برینی ناسراوی شنگال لە فەرمانە مێژووییەکانەوە تا جینۆسایدی داعش و ئازارە بەردەوامەکانی ئێزیدییەکان

خدر خەڵات، بۆ قەندیل پرێس: تا ئێستاش برینەکانی شنگال و ئێزیدیه‌كان سارێژ نەکراون

قه‌ندیل پرێس- ڕاپۆرتی تایبه‌ت

لەگەڵ تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر کارەساتی دڵتەزێنی شنگالدا کە لە سەرەتای ساڵی 2014دا ڕوویدا و لە مانگی 8ی هەمان ساڵدا بووە هۆی هێرشی کتوپڕ و دڕندانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر قەزای شنگال کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لە سەدەی 21دا هاتە کایەوە و داعش بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلانبۆداڕێژراو دەستیکرد بە کوشتنی بەکۆمەڵ و کۆیلەکردن و ڕفاندنی هەزاران هاووڵاتی ئێزیدی بە مەبەستی سڕینەوەی یەکجارەکیی ڕیشەی ئەم پێکهاتە ڕەسەنە و لەناوبردنی کولتوور و مێژوو و ناسنامەکەیان.

جینۆسایدی ئێزیدییەکان لە سەردەمی داعشدا تەنها ڕووداوێکی کاتی نەبوو بەڵکو درێژبوونەوەی زنجیرەیەک ستەم و هێرشی مێژوویی بوو کە بە درێژایی سەدەکان ڕووبەڕووی ئەم پێکهاتەیە بوونەتەوە و بەپێی زاراوە و مێژووی ئێزیدییەکان تا ئێستا 74 جار فەرمان یان جینۆساید بەسەریاندا جێبەجێ کراوە لەلایەن دەسەڵاتە فەرمانڕەوا جیاوازەکانی ناوچەکەوە و بۆ نموونە مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی 74ی زایینیدا سەربازانی خەلیفەی موسڵمانان لە دەوڵەتی عوسمانیدا بە ناوی جیهاد و پاکتاوکردنەوە پەلاماری شنگالیان دا و کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان ئەنجام دا و هەمان سیناریۆ لە ساڵی 2014دا لەلایەن داعشەوە دووبارە کرایەوە.

ئێزیدییەکان کوردە ڕەسەنەکانی دەڤەرەکەن و ئایینەکەیان یەکێکە لە کۆنترین ئایینە یەکتاپەرستییەکانی کوردستان و میزۆپۆتامیا کە مێژووی نیشتەجێبوونیان لە چیا و دەشتی شنگالدا بۆ سەدەی 3ی پێش زایین دەگەڕێتەوە.

بەپێی دواین ئاماری فەرمانگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزیدی لە دەستی داعش لە مانگی 8ی ساڵی 2023دا پێش هێرشی داعش ژمارەی کوردانی ئێزیدی لە عێراقدا نزیکەی 500,000 کەس بوو بەڵام زیاتر لە نیو ملیۆن کوردی ئێزیدی ئاوارە بوون کە نزیکەی 150,000 کەس لەسەر چیا سەخت و بێئاوەکەی شنگال گیرریان خوارد و 350,000 کەسیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان و تورکیا و سوریا بوون و لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشەکەدا 1,293 کەس بە توندی کوژران کە لەنێویاندا 400 پیاو لە گوندی کۆچۆ لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ کران و زیاتر لە 600 کەسیش بەهۆی برسێتی و تینوێتی لە ڕێگای هەڵاتندا بۆ سەر چیا گیانیان لەدەستدا و کۆی ڕفێنراوان 6,417 کەس بوو کە 3,548 کەسیان ژن و 2,869 کەسیان پیاو و مێردمنداڵ بوون و تا کاتی دەرکردنی ئەو ئامارە تەنها 3,570 کەس لەو ڕفێنراوانە ڕزگار کرابوون و 68 مەزارگە و پەرەستگای مێژوویی و پیرۆز وێران کران و تا ئێستا 109 گۆڕ دۆزراونەتەوە کە 82 گۆڕیان بەکۆمەڵ و 37 گۆڕیان تاکەکەسی بوون و لە پارێزگای دهۆک 65,282 خێزانی ئاوارەی شنگال کە دەکاتە 330,859 کەس لە کەمپەکاندا دەژین و نزیکەی 120,000 کەس کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کردووە.

داعش لە شنگالدا هەموو پێوەرەکانی تاوانی جینۆسایدی نێودەوڵەتی تێپەڕاند لەوانە گەمارۆدانی توندی سەر چیا و جیاکردنەوەی پیاوان و کورە گەنجەکان لە ژن و منداڵ و گولەبارانکردنیان بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی ژنان و کچانی ئێزیدی وەک کۆیلە و جاریە لە بازاڕەکانی مووسڵ و ڕەقە و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی سێکسی و دەروونی و ناچارکردنی زۆرملێی هاووڵاتیان بە گۆڕینی ئایینەکەیان بۆ ئیسلام و تاڵانکردنی سامان و تێکدانی شوێنە پیرۆزەکان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین هەنگاوی نا وەک پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵای جینۆساید و دامەزراندنی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و چارەسەرکردن و نووسینگەیەکی تایبەت بۆ کاروباری ئێزیدییەکان لە دهۆک و واژۆکردنی ڕێککەوتنی فەرمی لەگەڵ هەرێمی بادن ڤورتەمبێرگی ئەڵمانیا بۆ ناردنی زیاتر لە 1,200 کچ و ژنی ئێزیدی ڕزگارکراو بۆ چارەسەری دەروونی و جەستەیی.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەنجومەنی سناتی ئەمەریکا تاوانەکەیان بە جینۆساید ناساند و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2017دا بڕیارنامەی ژمارە 2307ی پەسەند کرد بۆ دامەزراندنی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە یونیتاد بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش.

سەبارەت بە دۆخی ئێستا ڕۆژنامەوان و چالاکوان خدر خەڵات لە لێدوانێکدا بۆ قەندیل پرێس ڕایگەیاند کە تا ئێستاش برینەکانی شنگال بە تەواوی سارێژ نەکراون و دۆخی ناوچەکە بەهۆی نەمانی سەقامگیری و بوونی کۆمەڵێک میلیشیا و هێزی چەکداری جۆراوجۆر لە دۆخێکی ناسەقامگیردا ماوەتەوە و هۆکاری سەرەکی ئەم چەقبەستووییەی بۆ جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال گەڕاندەوە کە لە ساڵی 2020 لە نێوان حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا واژۆ کرابوو بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و دانانی بەڕێوەبەرایەتییەکی خۆجێی نووسراو و دەزگایەکی ئاسایشی فەرمی.

ئه‌و ڕۆژنامه‌وانه‌ ئێزیدیه‌ كه‌ ماوه‌ی 12 ساله‌ تاوانه‌كانی داعش دیكۆمێنت ده‌كات بۆ قه‌ندیل پرێس له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی ده‌ڵێت، بۆ داهاتوو پێویستە خێراکردنی هەنگاوە پراکتیکییەکان بکرێت بۆ مسۆگەرکردنی ڕزگارکردنی سەرجەم ڕفێنراوەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی سەربەخۆیی ناوچەکەیان و خێراکردنی پرۆسەی هەڵدانەوەی سەرجەم گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە پێوەری زانستی و دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت یان تێکەڵاو بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانبارانی داعش و دابینکردنی زەمینەی گونجاو بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی کەرامەتمەندانەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

کوژرانی عومەر دێهقان جاش و ئەندامی چەکداری سوپای پاسداران لە مەھاباد

یەکێک لە جاشەکان و ئەندامانی چەکداری سوپای پاسداران لە شاری مەهاباد بە ناوی عومەر دێهقان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *