به‌په‌له

د. ڕێبەر فەتاح: پشتبەستن بە کۆمپانیا بیانییەکان هەرێمی کردووەتە بارمتەی بڕیاری سیاسی

ئابووریی هەرێم لە بەردەم هەڕەشەی پشتبەستن بە تاکە سەرچاوە؛ ئایا حکوومەت دەتوانێت لە نێوان قەیرانە دەرەکییەکان و دابینکردنی پێداویستیی هاوڵاتییاندا پلانی جێگرەوە جێبەجێ بکات؟

قەندیل پرێس – وتووێژ

لە کاتێکدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی هەستیار هەنگاو دەنێت، پرسی سەقامگیریی ئابووری، نەبوونی پلانی جێگرەوە بۆ کێڵگە ستراتیژییەکان، و کاریگەریی مۆدێلی پشتبەستن بە کۆمپانیا بیانییەکان بووەتە جێگەی مشتومڕێکی قووڵ. دوای پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەکانی دوایی و هەڕەشەکان لەسەر کێڵگەکانی وزە، پرسیارەکان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و داهاتووی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بوونەتەوە. حکوومەت و کەرتی ئابووری لە تاقیکردنەوەیەکی سەختدان لە نێوان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وەبەرهێنەران و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە دەرەکییەکاندا.
دکتۆر ڕێبەر فەتاح، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆی دهۆک، لەم وتووێژە تایبەتەدا لەگەڵ قەندیل پرێس، شیکارییەکی ورد و هەمەلایەنە بۆ ئەم دۆسیە هەستیارانە دەکات و نەخشەڕێگای زانستی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی پشتبەستن بە تاکە سەرچاوە دەخاتە ڕوو.

قەندیل پرێس: نەبوونی بەدیلی ناوخۆیی بۆ کێڵگە ستراتیژییەکان؛ ڕەخنەیەکی جدی لە حکومەتی هەرێم دەگیرێت کە بۆچی تا ئێستا هیچ نەخشەڕێگایەکی کردەیی بۆ بەدیلی کێڵگەی کۆرمۆر و شێخان دانەنراوە؟ ئایا کێشەکە لە نەبوونی تەکنەلۆژیا و توانای ناوخۆییە، یان حکومەت سەرجەم کارتی ئابووریی خۆی لە یەک سەبەتەدا داناوە و لە کاتی قەیراندا هیچ پلانێکی B ی بۆ دابینکردنی کارەبا و سوتەمەنیی هاوڵاتییان نییە؟

دکتۆر ڕێبەر فەتاح: به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێویستە حکوومەت پلانی هەبێت، پلانی ئه‌ی، پلانی بی و پلانی سی هەبێت. ئەم پڕۆژە ستراتیژییانەی کە لە هەرێمی کوردستاندان و ڕەنگە هۆکارێک بن بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە، وەک کارەبا یان تەنانەت بەنزین، بێگومان پلانی بی و سی پێویستن بۆ کاتێک کە هەڕەشەیەک روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، یان کاتێک ناکۆکی لەنێوان بەغدا و هەرێمدا دروست دەبێت، یان شەڕ لەنێوان ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیلدا روودەدات. لەم حاڵەتانەدا، بێگومان مەترسیی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەبێت و زیانێکی زۆر مەزن بە هەرێمەکە دەگات و دۆخێکی ناسەقامگیر دروست دەدات.
لەبەر ئەوە، پێویستە هەمیشە پلانی بی مان هەبێت، و نازانم حکوومەت تا چەند کار لەسەر ئەمە دەکات، چونکە هێشتا پلانی ئه‌ی وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە و کێشەکانی چارەسەر نەکردوون. بۆیە دەبێت بەدوای پلانی بی دا بگه‌ڕێین؛ بۆ نموونە، وێستگەی خۆر دروست بکرێت، و کۆگاگەلی مەزن دروست بکرێن بۆ عەمبارکردنی دیزل، گازوایل و سوتەمەنی بۆ ئەوەی لە کاتی قەیرانەکاندا بەکاربهێنرێن.
بەڕاستی، پەرەپێدان بە ئێنێرژیی خۆر یەکێکە لەو کارانەی کە پێویستە حکوومەت کاری لەسەر بکات و وەک پلانی بی لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی لە کاتی هەر قەیرانێکدا چارەسەرێک هەبێت.

قەندیل پرێس: کاریگەریی مۆدێلی پشت بەستن بە بیانی لەسەر ئاسایشی ئابووری؛ ئایا ئەو مۆدێلە ئابوورییەی ئێستا پەیڕەو دەکرێت کە تێیدا تەواوی ژێرخانی وزە لەسەر شانی کۆمپانیا بیانییەکانە، نەبووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە قۆرخکاریی ئابووری؟ کاتێک کۆمپانیایەک وەک گەڵف کیستۆن بەهۆی گرژییەوە کارەکانی ڕادەگرێت، ئایا ئەمە بەڵگەی ئەوە نییە کە حکومەت لە ڕووی ئابوورییەوە بووەتە بارمتەی بڕیاری سیاسیی ئەو کۆمپانیایانە؟

دکتۆر ڕێبەر فەتاح: پشتبەستن بە بیانییەکان یان کاریگەرییەکەیان لەسەر ئاسایشی ئابووری، وەک ئابووریناسێک ئەم خاڵە دەخەینە ڕوو: ئاسایشی ئابووری کلیلە و بنەمای ڕاستەقینەی ئاسایشی نیشتمانییە. کاتێک ئاسایشی ئابووری نەبوو، ئاسایشی نیشتمانیش واتای نامێنێت و قەوارەکە هەمیشە لەژێر مەترسی و هەڕەشەدا دەبێت.
لەبەر ئەوە، تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکاندا، ئەو کۆمپانیا زبەلاحانەی جیهان کە تایبەتن بە ئەمریکا، ڕاستە سوودێکی گەورە و گرنگی بۆ داهاتووی هەرێم هەیە؛ بەڵام کۆمپانیا گەورە و بیانییەکان وەک کۆمپانیا خۆجێییەکان ئامادە نیین مەترسی و ڕیسک قبووڵ بکەن. کۆمپانیا خۆجێیەکان هەمیشە وەک کۆمپانیای نیشتمانی پتر بەرگەی مەترسی و بارودۆخە سەختەکان دەگرن لە کاتی قەیرانەکاندا.
کەواتە، ئەگەر هەموو پێگە و ڕێڕەوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان تەنها لەژێر دەسەڵاتی کۆمپانیا بیانییەکاندا ببن، لە هەر قەیرانێکدا وەک ئەوەی ئێستا دەبینین، ئەم کۆمپانیایانە کارەکانیان ڕادەگرن—چ لە کێڵگە نەوتییەکان، چ لە بواری وه‌به‌رهێنان، یان لە کێڵگەکانی گازدا—چونکە ئەوان ئامادە نیین مەترسی و ڕیسک هەڵگرن.

لەبەر ئەوە، پێویستە لەم بارەیەشدا کۆمپانیا خۆجێییەکان ڕۆڵیان هەبێت و وەک پلانێکی جێگرەوە (پلانی بی) لەبەرچاو بگیرێن، بۆ ئەوەی هەرکاتێک ئەم کۆمپانیا بیانییانە کشانەوە و دۆخێکی ئاڵۆز رووی لە هەرێم کرد، چارەسەرێك هەبێت.

قەندیل پرێس: ململانێی هەرێمایەتی و کێشەی ژێرخانی ئابووری؛ ئایا هێرشە بەردەوامەکانی سەر ژێرخانی وزەی هەرێم دەتوانرێت وەک ستراتیژێکی شەڕی ئابووری سەیر بکرێت بۆ گوشارخستنەسەر حکومەتی هەرێم؟ چۆن دەتوانین پارێزگاری لەو ژێرخانە بکەین کاتێک لە نێوان بەرداشی ململانێی واشنتۆن و تاراندا گیراوە؟

دکتۆر ڕێبەر فەتاح: ململانێی هەرێم و شەڕی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لە ڕاستیدا دوو بابەتی نزیکن؛ شەڕێکی بەردەوامە کە زیاتر له‌ 20 ساڵە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە بە ئامانجی نەهێشتن و لاوازکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی شڵەژانەکان لە ناوچەکەدا. ئەم شەڕە چەندین شێوازی جۆراوجۆری خۆی گرتووە، وەک شەڕی چەکداری، شەڕی ئابووری، شەڕی دەروونی، و هەروەها هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی بڕیارەکانی دادگای پاریسەوە؛ هەموو ئەمانە پێکەوە ئەو شەڕ و هەوڵانە پێکدەهێنن کە ئامانجیان لاوازکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە.
لە ئێستادا، ململانێ هەرێمییەکان یان ئەو شەڕە هەرێمییانەی کە لە ناوچەکەدا دروست دەبن، دەرفەتێکن کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە بۆ لاوازکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێن، هەرچەندە هەرێمی کوردستان لایەنێکی ئەو شەڕە نییە و بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە لەو فەزایەدا نییە. بەڵام ئەم دۆخە وەک دەرفەتێک دەبینرێت بۆ لێدان لە هەرێمی کوردستان و پەکخستنی پێگە ئابوورییەکەی.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و خۆپاراستن لەو دۆخانە، هەرچەندە هێشتا متمانەیەکی تەواو دروست نەبووە، بەڵام بوونی هەندێک پەیوەندیی باش لەگەڵ بەغدادا دەتوانێت تا ڕادەیەک کاریگەریی ئەم شەڕە و ئاڵۆزییەکان کەمتر بکاتەوە. ئەگەر پەیوەندییەکان باشتر بن، ڕەنگە بتوانرێت سیستمێکی بەرگری یان هەماهەنگیی هاوبەش لە ڕێگەی عێراقەوە لەم بارودۆخەدا پەرەپێبدرێت و دابمەزرێت، یان لەگەڵ هاوپەیماناندا هەنگاوی هاوبەش بنرێت. هەرچەندە پەیوەندییەکانى بەغداد و هەولێر بۆ ئەوەی هەرێم لە شەڕ و ناکۆکییە ناوچەیییەکان پارێزراو بێت زۆر گرنگن، بەڵام ئەم پەیوەندییە بۆ عێراقیش لە هەمان کاتدا گرنگیی خۆی هەیە.

قەندیل پرێس: پێداچوونەوە بە نەخشەی وەبەرهێنان و داهات؛ زۆرێک لە کۆمپانیاکان ئێستا سیاسەتی خۆپارێزی پەیڕەو دەکەن. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هەرێمی کوردستان بیر لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات بکاتەوە و چیتر تەنها پشت بە نەوت و گاز نەبەستێت، بەتایبەت کاتێک دەزانین ئەم کەرتە تا چەند لاواز و هەستیارە بەرامبەر بە گۆڕانکارییە ئەمنییەکان؟

دکتۆر ڕێبەر فەتاح: دابەشکردن و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، لە ڕاستیدا یەکێکە لەو کێشانەی کە چارەسەرکردنی نەک تەنها کێشەی هەرێمی کوردستان، بەڵکو کێشەی عێراقیشە.
پشتبەستن بە کەرتی نەوت و تەنها پشت بەستن پێی، وەک ڕێگەیەک وابووە کە هەر کاتێک ئاڵۆزی یان قەیرانێک روو بدات، هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ بکەوێتە قەیرانەوە. بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، بێگومان دەبێت جێگرەوەی ڕاستەقینە، پراکتیکی و لەبەردەستدا هەبن کە کاریان لەسەر بکەین.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە لەم ساڵانی دواییدا لەم بارەیەوە هەندێک هەنگاوی ناوە، بەڵام هێشتا ئەو هەنگاوانە پێویستیان بە کاری زیاتر و پراکتیکیتر هەیە. جێگرەوەکە لەوەدا دەبینرێتەوە کە لە چەند کێرتێکدا بتوانین هەمەجۆرکردنی داهات لە هەرێمی کوردستاندا بەرپا بکەین.
کەرتی کشتوکاڵ: دەبێت پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ و کارەکانی تاک بە تاکی جووتیاران بدرێت. پڕۆژەی کشتوکاڵ و پڕۆژە گەورەکان لە دەڤەرە باشەکاندا هەن و پێویستە لەسەر بنەمایەکی ستراتیژی وەک پڕۆژەی بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ بۆ باشترکردنی بژێوی ژیان پەرەیان پێ بدرێت.
کەرتی گشتوگوزار: دەرفەتەکانی گشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و سروشتەکەی دەبێت بقۆزرێنەوە و کلتووری گشتوگوزار زیاتر گەشە بکات. هەرچەندە توانای گشتوگوزارمان زۆرە، بەڵام کلتووری گشتوگوزار لە مەیداندا هێشتا لاوازە و پێویستی بە پێشکەوتن هەیە.
پیشەسازییە بچووک و مامناوەندەکان: لە چوارچێوەی هەمەجۆرکردنی داهاتدا، دەبێت کار لەسەر پەرەپێدانی پیشەسازییە بچووک و مامناوەندەکان بکرێت، بەتایبەت پیشەسازیی خۆراکی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاساییشی خۆراک و ئاساییشی ئابووری و نەتەوەییەوە هەیە. هاندان و پشتگیریکردنی ئەم پیشەسازییە خۆراکییانە و گرێدانیان بە کەرتی کشتوکاڵەوە دەبێتە زامنێک بۆ پێشخستنی ئابووری.
بە کورتی، ئەگەر بتوانین کێشەی پشتبەستنی زیاتر لە 90 لەسەدی بە نەوت کەم بکەینەوە و هەمەجۆرکردنی داهات پەرە پێ بدەین، لە ڕێگەی سەرکەوتنی ئەم کەرتانەوە دەتوانین ئەزموونی سەرکەوتووی زۆر لە وڵاتانی تریشەوە ببینین.

قەندیل پرێس: پرسیاری جەوهەری و دەرەنجام؛ بە ڕای ئێوە، وەک پسپۆڕێکی ئابووری، ئایا ئەو تێگەیشتنەی کە هەرێمی کوردستان چیتر ناوچەیەکی ئارام نییە بۆ وەبەرهێنان، تێگەیشتنێکی واقیعییە؟ چی پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی هەرێم لەم بازنە داخراوەی پشت بەستن بە یەک سەرچاوە و ترس لە هەڕەشە دەرەکییەکان دەرباز بێت و بتوانێت متمانەی کۆمپانیا جیهانییەکان و دڵنیایی هاوڵاتییانی خۆی بەدەست بێنێتەوە؟

دکتۆر ڕێبەر فەتاح: سەبارەت بەم بابەتە، هەرێم لە ڕووی ئەمنییەوە هێشتا وەک پێویست ئارام نییە بۆ وەرهێنان. هەموومان دەزانین کە خاوەن سەرمایە ترسنۆکە و دەگەرێت بەدوای شوێنێکی ئارامدا بۆ ئەوەی سەرمایەی خۆی تێدا بەکاربهێنێت.
بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی و خۆجێیی بەدەستبێنێت، پێویستە دەزگایەکی تایبەت هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەم متمانەیە. ئەم پرۆسەیەیش بە چەند قۆناغێک دەبێت:
یەکەم: بەدەستهێنانی متمانەی وەبەرهێنەری بیانی.
دووەم: پتەوکردن و قایمکردنی متمانەی وەبەرهێنەری خۆجێیی بۆ ئەوەی سەرمایەی خۆیان نەڕەوێنن.
وەک ئاگادارین، بەشێکی زۆر لە خاوەن سەرمایەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر ترسنۆکی، سەرمایەکانیان بردووەتە تورکیا، لوبنان، قوبرس و ئەوروپا و لەوێ پڕۆژەیان ئەنجام داوە؛ ئەمەش زیانێکی گەورەی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە. بۆیە پێویستە متمانە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و خۆجێیی بگێڕینەوە، سەبارەت بە لایەنە سیاسییەکانیش، دەبێت سیاسەتێکی دوربینمان هەبێت بۆ ئەوەی کێشە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر نەبێت. هەروەها پێویستە چاکسازیی بنەڕەتی لە سیستمی بانکی و ئاسایی و وەبەرهێناندا بکرێت و سیستمی پارەدان دیجیتالی بکرێت.
کێشە یاساییەکانیش لەگەڵ بەغدا دەبەنە پێشەوە؛ بۆ نموونە، وەک چۆن لە بابەتی ئاسایشدا کرا و بەرهەمی خۆماڵیی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و بەپێچەوانەوە هات و چووی پێکرا، ئەمە بۆ وەبەرهێنەر زۆر گرنگە. ئەگەر پڕۆژەیەک لە دهۆک هەبێت و کاتێک بەرهەمەکەی دەچێتە بەغدا، ئەگەر پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا باش نەبن، ئەوا تووشی کێشە دەبێت؛ چونکە بازاڕی هەرێمی کوردستان تەنها بەشێکی کەمە لە بازاڕی گەورەی عێراق. بۆیە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا و ئاسانکردنی هاتوچۆی کاڵا و بەرهەمەکان لە نێوان هەرێم و بەغدادا بایەخێکی گەورەی هەیە.
جگە لەمانەش، کێشە کارگێڕییەکانی وەک ڕووبەڕووبوونەوەی قۆرخکاری، دابینکردنی دەرفەتی یەکسان، و کەمکردنەوەی ڕۆتین لەڕووی پراکتیکییەوە بۆ وەبەرهێنەران، ئەمانەش هەمووی ئەو کارانەن کە دەبێت بکرێن.
لە کۆتاییدا، هیوادارین هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێکی ئارام بۆ هەردوولا، چ بۆ وەبەرهێنەری بیانی و چ بۆ وەبەرهێنەری خۆجێیی. ئێستا قۆناغێکە کە دەبێت وەبەرهێنەری خۆجێیی بکەینە بنەما بۆ ئەوەی سەرمایەکانیان لە هەرێمی کوردستان نەرەوێن، و لە قۆناغی دووەمدا پتر وەبەرهێنەری بیانی ڕابکێشین بۆ ئێرە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

کاوە محەمەد: لە عەقڵییەتی حیزبسالاریدا دامەزراوەکان کراونەتە دیکۆر و قووتی خەڵکیش دەکرێتە قوربانی

قەندیل پرێس – وتووێژ لە کاتێکدا پرۆسەی سیاسی لە عێراق قۆناغێکی نوێی بڕیوە و حکومەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *