ئابتین پارسا، شرۆڤەکار و چالاکی ڕامیاری دەڵێت: “هەروەک چۆن مارتین لوتر قورخکاری پرتووکی پیرۆزی لە دەستی کلیسای کاتۆلیک دەرهێنا و دیاری بە کۆمەڵگای کرد، پەژاکیش شکستی بە قورخکای ڕامیاری هێنا و وەک دیاری دایە هەموو کوردستان بە تایبەت بە دەرەوەی هەرێمی موکریان.”
قەندیل پرێس: زیاتر لە بیست ساڵە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) دامەزراوە. بەڕای ئێوە لەو کاتەدا چ پێویستییەک بە دامەزرانی پارتێکی نوێ وەک پەژاک بوو؟
ئابتین پارسا: لەگەڵ ڕیز و سڵاوم بۆ شەهیدانی کوردستان و ماڵباتەکانیان؛ هەروەها سڵاو و ڕێز بۆ خوێنەرانی قەندیل پرێس.
دامەزراندنی پەژاک لە 4ی نیسانی 2004 بە دوو هۆکاری سەرەکی کرا، یەکەمیان وڵامی ئەو پێداویستییانە بوو کە کۆمەڵگا جیاوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە لۆڕستانەوە بگرە تا کرماشان و هەورامان و ماکۆ، خوازیاری بوون. ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە کە پارتە کۆنەکانی ڕۆژهەڵات لە زۆر بواردا نەیانتوانیوە نیازەکانی نەتەوەی کورد لە دەرەوەی موکریان دابین بکەن بەڵام پەژاک بە جێگای درێژەدان بەم ڕامیاریە کۆنە، درگاکانی سەرەکی ڕەوتی ڕامیاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرەوەی ناوچەی موکریان کردەوە و ئەم هەنگاوەی پەژاک دوای دامەزراندنی، هەروەک هەنگاوەکەی مارتین لوتر بوو کە قورخکاری پرتووکی پیرۆزی لە کلیسای کاتۆلیک سەندەوە و دیاری کۆمەڵگای کرد. بوونی کەسانی وەک ڕێوار ئاودانان وەک لەکێک لە ئاست سەرکردایەتی کەجەکە، ئەهوەن چیاکۆ وەک هەورامییەک لە پەرلمانی پەژاک، زیلان ڤەژین وەک ژنێکی کرمانج لە ئاست سەرۆکایەتی پەژاک و هتد، وڵامێک بۆ پێویستی دامەزراندنی پەژاک بوو. لەڕاستی دا پەژاک وەک مارتین لوتر، بنەمای وەرچەرخانێکی دانا کە دوای بیست ساڵ، وەک سەردەمی ڕۆشنبیری، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خۆی نواند.
هۆکاری دووەم، بەرەنگاربوونەوەی ڕژیمی ئێران و دوورکردنەوەی تورکیا – ئێران لەهاوپەیمانی ناوچەیی – سەربازی لەدژی کوردستان بوو.
قەندیل پرێس: بە ڕای ئێوە دەسکەوتەکانی بیست ساڵ تێکۆشان و هەوڵی پەژاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیە؟ چ گۆڕانکاریەکی هێناوەتە کایەوە کە پارتەکانی دیکە نەیانتوانیوە ئەنجامی بدەن؟
ئابتین پارسا: بە دڵنیاییەوە دەسکەوتەکانی پەژاک بەس قوربانی دانی سەدان هێزی خۆی لە شەڕ لەدژی ڕژیمی ئێران نەبووە؛ بەڵکوو یەکێک لە گرنگترین دەسکەوتەکانی، ژیانەوەی سەر لەنوێی پێگەی شەهید لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لە کاتێکدا کە هێزی سەرەکی ڕۆژهەڵات لەو کاتەدا واتە کۆمەڵە و دێمۆکرات، یەکدیان لە شەڕێکی ماڵوێرانکەر لەناو برد و هەر دوو لا کوژراوەکانیان وەک شەهید ناوەزەد کرد، چیدی پێگەی شەهید لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتای خۆی نەمابوو؛ لەبەر ئەوەی هیچ بنەما و ستاندارێکی هاوبەش لە ڕۆژهەڵات، نەیدەتوانی پێناسەی شەهید بوون بکات؛ پەژاک جارێکی دیکە بە تێکۆشانی خۆی، واتا و بنامەی شەهیدبوونی لە ئاست ڕۆژهەڵات، زیندوو کردەوە. هیچ پارتێک جگە لە پەژاک توانای ئەم کارەی نەبوو! گەر ئەوڕۆکە دەبینین کە ئەندامانی حزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە پرسەیسەرەخۆشی پێشمەرگەی کۆمەڵە، شەهید ڕێبوار دارسەیراندا ئامادە دەبن، ئەمە بۆ خۆی دەسکەوتی سەدان گەریلای شەهیدی پەژاکە؛ لەبەر ئەوەی جارێکی دیکە پێگەی شەهیدی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زیندوو کردەوە و واتایەکی بەرزی پێ بەخشی. لەڕاستی دا پەژاک پێگەی شەهیدی لە هەڵوێست و بانگەشی حزبی هێنایە دەرەوە و دیاری کرد بە خەڵک! هەر ئەمەندە لە دەسکەوتەکانی پەژاک لە ڕۆژهەڵات بناسین، بەسە، ئەو دەسکەوتانەی کە پارتەکانی دیکە هیچ کات نەیاندەتوانی پێی بگەن!
قەندیل پرێس: عەبدۆڵا ئۆجالان لە پەیامەکەیدا ئاماژە بە کۆتایی هێنان بە تێکۆشانی چەکداری پەکەکە و ڕێکخستنەکانی دیکە دەکات، هەندێک لە چاودێران پێیان وایە سەردەمی تێکۆشانی چەکداری کۆتایی پێهاتووە و سەردەمی تێکۆشانی سڤیل دەستی پێکردووە. بۆ نموونە باس لە بزاڤی “ژن، ژیان، ئازادی” دەکرێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تا سنووری لەناوچوون برد. بۆچوونی ئێوە لەمبارەوە چییە؟
ئابتین پارسا: ڕوانگەی ئێمە وەک بزووتنەوەی ئازادی کوردستان سەبارەت بە تێکۆشانی چەکداری لەسەر بنەمای سەپاندنی دەسەڵاتەکان یا گۆڕانکارییە ژئۆپۆلتیکەکان نییە، بەڵکوو لە چاو ئێمەوە، توانای خۆپاراستن وەک نیازێکی سروشتییە. ئەمە گەوهەری سروشتی هەموو گیاندارانە کە توانای بەرەنگاریان لەخۆ هەبێت و بیگوازنەوە بۆ نەوەکانی دواتر. ئێمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەم گەوهەرە سروشتییە، پێویستی خۆپاراستن لەسەر بنەمای سەپاندنی یا نەسەپاندنی دەسەڵاتەکان هەڵنابژێرین؛ بەڵکوو هەردەم ئەم بژاردەیە لە شێوازە جیاوازەکانی دا بۆ خۆمان دەپارێزین. هەروەک چۆن پێشتریش ئاماژەم پێدا، پەکەکە لەوانەی وەک پارتێک چەک دابنێت، بەڵام فەلسەفەی پەکەکە لە ژێر ناوێکی دیکە، هەر ئەو چەکانە بەدەستەوە دەگرێت و دەبێت نەتەوەی کورد دڵنیا بکرێتەوە کە ئەمە شتێکی نەگۆڕاوە.
سەردەمی کۆنی تێکۆشانی چەکداری لە شۆڕشی پۆست مۆدێڕندا کۆتایی پێهاتووە؛ بەڵام دوای ئەوەش بینرا کە تەنیا تێکۆشانی سڤیل بەس نییە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە شۆڕشی پۆست مۆدێڕنیستی، دەوڵەت – نەتەوەکانی شەڕی لە ئەورووپا گۆڕی بۆ دەوڵەت – نەتەوەی ماف و یاسا. بەڵام لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەم گۆڕانکاریە ڕووی نەدا. بۆیە ئەم بۆچوونەی هەندێک لە شرۆڤەکاران لەوانەیە لەبارەی ئەورووپاوە ڕاست بێت بەڵام بەدڵنیاییەوە لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، هەڵەیە.
ڕاستە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازدی، ڕژیمی ئێرانی تا ئاستی ڕووخان برد، بەڵام هەر دەڕووخێت؛ چوونکە گرنگترین هۆکاری مانەوەی خۆی لەبەرانبەر ژن، ژیان، ئازدی لە دەست داوە و ئەوەش هەرەس هێنانی ئایدیۆلۆژی بوو. دیارە کە دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، ڕوخساری شارەکان و ژینگە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، ڕووبەڕووی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە بوونەوە و ئەم گۆڕانکاریانە تا سەر ئێسکی ڕژیم دزەی کردووە. کە دەبینین لە تاران و شارە گەورەکانی ئێران، بە شێوازێکی بێ وێنە، ئامادەبوون و بەشداری ژنان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دا زیادی کردووە و سەرۆک کۆماری ئێران ناچار دەبێت لە تەلەڤزیۆن باسی مافی نەتەوەکانی دیکەی جگە لە فارس بکات، ئەمە بەواتای مردنی شێعە گەری و چەک داماڵینی ئایدیۆلۆژیکی ئێرانە! و دەبێت بگوترێت: فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی کە لەڕێگای تێکۆشانی سڤیلەوە ئەم کارەی کرد، دەرئەنجامی تێکۆشانی چەکداری ژنانی کۆبانییە.
قەندیل پرێس: چەند ڕۆژ پێش ئێستا، خالید عەزیزی لە دیمانەیەک دا لەگەڵ ئێن ئار تی وتی پەژاک باڵی پەکەکەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر دەگوترا حدکا و پەژاک نێزیکی یەکدی بوونەتەوە. بەڕای ئێوە چ گۆڕانکاریەک ڕووی داوە کە جارێکی دیکە حدکا هەوڵ دەدا خۆی لە پەژاک دوور بخاتەوە؟
ئابتین پارسا: بەڵێ هەندێک گۆڕانکاری ڕوویان داوە. ئەم بابەتە لەوێیەوە دەستی پێکرد کە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازدی، کۆمەڵگایەک کە ئەڤینداری دێمۆکراسی بوو، خۆی بە شێوازێکی بێ وێنە دەرخست و هەندێکی دیکە وا دیکتاتوری و نکۆڵی کردن لە نێو ئێسکیاندا سەقامگیر بووە، بەس لەڕێگەی هەڵخەڵەتاندنی خەڵکەوە بەڕواڵەت بوونە دێمۆکرات (دێمۆکراتخواز)، بەڵام ئێستا کە خەڵک لە سەر شەقام نین، گەڕاونەوەتەوە بۆ ڕاستییەکەی خۆیان؛ گەر جیا لەمەیە، کەواتە ئەوانەی کە وەک نوێنەری فەرمی حدکا لە پەرلمانی ئەورووپا، لەبەرواری 6ی ژوەنی 2023 لەتەنیشت پەژاک وەک دوو ڕەوتی ڕۆژهەڵاتی و سەربەخۆ دانیشتن، پێویستە پێش لەم قسانەی خالید عەزیزی بگرن!
سرووشتی مرۆڤە دێمۆکراتەکان (دێمۆکراسی خوازەکان)، لە پەژراندنی جیاوازکانەوە سەرچاوە دەگرێت، جا دەکرێت کەسێک خۆی وتەبێژی مرۆڤە دێمۆکراسی خوازەکان ناوزەد بکات کەچی سەرەکی ترین بەشی دێمۆکرات بوون ڕەچاو نەکات؟
ئەم قسانەی خالید عەزیزی زۆر مەترسیدارن و بنەمایەکی هزریان لەپشتەوە نییە؛ لەبەر ئەوەی هەزاران ماڵباتی شەهید و لانی کەم دەیان هەزار کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لایەنگری پەژاکن. بۆیە گەر خالید، پەژاک وەک پارتێکی ڕۆژهەڵاتی نابینێت و ڕێگە بە چالاکی ئەم پارتە لە ڕۆژهەڵات نادات، ئایا بڕیارە ماڵباتی شەهیدان و لایەنگرانی پەژاک لە ڕۆژهەڵات دەربکات؟ یا دەستگیر و بیانکوژێت؟ ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە وەک ڕوانگەی نازییەکان سەبارەت بە جوەکان، بەڕاستی بوونی وەها هزرێک لە سەدەی 21 دا جێگای سەرسوڕمانە!
حزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، زۆرجار بەرپرسیارتی دەسپێکردنی شەڕی خۆشک/ براکوژی لەگەڵ کۆمەڵە ڕەت کردووتەوە، ئەگەر وایە، کەواتە دەبێت ئێستا لەهەڵسوکەوتی لەگەڵ پەژاک دا بسەلمێنێت کە ڕاست دەکات!
قەندیل پرێس