دەمیرتاش و مزراکلی سەبارەت بە چوارچێوەی یاسا پەیامێکیان بڵاوکردەوە

 سەلاحەدین دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی لە پەیامێکی هاوبەشدا سەبارەت بە یاسای چوارچێوە ڕایانگەیاند، ئەمە پرۆسەیەکی دابەشکاری یان مامەڵە و سەودایەکی هەرزان نییە، هیوادارین پێکەوە هەنگاوێکی دیکەی چارەنووسساز و گرنگ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوەوە، کە چارەنووسی وڵات و ناوچەکەمان بگۆڕێت.

ئەمڕۆ، هەردوو سیاسەتمەداری زیندانیکراو، سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی سەبارەت بە یاسای چوارچێوە، پەیامێکیان ئاراستەی دەستەی گشتیی پەرلەمان کرد.

دەقی پەیامەکەیان بەم شێوەیەیە:
“بەڕێز سەرۆک، بەڕێز هاوسەرۆکانی گشتی، بەڕێز پەرلەمانتاران، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە سڵاو و ڕێزی خۆمان ئاراستەی یەکە بە یەکەتان دەکەین.
هیوادارین پێکەوە هەنگاوێکی دیکەی چارەنووسساز و گرنگ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوەوە، کە چارەنووسی وڵات و ناوچەکەمان بگۆڕێت.
بێگومان گفتوگۆ و ڕەخنە و پێشنیاز دەبن، هەر یەکێکیان بە نرخە و ڕۆڵی خۆی دەبێت. بەڵام دەمانەوێت بزانرێت کە ئێمە بە هەموو دڵ و دڵسۆزی و جددییەتمانەوە لەم پرۆسەیەدا بەشدارین و بە هەموو هێزمانەوە پشتگریمان لێکردووە، بۆ ئەوەی ئارامی و خوشک و برایەتیی ٨٦ ملیۆن کەس بەهێز و گەورەتر بکەین.
ئەمە پرۆسەیەکی دابەشکاری یان مامەڵە و سەودایەکی هەرزان نییە، پێویستە هیچ کەسێک لەپشت ئەم هەوڵە بەنرخانەوە بە دوای بەرژەوەندی شاراوە و پلانی گڵاودا نەگەڕێت و کات بەفیڕۆ نەدات، ئەو لایەنانەی بە گومانەوە نزیک دەبنەوە، با چەندی دەیانەوێت ڕەخنە لەم پرۆسەیە بگرن، بەڵام بێجگە لە خواستی ئێمە بۆ لەباوەشگرتنی یەکتر و هەستی پێکەوەبوونی کورد و تورک لە تورکیا، هیچ شتێکی دیکە نابینن، لە ئەنجامی ململانێی ٤٠ ساڵەدا، هیچ کەسێک نەماوە کە دڵی بریندار نەبووبێت. ئێمە ناچارین بە دڵسۆزییەوە پرۆسەکە بەرەوپێش ببەین، ئازارەکانمان بەش بکەین و شانبەشانی یەکتر بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین.

پەرلەمانتارانی بەڕێز؛
هیوادارین هەر دەنگێک کە ئێوە بەکاری دەهێنن، ئاشتی، یەکڕیزی و خوشک و برایەتیمان بەهێزتر بکات و ڕەخنە و هۆشدارییەکانتان لەسەر بنەمایەکی بنیاتنەر بخەنەڕوو. هیوادارین ئەم هەنگاوە، کە باوەڕمان وایە بۆ هەموومان خێر دەبێت، دەرگای نوێ لە سیاسەتدا بکاتەوە و چاکە، هاوکاری و پێگەیشتویی بەدەست بهێنێت.

بەم بۆنەیەوە، سوپاسی بەڕێزان سەرکۆمار و دەوڵەت باخچەلی دەکەین کە لە دەستپێکردن و بەڕێوەبردنی پرۆسەیەکی قورسدا ئیرادەی سیاسیی خۆیان بە بەهێزی نیشاندا، بەتایبەتی سوپاسی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین کە هەوڵێکی گەورەی بۆ ئاشتی داوە. هەروەها سوپاسی بەڕێزان نوعمان کورتولموش، ئۆزگور ئۆزەل، مەحمود ئەریکان، عەلی باباجان، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەرکان باش، سەید ئاسلان، کەمال کڵچدارئۆغڵو و زەکەریا یاپجیئۆغڵو دەکەین کە بەشدارییان کرد لە خاوەندارێتی و بەڕێوەچوونی تەندروستیانەی پرۆسەکەدا.
سوپاسی بەڕێزان موساوات دەرویشئۆغڵو و فاتیح ئەربەکان دەکەین کە بە ڕەخنە نەرێنییەکانیان، هەرچەندە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت، بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد.

بێگومان سوپاسی هاوڕێیانمان لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، هاوسەرۆکانی گشتییمان بەڕێزان تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغوللاری و ئەندامانی شاندی ئیمرالی دەکەین کە بە فیداکارییەکی گەورەوە بوونە هێزی پرۆسەکە، و بەم بۆنەیەشەوە بەڕێز و پێزانینەوە یادی هاوڕێمان سری سورەیا ئۆندەر دەکەینەوە و سڵاو و ڕێزی گەرمی خۆمان ئاراستەی سەرجەم پەرلەمانتاران دەکەین”.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

کۆچبەرانی سەرێکانی داوای ماف و قەرەبووی دادپەروەرانە دەکەن

قه‌ندیل پرێس- ڕاپۆرتی تایبه‌ت کۆچبەرانی سەرێکانی لە حەسەکە داوای قەرەبوو و مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *