بڕیارەی پاشەکشەکردنەش بۆشاییەکی گەورەی لە بازاڕدا دروستکرد و دەستی کۆمپانیاکان و قۆرخکارانی سوتەمەنی ئاواڵا کرد تاوەکو هەرچۆنێک حەز بکەن یاری بە ژیان و قوت و بژێوی خەڵکەوە بکەن و بە هەزاران شۆفێر ناچار بکەن کاتژمێرەها لە سەرە درێژەکاندا لە بەردەم بەنزینخانەکاندا بوەستن و بۆ بەدەستهێنانی بڕێک کەم لە بەنزین بێزار و ماندوو ببن، بێ ئەوەی هیچ ئاوڕێک لە دۆخی دەروونی و دارایی ئەو هاوڵاتیانە بدرێتەوە کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم سەختیانە دەبنەوە.
لە بەرانبەر ئەم دۆخە نەخوازراوەدا، عەلی محەممەد، کە شۆفێرێکی تاکسییە لە شاری دهۆک، لە لێدوانێکدا بۆ قەندیل پرێس نیگەرانی و ناڕەزایەتی توندی خۆی دەربڕی و باسی لەوە کرد کە ئەوان وەکو شۆفێرانی تاکسی بژێوی خێزانەکانیان بەستراوەتەوە بەم کارەوە، بەڵام بەهۆی ئەم گرانبوونی بێسەروبەرەی بەنزینەوە، ناچار بووە ئۆتۆمبیلەکەی لە ماڵەوە ڕابگرێت و چیتر کار نەکات چونکە داهاتەکەی بە هیچ شێوەیەک تێچووی بەنزین و پێداویستییەکانی تاقی ناكاتەوە و کارکردن بووەتە زیانێکی گەورە بۆی، ئەو شۆفێرە ئاماژەی بەوەشدا کە تاکسییەکەی تەنها سەرچاوەی داهاتی خێزانەکەی بووە و ئێستا لە بەردەم نەبوون و قەیرانێکی دارایی سەختدا دەناڵێنێت، چونکە نەک هەر ناتوانێت بژێوی منداڵەکانی دابین بکات، بەڵکو حکومەتیش بەم بڕیارە هەڵگەڕاوانەی پشتی تێکردوون و بە تەواوی خستوونیەتە ناو تونێلێکی تاریک و بێ دەرچووەوە.
هەروەها، لە لایەکی ترەوە، ماهر عەبدوڵڵا، چالاکوانی مەدەنی و سیاسی، لە لێدوانێکدا بۆ قەندیل پرێس ڕەخنەی توند لە حکومەتی هەرێم دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت سیناریۆیەکی شکستخواردووە کە تێیدا هاوڵاتی و چینە هەژارەکان دەبنە قوربانیی یارییە سیاسی و ئابوورییەکانی دەسەڵاتداران، ناوبراو دەڵێت ژیانی خەڵک گەیشتووەتە سفر و قورسایی بژێوی ڕۆژانە باریشانی گران کردووە و حکومەت لە جیاتی ئەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بپارێزێت و پشتیوانی لە هاوڵاتیانی کەمدرامەت بکات، بە بڕیارە کاغەزی و ناواقعییەکانی و پاشان بە فەرمی پەشیمانبوونەوەی، دەسەڵاتی کۆمپانیا قۆرخکارەکانی بەسەر قووتی خەڵکدا سەپاندووە، ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا شۆفێران لە دهۆک و هەولێر ناچارکراون لە پێناو دەستکەوتنی بەنزینێکی گرانبەها و کوالێتی خراپدا کاتژمێرەها لە سەرە درێژەکاندا بوەستن بێ ئەوەی هیچ دەنگێکی ناڕەزایی حکومەت بەخەم بێت، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بارودۆخە کارەساتبارە و لێکترازانێکی گەورەی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات دروستکردووە و حکومەت هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی بەرامبەر بە ژیانی تاڵی خەڵک لەدەستداوە، بێ ئەوەی هیچ پلانێکی جدی بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیان لەم هەژارییە بێوێنەیە هەبێت.
قەندیل پرێس