قەندیل پرێس – راپۆرتی شیکاری
لەوەتەی هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا – ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو، تورکیا هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی دوور بێت لێی و بێلایەنییە وردەکەی بپارێزێت.
ئەم بێلایەنییە لە وانەکانی مێژووی هاوچەرخی تورکیاوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە داڕێژەرانی سیاسەتی تورکیا، لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەم کە دەوڵەتی عوسمانی تێیدا لە پاڵ وڵاتانی تەوەر جەنگا و تووشی شکستی گەورە بوو کە کۆتایی بە بوونی ئیمپراتۆرییەکەی هێنا، هەمیشە سوور بوون لەسەر پابەندبوون بە بێلایەنی لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا، بە جەنگی جیهانی دووەمیشەوە.
ئەسلی ئایدینتاشباش، شیکەرەوەی تورک، لە شیکردنەوەیەکدا کە گۆڤاری “فۆرین ئەفێرز”ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، شەڕ لە ئێران حیساباتی هاوشێوەی بەسەر بڕیارەبەدەستانی تورکیادا سەپاندووە، لە ژێر ڕۆشنایی هەلومەرجێکی جیاوازدا، کە تێیدا ئەنقەرە هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی گەورەتر لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت، هەرچەندە خاوەنی ئەو هێزە ئابووری یان سەربازییە نییە کە پێویستە بۆ داڕشتنی ڕووداوەکان بەپێی مەرجەکانی خۆی.
بۆیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یاریزانە سەرەکییەکانی ناوچەکەدا زۆر هەستیارە؛ ئەو هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیدایە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە.
هەروەها تورکیا هێشتا پشت بە کەسانی دیکە دەبەستێت بۆ بەرگری لە خاکەکەی، چونکە فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) نەک چەکەکانی تورکیا، ئەو چوار مووشەکە ئێرانییەیان خستە خوارەوە کە سیستەمێکی ڕاداری سەر بە پەیمانەکە و بنکەی ئاسمانی ئینجەرلیکیان لە باشووری تورکیا کردبووە ئامانج، کە هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیرە، پێش ئەوەی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە 7ی نیسانی ئێستادا ڕابگەیەنرێت.
تورکیا سوور بوو لەسەر دوورخستنەوەی خۆی لە شەڕەکە، بۆیە پشتیوانی لە هەڵمەتی ئەمریکا – ئیسرائیل نەکرد و ڕێگەی نەدا ئەمریکا یان ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ وەشاندنی گورز دژی ئێران بەکاربهێنن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوان تورکیا و ئێران کە مێژووەکەی بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە. هەرچەندە ئێران ڕکابەرێکی مێژووییە، بەڵام ئەنقەرە هەرگیز نەیویستووە ئەم شەڕە هەڵبگیرسێت و مانگەکانی یەکەمی ساڵی 2026ی بە ڕێبەرایەتیکردنی هەوڵە هەرێمییەکان بەسەر برد بۆ قایلکردنی تاران و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پێدانی دەرفەتێکی دیکە بە دانوستانە ئەتۆمییەکان بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە شەڕ، چونکە درکی بەوە دەکرد کە هەر شەڕێک لە ئێراندا دەبێتە هۆی لێشاوی پەنابەران بۆ وڵاتەکەی، پەککەوتنی ئابوورییەکەی و تێکدانی سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی.
ئایدینتاشباش، توێژەر و بەڕێوەبەری پڕۆژەی تورکیا لە پەیمانگای برۆکینگز دەڵێت: “بەداخێکی زۆرەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل هێرشەکەیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، هەرچەندە ئاگربەست هەیە بەڵام دۆخی جەنگ هێشتا بەردەوامە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا سەر هەڵبداتەوە”.
لە هەمان کاتدا، دوورە کە هەڵوێستی بێلایەنی بتوانێت تورکیا لە ئەنجامە نەرێنییەکانی شەڕ بپارێزێت، چونکە ململانێی ئەمریکا – ئیسرائیل – ئێران لە زۆر لایەنەوە هەڕەشە لە ئەنقەرە دەکات، بە جۆرێک کە ڕەنگە هاوسەنگییە لەرزۆکەکەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران تێکبدات، پرۆسەی ئاشتی بەردەوام لەگەڵ کورد لە ناوخۆ پەکبخات و هەژموونی ئیسرائیل کە دیارترین ڕکابەری ستراتیژی تورکیایە لە ناوچەکەدا بەهێز بکات.
بۆیە تورکیا وریایی نواند، نە پشتیوانی لە شەڕەکە کرد و نە تێوەگلا لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ئێران؛ کاتێک لە مانگی یەکدا خۆپیشاندانی جەماوەری ئێرانی هەژاند، سەرکردەکانی تورکیا خۆیان بەدوورگرت لە ئاراستەکردنی هەر ڕەخنەیەک بۆ سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران یان ڕاگەیاندنی پشتیوانی بۆ داواکارییەکانی خۆپیشاندەران.
هەر کە شەڕەکە لە کۆتایی مانگی شوباتدا دەستی پێکرد، تورکەکان هانی ویلایەتە یەکگرتووەکانیان دا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ دەرچوون پێش ئەوەی دەوڵەتی ئێران هەرەس بهێنێت. هەرچەندە خولی یەکەمی شەڕەکە بەبێ هاتنەدیی گەورەترین مەترسییەکانی تورکیا کۆتایی هات کە ئەویش هەرەسهێنانی دەوڵەت بوو لە ئێران، بەڵام هێشتا هۆکاری پێویستی هەیە بۆ نیگەرانی، چونکە ڕژێمی دەسەڵاتدار لە کۆماری ئیسلامی توندتر بووە و بواری مانۆڕی سیاسی و پراگماتییەتی ئاینی لە تاران لە پێشووتر زیاتر بەرتەسک بووەتەوە.
شەڕ لە ئێراندا لاوازی پرۆسەی ئاشتی دەرخست کە ئەنقەرە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پە,کە,کە) بەڕێوەی دەبات، کە لە ساڵی 2025دا دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆ,جە,لانی ڕێبەری دەستگیرکراوی ئەو پارتە بۆ ئاگربەست، پاڵنەرێکی بەهێزی وەرگرت. بڕیار وابوو پرۆسەکە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پە,کە,کە، بەڵام ئەمە شتێکی مسۆگەر نییە لە ژێر سایەی سستی ئەنقەرە لە جێبەجێکردنی چاکسازییە یاساییە پێویستەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، ئارامی لە بەرەی کوردیدا پێویستییەکی سیاسییە، چونکە پێویستی بە پشتگیری پارتی لایەنگری کورد هەیە لە پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بە جۆرێک کە ڕێگەی پێ بدات دووبارە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی داهاتووی تورکیادا خۆی کاندید بکاتەوە.
بەڵام شەڕ لەسەر سنوورە ڕۆژهەڵاتییەکانی تورکیا ڕەنگە هەموو ئەم هەوڵانە لەناو ببات. ئەنقەرە تووشی دڵەڕاوکێ بوو کاتێک ترەمپ، کەمێک دوای گورزە سەرەتاییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بیرۆکەی بەکارهێنانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی بۆ هەڵگیرساندنی ڕاپەڕین لە ناوخۆی ئێراندا خستەڕوو، ئەمەش دەکرێت پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی گرژییە توندەکان کە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر بەخۆیەوە بینی، کاتێک واشنتۆن چەکی دا بە هێزە کوردییەکانی سووریا کە بە پە,کە,کەوە بەستراونەتەوە و هێزی ئەمریکی نارد بۆ شەڕکردن لە پاڵیاندا دژی ڕێکخراوی داعش لە سووریا.
مەترسییەکانی تورکیا کاڵ بوونەوە دوای ئەوەی ترەمپ لە بیرۆکەی کردنەوەی بەرەیەکی کوردی لە ناوخۆی ئێراندا پاشەکشەی کرد، لە کاتێکدا بەرپرسێکی باڵای تورکیا ڕایگەیاند “کوردەکان بژاردەیەکی ستراتیژییان کردووە” بەوەی نەچوونە ناو شەڕەکەوە. هەروەها لەقێکی پە,کە,کە لە ئێران بڕیاریدا پشتگیری ئەمریکا و ئیسرائیل قبوڵ نەکات.
لە هەمان کاتدا، ئەنقەرە نیگەرانە لە گەشەکردنی ڕۆڵی هەرێمی ئیسرائیل و هەژموونی لە واشنتۆن.
سەرەڕای هاوبەشییە نزیکەکەی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای هەزارەی نوێدا، ئێستا هەردوو وڵات بە ئاشکرا ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە و هەر لایەکیان ئەوی دیکە وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەبینێت.
شەڕی ئیسرائیل دژی فەڵەستینییەکان لە غەززە بووەتە هۆی درزێکی نکۆڵینەکراو لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا، بەڵام نیگەرانی تورکیا بەتایبەت زیادی کرد لەگەڵ نمایشکردنی هێزی بەردەوامی ئیسرائیل لە لوبنان و سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، کە پێگەی خۆی وەک هێزێکی سەربازی باڵادەست لە ناوچەکەدا چەسپاند.
زۆرێک لە چاودێران و سیاسییەکانی تورکیا ئێستا وای دەبینن کە شەڕی ئیسرائیل دژی ئێران، گەر بەشێکیش بێت، ئامانج لێی گەمارۆدان و سنووردارکردنی تورکیایە.
ئیسرائیل بۆردومانی بنکە ئاسمانییەکانی لە سووریا کردووە کە تورکیا بیری لە بەکارهێنانیان دەکردەوە، هەروەها هاوکاری بەرگری لەگەڵ یۆنان و قوبرس بە جۆرێک قووڵ کردووەتەوە کە بە ئاشکرا ئامانج لێی تەحەدداکردنی تورکیایە، و چاودێرانی ئیسرائیلیش تادێت زیاتر وەک هەڕەشەیەکی درێژخایەن سەیری دەکەن.
هەموو ئەمانە ئەردۆغانیان خستووەتە دۆخێکی دژوارەوە، ئەنقەرە نایەوێت ئێران باڵادەست بێت بەسەر ناوچەکەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەوێت ڕژێمێکی نوێی ئێرانی هەبێت کە ئیسرائیل هەژموونی بەسەردا هەبێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش گۆڕانکاری چاوەڕواننەکراوی بەسەردا بسەپێنێت.
قەندیل پرێس