نفووزی هەواڵگری، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ لێدانی پێگەکان، و مەترسیی دابڕانی جەماوەری؛ ئایا حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم هەڕەشە کوشندەکانی تاران و قەیرانی پاشکۆبووندا دەتوانن ستراتیژی ئەمنی خۆیان ڕێکبخەنەوە؟
قەندیل پرێس – وتووێژ
لە کاتێکدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی هەستیار و پڕ مەترسی هەنگاو دەنێت، پرسی نفووزی هەواڵگری، بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان، مەترسییەکانی سەر پێگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ساردیی جەماوەری بووەتە جێگەی مشتومڕێکی قووڵ. دوای پەرەسەندنە ئەمنییەکانی دوایی و زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکان لەسەر خاکی هەرێم، پرسیارەکان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی، شێوازی بڕیاری سیاسی و داهاتووی ئەم خەباتە زیاتر بوونەتەوە.
هونەر ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس، لەم وتووێژە تایبەتەدا لەگەڵ قەندیل پرێس، پەردە لەسەر چەندین دۆسیەی گرنگ و مەترسیدار هەڵدەداتەوە و شیکارییەکی ورد و هەمەلایەنە بۆ دۆخەکە دەخاتە ڕوو و وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
قەندیل پرێس: نفووزی هەواڵگری و شێوازی کڕینی ئیرادە لەناو ریزەکاندا؛ ئاماژەتان بەوە کردووە کە ئێران تۆڕێکی فراوانی سیخووریی لەناو ریزەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت لە ناو باشووریش دروست کردووە و پارە دەداتە ئەو کەسانەی شوێنی مانەوەی بارەگاکان ئاشکرا دەکەن. پرسیار لێرەدەیە: ئایا ئەم شانە سیخوورییانە تەنها لە ئاستی کادر و ئەندامی لاوازدان، یان لەناو پەیكەری سەرکردایەتی و ئاراستەکردنی بڕیاری حیزبەکانیشدا ڕەگیان داکوتاوە و ئیرادەی خەباتیان کڕیوە؟
هونەر ئەحمەد: هەڵبەته ئەوە بابەتێکی نوێ نییە، بەڵێ بە درێژایی هەموو شۆڕشەکانیش هەبووە و ئێستاش لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەوامە. بەهۆی ئەوەی ئەم حیزبانە ماوەیەکی زۆر لێرەن و خەڵکێکی زۆر هاتووچۆی کردووەو بوون بە پێشمەرگە و گەڕاوەتەوە، یاخود ئەم حیزبانە شوێن و جێگەیان دیارە، دواتر بەهۆی ئەو ڕێککەوتن و نامەیەی کە لەنێوان عێراق و ئێراندا واژۆ کرا بۆ چەکدانانی ئەم حیزبانە و دواتر گواستنەوەیان بۆناو کەمپهكان، هەموو ئەمانە کاریگەرییان هەبووە بۆ ئەوەی کە ئێران سیخووری خۆی لەنێو حیزبەکاندا دروست بکات و لە شەڕی سی و نۆ بۆ چل ڕۆژەی ئەم دواییەدا زۆر بە باشی سودی لێ وەرگرت، و شوێن و جێگەی چەندین لەو بەرپرسانەی نێو حیزبەکانی ئاشکرا کرد، کە سێ لە بەرپرسانی گەورەی ئەو حیزبانە لە شەڕی 39بۆ 40 ڕۆژە شوێنی مانەوەیان کرایە ئامانج، بەڵام خۆیان لەو شوێنە نەبوون؛ واتە یەک لەو شوێنانەی کە شوێنی مانەوەی ئەو بەرپرسانە بوو، سێ بەرپرس شوێنەکانیان کرایە ئامانج چونکە شوێنی مانەوەیان بوو. هەڵبەته ئەو شوێنانه جگە لە خەڵکی نزیک و کەسانی ناو حیزبەکان، پێموانییە کەسێکی دیکە ئەوەندە بەوردی ئاگاداری شوێنی مانەوەی ئەوان بێت، بۆیە دڵنیام کە ئامرازی دیاریکردنی شوێن دراوا و خەڵکی نێو حیزبەکان ئەو کارهیان کردووە. و من ڤیدیۆیەکیشم بڵاوكردهوه لەسەر ئەوە کە ئێران پارەی سیخوڕەکانی زۆر زیاد کردبوو، بەتایبەتی لە شەڕی 39 بۆ 40 ڕۆژەدا، ئەوەیش ئەوە بوو هەر کەسێک ئامرازێکی دیاریکردنی شوێن جی پی ئێسی بناردبایە، ئامرازەکە تەنها ئەو شوێنە بووە کە ئێران مەبەستییەتی؛ ئەگەر قوربانییشی نهبوایه ئهوا نرخهكهی 500 پێ ئەدا. بەڵام ئەگەر قوربانی هەبووایە و شەهید و بریندارەکان زۆر بوونایە، ڕێژەی پارەکە دەگەیشت بە 2500 دۆلار، ئێمه نموونەیشمان هەیە هەڵبەته. و من لەو ڤیدیۆیەشدا باسی ئەوەم کردووە کە نامهوێت ئێران سوود لەوە وەربگرێت کە کام لەو سیخوڕانەی گرتووە؛ ئەگەر یەکێک لە تراژیدیاترین ئەو ڕووداوانەی کە لە هەرێمی کوردستان ڕوودا، کە پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیایدا شەهید بوو، لێرە کاریگەریی زۆری هەبوو ئەو بابەتی لە ڕێگەی سیخوڕێکی ئێرانەوە ئەو کارە کراوە، و ئامرازی دیاریکردنی شوێنەکەی نێردرا، دواتر ئەو سیخوڕە هەر لەلایەن یەکێک لەو حیزبانەوە دەستگیر کرا و لێکۆڵینەوەی وردی لەگەڵدا کرا، سیخوڕەکە دانی بە هەموو شتێک دانا، دواتر تهسلیمی دەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کرا. بۆیە سیخوڕەکان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی 40 ڕۆژەدا کاریگەریی زۆر زۆریان هەبوو بۆ ئاشکراکردنی شوێن و پێگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
قەندیل پرێس: هۆشداری لەسەر بەکارهێنانی ئامێری زیرەک و بێئاگایی بەرپرسان؛ هۆشداریتان داوە کە حیزبەکان دەبێت چیتر ئامێری زیرەک بەکار نەهێنن، کەچی هاوکات ئاماژەتان بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حیزبەکان هەستیان بەم مەترسییە گەورەیە نەکردووە. چۆن دەکرێت لە سەدەی بیست و یەکدا سەرکردایەتیی بزووتنەوەیەکی چەکدار هێندە لە ئاست هەڕەشە تەکنەلۆژی و هەواڵگرییەکاندا ساردوسڕ بێت، لە کاتێکدا باجەکەی بە خوێنی پێشمەرگە دەدرێت؟
هونەر ئەحمەد: بەڵێ به دڵنیاییهوه من هۆشیاریم داوە و داوام كردووه ؛ واتە ئەو بابەتە تەنها لەسەر ئاستی پێشمەرگەکان نەبێت، بەڵکو لەسەر ئاستی سەرکردایەتیی حیزبەکانیش بێت. بەڵام ئایا ئەوان هەستیان بەو مەترسییە نەکردووە؟ بەڵێ، هەستیان پێکردووە. بەڵام بابەتەکە لەوە دایە کە ئەم حیزبانە لە ناوچە ئاوەدانەکاندا و لە شوێنی نیشتەجێبوون، بۆ نموونە لە کۆیە، لە هەولێر، لە سلێمانی دەژین؛ ناتوانن بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان بە دوور بگرن لە بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە. وە ئەنجامەکەشی هەر ئەوەیە کە بینیمان لە ڕێگەی ئەو ئامێرانەوە و لە ڕێگەی سیخوڕیکردن بەسەریانەوە، خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بووە بە قوربانی. ئەنجامهكهی ئهبوایه ئەمانە پێگەی بەهێزی خۆیان، پێگەی شۆڕشی خۆیان لە ناوخۆی ڕۆژههڵاتی کوردستان بەکار بهێنن یان لە چیا و شاخەکان شوێنی باش و مهحکەم و سەنگین و شوێنی پارێزراو بۆ خۆیان بەکار بهێنن و تۆزێک دوور بن لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە، چونکە واتە سەلمێنراوە کە هەر شوێنێک ئەو ئامێرانە هەبێت، بەتایبەتی مۆبایل، بە ئاسانی دەتوانرێت شوێن و جێگە و پێگەکان ئاشکرا بکات و سیخوڕەکان ئاسانتر دەستیان بە هەموو شتێک بگات.
قەندیل پرێس: خاڵە لاواز و بەهێزەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەم قۆناغەدا؛ بە گشتی لە ڕوانگەی تێڕوانینی قووڵی ئێوەوە، خاڵە بەهێز و لاوازەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا چین؟ ئایا نەبوونی دیدێکی هاوبەشی ئەمنی و تاکتیکی، لەگەڵ پاشکۆبوون بە مۆدێلی کۆنی خەبات، فاکتەری سەرەکیی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی تاران نییە لەسەر خاکی هەرێم؟
هونەر ئەحمەد: خاڵە لاوازەکان ئەوەیە کە هێشتا پەرتاوازەیێکی زۆر لەنێو ماڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە سهرباری ئەوەی کە ئەم حیزبانە ئێستا لەنێو هاوپەیمانییەکدان پێموایە زۆرتر هەم فشارە ناوخۆییەکانیان و هەم فشاری ئەو دەوڵەتانە وایکردووە ئەم حیزبانە لەنێو هاوپەیمانیێکی سیاسیدا کۆ ببنەوە، ئەگەرنا بە دەستی خۆیان بووایە، یان بە ئیرادەی خۆیان بووایە، پێموانییە ئەو حیزبانە لهنێو هاوپەیمانییەکدا کۆ ببنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێستا لەنێو هاوپەیمانییەک کۆبونهتەوە، خاڵی لاواز ئەوەیە کە ئەم حیزبانە لەسەر بەشێکی زۆر لەو ڕووداوانەی کە ڕوو دەدەن ناتوانن هاوههڵوێست بن، بە جیا بیر دەکەنەوە، بە جیا هەڵسووکەوت دەکەن و تەنانەت لەگەڵ دەوڵەتەکانیشدا زۆر جار بە جیا ڕەفتار دەکەن و بڕیار دهدهن، هەندێک جار کارەساتێک یان مەسەلەیەکی گرنگ بەسەر یەکێک لەو حیزبانەدا دێت، حیزبەکانی دیکە درنگ دێنە سەر خهت بۆ ئەوەی ئیدانەی بکەن. ئیدی ئەوە وایکردووە ببێتە خاڵێکی لاوازی حیزبەکان و خاڵێکی تریش لەو خاڵە لاوازانەی حیزبەکان ئەوەیە کە بەشێکی زۆریان خەڵک و ماڵ و منداڵیان لەگەڵدایە و ڕەنگە نەتوانن دەست بۆ هەموو شتێک بهرن، ڕەنگە نەتوانن کردەوە یان چالاکی لەنێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام بدەن و تۆڵەی هەندێک لەو هەڕەشانە بکەنەوە کە لەسەر شوێن و پێگە و بارەگاکانیان دەکرێت. ئەوانە هەمووی خاڵی لاوازن، و یەکێکی تر لەو خاڵە لاوازانەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە مەودای ئەمان و خەڵک لەنێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر دوور بوهتهوه، ئەوە 47 بۆ 48 ساڵە کە ئەم حیزبانە دوورن لەنێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم خوێندنەوەیەکی واقیعییان نییە بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم نازانن ئێستا ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتووە چۆنن؛ ئەگەرچی ئەمان خەڵکی ڕێکخستنیان هەیە لەناوخۆ، بەڵام ئەو ڕێکخستنانە ناتوانن دۆخی دروستی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنن بەم حیزبانە، بۆیە مەودایەکی زۆر و فاسڵەیەکی گەورە لەنێو ئەم حیزبانە و خەڵک لەنێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بووە.
قەندیل پرێس: دەرئەنجام و دوا وێستگەی ئەم لاپەڕە مەترسیدارە؛ ئەم پەردەلادانە لەسەر پەیوەندیی سیخووری و بەکارهێنانی خاکی باشوور بۆ لێدانی یەکجارەکیی خەباتی ڕۆژهەڵات، مەترسییەکی کوشندە بۆ ئایندە و پێگەی سیاسی و سەربازیی حیزبەکان دروست دەکات. ئەگەر ئەم ڕێوشوێنە خێرایانە بۆ پاککردنەوەی ڕیزەکان و گۆڕینی ستراتیژی ئەمنی نەگیرێنەبەر، دەرئەنجامی کۆتایی ئەم سیناریۆیە چی دەبێت و چارەسەری دەستبەجێ لە کوێدا دەبیننەوە؟
هونەر ئەحمەد: هەڵبەته ئەوەی کە لە باشووری کوردستاندا هەیە، باشووری کوردستان دۆخێکی جیاوازی هەیە لەگەڵ هەموو پارچەکانی دیکە: نە دەوڵەتە، نە دەوڵەت نییە. نە ئەتوانێ بێلایەن بێت لەو ڕووداوانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، نە ئەتوانێ بێلایەنیش نەبێت. بەتایبەتی لەوهی کە دۆخێکی وەکو ڕۆژهەڵات ڕوودەدات، کورد و باشووری کوردستانیش ناتوانێ تا سەر ئەم بێدەنگییە بەردەوام بێت. هەڵبەت بێدەنگییەکە بەشێکی زۆری پەیوەندی بەو هەڕەشە و مەترسییانەی تارانەوە هەیە بۆ سەر هەولێر و سلێمانیش.
ئەگەرچی لێرەش دوو سیاسەتی جیا پەیڕەو دەکرێت سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ مەبەستم لایەنەکان- پارتی و یهكێتی هەماهەنگ و هاوههڵوێست نین، لە هەندێک ڕووداودا بە جیا بیر دەکەنەوە و بە جیا هەنگاو دەنێن. کاریگەری هەبوو، ئەویش کاریگەرییەکی خراپ بوو لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و پێموایە هەموو ئەوانەی کە سەرکردایەتیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، ئەچنە ژێر باری ئەوەی کە ئەوەی لە شەڕی چل ڕۆژەدا وەک دەرفەتێک بۆ ئەم حیزبانە ڕەخسا کە دەبوو بیقۆزنەوە، هەلێک بوو ڕەنگە جارێکی دیکە ئاوا بەئاسانی دروست نەبێتەوە. بۆیە ئێستا ئەم هێرشانەی کە دوایینیشە و دەکرێت، ئەم حیزبانە جارێکی تر بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن، بەڵام ڕەنگە ئەمجارە تۆزێک دۆخەکە جیاواز بێت؛ ڕژێمی ئێران هێزی زۆری هێناوەتە سەر سنوور، و بە هەموو شێوەیەک هێڕش دهكاته سەر حیزبەکان و دەکاته سەر باشووری کوردستانیش و ئەوە بینیمان گومان دەکرێت چەکی فسفۆر بەکارهێنراوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەمجارە ئێران دەستی ئەو حیزبانە ڕادەکێشێتە ناو جەنگێکەوە کە ڕەنگە باشووری کوردستانیش ببێتە قوربانیی ئەو جەنگە و ناوچە سنوورییەکان و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ببنە قوربانیی جەنگێکی وێرانکەر. واته ئەوەی کە هەیە هەنگاوەکانی ئەمجارەی ئەم حیزبانە، پێموایە ڕەنگە تۆزێک عەقڵانیتر و لۆژیکیتر بێت لەوەی کە لە شەڕی چل ڕۆژەدا هەبوو. ئەوەی کە شەڕی چل ڕۆژە بوو دەرفەت بوو، بەڵام ئەوەی کە ئێستا ئێران کاری لەسەر دەکات، ئێران دەیەوێت جەنگێکی وێرانکەر بەرپا بکات هەم لەسەر سنوورەکانی باشوور و هەم لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
قەندیل پرێس: ساردیی جەماوەری و مەترسیی تەسلیمبوون بە سیاسەتی دوژمن؛ کاتێک هاوڵاتییەک لە باشووری کوردستان گیان لەدەستدەکات، کاردانەوەی جەماوەریی گەورە بەڕێوەدەچێت، کەچی بۆ شەهیدبوونی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لە هەمان خاکدا، ئەو ئاڕاستە گەرمە نابینرێت. لەلایەکی تریشەوە، ئێران بە هێرش و فشارەکان هەوڵی ناچارکردنی خەڵک و حکوومەتی هەرێم دەدات بۆ دەرکردنی حیزبەکان. بە ڕای ئێوە، ئایا ئەم ساردی و کەمخەمییە جەماوەرییە نیشانەی سەرکەوتنی ئەو فاکتەرە دەروونی و سیاسیانە نییە کە دەیانەوێت بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات لە قووڵایی کۆمەڵگەی کوردستان داببڕن؟
هونەر ئەحمەد: سهبارهت بهم پرسه من ههمیشه له ڕابردوودا كه لهگهڵ ئهو حزبانه قسهم كردووهو به ڕوونی پێم گوتوون ئهوهیه كه ئێوه لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە زۆر لاوازن و چندین ساڵە ئێوە لەنێو خاکی باشووری کوردستاندان، هێشتا ناتوانن خۆتان بە خەڵکی باشووری کوردستان بناسێنن. ئینجا چجای ئهوهی ئێستا كاریگهریان ههبێت بۆ ئهوهی خهڵكی – بۆ نموونە لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە، لە ڕێگەی کەمپینەوە، یان لە ڕێگەی مانگرتنەوە – پشتگیری لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بکەن؟ ئەم حیزبانە چەندە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات دوور بوون، ئەوەندەش لە باشووری کوردستان – یانی لە خەڵکەکەی، لە میدیاکەی، لە هەموو ئەو شتانە – دوور بوون. بەردەوام خۆیان دوور گرتووە لە کۆمەڵگە و لە میدیا و له لێدوان، و چەند ساڵە لێرەن، ئەم حیزبانە ئەگەر لە ناوخۆش نەبێ – بۆ نموونە لە باشووری کوردستانیش نەبێت – دەیانتوانی پشتگیریی میدیاییهك بكهن بۆ نمونه لەو وڵاتهی كه پارێزراوه بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بە خەڵکی باشوور بناسێنن، و باشتر شۆڕش و دەنگی خۆیان بە خەڵک ئاشنا بکەن، و هەم لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتیش کاریگەریی زیاتریان هەبێت. بەڵام بەداخەوە ئەمە نەکراوە و ئێستا ئەو هاوسۆزییە کەمترە بۆ ڕۆژهەڵات. کارێکی تریش کە هەمیشە من ڕەخنەم لێ گرتوون ئەوەیە کە ئەوە غروری ئەم حیزبە سیاسیانەی ڕۆژهەڵاتە؛ غرورێکیانە کە نایانەوێت خەباتی چەکداری وەک قوربانی پیشان بدەن، لە کاتێکدا باشتر وابوو بەپێچەوانەوە دەیانکرد. لە کاتێکدا ڕژێمی ئێران بەو هەموو توانایەی کە هەیەتی و جەنگی چەندین وڵاتیشی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیلدا هەیە، هێشتا خۆی بە مەزڵووم پیشان دەدا، منداڵێک و چەندین کەس دەکوژرێن و لە میدیاکانەوە هەموو ڕۆژی شینی بۆ دەگێڕن، ڤیدیۆ لەسەر دروست دەکەن، فیلمی لەسەر دەکەن. ئەمانهی ئێمە، ئەم حیزبانەی ڕۆژهەڵات، کەسێکیان کە شەهید دەبێت ڕێگە نادەن؛ تهنانهت دوو فۆتۆشی بگیرێت، تەنانهت گۆڕەکەی دەرکەوێت، واته نایانەوێت خۆیان وەک قوربانی پیشان بدەن، لە کاتێکدا قوربانیی سەرەکی ئەوان خۆیانن.
قەندیل پرێس