مهرسومی سهرۆكی ههرێم جێبهجێ نهكرا
قەندیل پرێس- زانیاری تایبهت و بهدواداچوون
دۆخی مرۆیی و دەروونی ڕۆژنامەڤان و چالاکوانی بەهدینان قارەمان شوکری لە ناو زینداندا گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار و کارەساتبار ئەمەش دوای ئەوەی کە دوو ساڵ بەسەر دەرچوونی مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی سزاکەی تێدەپەڕێت و کەچی هێشتا دەسەڵاتدارانی زیندان ئامادە نین فەرمانەکە جێبەجێ بکەن، ئەم پاشگوێخستنە یاساییە و ستەمی بەردەوام وایکردووە ناوبراو ڕووبەڕووی دۆخێکی نەخوازراوی جەستەیی و دەروونی ببێتەوە و چەندین جار وەک ناڕەزایەتییەک دژی نادادییەکان مانی لە خواردن بگرێت.
قارەمان شوکری لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بۆ جارێکیتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ناوبراو پێشتر لە ساڵی ٢٠١٩شدا لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شیلادزێدا دەستگیرکرابوو و دواتر ئازادکرابوو بەڵام دەسەڵاتداران بەچڕی لەسەر کاری ڕۆژنامەڤانی و چالاکی سیاسی بەدوایدا بوون، لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا دادگای تاوانەکانی دهۆک لە پرۆسەیەکی دادوەریی نهێنیدا و بە بێ ئاگاداریی پارێزەران سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند ئهو كات ئەم سزایە به تەواو پێچەوانەی ماددەکانی یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی هەرێمی کوردستان لێكدرایهوه.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر زیندانیکردنەکەیدا لە ٧ی ئابی ٢٠٢٤دا و مەرسومێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ لێبووردنی تایبەت بە ڕێژەی لەسەدا ٦٠ بۆ کەمکردنەوەی سزای ناوبراو دەرچوو بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ کە دوو ساڵ بەسەر ئەو مەرسومەدا تێدەپەڕێت دەسەڵاتدارانی زیندان ڕێگرییان لە جێبەجێکردنی کرداریی بڕیارەکە کردووە و قارەمانیان لە ژوورە تاریکەکاندا هێشتووەتەوە.
سەبارەت بەم دۆخە سەرچاوەیەکی نزیک لە خێزان و کەسە نزیکەکانی ئەم ڕۆژنامەنووسە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس وردەکاریی خستە ڕوو و ڕایگەیاند: “قارەمان لە ناو زینداندا لە دۆخێکی تەندروستی و دەروونی زۆر خراپدایە بەهۆی بێئومێدبوونی تەواوی لە سیستەمی دادوەری کە نەک ناتوانێت مافەکانی بۆ بگێڕێتەوە بەڵکو بڕیاری سەرۆکایەتیش بۆ لێبووردنی کەمکردنەوەی سزاکەی پێشێل دەکات ناوبراو وەک کاردانەوەیەک دژی ئەو نادادییەی بەرامبەری دەکرێت چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە و ئەمەش مەترسییەکی جیدی لەسەر ژیانی دروست کردبوو سەرەڕای ئەوەی دایک و کەسوکارانی بە دۆخێکی دەروونی و جەستەیی زۆر شکاوی پڕ لە گریان و نیگەرانییەوە سەردانیان کردووە و داوایان لێکردووە مانگرتنەکەی بشکێنێت تاوەکو گیانی لەدەست نهدات بەڵام دەسەڵاتدارانی زیندان لە بری پێشوازیکردن لە داواکارییە یاساییەکان و چارەسەرکردنی دۆخەکە گوشار و فشاری دەروونی بەردەوامیان پەیڕەو کردووە بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتییەکان نەگاتە دەرەوە و لە دۆخێکی بێدەنگدا لەناو ببەن.”
پێشتر بهشێك له ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی جەختیان لەوە دەکردهوه کە درێژەدان بە ڕاگرتنی نایاسایی قارەمان شوکری دوای دەرچوونی مەرسومی لێبووردن پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی مافی مرۆڤە بۆیە داوایان لە سەرۆکایەتیی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان كردبوو بە زووترین کات دەستوەردان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم نادادییە و ئازادکردنی بێمەرجی ڕۆژنامەڤان قارەمان شوکری پێش ئەوەی دۆخی تەندروستیی ناوبراو بکەوێتە قۆناغێکی کارەساتبارەوە.
قەندیل پرێس