به‌په‌له

هیوا گوڵ محەمەدی: ئەو هەڵوێستانەی کە لە لایەن باشوور، باکوور و ڕۆژئاواوە گیرانە بەر زۆر خراپ بوون و لە ئاست دووبارە بوونەوەی ڕووداوە مێژووییە تاڵەکاندا بوون

قه‌ندیل پرێس: سڵاو ڕێز کاک هیوا، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەل قەندیل پرێس قەبوڵ کرد، وەکوو پرسیاری یەکەم، هەروا کە ئاگادارن ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕووداوی کەوتنە خواری هەلیکۆپترەکەی کوژرا، نەمانی ئیبراهیم ڕەئیسی چ کاریگەریەکی لەسەر باردۆخی ئێران دەبێت؟

هیوا گوڵ محەمەدی: زۆر سپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و بۆ ئەم گوت و بێژە.
سەبارەت بەوەی کە مردن یان کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرکۆماری ڕژیمی ئێران چ کاریگەریەکی لەسەر هەل ومەرج و بارودۆخی ئێران دەبێ لەو چەند ڕۆژەدا زۆر جار باس کراوە، ئەوەندەی من لە ڕەوشەکە بزانم و شارەزا بم کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێ.
ئیبراهیم ڕەئیسی حەوتەم سەرکۆماری ڕژیمی حاکم لە ئێرانە. هیچکام لەو سەرکۆمارانەیتر چارەنوسێکی باشتر لە ڕەئیسیان نەبووە.
تاقە سەرکۆماری هەڵبژێردراوی گەلانی ئێران عەبدولحەسەن بەنیسەدر بوو، کەچی بە هەزار حاڵ ژیانی خۆی ڕزگار کرد و لە پاریس پێتەختی فەرانسەدا مرد. رەفسنجانی بە شێوەیەکی گۆماناوی مرد یان لە ئاوا خنکا، حەسەن ڕۆحانی ڕەزیل و بێدەنگ کرا، خاتەمی گوشێگیر و ئەحمەدینژاد توشی نەخۆشی دەرونی کراوە.
کەواتە ئەتوانین بڵێین لە حاکمیەتی ویلایەتی فەقی دا سەرکۆمار ژمارەویەکی ئەوتۆ نیە کە بە لاچون یان مردنی گوڕانکاری بێتە ئاراوە.
لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانا مێهدی بازرگان سەرۆک وەزیران بوو، بە هۆی بێدەسەڵاتیەوە وازی هێنا و لە مەجلیسی ڕژیم و لەبەرنامەی زیندووی ڕادیۆ تەلەفزیونی دا وتی: سەرۆک وەزیرانێک کە بۆ هەموو پرسەکان دەبێ بچێتە لای خومەینی بەکەڵکی هیچ نایە.
ئەو قسەیە بۆ ئیبراهیم ڕەئیسیش هەروایە، چەند کاتژمێر بەر لە ڕاگەیاندنی مردن یان کوژرانی ئێبراهیم ڕەئیسی و هاوڕێکانی، خامنەیی وەک مەرجەعی بەرزی حاکمیەت لە کۆبونە لەگەڵ بنەماڵەی پاسدارەکانا زۆر سادە و بێ دوو دڵی وتی: بە لەبەین چونی سەرکۆمار هیچ کەم و کوڕی و گرفتێک لە ئیداره‌ی وڵات دا نایەتە ئاراوە.
با کورتی کەمەوە، ئیبراهیم ڕەئیسی بە لیاقەت و خۆشناوی و خزمەت کردن نەبووە سەرکۆمار، گەلانی ئێران کەمترین بەشداریان لە هەڵبژاردنی دا کرد، ئەو مورەیەکی خامنەیی بوو، بوون و نەبوونی وەک یەکە.

قه‌ندیل پرێس: کوژران و نەمانی ڕەئیسی چ کاریگەریەکی لەسەر سیاسیەتی دەرەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت؟

هیوا گوڵ محەمەدی: وابزانم ئەم پرسیارە و پرسیاری یەکەم تەواوکەری یەکترن و یەک وەڵامیان هەیە، ڕەئیسی سیاسەتی دەرەوەی ڕژیمی بەڕێوە نەبردوە و دانەڕشتوە و هیچ کاریگەری و گرینگی تێدا نەبووە، کەوا بو مردن و مانی لەوبارەوە وەک یەکە و دەڵێم هیچ کاریگەریەکی نابێ. ئیدارەی بەڕێوبەری ڕژیم لەسەرەوەی سەرکۆمار و وەزیری کاروباری دەرەوە و ئەو کەسانەوەیە، ڕاستیەکەی ئەوەیە ئەو پۆستانە تەنیا بۆ ڕواڵەتن و لە پشتی پەردەوە کەسانیتر جڵەویان بەدەستەوەیە.

قه‌ندیل پرێس: ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە تەبلیغاتێکی زۆر بۆ هێزی سەربازی خۆی دەکات ئەمە لە کاتێک دایە زیاتر لە ١٥ کاتژمێر نەیتوانی لاشەی هەلیکوپترە تێکشکاوەکەی سەرۆک کۆمارەکەی خۆی بدۆزێتەوە و ناچار بوو کە داوای یارمەتی لە تورکیا بکا، شرۆڤەی بەڕێزتان لەمبارەوە چیە؟

هیوا گوڵ محەمەدی: ئەوەی کە سپای پاسداران و ڕایەدارنی ڕژیمی خامنەیی خۆیان هەڵدەکێشن و باسی پێشکەوتنی تکنۆلۆژی سەربازی دەکەن لە هێرشەکەیان بۆسەر ئیسرائیل بە ڕوونی دەرکەوت کە وا نیە، لە ڕووداوی کەوتنە خۆارەوەی سەرکۆمارەکەشیان دا نیشانیان دا کە زۆر دەستەپاچە، بێ نەزم و هەرکە بۆخۆیانە.
هێندێک بیروڕا هەیە کە گویا ڕژیم یان حاکمانی ڕژیم بە پلان دۆزینەوەی شۆێنی کەوتنە خۆاریی هەلیکۆپتری ئیبراهیم ڕئیسییان وەدوا خست و ئامانجیان ئەوە بووە کە بە زیندووی نەدۆزرێنەوە.
من خۆم چاوم لە مێدیاکانی ڕژیم دەکرد، زۆر شڵەژا بوون، هیچ شتێکی ئاقلانەیان نەدەگوت و ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەشی بڵاویان دەکردەوە هەر خێرا بە ناڕاست دەگەران.
بەڵام ئەوەی داوای یارمەتیان لە حکومەتی تورکیە کرد کە درۆنیان بۆ بنێرێ یەکێکیتر لە ئابڕوچونەکانی سپای پاسداران و حاکمانی ڕژیمی خامنەیی بوو.
خامنەیی و حاکمیەتەکەی بە ئەرکداری سپای پاسداران تەنیا هێزی سەرکوتی گەلانی ئێران و ئاژاوەگێڕی دەروەی وڵاتیان هەیە. لە بواری سەربازی و تەکنولۆژی و چەکی پێشکەوتوەوە سیفرن.
جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی پئێشوی ڕژیم ڕایگەیاند کە بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە ئەو کۆپتەرە کەوتوەتە خۆارێ.
کەواتە حاکمیەتێک نەتوانێ ئەمنیەتی سەرکۆمارەکەی بۆ هاتن و چون دابین بکات لاواز و دەستەوەستانە و هیچیتر.

قه‌ندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن زۆرینەی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی خۆشحاڵن، لێکدانەوەی بەڕێزتان لەسەر ئەم خۆشحاڵیە چییە؟
هیوا گوڵ محەمەدی: ئیبراهیم ڕەئیسی وەک قاتڵی زیندانەکان ناسراوە، لە سەردەمی سەرکۆماریشیدا شوڕشی ژن، ژیان، ئازادی هاتە ئاراوە. لە ماوەی دەسەڵاتداری ناوبراودا ڕێژەی ئێعدامەکان هەڵکشاوە، گرانی، بێکاری، نادادپەروەری و گەندەڵی گەیشتە لوتکە، ئەمانە و چەند هۆکاریتر هەن بۆ خۆشحاڵی خەڵک لەو مەرگە.
هۆکارێکیتریش بە بڕوای من ئەوەیە کە گەلانی ئێران بە دەسەڵاتدارانی دیکە و خامنەیی دەڵێن کە، لێتان بێزارین و تەنانەت بە مردنیشتان خۆشحاڵ.
لە ڕابردووش دا هەموو کات مەرگی دیکتاتور و دەسەڵاتدارە دژه گەلیەکان بوەتە هۆی شایی و خوشحاڵی خەڵکی زوڵم لێکراو.

قه‌ندیل پرێس: وەکو پرسیاری کۆتایی، بەڕێزان مەزڵووم عەبدی، بافڵ تاڵەبانی، مەسعود، مەسرور و نێچیر بارزانی وهتد لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، تەنانەت کەجەکەیش پەیامی هاوخەمیان نارد بۆ کۆماری ئیسلامی، بە جۆرێک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەردەوام پشتیوانی پارچەکانیتری کوردستانن لەم پەیامانە دڵگران بوون، خۆێندنەوەی بەڕێزتان لەمبارەیەوە چییە؟

هیوا گوڵ محەمەدی: زۆر جار سەبارەت بە زۆر ڕووداو کێشەیەکی گەورە لە ناو کوردەکانا دروست دەبێ. ئەمجارەیان بە تەواوی ئاڵۆزی هاتە ئاراوە، ڕەخنەکان زۆر توند بوون، لە هێندێ حاڵەتا سنووری ڕەخنەش دەرباز بووە و گەیشتوەتە ئاستی بێحورمەتی.
من نامەوێ سەبارەت بە هەڵۆێستی باشور شتێکی ئەوتو بڵێم، بەر لە مردن یان کوژرانی سەرکۆماری ڕژیم نێچیر بارزانی سەردانی تارانی کرد و چووە لای خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی و ڕایگەیاند کە ئەوان منداڵی شوڕشی ئیسلامین، کەواتە لەمبارەوە قسە کردن زۆرپێویست نیە. ڕژیمی حاکم لە ئێرانا لە ١٩٧٩ تا ١٩٨٥ کەڵکی لە پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی کاک مەسعود بارزانی گرت و دەیان ناوچەی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیر کرد و دەیان پێشمەرگەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی شەهید کرد.
لەوانەش زیاتر چونی هاوکاتی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران و جێگرەکانیان بۆ تاران هەم ناشاز و هەم لە دەرەوەی عورفی دیپلۆماسی بو، هیچکات هیچ حکومەتێک هاوکات هەموو سەروکایەتیەکانی سەفەر ناکەن.
با پەرژینە سەر بەڕێز مەزڵوم عەبدی و کەجەکە. بێگومان ناردنی پەیامی هاوخەمی لە کاتی ڕودانی کارەساتێک دا شتێکی ئاساییە هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەم لە جیهانا، تەنانەت ئەگەر ناکۆکیش لە نێوان هەبێ. وەک چۆن وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا پەیامی سەرخۆشی لەمبارەوە بڵاو کردەوە.
ئەوەی گەلی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەمگین و نیگەران کردوە ئەوەیە کە چاوەڕوانیەکی زۆریان لە کەجەکە و ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.
دەکرا هەم کەجەکە و هەم بەڕێز عەبدی پەیامی سەرەخۆشی بنێرن بەڵام پێویست نەبوو لە ڕاگەیاندنه‌کان دا بڵاوی بکەنەوە.
هەڵەی زەقی مەزڵووم عەبدی لەپەیامەکەیدا ئەویە کە سەرەخۆشی لە گەلی ئێران دەکا، ئەوە لە کاتێک دایە کە لە ئێرانا تەنیا یەک گەل بونی نییە و گەلانی ئێران هەن، جیا لەوەش گەلانی ئێران بە زۆری بۆ مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی شاییان گێڕا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئیبراهیم ڕەئیسی کەسێکی تاوانبار، دژی ئازادی، دژی شۆڕشگێڕان و دژی گەلانی ئێران بوو، بە کامە پێوانە مروڤێکی شوڕشگێڕ سەرخۆشی لە گەلانێک دەکات کە بۆ مەرگی قاتڵی ڕوڵەکانیان شایی دەگێڕن؟
بۆ کەجەکەش هەروەتر، هەزاران لاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باکور، ڕۆژئاوا و باشوری کوردستانا شەهید بوون، کەجەکە وەک مەرجەعی ئازادی چاو لێدەکرێ و بەو پەیامە قورسایی خۆی کەم کردەوە.
لێرەدا گرینگە ئاماژە بەوەش بکەم کە یەکەمجارە ئەوەندە ڕەخنەی توند لە لایەن ڕۆژهەڵاتیەکانەوە ئاراستەی کەجەکە و ڕۆژئاوای کوردستان بکرێ و هیوادارم چاوێک بەو هەڵۆێستانەیان دا بگێڕنەوە و دڵی گەلەکەیان نەشکێنن.
من لە پێوەندی دیپلۆماسی و پێویستی پێوندەیەکان تێدەگەم بەڵام لەوە تێناگەم کەجەکە یان بەڕێز مەزڵووم عەبدی بۆچی ئاوا بێ بیرکردنەوە وبە بێ لەبەر چاو گرتنی هەستی نەتەوەکەیان سەرەخۆشی لە مەرگی جەلادی ئازدیخوازان دەکەن.

هەرچۆنێک بێ ئەو هەڵۆێستانەی کە لە لایەن باشور، باکور و ڕۆژئاواوە گیرانە بەر زۆر خراپ بوون و لە ئاست دووبارە بونەوەی ڕووداوە مێژوویە تاڵەکاندا بوون.
بیروڕای من ئەوەیە کە، دەکرا ئەو لایەنانەش بە نامەی ڕەسمی سەرخۆشییان لە ڕژیم بکردایە و پێویست نەبوو ئاوا بیکەنە سەرتیتری ڕاگەیاندنەکانیان.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: زۆرینەیەکی لاوازی ناو سەرکردایەتی پێیان وایه کە ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان لە ڕاستیدا بەشێکه لە پڕۆژەی جەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “دوکتور عادڵ ئەلیاسی” ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *