دارا ناتق: چارەنووسی کورد نابێت بەستراوەی هیچ کۆنگرە و پلاتفۆرمێکی ئێرانی بێت

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ “دارا ناتق”، شرۆڤەکاریی سیاسی لەبارەی دوایین دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

قەندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن دۆخی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا نە شەڕ و نە ئاشتییە، یانی هەر دوو ئەگەری شەڕ و ڕێککەوتن لە ئارادایە، خوێندنەوەی بەڕێزتان لەم دۆخە چییە؟ و تا ئێستا چ کاریگەریەکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە؟

دارا ناتق: هەروەک لە ماوەی ڕابردوو و بە تایبەتی لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئەو سێ وڵاتە واتە ئامریکا و ئیسرائیل لە گەل دەوڵەتی ئێران و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان زیاتر لە هەموو کاتێک دەردەکەوێ کە دۆخی ئاڵۆز و شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا دۆخێکی فشاری سیاسی و ستراتیژیی بەردەوامە، نە شەڕێکی تەواوە و یەکلاکەرەوە و نە ئاشتییەکی جێگیر و دڕێژماوە. هەر دوو لا هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی زەخت و فشار، هەڕەشە و دیپلۆماسییەوە ئامانجەکانی خۆیان بپێکن و هێژموونی و ستراتێژی خۆیان بە سەر یەکتردا تەحمیل بکەن، بۆیە بە لەبەرچاو گرتنی وەها دۆخێک دا ئەگەری ڕێککەوتن و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان هەردووکیان بەردەوامن بەڵام ئەوەی کە دیارە و ئەزموونی دەیان ساڵی ڕابردووش نیشانی داوە کە کۆماری ئیسلامی هیچ کات پابەندی یاسا و ڕێسا نێودەولەتییەکان نەبووە و ستراتێژی شەڕخوازانەی ئەو ڕێژیمە ئەگەری بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە هەموو کات و ساتێکدا بەهێزتر دەکات. لە ڕووی سیاسییەوە، ئێران و ئەمریکا هەردووکیان هەستیارییەکی زۆریان هەیە بەرامبەر بە  پێگە و نفووزی خۆیان لە ناوچەکە. ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕێگری لە گەشەی توانا سەربازی و لۆجیستیکی و بە تایبەتی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و مووشەکە دوورهاوێژەکان و نفوزی ئێران لە مەنتەقەدا بگرێ و هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزێت و هاوسەنگی لەگەڵ هێزەکانی تر دروست بکات. ڕێژیمی ئاخوندی و تیرۆریستی ئێرانیش هەوڵ دەدات کە  نفووزی خۆی لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن بپارێزێت و بە شێوەیەکی خێرا بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و بەردەوامی درستکردنی موشەکی بالستیک و دوورهاوێژ و ساپۆرتی گرووپە توندئاژۆکان خۆی لە ژێر فشاری سەربازی و ئابووری ئامریکا و  ئیسرائیل ڕزگار بکات.
بێگۆمان ئەم شەڕ و ئالۆزیانە لە ئێستا و داهاتووشدا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەبووە و دەبێت لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان. وێرای بەردەوامی و بەهێز بوونی ئیرادەی شۆڕشگێری و مافخوازی و ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان و بزاڤی ئازادیخوازی کوردستان، ڕێژیم بە ملیتاریزە کردنی کوردستان و چاودێری ئەمنیەتی و ڕەوتی سەرکووت و گرتن و کوشتن و ئەشکەنجە دانی لاوانی زیاتر کردووە. لە هەمان کاتدا، ئەگەر ئاڵۆزییەکان گەورەتر ببن، ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت ببێتە یەکێک لە ناوچە گرنگە ستراتیژییەکان، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەر گۆڕانێک لە نێوان واشنگتن و تاران دا گۆڕانێکی سیاسی لە کوردستاندا دروست بکات، بەڵکوو بەردەوامی و شلگیر بوونی مۆڕالی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستانە کە دەتوانێ مافە نەتەوەییەکانیان دابین بکات.

قەندیل پرێس: شرۆڤەی بەڕێزتان لەسەر هەڵسووکەوتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەبارەی دەرفەت و مەترسییەکانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل تا ئێستا چییە؟

دارا ناتق: بەڕای من، سیاسەت و هەڵسوکەوتی بزووتنەوەیی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵومەرجی ئێستا و لەم دۆخە تایبەتەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئامریکا لە گەڵ ئێراندا، زۆرتر لە سەر بنەمای چاودێری کردن و هەڵسەنگاندن و پاراستنی خۆیان بووە، و هەوڵیان داوە کە خۆیان بپاڕێزن لە چوونە ناو شەڕێکی بێ ئەنجام. دەتوانین بڵێین کە ئەمە تا ڕادەیەک هەڵوێستێکی واقیعبینانە و لۆژیکی بووە، چونکە هێزەکانی ڕۆژهەڵات نەیانویستووە کە بچنە ناو شەڕێک کە هەڕێمی کوردستان و خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانجی وەڵامدانەوەی هێزە سەرکووتکەر و دژە مرۆڤییەکانی ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران. ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تا ئێستاش ئامریکا ستراتێژی و هەڵوێستێکی روونی نییە بۆ رووخانی ئەو ڕێژیمە و زۆرتر دەرئەنجامی ئەو شەڕە ئەوە دەردەخات کە ئامریکا دەیهەوێ بە فشاری شەڕ و هێڕشەکانی بۆ سەر ئێران ناچاریان بکات کە تەسلیمی ویستەکانیان ببن.
دەتوانم بڵێم کە لە زرووفی ئێستادا و چوونە ناو شەڕ لەگەڵ ئێران دەتوانێت هەڵی سیاسی بۆ گۆڕانێکی ڕیشەی و ئامانجدار دروست بکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بە بێ گاڕانتی و هاوکاری لۆجیستیکی و سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتی دا دەتوانێ مەترسییەکی گەورەی ئەمنی و مرۆیش بۆ کوردستان دروست دەکات. لە ڕاستیدا کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە حیزبەکان لە شەڕدا بەشدارییان کرد یان نا، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن لەم هەڵ و مەرجە و لەم دەرفەتە سیاسی و دۆخە هەستیارە کەڵک وەربگرن، بەبێ ئەوەی کە کوردستان و خەڵکی مەدەنی بکەنە قوربانیی ململانێی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان و بە گشتی بزاڤی ئازادیخوازی گەڵەکەمان نەبێتە قوربانی بەرژەوەندی و سات و سەودای سیاسی و بازرگانی نێوان هێزەکانی ناوچە و زڵهێزە جیهانییەکان. بۆیە باشترین هەڵوێست و بژاردەی لۆژیکی ئەوەیە کە حیزبەکانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پێداگیر بوون لە سەر تۆکمە کردن و پاراستنی یەکگرتووی نێوان خۆیان، نە بە شەپۆلی شەڕەکەدا بڕۆن، نەش دەرفەتە سیاسییەکانی پشتگوێ بخەن، بەڵکو بە سەربەخۆیی سیاسی خۆیان، یەکڕێزی نێوخۆیی و پاڕاستنی یەکگرتووی ناوماڵی کورد و دانانی بەرنامە و پلانێکی ستراتێژی روون و دیاری کراوی هاوبەش کە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لە پێش هەموو شتێکەوە بێت مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە هەستیار و تایبەتە دا بکەن و تێکۆشانی خۆیان بە پشتگیری و هاوکاری خەڵکی مافخواز و ئازادیخوازی کوردستان بەردەوام بکەن. پێویستە هێزەکانی ڕۆژهەڵات توانا سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییە هاوبەشەکانی خۆیان ڕێکبخەن و بە شێوەیەکی کاڕیگەر و بەهێز خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەر گۆڕانێکی سیاسی پێویست و کە بتوانن وەک بەشێک لە چارەسەری سیاسی و پاراستن و دابین کردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەڵی کورد کاڕیگەری خۆیان نیشان بدەن و سەرنجی ڕۆژەڤی سیاسی جیهان بۆ لای دۆزی ڕەوای گەلەکەمان ڕابکێشن و ببن بە بەشێکی سەڕەکی لە گۆرانی سیاسی داهاتوو لە ئێراندا. هەروەها پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زیاتر لەسەر یەکگرتوویی سیاسی، ستراتیژیی هاوبەش، دیپلۆماسیی
چالاک و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵات کار بکەن. چوونکە ئەگەڕ هەر هێز و لایەنێکی سیاسی بە شێوەی تاکڕەوانە بڕیار بدات و تێکۆشان بکات ببێتە هۆی تێکچوونی ئەم یەکگرتووی کە ئێستا لە نێوان هێزەکاندا دروست بوون، دەبێتە هۆی ئەوە کە دەڕفەتە لەبارەکانی ئەم قۆناخەی خەبات بە ئاسانی لە دەست بچن. بەڵام هەڵوێستی هاوبەش و سیاسی  و لە هەمانکاتدا یەکڕێزی و یەکگرتووی نێوان هێزەکان دەتوانێت پرسی کوردستان و بزاڤی مافخوازی نەتەوەکەمان لە پەراوێزی ملمێلانێی ئێران و هێزە دەڕەکییەکانەوە بێنێتە ناو ناوەندی گفتوگۆی سیاسی و ببێتە ڕۆژەڤی دەنگ و باسە جیهانییەکان و هەنگاوی چارەسەری بۆ بنڕێتەوە.

قەندیل پرێس: یەکێک لەبابەتە گەرمەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا لەم دواییانەدا، بابەتی بەشداری سێ حیزبی ڕۆژهەڵات (حدکا، پژاک، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ) لە کۆنگرەی ئازادی ئێرانە، یانی بەیاننامەکەی ئەم دواییە، مافەکانی نەتەوەی کورد وەکوو نەتەوەبوون، مافی چارەی خۆنووسین و هتد، مشتوومڕێکی زۆری درووست کردووە، ڕای بەڕێزتان لەمبارەوە چییە؟

دارا ناتق: بەڕای من کورد نابێت خۆی بە شێوەیەکی گشتی لە ئاست کۆر و کۆبوونەوەکانی پێوەندیدار بە ڕەوشی سیاسی ئێستا و داهاتویی ئێران پەڕاوێز بخات و پێویستە بە شێوەیەکی چاڵاک و یەکڕێز و یەکهەڵوێست بۆ بە ڕۆژەڤ کردنی پرسی کورد لە هەموو دەرفەتەکان کەڵک وەربگرێت و ئەساسەن بەشداریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە کۆنگرەی ئازادیی ئێران دا بە سیاسەتێکی هەڵە نابینم، بەڵکوو دەتوانێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گواستنەوەی پرسی کورد و مافە نەتەوەییەکانی گەڵەکەمان بۆ ناو گفتوگۆی سیاسیی داهاتووی ئێران و بە ڕۆژڤ تر کردنی ویست و داخوازە ڕەواکانی نەتەوەکەمان لە کۆی گشتی ئەو باس و بابەتانەی کە پێوەندیدارن بە داهاتووی پاش رووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران. بەڵام بەشداریی کردنی کورد لە هەر کۆر و کۆبوونەوە و پڵاتفۆرمێکدا پێویستە مەرجدار و ڕەخنەگرانە بێت و لە سەر بنەمای دابین بوون و پاڕاستنی مافە  نەتەوەییەکانی گەڵی کورد بێت و بە هیچ شێوەیەک نابێت ببێتە هۆی هەرزان کردنی پرسی کورد و بە نرخی کەمکردنەوەی ناسنامە و مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان نەبێت.
یەکێک لەو ڕەخنە و تێبینی یانەی کە لە زمان و بەڵگە و دکۆمێنتەکانی ئەم کۆنگرەیە دەکرێت، ئەوەیە کە کاتێک باس لە «گەڵی ئێران» و «ئێران‌زەمین» دەکرێت، بەشێوەیەکی رۆن و دیاریکراو باس لە نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران، زۆڵم و  ستەمی نەتەوەیی، مافی چارەنووس و شێوازی حوکمڕانی داهاتووی وڵات بە ڕوونی دیاری ناکرێن، لە خۆیدا ئەوا پرسیارێکی جیدی و لۆژیکی لەسەر ئاراستەی سیاسیی ئەو پڕۆژەیە و ئامانجە لێلەکانی ئەو کۆنگرەیە دروست دەکات.
بۆیە هێزەکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی ئەو هێزانەی کە خاوەن خەباتێکی دوور و دڕێژی سیاسی و مێژووین و  نابێت تەنها بە ناوی «بەشداری لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران» ناسنامەی سیاسیی خۆیان پێناسە بکەن، بەلکوو دەبێت وەک هاوپەیمانێکی سیاسیی خاوەن پرسی نەتەوەیی بەشداری بکەن و بە ڕوونی داوا بکەن کە سیستمی حوکمرانی ئێرانی  داهاتوو دەبێت لە سەر بنەمای جوغرافیا و فرەنەتەوە بوونی ئەو وڵاتە بێت و مافە
نەتەوەییەکانی گەڵانی ئێران و بە تایبەتی گەلی کوردستان لە چواچێوەی سیستمێکی دێمۆکراتیک و فیدەڕال مسۆگەر بکرێت و نەتەوەکانی لە چواچێوەی ئێراندا بە شێوەیەکی یەکسان خاوەن ڕۆل بن لە ئیدارەدان و بەڕێوەبەری ئەو وڵاتەدا و بە شێوەیەکی فەرمی دان بە مافەکانیان دابنڕێت.
لە هاوپەیمانەتی کورد لە گەڵ هەر هێز و ئۆپۆزسیۆنێکی ئێرانیدا چارەنووسی کورد نابێت بەستراوەی هیچ کۆنگرە و پلاتفۆرمێکی ئێرانی بێت.
پێویستە کە پێوەری سەرەکی ئەم هاوکاری و هاوپێیمانەتییە ئەوە بێت کە ئەم  هاوکارییە تا چەندە دەنگ، ماف و پێگەی سیاسیی کورد بەهێز دەکات.
پێویستە جیاوازییەکی ڕوون بکرێتەوە لەنێوان بەشداریی حیزبە کوردییەکان لە کۆنگرەکە و پەسەندکردنی بەیاننامەکانی کۆنگرە. بۆ نموونە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە لە داڕشتن و پەسندکردنی بەیاننامەی ١٩ی جولای بەشداری نەکردووە و ناوەڕۆکەکەی هەڵوێستی فەرمیی ئەو حیزبە نییە. ئەمە نیشان دەدات کە هەڵوێستی هەر حیزبێک دەبێت لە سەرچاوە و ئۆرگانە فەرمییەکانی خۆیەوە هەڵبسەنگێندرێت، نەک بە ناوی بەشداریی لە کۆنگرەکەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە لە ئۆرگانە بەڕێوەبەرەکانی کۆنگرەدا ئەندام نییە و لە داڕشتن و پەسندکردنی بەیاننامەکەی شەڕدا بەشداری نەکردووە، بۆیە نابێت ناوەڕۆکی ئەو بەیاننامەیە بە هەڵوێستی فەرمیی ئەو حیزبە دابنرێت.
ئەم جیاوازییە لە ڕووی سیاسییەوە گرنگە، چونکە ڕەخنەکردن لە بەیاننامەکە دەبێت ئاراستەی کۆنگرە و ئەو لایەنانی بێت کە بەڕاستی لە بڕیارەکەدا بەشدار بوون، نەک بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەموو حیزبە کوردییەکان. لە هەمان کاتدا، بەشداریی حیزبە کوردییەکان لە پڕۆژەیەکی هاوبەشی ئێرانی نابێت بە مانای پەسەندکردنی هەموو سیاسەتەکانی ئەو پڕۆژەیە بێت، بەڵکو دەبێت هاوکاریی سیاسی لەگەڵ پاراستنی سەربەخۆیی بڕیار و مافە نەتەوەییەکانی کورد هاوسەنگ بکرێت.

قەندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان لە کاتی ئێستادا گرنگترین پرس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییەو چ پێشنیار و ڕەخنەیەکتان هەیە بە ئامانجی سەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ئەم بەشەی کوردستان؟

دارا ناتق: بە باوەری من بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوش و زرووفی ئێستا زۆر گرینگە کە چۆن بزاڤی ئازادیخواز و مافخوازی نەتەوەکەمان بتوانێت لە قۆناغی ئاڵۆزیی ناوچەیی و شەڕو پێکدادانەکانی نێوان ئامریکا و ئیسرائیل لە گەڵ ئێراندا، هێزی سیاسیی و لۆجیستیکی خۆی بپارێزێت و بگۆڕێتە دەرفەتی سیاسیی ڕاستەقینە و وەک هێزێکی شوێندانەڕ و بەهێز لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە و جیهاندا پرسی کورد بخەتە رۆژەڤی جیهانەوە و هەنگاوەکان بۆ بەهێزتر کردنی پێگەی سیاسی کورد ئاراستە بکڕێن.
لە دۆخی ئێستادا گرنگترین پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاراستنی یەکگرتووی نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و یەکهەڵوێستی و یەکڕێزی نێوانیان بە مەبەستی دروستکردنی ستراتیژییەکی هاوبەش و ڕوونە بۆ داهاتووی سیاسیی  کورد و مسۆگەر کردنی ویست و داخوازە نەتەوەییەکانییانە. چونکە ڕۆژهەڵات لە دۆخێکی پڕ هەستیار و مەترسیدار دا تێدەپەڕێت، لە لایەک فشار و سەرکوتی هۆڤانە و بەردەوامی ڕێژیمی ئاخووندی ئێران، و لە لایەکی تر گۆڕانکارییە ناوچەیی و ملمێلانێی ئێران لەگەڵ هێزە دەرەکی و ناوچەییەکان و بە تایبەتی شەڕی نێوان ئامریکاو ئیسرائیل لە گەڵ ئێراندا دەرفەت و مەترسیی نوێ دروست دەکات کە پێویستە کورد بە خوێندنەوەیەکی وورد و هەمەلایانە و بە هشیارییەوە ڕووبەرووی ئەو دەرفەت و مەترسییانە ببێتەوە.
پێویستە پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگە بەهێزتر بکرێت و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد زیاتر پشت بە خۆڕاگری و توانای خەڵکی شۆرشگێر و
ئازادیخوازی کوردستان ببەستێ و چاوەڕوانیی ڕووداوە دەرەکییەکان بگوازرێتەوە بۆ دروستکردنی توانای سیاسیی خۆی و دروستکردن و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان لە کاتی  پێویست و گۆنجاودا و هەوڵ بدات کە خۆی دەرفەت دروست بکات. لە واقع دا دەرفەت تەنها ئەوکاتە دەبێتە سەرکەوتن کە ئامادەیی سیاسی، یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی هێزەکان، ستراتیژیی هاوبەش و پەیوەندیی بەهێز و راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا هەبێ و خاوەن هێز و بڕیاری شۆێندانەر بیت.
هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە کە یەکگرتووتر، کوردستانیتر، سیاسی تر و پڕاگماتیکتر هەنگاو بنێن و تێبکۆشن. لەگەڵ هەر هێز و لایەنێکدا بە پێی پاراستنی ماف و بەڕژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان هاوکاری بکەن وبەردەوام بن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دکتۆر ئەحمەد محەمەدپوور: کۆنگرەی ئازادی ئێران” کۆمێدیایەکی سیاسی بە دەرئەنجامی تراژیدیک و سیرکێکی ناسیۆنالیستییە بۆ تواندنەوەی خۆبەخشانەی کورد

قەندیل پرێس – وتووێژ لە کاتێکدا دۆخی سیاسیی ئێران بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *