کۆچبەرانی سەرێکانی داوای ماف و قەرەبووی دادپەروەرانە دەکەن

قه‌ندیل پرێس- ڕاپۆرتی تایبه‌ت

کۆچبەرانی سەرێکانی لە حەسەکە داوای قەرەبوو و مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن و یەکەمین گرووپی گەڕانەوەش دیاریکرا.

بە دەیان هاووڵاتی و کۆچبەری شاری سەرێکانی لە بەردەم بینای پارێزگای حەسەکە له‌ ڕۆژئاوای كوردستان گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایان کرد ماڵە وێرانبووەکانیان قەرەبوو بکرێنەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ گەڕانەوەیان دابین بکرێت. ئەم گردبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دۆخی مرۆیی کۆچبەران لە ساڵانی ڕابردوودا گەیشتووەتە ئاستێکی سەخت و پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە هەیە.

بەشداربووانی گردبوونەوەکە چەندین دروشمیان بەرزکردەوە کە گوزارشتیان لە داواکارییەکانیان دەکرد، لەوانە ئێمە داوای هەموو مافەکانمان و قەرەبووی دادپەروەرانه‌ دەکەین، وێرانکردنی ماڵەکانمان بە بەڵێن ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێشتر هەبوو، دادپەروەری بە پێدانی قەرەبووی قوربانییەکان دەست پێدەکات و قەرەبووکردنەوە داواکاری نییە بەڵکو مافە.

هاووڵاتییانی سەرێکانی جەختیان لەوە کردەوە کە دوای ساڵانێک لە دەربەدەری و ژیان لە کەمپ و دۆخی دژواردا، گەڕانەوە تەنها بە دابینکردنی سەلامەتی و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە تێکشکاوەکان ئەنجام دەبێت. ئەوان داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان کرد کە دەستوەردانی بەپەلە بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گەڕاونەوەیان.

لە لایەکی ترەوە، کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی ڕایگەیاند کە بڕیارە ڕۆژی 10ی ئاب یەکەمین گرووپی کۆچبەرانی سەرێکانی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە 5ی ئابدا ڕاگەیەندراوی فەرمی لەسەر قۆناغەکانی گەڕانەوە بڵاوکرایەوە.

سەبارەت بەم دۆخە و گرنگیی پشتگیریکردنی داواکارییەکانی کۆچبەران، مستەفا ئەحمەد چالاکوانی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ قەندیل پرێس ڕایگەیاند کە گردبوونەوەی ئەمڕۆی کۆچبەرانی سەرێکانی لە حەسەکە دەربڕینی ڕاستەقینەی ئەو ئازار و نەهامەتییانەیە کە ئەم خەڵکە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە لە کاتی کۆچکردن و دوورکەوتنەوە لە شارەکەیان بەڕێی دەکەن. ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەش دا کە قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و ئاوەدانکردنەوەی ماڵە وێرانبووەکان ئەرکێکی سەرەکییە و ناتوانرێت پرۆسەی گەڕانەوەی ئارام بێ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بەڕێوەچێت، داواشی لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هاوکاری ئەم کۆچبەرە ستەملێکراوانە بن تاوەکو بتوانن بە شایستەیی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

ڕەوشی کۆچبەرانی سەرێکانی هێشتا یەکێکە لە دۆسیە هەرە هەستیار و مرۆییەکان لە ناوچەکەدا و چاوەکان لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی گەڕانەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان چڕ بوونەتەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

هێرشی ٤ درۆنی ئێران بۆ سەر شوێنی دوو کۆمەڵەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی

دوو بەرپرسی باڵای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران دەڵێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *