ڕەشنووسەکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و ئامانجی کۆتاییهێنانە بە بوونی کردەییی پەکەکە و ڕادەستکردنی هەموو جۆرە چەکێک.
ئەنجوومەنێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری سەرۆککۆمار و لیژنەیەکی پەرلەمانیی 17 کەسی چاودێریی جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن.
یاساکە تاوانەکانی ئەندامێتی و پڕوپاگەندە دەگرێتەوە، بەڵام تاوانی کوشتنی بەئەنقەست و سزا قورسەکانی پێش ساڵی 2005 ناگرێتەوە.
بۆ سوودمەندبوون لە یاساکە، دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە داواکاریی فەرمی پێشکەش بکرێت.
کۆتاییهێنان بە بوونی کردەیی پەکەکە و چەکداماڵینیان دەبێت لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستنیشان بکرێت و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی پشتڕاستی بکاتەوە.
تاوانەکانی دامەزراندن، بەڕێوەبردن، ئەندامێتی، هاوکاریکردن و پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوەکە دەخرێنە چوارچێوەی ئەم یاسایەوە.
بۆ ئەو تاوانانەی سزاکەیان خوار 15 ساڵە، دۆسییەکان بۆ پێنج ساڵ و بۆ سزاکانی سەرووی 15 ساڵ و هەتاهەتایی بۆ 10 ساڵ دوادەخرێن.
ئەنجوومەنێکی باڵا بە بەشداریی وەزیرانی داد، ناوخۆ، بەرگری و سەرۆکی میت بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن.
وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ ڕێنمایی هاوبەش بۆ پڕۆسەی تۆمارکردن و داماڵینی چەک ئامادە دەکەن.
یاساکە چەند تاوانێکی دیاریکراوی لە لێخۆشبوون و دواخستن بەدەر کردووە، لەوانە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست کە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەدا ئەنجامدراوە. هەروەها لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن بۆ ئەو تاوانانەی پێش ڕێکەوتی یەکی حوزەیرانی 2005 ئەنجامدراون و سزای زیندانی هەتاهەتایی یان زیندانی هەتاهەتایی قورسیان لەسەرە، لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم یاسایە دەمێننەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا داواکاریی نووسراو پێشکەش بکرێت؛ ئەگەر کەسەکە لە ماوەی دواخستنی سزاکەدا هیچ تاوانێکی نوێ ئەنجام نەدات، بڕیاری دادگایینەکردن یان کۆتاییهێنان بە دۆسیەکەی بۆ دەردەچێت.
قەندیل پرێس