قەندیل پرێس – وتووێژ
لە کاتێکدا دۆخی سیاسیی ئێران بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی و ناڕوونی تێدەپەڕێت و جموجۆڵەکانی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی وڵات گەرمتر بووە، پرسیارگەلێکی جدی لەسەر ئەجێندا و ناوەرۆکی ئەم ڕەوتانە دروست بووە. بەتایبەت ئەو کۆنگرە و کۆبوونەوانەی کە بە ناوی “ئازادی ئێران” بانگەشە دەکەن، بوونەتە جێگەی ڕەخنەی توندی هێزە فکری و نەتەوەییەکان.
دکتۆر ئەحمەد محەمەدپوور، مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکا، لەم وتووێژە تایبەتەدا بۆ “قەندیل پرێس”، بە دیدێکی ڕەخنەییەوە لە ئەندازەی فکری و ستراتیژیکی ئەم کۆنگرەیە دەڕوانێت و بە “سیرکێکی سیاسی” ناوی دەبات کە ئامانجی سەرەکیی “فرۆشتنەوەی فارسییەت و ئێرانییەتە بە کورد.
قەندیل پرێس: بەڕێز دکتۆر ئەحمەد، ڕووداوی بێبەریبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەکەی “کۆنگرەی ئازادی ئێران”، مشتومڕێکی زۆری لەناو شەقامی سیاسی و میدیاییدا دروست کرد. وەک شارەزایەکی بواری کۆمەڵناسیی سیاسی، ئەم جۆرە ناکۆکییە ڕێکخراوەیی و سیاسییانە چۆن لە ڕووی زانستییەوە لێکدەدەنەوە و چیمان پێ دەڵێن دەربارەی ئاستەنگییەکانی بەردەم هاوپەیمانییە سیاسییەکان لە ئێراندا؟
د. ئەحمەد محەمەدپوور: سەرەتا پێویستە بەم خاڵە دەست پێبکەم و جەخت بکەمەوە کە بە ڕای من لە ئێران ئێمە دامەزراوەیەک یان ڕەوتێکی هزری و سیاسی بەناو “ئۆپۆزسیۆن”مان نییە. واتە، ڕێچکە و ڕەوت و ڕێکخراوەیەکی سیاسی یان هزری کە دەنگ و ڕەنگێکی ڕادیکاڵ و ئازادیخوازانە و دژەداگیرکەری و دژەپاوانخوازی هەبێت لە دەرەوەی چوارچێوەی سیاسی و ناسیۆنالیستی فارس-شیعە تەوەر هەڵقوڵابێت، کە بتوانێت ئێرانێکی فرەنەتەوەیی و فرەئایینی و فرەزمانی بە تەخەیول و تەسەوور دەربێنێت لە ئەساسدا بوونی نییە و لەسەد ساڵێ ڕابردوودا نەبیندراوە. ئەو جەریاناتەی بەناو ئۆپۆزسیۆن دەناسرێن یان خۆیان دەناسێنن، واتە ڕەوتی چەپ، پەهلەویست، لیبراڵ یان سکۆلار یان کۆماریخواز، هەموویان لەسەر کێشە و فۆڕم و شێوازی حکومەتداری کێشەی ناوخۆیان هەیە، نەک لەسەر پێداچوونەوە یان لادان لە بنەما ئایینی و زمانی و ناسنامەیی فارسی-شیعی کە لە ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا هەتا ئەمڕۆ ئێران و ئێرانییەتی وەکوو فارسییەت و شیعییەت پێناسە کردووە. واتە ئێمە پۆزیسیۆنی جۆراوجۆری سەردەستمان هەیە، نەک ئۆپۆزسیۆن. لەوانەیە لەم بەینەدا پەهلەویستەکان هەڵوێستێکی ڕوونتریان هەبێت، چونکە هێشتا گیرۆدەی خەون و وەهمی ئێرانی کۆن و خوێندنەوەی ئۆریانتالیستی لە ئێرانی پێشئیسلامن و بە ئاشکرا شمشێریان لە ڕووەوە بەستووە. چەپەکانیش هەر بەم شێوەیە باس لە مافی چین و توێژ (و چەپی نوێ باسی چێژ و لایف ستایلی نوێشی پێوە زیاد کردووە) دەکەن، بەڵام ئەم مافە هەرگیز درێژ ناکەنەوە بۆ مافی زمان و کیان و ناسنامە و مێژووی سەربەخۆ بۆ کورد و تێکڕای نافارسەکان. بگرە تەمامیەتی خاکی بۆ ئەوانیش هێڵی سووری جینۆساید و ئینکار و سڕینەوەیە. مێژووی چەپی ئێرانشاری زاڵ لە ساڵی ١٩٤٠ەوە هەتا سەرەتای کۆماری ئیسلامی پێویستی بە لێکدانەوەی زیاتر نییە و بە ڕوونی لە هەڵوێستەکانی حیزبی تودە و لقەکانیدا باس کراوە و ئێستاش بەشیک لە چەپی کورد کە هەست و ویستی نەتەوەیی فیدای وەهمی چین و توێژ کرد نیتوانییەوە نێوکی خۆی ببرێت و خۆی لەم زیندانە هزرییە دەرباز بکات. کۆماریخوازەکان و لیبراڵەکانیش هەر بەم شێوەیە مافی خاک و زمان و مێژوو کورت دەکەنەوە بۆ سندوقی هەڵبژاردن و کۆمەڵێک مافی مەدەنی. لە حاڵێکدا کە مافی چارەنووس و خاک و زمان بۆ نەتەوەیەکی داگیرکراو موتڵەقەن نابێت بسپێردرێت بە سندوقی ڕایدان. ئەم مافانە مافی بەشەرین، و کۆمەڵگای ژێردەست و هەموو کۆمەڵگایەک بەگشتی مافی چارەنووسی هەیە، و هیچ نەتەوە و کۆمەڵگایەک بۆی نییە بوون و نەبوونی ئەم مافەی بۆ نەتەوەیکی تر دیاری بکات.
جا لێرەوە وەڵامی من بۆ پرسیاری ئێوە ئەوەیە کە کۆنگرەی ئازادی ئێران لە کام لەو بیرۆکە و چوارچێوانە لای داوە، و چ نوێکاری و پێداچوونەوە و هزرێکی نوێ و ڕادیکاڵ و دژەداگیرکەری تێدا بەستەیە کە بۆ کورد ببێتە هەل و دەرفەت و بتوانێت حیسابی لەسەر بکات؟ ئەم کۆنگرەیە بێگومان هەوڵی ئەوەیە کە بە زمانێکی نەرم و نیان و مەدەنی، دیسان ئێرانییەت و فارسییەت بە کورد بفرۆشێتەوە؛ بە شێوەیەکی هاوشێوەی “برایەتی و خوشکایەتی گەلان”، بەناو برایەتی و هاووڵاتیبوون و دانپیدانان بە کۆمەڵێک مافی مەدەنیو بەدەنی، ناسیۆنالیزمی سیڤیک و شارۆمەندانە بە کورد بفرۆشێتەوە، و کورد لە چوارچێوەی هەمان بیر و بۆچوونی “ئێرانی یەکگرتوو” لەسەر زمان و ناسنامەی کۆمەڵگای باڵادەست ڕازی بکات، و مێژوو و خاک و زمانەکەی وەکوو فۆلکلۆر و ڕەنگ و دەرکەوتەیەک بخاتە ژێر چەپۆکی کولتووری باڵای ئێرانی/فارسییەوە، ئەویش بە شێوەیەکی خۆویست و خۆبەخش.
بۆیەش بەشداری حیزبە کوردستانییەکان لە سەرەتاوە هەڵەیەکی هزری و سیاسی و ستراتیژیک بوو. ئەم کۆنگرەیە جگە لەوەش لەلایەن کەسانێکەوە دامەزرا کە یان کۆنەچەپی و کۆنەناسیۆنالیستی ئێرانین و هێشتاش وەکوو تەقییەیەکی فکری هەر ئەم بۆچوونەیان ماوە، یان ئیسلاحخوازن و تەنانەت بەشێکیان ئەندامی لۆبی بەدناوی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکان، واتە لۆبی سوپای پاسداران (بەناو نایاک)، و هەندێکیشیان کۆمەڵێک کوڕ و کچی ئاخوند و سلێبریتین کە بەپێچەوانەی مێژووی دوور و درێژی حیزبە کوردستانییەکان سیاسەتی ئەم تاکانە ڕۆژانە دەگۆڕدرێت و وەکوو لایفستایلێکی فکری گۆڕانی بەسەردا دێت. بۆیە نەدەبوو حیزبی دێموکرات لە سەرەتاوە بەشداری ئەم سیرکە هزری و سیاسییە بێت و خۆی بکاتە پاشکۆی ئێرانییەتی و فارسییەتی نەرم و نیان، پاشان بەبێ پرسورا بڕیار و بەیاننامەشی بۆ دەربکات.
قەندیل پرێس: لە ڕوانگەی ئێوەوە، پرۆسەی ڕاگەیاندنی بێبەریبوونی پارتە سیاسییەکان لەو بەیاننامانەی بەبێ ڕەزامەندیی پێشوەخت ناویان تێدا دەهێنرێت، تا چەند دەتوانێت کاریگەری لەسەر هاوسەنگیی هێزەکان لەناو ئۆپۆزسیۆندا هەبێت؟ ئایا ئەمە بە تەنیا ڕوونکردنەوەیەکی تەکنیکییە، یان نیشانەی قووڵبوونەوەی جیاوازیی ستراتیژییە لە نێوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانیتری ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا؟
د. ئەحمەد محەمەدپوور: من لەسەر ئەم باوەڕە نیم کە ئەم پاکانەهێنانەوە و خۆبێبەریبوونکردنە دەتوانێت ئەو بەردەی ئەوان لەم گۆمەیان هاویشتووە بێنێتە دەر، و هەست و سۆزی برینداری گشتی کۆمەڵگای مەدەنی بلاوێنێتەوە و تەبرئەیان بکات. بۆچی؟ چونکە بەشداری لەم کۆنگرەیەدا لە سەرەتاوە بەم دانپێدانان و ئیعترافە بە بنەماکانی کۆنگرە دەست پێکراوە، و ناموومکینە کە ئەوان ئاگاداری چوارچێوە و پڕەنسیپەکانی ئەم کۆنگرەیە نەبووبن. واتە باوەڕ بە هاوژینی لە چوارچێوەی ئێران، و باوەڕ بە چەمکی ئێران و ئێرانییەت، و چاو و گوێ داخستن لە ئاستی سەد ساڵ ئینکار و کوشتار و داگیرکاری و ئیستعماری ناوخۆیی کە ئەم کۆنگرەیە هەرگیز دانی پێدانەناوە و تەنها وەکوو کێشەیەکی مودیریەتی سیاسی ڕەنگە باسی لێکردبێت، وا باسی لێکرابێت کە گوایە بە گۆڕانی سیاسەت یان ڕژیم ڕەنگە ئەم مێژووە تاریک و تاڵ و پڕ لە جینۆساید و سڕینەوەیە قەرەبوو بکرێتەوە؛ بگرە زۆربەی بەشداربووان و دامەزرێنەرانی ئەم کۆنگرەیە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە بێدەنگی یان بە ڕەزامەندی یان بە ئینکار و ئیهمال، بەشداری ئەم چەوساندنەوە و داگیرکارییە بوون و هەن. کەواتە پاکانەهێنانەوە و پاساوهێنانەوە چارەسەر نییە. حیزبی دێموکرات و هەر حیزبێکی کوردستانی کە باوەڕی بە خاک و زمان و کەرامەت و کەیانی سەربەخۆی هەیە، نابێت بە هیچ باردا و لە ژێر هیچ ناوێک، تێکەڵاوی ئۆپۆزسیۆنێکی ئێرانی بێت کە لە ڕاستیدا هەمان پۆزیسیۆنی زاڵە. بۆیەش تاقە ڕێگە ئەوەیە کە بە زووترین کات و بە ئاشکرا لەم سیرکە بێنەدەرەوە و خۆیان لەم داوە ڕزگار بکەن، و لەبیریان بێت کە هێز و توانا و مەشروعییەتی ئەوان لە میژوو و کولتوور و کۆمەڵگای کوردەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە کۆمەڵێک دیاسپۆرای وەڕەز و بێکاریگەری و ڕەنگگۆڕ و ئینکارخوازی زاڵ. کۆنگرەی ئازادی ئێران ئەگەر بەڕاستی ئازادیخوازە، دەبێت سەرەتا لە دانپیدانان بە سەد ساڵ داگیرکاری ناوخۆیی و کوشتار و تاڵان و وێرانکاری گوتاری ناسیۆنالیستی فارسی-شیعییەوە دەست پێبکات، و باوەڕی خۆی بە ئێرانێکی فرەنەتەوەیی و فرەزمانی و فرەئایینی بە ئاشکرا ڕابگەیەنێت، و ڕۆڵی نوخبە و کۆمەڵگا و نەتەوەی زاڵ، واتە خۆیان، لەم داگیرکارییەدا زەق بکاتەوە، و هەنگاوی کردەیی هەڵبگرێت و ڕاستگۆ بێت و لە بنکۆڵکردنی سوپرەمەسی فارسی-شیعیی خۆیەوە دەست پێبکات. بەڵام ئەم پێداچوونەوەیە هەرگیز و هەرگیز ڕوو نادات و سەدا ساڵ مێژووی نەتەوە-دەوڵەتی ئێرانی شایەتحالییەتی.
قەندیل پرێس: لە گوتارێکدا کە بڵاوتان کردووەتەوە، بە توندی ڕەخنەتان لە بەشداریی حدکا لەو بەیاننامەیە گرتووە و داوای ڕوونکردنەوە و چوونەدەرەوەتان لەو چوارچێوەیە کردووە. دەمانەوێت زیاتر لەسەر ئەو دیدگایەمان بۆ ڕوون بکەنەوە؛ لە ڕوانگەی ئێوەوە بۆچی بەشداریی لەو جۆرە ڕێکخستنانەدا بە “مەترسی” بۆ سەر پێگەی سیاسی و ئەخلاقیی پارتێکی وەک حیزبی دێموکرات دەبینرێت؟
د. ئەحمەد محەمەدپوور: بەڵێ، پێویستە بە زووترین کات لەم سیرکە بچنە دەرەوە و بە ئاشکراش ڕایبگەیێنن؛ ئەم کۆنگرەیە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی هەنووکەیی ئێران نییە. بەشداربووەکان و دامەزرێنەرەکانی هیچ شارەزاییەکیان لە دۆخی کورد و نافارسەکان (بەتایبەت بەلوچ و عەرەب) نییە و هیچ مەیلیشیان بۆ لێی تێگەیشتن نییە.
هیچ باس و بابەتێکی نوێ لە ئارادا نییە، بۆ نموونە دانپێدانان بە ئیستعماری ناوخۆیی فارسی-شیعی، تاڵان و لەناوبردنی ژیان و ژینگەی کورد، سڕینەوەی و پاشکۆکردنی مێژوو و بیرەوەری ئینکارکراوی کورد، کۆڵبەرکوژی، مینڕێژی، ئیعدام و کوشتن و بی سەروشوێنکردن، سەد ساڵ چەوساندنەوە و ژێردەستیێتی، و دەیان و سەدان خاڵی دیکە. زۆر دوور نەڕۆین ئەم کۆنگرەیە ئایا هێرشەکانی ڕژیمی بۆ سەر بنکەکان و ماڵ و منداڵی بیگوناهی پێشمەرگی مەحکووم کرد کە بە بوو بە هۆی شەهیدکردنی چەندین پێشمەرگە؟ کام یەک لەوانە لە کۆنگرەی ئازادی ئێراندا باسی لێکراوە و بەیاننامەی بۆ دەرکراوە؟ ئەگەر هێرشی ئەمریکا بۆ سەر باشوری ئێران مەحکووم دەکەن بۆ هاوکات هێڕشی ڕژیم بۆ سەر ڕۆژهەڵات و پێشەمرگە مەحکوم ناکەن؟ حیزبە کوردییەکان نابێت فریوی دوژمنی سەمیمی بخۆن، واتە دوژمنەکان لە هەمن کۆنگرەدان. پێویستە لەبیریان بێت کە مەقبولییەت و مەشروعییەتی ئەوان لە کۆلتوور و کۆمەڵگای کوردەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە کۆمەڵێک کۆنەچەپ و کۆنەناسیۆنالیستی ئێرانی کە ئەمڕۆ لە ناهومێدی و ترس و هەراسی داڕمانی ئێرانی پیرۆزیان دەیانەوێت بە نەرمەبڕی خۆیان لە کورد نزیک بکەنەوە و بە زمانی برایەتی و خوشکایەتی، ڕازیان بکەن بە کۆمەڵێک مافی مەدەنی و بەدەنی. خاک و زمان و کەیانی سەربەخۆ ناسپێردرێت بە سندوقی هەڵبژاردن. زمان مافێکی مەدەنی نییە، مافێکی سروشتییە. ئازادی خاک مافی مەدەنی نییە بەڵکو میراتی باوک و باپیرانمانە. مافی چارەنووس مافێکی جیهانییە، و نابێت لە مەشهەد و تاران و ئیسفەهانەوە بە ڕەئی دیاری بکرێت؛ هیچ فارسێک بۆی نییە لە یەزد و شیراز و کرمان ڕا بۆ کوردێک لە هەورامان و مەریوان و ئیلام دیاری بکات کە بە چ زمانێک قسە بکات و بخوێنێت، بۆی دیاری بکات چ ناوێک لە منداڵەکەی بنێت، و چۆن مێژوو و ناسنامەی خۆی بخوێنێتەوە و بینووسێتەوە. ئایا حیزبە کوردستانییەکانی بەشداربوو لەم سیرکەدا بیریان لەم پرسیارانە کردووەتەوە، یان تەنها وەکوو دیوەخانێک بۆ کۆبوونەوە و مەراییکردن و پاڕانەوە و پۆزی ڕۆشنبیری چوونەتە ناو ئەم کارەساتەیەی کە ئەم زیانەی لێکەوتووەتەوە؟ حیزبە کوردستانییەکان بە هەشتا ساڵ و پەنجا ساڵ ئەزموون و خەبات، دەبێ پێشەنگی خەباتی دژەئیستعماری بن، نەک بکرێن بە پاشکۆ و قیادە و دارەدەست بۆ بازارگەرمی و فرۆشتنەوەی ئێرانییەت و فارسییەت لە ژێر پۆشتی “ئێرانی ئازاد”.
قەندیل پرێس: ئێوە لە گوتارەکەدا ئاماژەتان بەوە کردووە کە ئەو بازنەیەی کۆنگرەی ئازادی ئێران، زیندانێکی ئێرانییە و شۆڤێنییە. بەپێی ئەزموونی توێژینەوەکانتان، ئایا بۆچی بەردەوام هێزە کوردییەکان لە هاوپەیمانییە گشتییە ئێرانییەکاندا تووشی تێکهەڵچوون دەبن لەگەڵ هێزەکانی ناوەندی ئێران؟ کێشەکە لە پێناسەی دیموکراسییەکەیە یان لە جیاوازیی ئامانجە سیاسییەکان؟
د. ئەحمەد محەمەدپوور: کێشەکە لەوەدایە کە حیزبە کوردییەکان دۆخی کورد وەکوو داگیرکاریی ناوخۆیی و ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەکوو گوتارێکی ڕۆشنبیری، ئیستعماری و ئیمپریالیستی نابینن. ئەوان بەهەڵە پێیان وایە کە بە گۆڕینی پێکهاتە یان ڕژیمی سیاسیی، دۆخی کورد دەگۆڕدرێت. ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەرهەمێکی ڕۆشنبیریی، دروستکراوێکی مێژوونووسانە، دەستکردێکی ئۆرینتالیستی، و سازەیەکی فاشیستییە کە سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم. ئەم شۆڤێنیزمە سیاسی و هزرییە، بەپێچەوانەی تێگەیشتنی بەشێکی زۆر لە ڕێبەرایەتی و نوێنەرایەتی حیزبەکانی ئێمە، لە ڕاستیدا ڕیشەی لە کۆلتووری سیاسی و “ژیانە جیهانی مرۆڤی فارسی-شیعەدا” داکوتاوە و بووەتە بەشێک لە دی.ئێن.ئەی هزری و فکری کۆمەڵگای زاڵ و هەبیتاس و خوی فکری ئەم کۆمەڵگایە. من بۆیە دەستەواژەی “نەتەوە-دەوڵەت یان خەڵک-دەوڵەت”ی فارسی شیعی بەکار دێنم نەک چەمکی دەوڵەت-نەتەوە. ئەم دەوڵەتە چ پەهلەوی و چ کۆماری ئیسلامی دەرکەوتەی نەتەوەی زاڵن. من بە وردی لە کۆمەڵێک وتاری زانستی هاوبەش و سەربەخۆدا باسم لە بنەما هزرییەکانی ناسیۆنالیزمی فارسی-شیعی کردووە؛ ئەم کەسایەتی و تاکە فارسە-شیعەیە، بەو جیهانبینییە شۆڤێنییەیەوە کە پەهلەوی لێی دەرکەوت و گیانی بەخشی بە کۆماری ئیسلامیش. واتە کێشە بەس دەوڵەت و حکومەت نییە. ئەم دەوڵەت و حکومەتە لە ئاسمانەوە نەهاتووەتە خوارەوە و لە هیچ حەرزی ڕەقیش هەڵنەقووڵاوە، بەڵکو بەرهەمی زەین و مێشکی تاکی فارسەکە خۆی بە مەستەر ڕەیس (واتە ڕەگەزی زاڵ و سەرەکی) دەزانێت و دەناسێنێت، و مێژوو و جوگرافیای بەناو ئێران و فەلاتی ئێران بە خۆیەوە دەبەستێتەوە و پێناسەی دەکات، و خۆی دەکات بە حەبل المەتین و ستوون و کۆڵەکەی شارستانییەت. بۆیە گرنگ نییە ئەم زەین و مێشکە شۆڤێنییە کام پۆزیسیۆن و ئۆپۆزسیۆنە پێک بینێت، چونکە لە کۆتاییدا هەر دەگەڕێتەوە سەر ئەم سوپرمەسی و فاشیزمە فکریی و سیاسییە.
بۆیە وەک باسم کرد، ڕەنگە ناوی “کۆنگرەی ئێرانی ئازاد” بێت، بەڵام ئەو تاکە فارسی-شیعەیە هەرگیز و هەرگیز ناتوانێت مێشک و زەینی خۆی ئازاد بکات و دان بە مافی کورد و بە گشتی نافارس دابنێت، مەگەر بە شێوەیەکی کاتی و تاکتیکی. وەک بۆ نموونە حیزبی تودە کە لە سەرەتا باسی مافی چارەنووسی دەکرد، بەڵام دواتر پشتی لە مافی بنەڕەتی کورد کرد و چووە بەرەی خومەینییەوە. چەپەکان و سێکۆلارەکانیش بە هەمان شێوە. کەواتە کێشەکە لە پێناسەی دێموکراسی و ئامانجە سیاسییەکاندا نییە، بەڵکو مرۆڤی فارس هەرگیز ناتوانێت دیموکراسیخواز بێت. دیموکراسی بۆ ئەوان تەنیا لە چوارچێوەی ئازادی جلوبەرگ و سەما و پاسپۆرت و ئازادی جەستەییدا کورت دەکرێتەوە. ئەو نە خاکی داگیرکراوە، نە زامنی سڕدراوەتەوە، نە بوونی ئینکار کراوە، نە لە مەترسی جێنۆساید دایە و نە کێشەی مافی چارەنووسی هەیە. من نازانم کورد چۆن دەتوانێت مەخرەج و خاڵی هاوبەش لەگەڵ داگیرکەر و تاڵانکەری خۆیدا وەبینێت! من پرسیارم ئەوەیە کە لە چل ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگای زاڵ چەند کە حازرە خۆی بۆ حیجاب و ئازادی مەدەنی و بەدەنی بە کوشت بدات چەند هاتۆتە سەرشەقام دژ بە کوردکوژی ڕاوە کۆڵبەر، بەلووچ کوژی، عەرب کوژی یان دژ بە یاسای دژە مافی مرۆیی ئێران؟ چەندجار؟ چ شتێک ڕێگری لێکردوون کە حازر نەبوونە بچووکترین تێچوو نە بە کردەوە، نە تەنانەت بە بەیاننامە و مەحکوومکردنێکی سەرەتایی، لە پێناو مافی کورددا بدەن؟
قەندیل پرێس: پێتان وایە بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بتوانێت لە داهاتوودا کاریگەریی ڕاستەقینەی هەبێت، پێویستە چ بنەما و میکانیزمێکی نوێ بۆ “متمانە” و “ڕەزامەندیی هاوبەش” دابنێت؟ بەتایبەت لەو پرسە هەستیارانەدا کە پەیوەندییان بە چارەنووسی نەتەوەیی و سیاسیی کوردەوە هەیە.
د. ئەحمەد محەمەدپوور: هەروەک باسم کرد، ئێران ئۆپۆزسیۆنی نییە. پۆزیسیۆنی جۆراوجۆری هەیە، بەپێی کات و شوێن. بەڵام هەموو لە چوارچێوەی باوەڕ بە بوونی یەک نەتەوە، یەک مێژوو، یەک بیرەوەری، یەک ئاڵا و یەک زماندا دەجوڵێنەوە. ئەمانە نەگۆڕن! بەڵام بە فەرزی مەحاڵ، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێک هەبێت و ڕاستەقینەش بێت، دەبێت یەکەم بنەمای بریتی بێت لە باوەڕبە هەڵوەشاندنەوەی ئێران وەکوو چەمک و پێناسەیەکی دروستکراو — واتە چۆن دروستکراوە، دەبێ بەو شێوەیەش هەڵبوەشێتەوە. ئەمە مەرجی یەکەمە. دووهەم، دەبێت پێناسەیەک بۆ جوگرافیای بەناو ئێران بدرێت کە بە وشە و بەواتا و بە دەرکەوتە و کردەوە لەخۆگری ناونیشان و ماف و بوونی هەموو نەتەوەکان بێت. سێیەم، دانپێدانی کۆمەڵگای زاڵ بە سەد ساڵ چەوساندنەوە و ئینکار و ئیمحای کورد، و هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەی سیاسی و ئاکاری و کۆمەڵایەتی، و چاککردنەوەی ئەم برینە سەدساڵەیە. دیارە باسەکە دوور و درێژە و لەم نووسینەدا ناگونجێت؛ خاڵێکی گرینگی تر دەتوانێت داڕشتنی یاسایەکی بنەڕەتیی نوێ بێت کە بە تەواوەتی لەسەر بنەمای بە فەرمی ناساندن و بە مافی مرۆڤ زانینی مافی جیابوونەوەی کورد و نافارسەکان بێت. واتە جیابوونەوە مافێکی بنەڕەتییە و پێویستی بە هیچ جۆرە هەڵبژاردنێک نییە. دیارە ئەم هەویرە زۆر ئاو دەبات. واتە هەڵوەشاندنەوەی مێژوو و جوگرافیای بەناو ئێران، و لەوێوە دابەشکردنەوەی سەرلەنوێی هێزی سیاسی و بەرژەوەندی ئابوری و بەشداری کۆمڵایەتی و کولتووری و هتد. ئەمەش هەرگیز ڕوو نادات. کۆمەڵگای زاڵ نە ئامادەیی دەروونی و سایکۆلۆژی و سیاسی و کولتووریی ئەم بەخۆداچوونەوەیەی هەیە، نە دەست لە داگیرکاری و تاڵان و ئینکار هەڵدەگرێت و نە بە پێویستیشی دەزانێت، چونکە خاوەنی هەموو ئامێر و ئامرازەکانی نەتەوەسازی و سەپاندنی مەیل و ئیرادەی خۆیەتی. بۆیە تەنیا دوو ڕێگا بۆ کورد دەمێنێتەوە: یان بەرەو ئینتگراسیۆن و تواندنەوەی خۆبەخشانەی خۆی بچێت، یان خەباتی دژەداگیرکاری خۆی درێژە پێبدات، کە بە باوەڕی من ئەم ڕێگایە عەمەلیتر و کاریگەرترە، چونکە “نەتەوە-خەڵک-دەوڵەتی فارسی-شیعی” لەبەر توندئاژۆیی ناوخۆیی و دەست تێوەردانی ناوچەیی و کێسەی نێودەوڵەتی، لە کۆتاییدا بەرگە ناگرێت.
قەندیل پرێس: هەروەکو ئاگادارن، ماوەیەکە پژاک بە گوتاری “کۆماری دیموکراتیک” بۆ ئێران، هەوڵی ئەوە دەدات لە لایەنە ئێرانییەکان نزیک ببێتەوە و تا ئاستێکیش توانیویەتی ئەو هەوڵەی بە ئەنجام بگەیەنێت. بەڕێزتان گوتاری “کۆماری دیموکراتیک” چۆن شرۆڤە دەکەن و دەرەنجامەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چین؟
د. ئەحمەد محەمەدپوور: هەر وەک ئاماژەم دا، ناسیۆنالیزمی ئێرانی (هاوشێوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکی و تەنانەت لە ئەوان تووندتر و تۆختر)، هیچ ئیمکانێکی گوتاری، ڕۆشنبیرانە، هزری و سیاسی بۆ هاوژینی لەگەڵ «ئەویتری» خۆی تێدا نییە.
گوتاری ئێرانییەت کە لەسەر شانی فارسییەت و شیعییەت (شیعییەت گرنگە؛ چۆن لە ڕێگەی ئایینەوە نەتەوە نافارسەکانی وەکوو تورک، لوڕ، مازەنی، گیلانی و هتد بۆ ناوخۆی ڕادەکێشێت و هەوڵیش دەدات کەلێن و دابڕان لە نێوماڵی کوردیشدا دروست بکات) ڕاوەستاوە، هەرگیز ناتوانێت سیستەمێکی دیموکراتیک قەبووڵ بکات. سیستەمێکی دیموکراتیک (کە بەڕای من هەر ناقیس و بێکەڵکیش دەمێنێتەوە ئەگەریش بە فەرزی مەحاڵ دەستەبەر بێت)، بەمانای دابەشکردنی هێز، دەسەڵات، ئیمتیاز، بەرژەوەندی و وزەیە لەگەڵ کورد و نەتەوە نافارسەکان و ئەمەش بە واتای کۆتاییهێنان بە ئیمپریالیزمی ئایینی و زمانی سەردەستە. ئێمە باسی سیستەم و گوتارێکی دەکەین کە سەد ساڵە هێزی سەربازی، نیزامی، پێکهاتەیی و ڕێکخراوەیی پێک هێناوە؛ گوتارێکی ڕۆشنبیری بەهێزی جەعل کردووە، لە ئاستی نێودەوڵەتی پلە و پێگەی بۆ خۆی پێک هێناوە و مێژوو، بیرەوەری و ڕیوایەتی خۆی لەم جوگرافیا پان و بەرینە نووسیوە و دایسەپاندووە؛ بۆ دەبێ بە پێویستی بزانێت کە خۆی دیموکراتیک بکات و هێز و دەسەڵاتی خۆی بە شێوەی خۆبەخش لەگەڵ پژاک و ڕێبوار ئاودانان بۆ نموونە دابەش بکات؟ لەسەر چ ئەساس و پاساوێک؟ ئەمە لە بارەی ناسیۆنالیزمی تورک و عەرەبیشدا سێدقی دەکات.
ئەزموونی هەنووکەیی باکوور و ڕۆژئاوا چ بە ئێمە دەڵێت جگە لە شکست، ناهومێدی، بێکەرامەتی و توانەوە؟ باکوور کە زەمانێک بەهێزترین هێزی سەربازی و سیاسی پێکهێنابوو و بە کەمتر لە سەربەخۆیی کوردستانی گەورە ڕازی نەبوو، بە فریوی برایەتی و خوشکایەتیی گەلان و وەهمی دۆستایەتی گورگ و مەڕ کە لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی کەماڵیستیی دەوڵەتی تورکە، کۆتایی پێ هات و ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەش کە بە خواست و بە شانازییەوە (زۆر بەداخەوە) بەرەو ئاوێتەبوون، خۆتووناکردن و ئینتیگراسیۆن لە دەوڵەت-نەتەوەی تورک دەچێت، نە دەوڵەتی تورک دەست لە زمانی تێرۆر، هەڕەشە و ڕێتۆریکی دژەپەکەکە و دژەکورد هەڵدەگرێت و نە کۆمەڵگای تورک لە ڕووی سایکۆلۆژی و هزرییەوە ئامادەی ئەوەیە کە کورد تەنانەت وەکوو قەرەواش و کۆیلەش قەبووڵ بکات و وەخۆی بگرێت. تەنانەت لەگەڵ چەکدانانی خۆبەخشیشدا کەس نییە چەکەکانیان لێ وەربگرێت، چونکە ڕژیم پێویستی بە دوژمنە، پێویستی بە نەیارە، پێویستی بە کوشتن و بڕینە و دیسانەوە من کۆمەڵگای زاڵ لە دەوڵەت جیا ناکەمەوە.
لە ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەوەیکە لە پاش بەهاری (واتە زستانی) عەرەبی، کوردی ڕۆژئاوا لە پێناو خەونی برایەتیی گەلان، ١١ هەزار شەهیدی دا و باشترین نموونەی هاوژینی بە ناوچەکە ناساند، هەموومان ئێستا شاهیدین کە چۆن تەنیا بە مەرجی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ سوپای سووریا و داننان بە سووریەی یەکە و واحید، دەست لە کوشتوبڕینیان هەڵدەگرن. باشوور (کە بەڕای من حکوومەتەکەی بە مردوویی لە دایک بووە و خۆی کردووەتە حەوشی ئەمنی تورکیا و ئێران) هەر بەم شێوەیە وەکوو گۆشتی سەرچەپەرێ لە لایەن بەغداوە مامەڵەی پێ دەکرێ و سیاسەتی تەعریب لەو پەڕی بەهێزیدا بەڕێوە دەچێت.
بۆیەش من باوەڕم ئەوەیە کە جیا لە بیر و بۆچوون و مێژووی لێڵ و نادیاری پژاک کە ڕەخنە و ڕای خۆم لەسەریان هەیە، پێم وایە هەرگیز هیچ پڕۆژەیەکی دیموکراتخوازنە لە ئێران دەستەبەر نابێت. کێشەی پژاک لەوە دایە کە جۆرێک هەنگاو دەنێت کە تۆ بڵێی ئەوە کوردە دەبێ شادە و ئیمانی بە برایەتی و خوشکایەتی بهێنێت و ئەرکی کوردە کە دوژمنانی ئامۆژگاری بکات، لە حاڵێکدا هەنگاو بۆ برایەتی و خوشکایەتی دەبێ لە تاران، مەشهەد، ئیسفەهان، شیراز و لە تاک و نوخبەی فارسیی شیعەوە دەست پێ بکات، نەک لە کوردی چەوساوە، زمانبڕاو، ئینکارکراو و جینۆسایدکراو. ئەگەر دیسانەوە پژاک یان پەکەکە بۆ نموونە هەر باوەڕی بەم وەهم و خەونە نەدیتراوە هەیە، ئەوە دەبێ بیگوازنەوە و بچنە قەزوین، ئەراک، تاران و یەزد؛ لەوێ ئیعلامی بیعسەتی برایەتی و کۆماری دیموکراتیک بکەن، نەک لە هەورامان، مەریوان و ئیلام. خۆ کورد زمان و کولتووری خۆی دای نەسپاندووە بەسەر کابرای فارس و خۆ ئێمە وەک کولتوورێک کە خاوەنی خاوێنترین مێژوویین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تارانی و ئیسفەهانیمان جینۆساید نەکردووە کە داوای لێبووردن بکەین و لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین. ئەوە ئەرکی کۆمەڵگا و نوخبەی زاڵە کە هەنگاو بنێت و قەرەبوو بکاتەوە، کە هەرگیزیش نایکات.
پژاکیش واباشترە بەجیگەی بەفیڕۆدانی وزە و بەکوشتدانی گەنج و لاوی کورد و بیانودان بە ڕژیمی خوێن، خەیانەت و خشونەتی فارسیی شیعی، پڕۆژە و بیعسەتی ئاکاری و فەلسەفیی خۆی و ئامۆژگاریی دوژمن بەرێتە تاران، ئیسفەهان و ناو سوپای پاسداران و شەقامی پاستۆر، نەک سەری تەتە، ڕەبەت، دیواندەرە و ئیلام بکاتە جەبهە، بنکە و گۆشتی سەرچەپەرێ. گوتاری دیموکراتیک لە ئێران هەرگیز وەدی نایەت و مرۆڤی فارسیی شیعە حازر نابێت یەک بست لە دەسەڵات و پاوانخوازیی خۆی کۆتا بێت.
ئەم گوتارە درێژکراوەی گوتاری ئیسلاحتەڵەبییە کە وەڵامی خۆی داوەتەوە و تەنانەت عەجەمیش لێی تێپەڕ بوون و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەسەر ڕەگەزپەرستیی خۆیان سوورترن. کۆمەڵگای زاڵ خۆی لە ئەساسدا کۆمەڵگایەکی ڕەگەزپەرستە و ئەم ڕەگەزپەرستی و دیکتاتۆرییەتە لە هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستاندا دەبیندرێت. بۆیەش کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان زۆر ژیرانە و بە وردی هەستی بەم ڕەگەزپەرستییە کردووە کاتێک دروشم دەدات ڕژیم لە تاران فاشیستە و لە کوردستان داگیرکەرە.
باشترین کارێک کە پژاک دەتوانێت بیکات، هەوڵدانە بۆ بەهێزکردنی خەباتی دژەکۆڵۆنیاڵ و پەیوەستبوون بە حیزبە کوردستانییەکان و گەڕانەوە بۆ ڕێگەی ڕاستەقینەی کیان و کەرامەتی سەربەخۆ و دەرسوەرگرتن لە کارەساتێک کە شێرپەنجەی “برایەتیی گەلان” بەسەر باکوور و ڕۆژئاوای هێنا؛ ئەگەریش هەر سوورن لەسەر پڕۆژەی خۆیان، ئەوا دەبێ بچنە تاران، ئیسفەهان و شیراز بۆ داوەت و ئیسلاح، خوشک و برا عەجەمەکانیان لەوێ دەژین.
قەندیل پرێس